سەرەکی » ئاراستە » ژنان و کچانی هەولێر پشتگیری لە هاوپەیمانیی کوردستان دەکەن

ژنان و کچانی هەولێر پشتگیری لە هاوپەیمانیی کوردستان دەکەن

هەولێر: سەباح شوکر

ژنان و کچانی شاری هەولێر پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ کاندیدەکانی هاوپەیمانیی کوردستان دووپاتدەکەنەوە و رایدەگەیەنن، بەشداریکردنی کچان و ژنان گرنگی و بایەخی زیاتر دەداتە پرۆسەی هەڵبژاردن، تەئکیدیش دەکەنەوە دەنگی هەر یەكێک لە ژنان داهاتووی میللەتێك دابین دەكات، بەتایبەتی کاندیدە ژنەکانی هاوپەیمانیی کوردستان، لەو کاندیدانەن بتوانن داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە نێویشیاندا ژنان، دابین بکەن.

بەشداریكردنی ژنان و كچان
سەرەتا لەیلا سلێمان بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەشداریكردنی ژنان و كچان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا گرنگی و بایەخ تایبەتی خۆی هەیە، چونكە نیوەی رێژەی دەنگدان لە ژنان پێكدێت، هەركاتێك بەشداری نەكەن كەواتە پرۆسەكە ناكامڵ دەردەچێت.

پێشیوابوو: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین گۆڕانکاری بکرێت، ئەو گۆڕانکاریەش بە هەڵبژاردن دەکرێت، ئێستاش لیستی هاوپەیمانیی کوردستان ژمارەیەک کاندیدی لە هەولێر هەیە، هەموویان کەسی شیاون، بۆیە پێوستە کار بکەین بۆ سەرخستنی ئەو کاندیدانە.

بۆ ئەوانەی ساردبوونەتەوە لە دەنگدان
لە لایەن خۆشیەوە، قەشەنگ مەحەمەد پێیوتین: هەموو چوار ساڵ جارێک پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، ئەمجارەش بڕیارە لەمانگی دە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بکرێت، پیێویستە هەموو چین و توێژەکان بەشداری بکەن، ئەوانەشی ساردبوونەتەوە لە دەنگدان، پێویستە لە رێگەی هۆشیارکردنەوە و روونکرنەوەی بایەخی دەنگدانەوە قەناعەتیان بۆ دروست بکرێت و ئەوانیش بەشداری بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: لەو هەڵبژاردنەدا دەنگی هەر یەكە لە ئێمە داهاتووی میللەتێك دابین دەكات، بەتایبەتی ئەمجارە پێویستمان بەوە هەیە زۆرترین كاندیدی كورد لە هاوپەیمانیی كوردستان بنێرینە بەغدا، بەتایبەتی زۆرترین رێژەی ژن خۆیان كاندیدكردووە، ئەوەش نیشانەی بەرەو پێشچوونە.

کاندیدەکانی هاوپەیمانی هەڵبژێرن
هاوکات، پارێزەر كاژین فەیسەڵ پەیامی خۆی لەبارەی ئەم هەڵبژاردنە خستەڕوو و رایگەیاند: وەك ژنێك و پارێزەرێك دەنگ دەدەم و داواش لە ژنان و کچانی هەولێر دەکەم بڕۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بۆ ئەوەی کاندیدەکانی هاوپەیمانی هەڵبژێرن.

وتیشی: راستە کەموکوڕی هەیە و خەڵک پێویستیی بەخزمەتی زیاتر هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ بەغدایە، ئیستاش چەندین گیروگرفت لە نێوان هەرێم و بەغدا ماوە چارەسەر بکرێت، بۆیە لەبەغداوە دەتوانین کێشەی خەڵک چارەسەر بکرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە بودجەو مووچەوە هەیە.

متمانەی خەڵکی کوردستان
پاشان ژیلە مەحەمەد بەهەمان شێوە بەشداریکردنی ژنان و کچانی هەولێری بە گرنگ و پێویست زانی، داوایکرد پشتیوانی لە کاندیدەکانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان بکەن، چونکە کاندیدەکانی ئەو لیستە جێگەی متمانەی خەڵکی کوردستانن و دەتوانن داکۆکی لە مافەکانیان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو: هەر لەو هەڵبژاردنەدا ژمارەیەکی زۆری ژنان خۆیان کاندید کردووە، ئەمەش هانی دەنگدەری ژن دەدات کە زیاتر بەشداری ئەو پڕۆسەیە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ ژنانی ناوچەکانی تردا یاسا و بڕیاری پێویست لەبەرژەوەندیی ژنان و کچان دەربکەن.

 332 جار بینراوە