سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: هەموومان پێكەوە بە سەركەوتنی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا هاوسەنگیی هێز بۆ كوردستان بگەڕێنینەوەپەڕە 27

قوباد تاڵەبانی: هەموومان پێكەوە بە سەركەوتنی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا هاوسەنگیی هێز بۆ كوردستان بگەڕێنینەوە

قوباد تاڵەبانی: قورسایی و سەنگی هاوپەیمانیی كوردستان ترسی خستۆتە دڵی نەیارانەوە

״هاوپەیمانیی كوردستان لەسەر ئەم رێچكە پڕ كار و هەوڵ و كۆششە بەردەوام دەبێت، هەر ئەمەشە‌‌ وایكردووە هاوپەیمانێتییەكە لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتیشدا خاوەن سەنگ و قورسایی بێت״

دوێنێ، هاوپەیمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، لە گەرمیان كەرنەڤاڵێكی جەماوەریی بەئامادەبوونی كاندیدەكانی، رێكخست.

لە رێوڕەسمەكەدا، سەرباری ناساندنی كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان لە سنوورەكەدا، قوباد تاڵەبانی، وتارێكی پێشكەشكرد و بە گەرمیانییە خوێن گەرمەكانی راگەیاند: ئێمە بە دروشمی باق و بریقەوە نەهاتووین و بۆ مزایەدەی سیاسی باسی كێشەكانتان بكەین، بەڵام وەك چۆن لە سەردەمی شۆڕشی نوێ و ئەنفال و پێشمەرگایەتی لەناوتاندا بووین، ئێستاش لەگەڵتانین.

سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان، وتیشی: ئەوكاتەی ئێمە لە بەغدا بەبێدەنگی دەرگا بەدەرگامان كرد بۆ ئەوەی پشكی هەرێم زامن بكەین، كەسانی موزایەدەچی گاڵتەیان بە هەوڵەكانمان دەهات لە كوردستان و لە بەغداش دژایەتییان دەكردین، ئەوە ئێمە بووین لە خەمی شایستە داراییەكانی میللەتەكەماندا بووین.

قوباد تاڵەبانی، دووپاتیكردەوە كە هاوپەیمانیی كوردستان لەسەر ئەم رێچكە پڕ كار و هەوڵ و كۆششە بەردەوام دەبێت، هەر ئەمەشە‌‌ وایكردووە هاوپەیمانێتییەكە لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتیشدا خاوەن سەنگ و قورسایی بێت، قورساییەك كە ترسی خستۆتە دڵی نەیارانەوە و بە لێدوان و هاش و هوشی میدیایی دەیانەوێت بەڕوویدا بوەستنەوە.

سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان، دووپاتیكردەوە كە بەیەكڕیزیمان لە بەغدا مافەكانمان وەردەگرین و خۆشگوزەرانی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەدەستدەهێنین، یەكڕیزییەك لەسەر بنەمای خەمی گشتی، نەك بە نەفەسی یەكترسڕینەوە و خۆبەزلزانین.

قوباد تاڵەبانی، بە جەماوەرە دڵسۆزەكەی یەكێتی و گۆڕانی راگەیاند كە بەیەكەوە دەبینەوە هێزە راستەقینەكەی خزمەتكاری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بەیەكەوە كۆتایی بە گەندەڵی و قاچاخچێتی و مافیاگەری، دەهێنین.

لە كۆتایی وتارەكەیدا لە گەرمیان، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان، وتی: داوا لە هەڵسوڕاو و دڵسۆزانی یەكێتی و گۆڕان دەكەم، ئەم چەند رۆژەی كە ماوە، گەڕەك بە گەڕەك و گوند بە گوند و ماڵ بە ماڵی ئەم گەرمیانە ئازیزە بگەڕێن، تا زۆرترین دەنگ بۆ هاوپەیمانیی كوردستان كۆبكەنەوە، بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە بە سەركەوتنی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا هاوسەنگیی هێز بۆ كوردستان بگەڕێنینەوە.

 296 جار بینراوە