سەرەکی » ئەدەب و هونەر » جۆرج كلۆنی ئه‌ستێره‌ دره‌وشاوه‌كه‌ی سینه‌مای ئه‌مریكی

جۆرج كلۆنی ئه‌ستێره‌ دره‌وشاوه‌كه‌ی سینه‌مای ئه‌مریكی

ئاكار نه‌جم

جۆرج تیموسی كلۆنی. « George Timothy Clooney « كه‌ به‌ جۆرج كلۆنی ناسراوه‌، ئه‌كته‌ر و سیناریست و ده‌رهێنه‌ری ناوداری جیهانی سینه‌مایه‌. ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ قۆزه‌ ناوداره‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌ناوبانگانه‌یه‌ به‌ رۆڵه‌كانی جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌ گۆڕه‌پانی سینه‌ما بۆ خۆی گرتووه‌ و بینه‌رێكی زۆری هه‌یه‌. به‌ هۆی ئه‌و رۆڵه‌ جوانانه‌ی كه‌ له‌ فیلم و دراماكاندا بینیوێتی هه‌م ناوبانگێكی جیهانی به‌ده‌ستهێناوه‌ و هه‌م بووه‌ به‌ خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر و یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌كته‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی جیهانی سینه‌ما.

كلۆنی ئه‌كته‌ری به‌ویقار و به‌ژن زراڤ له‌ شه‌شی ئایاری 1961 له‌ لێكسنگنتۆن، له‌ ویلایه‌تی كنتاكی، ئه‌مریكا له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناودار له‌دایكبووه‌. كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی رۆشنبیر و ناوداره‌. باوكی كلۆنی رۆژنامه‌نووسه‌ «نیك كلۆنی» و دایكیشی نمایشكاری پۆشاك «نینا كلۆنییه‌« خێزانێكی كاسۆلیكین. كه‌شی ماڵه‌كه‌یان یارمه‌تیده‌رێكی باش بووه‌ بۆ جۆرج كلۆنی تاوه‌كو خۆی له‌ بواری سینه‌مادا ببینێته‌وه‌. به‌ هۆی باوكییه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م جار كه‌ هێشتا مناڵ بووه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی باش بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كلۆنی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ چۆن ببێت به‌ یه‌كێ له‌ پاڵه‌وانه‌كانی سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان و سینه‌ماكان. ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌ك سه‌رقاڵی وه‌رزش بووه‌، به‌ڵام دوایی و له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدا چووه‌ته‌ جیهانی سینه‌ماوه‌.

دوو جار ژنی هێناوه‌
جۆرج كلۆنیی پیاوه‌ به‌ویقاره‌كه‌ی سینه‌ما ساڵی 1989 له‌گه‌ڵ خانمه‌ ئه‌كته‌ری ئه‌مریكی به‌ ناوی « تالیا بلسام « Talia Balsam» ژیانی خێزانی پێكهێناوه‌. تالیا وه‌كو خۆی ئه‌كته‌ر بووه‌، ئه‌گه‌رچی دوو ساڵ له‌ كلۆنی گه‌وره‌تربووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژیانی خێزانیان پێكه‌وه‌ناوه‌ و ساڵانێك به‌یه‌كه‌وه‌ ژیاون. تاوه‌كو ساڵی 1993 له‌یه‌ك جیابوونه‌ته‌وه‌ و تالیا دوای كلۆنی ساڵی 1998 شووی دووه‌می به‌ ده‌رهێنه‌ر جۆن سلاتری كردووه‌ و هه‌رچی جۆرج كلۆنی قۆز و دڵته‌ڕیش بوو له‌ پاش تالیا چه‌ند جارێك كه‌وتۆته‌ داوی خۆشه‌ویستییه‌وه‌، له‌ ئاخیردا ئه‌ویش كه‌وته‌ داوی عه‌شقی ئه‌مه‌ل ناوێكه‌وه‌. ئه‌مه‌ دواین عاشقایه‌تی كلۆنییه‌. ئه‌ویش پارێزه‌رێكی به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك لوبنانی- به‌ریتانییه‌ به‌ ناوی (ئه‌مه‌ل ئه‌لامودین). جۆرج كلۆنی له‌ رێكه‌وتی 8ی نیسانی 2014 ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی ئاشكرا كرد و له‌ میدیاكانی جیهانه‌وه‌ جاڕی ئه‌وه‌ی دا كه‌ ده‌زگیرانداره‌.

یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی كلۆنی
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ته‌مه‌نی پێنج ساڵیدا له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كان ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی باوكییه‌وه‌ بوو كه‌ رۆژنامه‌نووسێكی ئه‌مریكییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا یه‌ك جاربوو، درێژه‌ی نه‌كێشا. دوای ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ شاشه‌كان دووركه‌وته‌وه‌ و سه‌رقاڵی یاری بیسبۆڵ بووه‌. ئه‌م خولیایه‌ش ماوه‌یه‌ك بووه‌، ئاخیری ده‌ستبه‌رداری وه‌رزش بوو، ئه‌مجاره‌یان به‌ گوڕوتینێكی گه‌نجییه‌وه‌ هه‌نگاوی به‌ره‌و سینه‌ما نا و خولیای راسته‌قینه‌ی خۆی دۆزییه‌وه‌ كه‌ بواری فیلم و دراما بوو. یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی جۆرج كلۆنی له‌سه‌ر شاشه‌كان به‌شداریكردنی بوو له‌ كورته‌ فیلمێكدا به‌ ناوی سێنتێنیاڵ ( Centennial) له‌ ساڵی 1978. ئه‌و كاته‌ گه‌نجێكی حه‌ڤده‌ ساڵان بووه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تا و بناغه‌ی كاری هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ بوو، لێره‌وه‌ به‌ دوای ئه‌و خولیایه‌یدا رۆیشت، تاوه‌كو گه‌یشته‌ ئاستێكی ئه‌وه‌نده‌ به‌رز كه‌ ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كانی هۆڵیوود. كلۆنی له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه‌ له‌ چه‌ند بوارێكدا داهێنه‌رانه‌ كار ده‌كات. وه‌ك ئه‌كته‌ر و سیناریست و ده‌رهێنه‌ری فیلم و ده‌رهێنه‌ری ته‌له‌فزیۆنی. پاشان به‌ هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی بینی له‌ زنجیره‌ درامای (A R) كه‌ رۆڵی دكتۆر دوگروسی بینی له‌ ساڵانی 1994 بۆ 1999 په‌خشكرا ناوبانگی باشی په‌یدا كرد، به‌جۆرێك كه‌ پاڵیورا بۆ خه‌ڵاتی ئیمی برایم تایم. هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و له‌ دوای ئه‌و رۆڵه‌ی له‌ دراماكان و ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ هانیدا هه‌نگاوی گرنگتر بنێ و پێی نایه‌ جیهانی سینه‌ماوه‌ تاوه‌كو رۆڵ ببینێ له‌ فیلمدا. له‌ چه‌ندین فیلمدا رۆڵی بینی، ئه‌وانه‌ش وێسگه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی بوو. ساڵی 1999 له‌ فیلمی سێ پاشاكه‌ دا رۆڵێكی سه‌ره‌كی بینی و پێشوازییه‌كی باشی لێ كراوه‌. ساڵی 2001 ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ ناوبانگی ده‌ركرد به‌ رۆڵ بینینی له‌ فیلمی دزییه‌كی كۆمیدیدا. دوای ئه‌وه‌ی توانای داهێنه‌رانه‌ی له‌ جیهانی سینه‌مادا بینرا ناوبانگی له‌ جیهانی سینه‌مادا په‌یدا كرد، خه‌ڵاته‌ گه‌وره‌كانی جیهان باوه‌شیان بۆ كرده‌وه‌ و ناوی چووه‌ لیسته‌ سه‌د كه‌سییه‌كه‌ی ساڵانه‌ی تایمه‌وه‌.

كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی
له‌ كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی كلۆنی كۆتایی هه‌فتاكان تا سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان، كۆمه‌ڵێك چالاكی هونه‌ری هه‌بووه‌ و له‌ چه‌ند دراما و فیلمێكدا رۆڵ بینیوه‌، له‌وانه‌ به‌شداریكردنی له‌ زنجیره‌ درامایه‌كدا له‌ ساڵی 1978 كه‌ له‌ رۆمانێكی (جه‌یمس میشنر)ه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌. به‌ڵام یه‌كه‌م رۆڵی سه‌ره‌كی كلۆنی له‌ زنجیره‌ درامایه‌كی كۆمیدیدا بووه‌ به‌ ناونیشانی (ئه‌ی ئار) له‌ ساڵی 1984دا.

مله‌قوتێی سیاسی
جۆرج كلۆنی به‌ده‌ر له‌ سینه‌ما سه‌ری له‌ سیاسه‌تیش ده‌خورێ. ئه‌م پیاوه‌ قۆزه‌ ئه‌ندامی رێكخراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكایه‌. یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئامانجی سیاسی هه‌بووه‌. له‌ مه‌ڕ سیاسه‌تی ئه‌مریكا قسه‌ی خۆی هه‌بووه‌. ئه‌ندامی حزبی دیموكراته‌كانه‌ و ساڵی 2004 به‌شداری سیاسه‌تی كردووه‌. یه‌كێكه‌ له‌ پشتیوانانی جۆن كیری. هه‌ر له‌و بواره‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا بارك ئۆباما له‌ ساڵی 2010 گفتوگۆی بابه‌تی سودانیان كردووه‌ له‌ كۆشكی سپی. كلۆنی ساڵی 2006 سه‌ردانی هه‌رێمی دارفۆری كردووه‌ و پاڵپشتی جیابوونه‌وه‌ی باشووری سودانی كردووه‌.

خه‌ڵاته‌كانی
جۆرج كلۆنی هونه‌رمه‌ندی به‌هره‌مه‌ند و قۆز ئه‌ندام رێك به‌ هۆی رۆڵه‌كانییه‌وه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین ده‌رهێنه‌ر ساڵی 2005 بۆ فیلمی « Good Night, And Good Luck « هه‌مان ساڵ خه‌ڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین ئه‌كته‌ری یاریده‌ده‌ر له‌ فیلمی Syriana» « ساڵی 2008 خه‌ڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین ئه‌كته‌ر له‌ فیلمی « Michael Clayton « خه‌ڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین ئه‌كته‌ر له‌ درامای ته‌له‌فزیۆنی (ئه‌ی ئاڕ) ساڵی 1996 خه‌ڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین ده‌رهێنه‌ر ساڵی 2005 و چه‌ندین خه‌ڵاتی دیكه‌ی بردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و فیلمانه‌ی رۆڵی تێدا بینیوه‌
كلۆنی له‌ ژیانی هونه‌ریدا له‌ چه‌ندین فیلمدا رۆڵی بینیوه‌، له‌وانه‌ فیلمی « The Harvest « فیلمێكی ئه‌مریكییه‌ و ساڵی 1993 به‌رهه‌م هاتووه‌ و كلۆنی رۆڵی سه‌ره‌كی تێدا بینیوه‌. دروستكه‌ری ئاشتی « The Peacemaker» فیلمێكی ئه‌مریكییه‌ ساڵی 1997 به‌رهه‌هێنراوه‌، جۆرج كلۆنی له‌ ته‌ك نیكۆڵ كیدمان رۆڵی تێدا بینیوه‌. فیلمی سێ پاشاكه‌ « Three Kings « فیمێكی دیكه‌یه‌ كه‌ كلۆنی رۆڵی تێدا بینیوه‌ و ساڵی 1999 به‌رهه‌مهێنراوه‌. رووداوه‌كانی ئه‌م فیلمه‌ چیرۆكی سێ سه‌ربازه‌ له‌ دوای شه‌ڕی ساڵی 1991 به‌ره‌و بیابانه‌كانی عیراق ده‌چن. ئوشن 11 « Ocean›s Eleven « فیلمێكی دیكه‌ی جۆرج كلۆنییه‌ ئه‌م فیلمه‌ له‌ فیلمێكی دیكه‌وه‌ به‌ هه‌مان ناوه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1960 به‌رهه‌مهێنراوه‌. فیلمی مایكل كلایتون یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و فیلمه‌ ئه‌مریكییانه‌ی كه‌ كلۆنی رۆڵی تێدا بینیوه‌. فیلمه‌كه‌ ساڵی 2007 به‌رهه‌م هاتووه‌. فیملی « Hail, Caesar « فیلمێكی ئه‌مریكی كۆمیدییه‌ جۆرج كلۆنی له‌ته‌ك چه‌ند ئه‌كته‌رێكدا رۆڵی تێدا بینیوه‌. فیلمه‌كه‌ نووسین و ده‌رهێنانی خوان كیونه‌ به‌رهه‌می ساڵی 2016 یه‌. چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ كه‌سێك ده‌كات له‌ ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیستدا سه‌رقاڵی دروستكردنی فیلم بووه‌.

 137 جار بینراوە