سەرەکی » کەلتوور » بێ مەوعیدەکان

بێ مەوعیدەکان

ئەحمەد خالید تۆفیق 

و: دڵان سامان 

سەبارەت بەیەکێکی دەمارگیری وەکو من، کە هەمیشە لە سترێسدام و رەنگە تا گوێچکەکانم خۆم بخۆمەوە و تەنیا ناسینی یەکێک لەو کەسانە تاقیکردنەوەیەکی کوشندە بێت بۆ من.

ئەوان کێن؟ ئەوانەن هەمیشە دوا دەکەون
ئەو کەسانەی نە گرنگی بەکات دەدەن نە بە درەنگ کەوتن لە مەوعیدەکان، هەروەها پلەیەکی زۆر ناشیرین و ئابڕووبەریان لە ئاشتی ناوەکیی هەیە.
چیرۆکێکی ئەدیبێکی بەریتانی هەیە بە ناوی (روالد دال) سەبارەت بە خانمێکە هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا دەژی لە ترسی ئەوەی فڕۆکەیەک یان شەمەندەنەفەرێک بە جێیبێڵێت، مێردەکەی ئەو حاڵەتەی ژنەکەی دەزانێت، بۆیە چێژ دەبینێت لە ئەشکەنجەدانی بەوەی هەمیشە وایلێدەکات تا دوا سات چاوەڕێ بکات، کاتێک لە کۆتایی چیرۆکەکەدا ژنەکەی دەیکوژێت من ئامادەیی تەواوم تێدایە بۆ تێگەیشتن لەو هۆکارانەی هانیداوە بیکوژێت!
کاتێک یەکێک لەو کەسانە دەچنە گەرماوەوە چەندین سەعاتیان پێدەچێت، تۆش بە سەرسامییەوە دەپرسیت بە راستی چیدەکات؟ پاشان دوای ئەوەی سەرت سپی دەبێت دێتە دەرەوە و دەپرسێت بۆ لە سترێسدایت، کاتێکیش پێویست دەکات سەعات حەوت بەڕێکەون تۆ تاکە شێتیت پابەند دەبیت بە مەوعیدەکەوە.
لە سەعات هەشتدا یەکێک لەو کەسانە دێن و رایدەگەیەنێت دەیەوێت سەرەتا نانی بەیانی بخوات ئەوەش مانای وایە بۆ سەعات نۆ ئامادە دەبێت، سەریدەسوڕمێت لەوەی بۆ وا سترێسیت.
جارێکیان پاسێکی گەشتیاری لە شارۆچکەیەک وەستا و شۆفێرەکە بە توندی رایگەیاند دەتوانین کەمێک بازاڕ بکەین، بەڵام لە دوای سەعات سێ-وە چاوەڕێی هیچ بوونەوەرێک ناکات.
ئەو کچەم بینی بە پۆزەوە دابەزی و رایگەیاند کە بە هەوەسی خۆی بازاڕ دەکات و دڵنیایە شۆفێرەکە بەبێ ئەو ناڕوات، ئەوەش روویدا! بوو بە سەعات پێنج کچە دیار نەبوو، بێگومان بە مێشکێکی ئاسنینەوە بەبێ گوێدانە ئەو کاتەی شۆفێرەکە دیاری کردبوو خەریکی گەڕان و مشتومڕبووە لەگەڵ فرۆشیارەکاندا، ئەنجامەکەی ئەوە بوو ئەوەی دەمارەکانی مێشکی سووتا و پەنجەکانی خوارد شۆفێرەکە خۆی بوو، داواملێکرد هەڕەشەکەی جێبەجێ بکات، بەڵام بە شەرمەوە وتی ناوێرم کچێک بە تەنیا لەم شارۆچکە گەشتیارییە جێبێڵم، لە ئەنجامدا کچە سەعات شەش هاتەوە و دەیپرسی بۆ هەموو بەو رادەیە کەوتوونەتە دڵەڕاوکێوە!

ئەوانەی لە فڕۆکە دوادەکەون گروپێکی زۆر خراپترن
لە بیرمە کۆمەڵێک لەوانە داوایان لێکردم لەلای جانتاکانیان چاوەڕێبکەم تا هەندێ شت لە بازاڕی فرۆکەخانەکە دەکڕن، دانیشتم چاوەڕێمکرد و بە ترسەوە دەمڕوانییە چرکەی سەعاتەکە، دە دەقیقە ماوە لەسەر کاتی رۆیشتنی فڕۆکەکە، حەوت دەقیقە ماوە، ئەگەر ئێستاش بێنەوە کات نابێت بۆ گەیشتن بە دەرگای فڕۆکەکە، سێ دەقیقە ماوە، بێگومان گاڵتە دەکەن! شتومەکەکانیان جێبێڵم و بڕۆم؟ لە کۆتاییدا بە دڵخۆشییەوە دەرکەوتن و هیچ جۆرە دڵەڕاوکێیەکیان پێوە دیار نەبوو! بە سەرشێتییەوە پێیان دەڵێیت «فڕۆکە، کاتەکە، دەقیقە»!
دواجار ئەوان بۆیان دەردەکەوێت تۆ سەرشێتێکی ترسناکیت، دۆخەکە پێویستی بەو هەموو دڵەڕاوکێیە نییە، بە هەمان هەنگاوی خاو و دڵنیا لە خۆیان دەچن بەرەو دەرگاکە، ئەوانیش هەمیشە براوە دەبن هەرچەندە بەپێی دادوەری شەرعی بێت دەبوو فڕۆکەکە بەجێیانبێڵێت، دەبوو فڕۆکەکە بڕۆیشتایە ئەگەر دادوەریی لەم دونیا دڵڕەقەدا هەبوایە، هەموو شتێک لەگەڵ ئەم هۆزەدا کاتێکی زیاتر لە پێویستی دەوێت، بە چەندین سەعات ناندەخۆن و بە چەندین دەیە بەخەبەردێن و چەندین سەدەیان پێدەچێت لە گەرماو، بە چەندین ساڵ هەڵدەستن.
هەمیشە حەزمکردووە تاقیکردنەوەیەکی سەرنجڕاکێش بکەم وەکو ئەوەی گالیلۆ لەسەر تاوەری بیزا کردی، یەکێک لەوانە لە نهۆمی سێیەمەوە فڕێبدەمە خوارەوە، دڵنیام پێویستی بە نیو سەعات دەبێت بۆ کەوتنە خوارەوە، چونکە جەستەیان لە رووی فیزیاییەوە جیاوازە لە جەستەی ئێمە.
بێ مەوعیدەکان مەخلوقی کەم وێنەن، بەڵام زۆر ئیرەییان پێدەبەم بۆ ئەو مێشکە ساردەیان، بڕواناکەم هەرگیز یەکێکیان تووشی نەخۆشی دڵ یان بەرزە پەستانی خوێن ببێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بێگومان لەسەرخۆ دەمرن و مردنی خێرا نابینن!

سەرچاوە: لە ئەکاونتی خۆیەوە.

 127 جار بینراوە