سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » بەشدارینەكردن دەرەنجامی هەڵبژاردن پێچەوانە دەکاتەوە

بەشدارینەكردن دەرەنجامی هەڵبژاردن پێچەوانە دەکاتەوە

هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەرنەچووە، بەڵام لە ئێستاوە دەركەوتووە كە یاساكە وەك پێویست نەیتوانیوە كۆتایی بەمشتومڕ و لێكدانەوە جیاوازەكان بهێنێت یاخود كێشە و گرفتە بەردەوامەكان تێپەڕێنێت.

ئەم هەڵبژاردنە، یەكەمین پڕۆسەیە لە عیراقدا كە بەسیستمی بازنەیی و بەیاسایەكی نوێی هەڵبژاردن كراوە. لە بری یەك بازنەیی، پاشان بازنەی سەر ئاستی پارێزگاكان، ئەمجارە عیراق دابەشكرا بۆ 83 بازنە لەسەر ئاستی قەزاكان.

ئەمەش دەرفەتێكی تایبەت بوو بۆ خەڵك، بە تایبەتی خەڵكی ناوچە دوورەدەست و پەراوێزخراوەكان كە بەشێوەیەكی باشتر بەشداریی سیاسیان هەبێت و گوزارشت لە بۆچوونەكانیان بكەن.

بەڵام، جێگەی سەرنجە، بەشێوەیەكی گشتی لە هەموو ناوچە و پارێزگاكانی عیراقدا، رێژەی بەشداریكردنی ئەو كەسانەی مافی دەنگدان و بەشداریی سیاسیان هەبووە، لە ئاستێكی نزمدا بووە. ئەم مەسەلەیەش شایانی ئەوەیە خوێندنەوەی بۆ بكرێت و توێژینەوە لەبارەی هۆكار و دەرەنجام و كاریگەرییەكانییەوە بكرێت.

لە ناوچە جیاوازەكاندا، هاندەری جیاواز هەبووە بۆ بەشدارینەكردن لە پرۆسەی دەنگداندا. هەندێك بۆچوون هەیە كە گوایە بەشێكی خەڵك، بەتایبەتی لە ناوەڕاست و باشوور، لەبەرئەوە بەشداریی دەنگدان نەبوون، چونكە بێ ئومێد بوون لەو گروپە سیاسییە دەسەڵاتدارەی كە هیچ خزمەتێكیان پێشكەش نەكردووە، خەڵكی ئەو ناوچانە، ناوچەكانیان بەراورد بەكوردستان دەكەن كە جیاوازییان ئاسمان و رێسمانە.

بەڵام ئەگەر دیقەت لە جەدوا و سوودی ئەو بەشدارینەكردنەی خەڵك بدەین، جگە لە مەسەلەیەی مەعنەوی هیچ كاریگەرییەكی نەبووە و نابێت، چونكە بەپێی یاسا نوێیەكەی هەڵبژاردن، ئاستی بەشداریی خەڵك و رێژەی دەنگدان كاریگەری لەسەر كۆی پڕۆسەكە، تەنانەت كاریگەریی لەسەر بچووكترین بازنەی هەڵبژاردنیش نابێت.

روونتر، لەو بازنەیەی رێژەی بەشداریی دەنگدەران بەرزبووە، هیچ جیاوازییەكی نەبووە لەو بازنەیەی رێژەكە تیایدا نزم بووە. رەنگە تەنها دەرەنجامێكی ئەو بەشدارینەكردنە، دابەزینی بەهای كورسیی پەرلەمانی بێت لەو بازنانەی بەشداری تیایاندا نزم بووە.

بەو جۆرە، لەو بازنەیەی رێژەی دەنگدان تیایدا نزم بووە، كاندیدەكان بە دەنگێكی كەمتر و ئاسانتر بوونەتە خاوەنی مافی ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران. واتە، بەشدارینەكردنی خەڵك، دەرەنجامی پێچەوانەی هەبووە، لەبری ئەوەی كێشە بۆ سیستمەكە و خودی پڕۆسەكە دروست بكات و نیگەرانی بێت لە كاندید و لایەنەكان، بەپێچەوانەوە بۆتە كارئاسانی بۆ ئەوەی خەڵكی نەشیاو لە بەدەستهێنانی كورسی نزیك ببنەوە.

ئەم حاڵەتە، پێویستی بەلێكدانەوەی وردتر و هەڵوەستەی سیاسی و یاسایی هەیە، هەروەك پێویستی بەپێداچوونەوەی یاساكە هەیە كە نیگەرانییەكانی خەڵك بڕەوێنێتەوە و متمانە دروست بكاتەوە.

 

 137 جار بینراوە