سەرەکی » دۆسێ » پوختەیەک لە مێژووی شۆڕشی فەرەنسا

پوختەیەک لە مێژووی شۆڕشی فەرەنسا

هەڵۆ بەرزنجەیی

بەشی یەکەم

« ئێمە بە 3 ڕۆژ زەمین و ئاسمانی چەند سەدەیەکمان بڕی»

سەرەتایەکی کورت
فەرەنسا، وڵاتێکە رەگی بە قوڵایی مێژووی ئەوروپادا رۆچووە، لە رەگەزی جۆراوجۆر دروستبووە، کە دواجار دوای پرۆسەیەکی درێژخایەن، بە ھەموویان جەستەیەکیان پێکھێناوە، وەک نەتەوە و دەوڵەت و کەلتور و مێژوو و ناسنامە بەناوی فەرەنسا.

مێژووی ئەم وڵاتە پڕلە شەڕوشۆڕ و ھەرای جۆربەجۆرە، ئاینی کاسۆلیکی زۆرینەیە و پرۆتستانتی کەمینەیەکی چەوساوە و زوڵملێکراوە.

پاش شەڕ و کێشمەکێکی دەرەکی و ناوەکی فەرەنسا، کاریگەریی رێنیسانس و ھیومانیزمی ئیتالی بۆ ھات، بەتایبەتی لە بواری تەلارسازیدا.

ئەوەبوو دروستکردنی کۆشکیLoire,Louver Clement Janequin,Jean Bodin, Montaigne, François Rabelais,Jean Clalvi Moussier دەڵێت: «دەسەڵاتی فەرەنسی بریتیبوو لە دەسەڵاتی کاسۆلیکی و پاشایەتی رەھا، دەسەڵات گرێدراوی کەسایەتیی پاشا و ئیرادەی بەھێزی و توانا و لێوەشاوەیی و بەڕێوەبەرایەتی و زیرەکی و داناییەتی. « جێگەی فەرەنسا لە مێژووی جیھاندا، پانتاییەکی فراوان داگیردەکات و ئەم دەوڵەتە تا ئێستاش لەسەر شانۆی جیھانی رۆڵێکی گرنگ و کاریگەر و بەرچاو دەگێڕێت.

شۆڕشێک کە هێشتا دروشمەکانی زیندوون
وا 232 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شۆڕشی مەزنی فەرەنسادا، وەک چرکەساتێکی مێژوویی بێوێنەی گەورەی مرۆڤایەتی، کەچی ئەم شۆڕشە هێشتا بایەخ و کاریگەریی لە دەست نەداوە و تادێت تیشکی رووناککەرەوە و دروشمە بەرزەکانی «ئازادی و یەکسانی و برایەتی» کون و کەلەبەرەکانی هەسارەی زەوی رۆشن دەکاتەوە و هاوکات بۆتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ جیھان.

رەنگە لەسەر ئەم گۆی زەوییەدا بستۆکەیەک نەبێت کاریگەرێتی ئەم شۆڕش و دروشمانەی بەسەرەوە نەبێت، شۆڕشەکە وەک راستیی و فاکتێک لەسەر ئەرزی واقیع لە دایکبووە و پەیڕەو کراوە و گۆڕانکاریی بنچینەیی بەدەستھێناوە و بۆتە ئەزموونێکی تایبەت بەخۆی بۆ گەلانی جیهان.

دەربارەی ئەم شۆڕشە مەزنە، بە هەزاران هەزار سەرچاوە هەیە، خەرمانێکی گەورە لە کتێب نووسراوە و سەدان فیلم سازدراوە، چەندین هەزار شانۆگەریی نمایشکراوە و ملیۆنان وتار نووسراوە، ژمارەیەکی بێشومار لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی لەسەر کراوە. بەردەوام بەرهەمی نوێ دەکەوێتە بەردەست و توێژینەوەی بەردەوامی لەسەر دەکرێت.

لە ناوەندە ئاکادیمیی و رەسمییەکان و میدیاکانی جیھاندا، یادی دەکرێتەوە و باسدەکرێت.

ئاخر شۆڕشی ناوبراو شۆڕشێک بوو هەر فەرەنسا و سیستمە رەها قاڵببەستوو و چەسپیوەکەی نەگۆڕی، بەڵکو گشت گەلانی ئەوروپایشی بەتایبەتی بەئاگا هێنایەوە و نەخشەی ئەوروپای بەتەواوی گۆڕی و جیهان بە تێکڕا کەوتە ژێر کاریگەریی دروشمەکانییەوە.

شۆڕشی فەرەنسا بەخۆی و کاریگەرییەکانییەوە هێشتا رووداوێکی گەورە و جێی بایەخی جیهانییە کە بۆ هەژاران و مافخوراوان بەرپابوو، دروشمی مافەکانی مرۆڤی بەرزکردەوە و داکۆکیی لێکرد و کاری بۆ چەسپاندنیان کرد و دادپەروەریی دەویست و ئامانجی بوو برایەتی نێوان گەلان بێتەدی. دروشمەکانی ئەم شۆڕشە هێندە گرنگ و پیرۆزن، تەنانەت دیکتاتۆرەکانیش ناتوانن بانگەشەی بۆ نەکەن و خۆیانی لێ بدزنەوە و نکۆڵی لێ بکەن و نادیدەی بگرن.

مێژوویەک لە سێ قۆناغدا
مێژووی ئەوروپا لە رووی زانستییەوە، دابەشکراوە بەسەر مێژووی کۆن و مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست و مێژووی ھاوچەرخدا. گەشترین کاتەکانی 1000 ساڵ پێش زاین و 500 ساڵ دوای زاینە، کە لەسەر دەستی گریکی (یۆنانی و رۆمانی)یەکان تۆمارکراوە.

لەو سەردەمەدا ئەوروپا کۆمەڵگەیەکی سیما کشتوکاڵی بوو. بە چاندن و کشتوکاڵ و بەرووبوومەکەیەوە خەریکبوون و ھەروەھا ئاژەڵداریش پیشەی زۆربەیان بوو. تەکنۆلۆژیا لەئارادا نەبوو. دەوڵەت و یاسا و رێسای گونجاوی وەک ئێستا دروست نەببوو. لە رۆژگارە تاریکەکانی مێژوودا خانەدان/ نەجیبزادە سەریھەڵداوە، ئەمانە کۆمەڵێکی کەمبوون، بەڵام خاوەنی ئیمتیاز بوون و لە بەرامبەر زۆرینەی خەڵکدا بەتایبەتی جوتیاراندا بەکاریان دەھێنان. ئەم مافی ئیمتیازە بۆ زەویوزار بوو، کە لەبەرامبەر پارە و باجدا دەیاندایە دەست جوتیاران بۆ بەکارھێنانی و زۆرجار بەرامبەر وەگرتنی دانەوێڵە و خواردن .

بەم پێیەش گوایە خانەدانەکانیش ئەرکی پاراستن و پارێزگاریی جوتیار و زەوییەکەیان دەگرتە ئەستۆ!

دیارە دەبێت بوترێت کەوا ھەموو جوتیاران ملکەچی ئەم یاسایە نەبوون، چونکە زۆرینەیان ئازاد و سەربە ھیچ خانەدانێک نەبوون.

ئەوروپا بەگشتی و رۆژئاواکەی بەو شێوەیەی داڕێژرابوو، دەق و چوارچێوەیەکی گرتبوو، ھێندە مەحکەم و تۆکمە کرابوو، هەرگیز کەس لەو باوەڕەدا نەبوو بلەرزێت و نەخشەکەی بگۆڕێت. ستراکچەر و ژێرخانی دەسەڵاتی رەھایی و پاشایەتی تێدا هەڵبووەشێتەوە و لەکاربکەوێت.

پاشا و قەیسەرەکان خۆیان بە نوێنەری خودا دەدایە قەڵەم و رەوایەتیان بە رەفتارەکانیان دەبەخشی.

مۆنۆپۆڵ زانست لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پیاوانی ئایینی زانین و سەروەریی لێکدانەوە» Deutungshoheit یان مۆنۆپۆل کرد بوو. هەرچییان دەکرد دەیان گێڕایەوە بۆ فەرمانی خوداوەند و مرۆڤی ئاسایی و هەژاریش چەقی ئەم ململانێیە بوو، کە تێدا دەبووە قوربانی سەرەکی. بە گوناحکار ناودێر دەکرا! کە گوایە لە رۆژی حەشردا بڕیاری بۆ دەدرێت بچێتە دۆزەخ یاخود بەھەشتەوە.

ئەم پێوەر و دیاریکردنەش وەک فەرمان و بڕیار لە کڵێساوە دەردەچوو. کارەساتە سروشتییەکان «پەتا و لافاو و هەورە بروسکە و کارەساتەکانی تریان» بەسزای خودایی بۆ مرۆڤ لێکدەدایەوە. ئەم جۆرە پڕوپوچێتییە بە شێوەیەکی بەرفراوان زاڵ بوو.

رێگای بەرەو رۆشنگەریی لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستەوە لای شارەکانی خوارووی ئەوروپا نەک باکووری زنجیرە چیای ئاڵپ تا دەهات رۆشنتر دەبۆوە.

وردە وردە ئەم دەستە و تاقمە زانای جیھانی و زانکۆ دامەزرا و لە دەرەوەی کلێسا سەربەخۆ خەڵکی نوێی تێدا پەروەردە دەکرا.

بە کورتی شەپۆلی رێنیسانس لە ئیتالیاوە ھەڵیکرد و وێنەیەکی سێکۆلاری مرۆڤی لەگەڵ خۆیدا ھێنایە کایەوە. پرسی ھیومانیزمیش وەک پێشخانێک گرنگیی رۆشنگەریی لە ئارادابوو.

دەکرێت بوترێت لە ساڵی 1450 بەھۆی گەشتە دەریاییەکانەوە بەرچاو روونییەکی نوێ ھاتە پێشەوە بۆ ژیان و پەیوەندیی ئایینی لەگەڵ کرستیانێتی کە دواتر ئەمانیش لە سەدەی 16ـەمەوە بە ناچاری کەوتنە بەردەم ریفۆرم، بەتایبەتی کە مەزھەبی پرۆتێستانی سەریھەڵدا و «پرەنسیپی رەخنە لە دەقەکان» لە رۆژگاری ئاینگەراییدا بووە چەقی بیرکردنەوەی مرۆڤی رۆشنگەر.

خستنە ژێرپێی لێکدانەوە سەروەرییەکان، گەشتی فێربوون و توێژینەوەکان بەتایبەتی لە زانستەکانی «ماتماتیک و زانست» دا جێگەی بە گەشتی حەجکەران لێژکرد. ھەموو ئەمانە لەگەڵ چڕکردنەوەی بازرگانی کردندا بەرفراوانتر کرا.

پاپا و قەیسەر لەبەردەم کانت-ی فەیلەسوفدا
فەلسەفەی بیرکردنەوەی نوێ، گومانی لە رێباز و دۆگمایەک سازدا، کە بریتیبوو لەو عەقڵییەتە باڵادەستەی ئاینزای کاسۆلیکی «رۆمانی» کە لە خۆرئاوای ئەوروپادا چەسپاند بووی، بەتایبەتی دوو دیاردە و سیمبۆڵ کە « پاپا و قەیسەر» خۆیان بە نوێنەری خوا دەدایە قەڵەم.

ئەگەر پێناسەکەی فەیلەسوفی ڕۆشنگەریی کانت، ئاماژە پێ بدەین «ڕۆشنگەریی دەرچوونی مرۆڤە لە ناکامڵی و دەستەپاچیی و دەستەوسانی خودیی». بەواتایەکی تر بانگەوازێکە روو لە مرۆڤ کراوە و داوای لێ دەکات عەقڵی خۆی بەکار بهێنێت بۆ : «بیرکردنەوە، داوای بەڵگەسازیی بکات لە جێی ئەوەی خێرا بەسادەیی باوەڕ بە شتەکان بکات. داوای مافی مرۆڤ بکات و داکۆکی لێ بکات، دەبێت دەسەڵاتی دابەش بکرێت و جیابکرێتەوە لەسەر بنەمای بۆچوونەکەی مۆنتیسکۆ، ئازادیی بیڕوباوەڕ و ئایین فەراهەم بکات».

ھەردوو نووسەری فەرەنسی Jean Bodinو Jacques Benigne Bossuet لە سەدەی 16 و 17 دا جێپەنجەیان سەرەتای ئەم بزاڤەی نەخش کرد، لە رێگەی گومانیان لە رەوایەتی ئایین و دەسەڵات.

دیارە لەگەڵ گەرمبوونی ململانێ لەنێوان پەرلەمان و پاشایەتیدا لەسەر دەوڵەت و دەسەڵاتەکەی فەیلەسوفانی وەک Thomas Hobbes1588-1679 و John Locke1632-1704 ھاتنە مەیدانەوە و مەشخەڵێکی نوێیان لەم بوارەدا ھەڵکرد. کە ناسراوە بە «تیۆریی گرێبەستی» ئەمانە وێنەی مرۆڤیان بە سەنگ و بایەخێکی نوێوە کێشا و ھەلومەرجێکیان خوڵقاند کە مرۆڤ لە «دۆخی سروشتی»دا سەربەخۆ بژی، نەک ملکەچی ئێرە و ئەوێ ببێت.

مرۆڤ مافی ھەیە و مافەکانی سروشتین. ئەرکی سەرشانێتی بۆ ژیان و ئازادی و خاوەندارێتی تێبکۆشێ و ئەوی تر قبووڵ بکات. بەم پێیە هەنگاو بە هەنگاو بیر لەوە کرایەوە دەسەڵات لە فۆرمی جیاوازدا دابەش بکرێ.

تا دەھات مرۆڤەکان لەیەکتریی نزیکدەبوونەوە و گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەبووە پێداویستی «پەلەی ژیان» یان. ئەم دوو ناوبراوە داواکانی مرۆڤیان تا رادەی کۆمەڵگەی ھاووڵاتی برد. لۆک ھێندەی ھۆبز ئارەزووی لە دەوڵەت نەبوو.

مۆنتیسکۆ خانەدانێک لەبەری خەڵکدا
ھەر لەم سەرووبەندەدا فەیلەسووفی فەرەنسی مۆنتیسکۆ Charles de Montesquieu بەخۆی تیۆری دابەشکردنی دەسەڵاتەوە «دەسەڵاتی داڕشتن و جێبەجێکردن و دادوەریی» کە تا ئەمڕۆ کاری پێدەکرێت ھاتە مەیدانەوە.

کتێبی «ڕۆحی یاسا» ی لە ساڵی 1704 بڵاوکردەوە. گرنگ ئەوەبوو مۆنتیسکۆ خۆی خانەدان بوو، کەچی رەخنەی توندی لە سیستمی رەھایەتی لودڤیگی شازدە دەگرت و ناوی نا ستەمکاری Despotimus و داوای دەستوورێکی نوێنەرایەتی دەکرد.

ئامانجی ریشەیی مۆنتیسکۆ ئەوە نەبوو ھەر ھاووڵاتییەک چمکێکی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، بەڵکو دەیویست لای کەسانی سەرەوەی دەسەڵاتدار ھەوڵی چاککردنی حکومەت بدات.
بەدوای ئەمیشدا فەیلەسووفی ڕۆشنگەریی ڕۆسۆ Jean Jacques Rousseau 1712-1778 سەریھەڵدا و بە شاکارەکەی «گرێبەستی کۆمەڵایەتی» بەشدارییەکی باشی کرد لە داکۆکیکردن لە سەروەریی گەلدا و یەکسانیی نێوان مرۆڤ.

ناوبراو پێیوایە بناغەی دەوڵەتێکی باش بەدەستێھێنانی ئازادیی ھەر تاکێکە لەو دەوڵەتەدا. ئەمە وا دەکات، ویستی ھاوبەش دروست ببێت بۆ بەستی گرێبەستەکە. ڤۆلتێریشVoltaire) 1694-1778 Francois –Marie Arouet بە بەشداریی لەم پرۆسەیەدا، قورسایی خۆی خستە سەر بانگەوازەکانی رۆشنگەریی کە داوای دەکرد.

لەم دۆخەی رۆشنگەریدا 1772-1751 لە فەرەنسا، دەستەبژێر کەوتنە کۆکردنەوەی زانیاری و زانینەکان لە پڕۆژە کتێبێکدا کە ناسراوە بە ئینسکلۆپیدیا Encyclopédia و لەساڵی 1780 نزیکەی 35 بەرگی لێ دەرکرا. کە بە یەکەم ئیسیکلۆپیدیای جیھان ھەژمار دەکرێت. ناوە ناسراوەکانی وەک Denis Diderot,Jean Le Rond d,Alembert بەشداربوون لەم پڕۆژە گەورەیەدا، کە نزیکەی 60 ھەزار بابەتی لەخۆ گرتبوو. ئەم شاکارەی ئەو رۆژگارە زوو وەرگێردرایە سەر گەلێک زمانی جیھان. بیروبۆچونەکانی ھۆبز و لۆک بارودۆخی پێش شۆڕش سەردەمی پێش شۆرش، سیستمی سیاسی ناسراو بوو بە Ancien Regime سەردەمی رەھایەتی Absolutismus 1661-1715 بەتایبەتی پاشا Ludwig XIV کە بە میرات دەسەڵاتی لە پاشا Ludwig XI ی چواردەوە بۆ مابۆوە بەوە ناسراوە، کە ھاوکات بە «پاشای خۆر»یش ناوی دێ، یاخود وتە بەناوبانگەکەی «من دەوڵەتم» ستراکچەری رەھایەتی دەنواند. هەربۆیە سیستمی رەهایەتی بە دیوێکدا فیوداڵی فەرەنسا هاوتای نەبوو لە ئەوروپا و جیهان دا.

تاکە پاشایەک و حوکمی ناوەندێتی
ئەم سیستمە «فۆڕمێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بوو کە لەسەر یاسای دەرەبەگی بنیادنرابوو، کە پیادەی ھەموو وەزیفەکانی دەسەڵاتی دەکرد، لەلایەن چینی باڵای ئەریستۆکراتییەوە کە خاوەنی بنچینەکانی رژێمی دەرەبەگی بوو لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستی سەدەمی دەرەبەگیدا.

مێژوونووسان جیاوازیی نێوان مێژووی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەوەدا دەکەن پاشا فەرەنسییەکان لە ناوەڕاستی سەدەکانی ناوەڕاستەوە، سەرکەوتوو بوون لە کۆکردنەوە و مافی حکومکردن. یەکگرتووش بوون و تاکە پاشایەک وەک دەسەڵاتی ناوەندی حوکمی کردووە. کەچی بە پێچەوانەوە لای ئەڵمانییەکان فرەیی لە پاشا و پارچەپارچەییدا دیاردەیەکی ئامادە بووە. ئەمەش وایکردووە دەسەڵات لە فەرەنسا مەحکەمتر و تۆکمەتر بێت. ھەروەھا لە فەرەنسا بنەماڵەی خانەدانی زۆر زۆر بەھێز دروست بوون و سەریان ھەڵدا.

سەدەی 16 لە فەرەنسا ھەمووی شەڕی ئاینزایی بووە، لێرەدا تەنیا پاشا و دەسەڵاتەکەی سوودیان لەم ھەرا و ناکۆکییانە بینیووە و بەردەوام پێگەی خۆیان قایمتر کردووە. شەڕ و بەرخۆدانی خانەدانەکان بەتایبەت 1648-1653 بووە، مایەی ئەزموون و وانەیەکی دەوڵەمەند بۆ پاشا ساواکەی Ludwigs XIV.

ھۆکارەکانی شۆڕش و کڵپەکەی
فەرەنسا بەھۆی شەڕە بێ کۆتاییەکانییەوە، بارودۆخی لەڕووی ئابووریی و داراییەوە زۆر خراپ بوو. دەوڵەت کەوتبووە ژێر باری قەرزارییەکی زۆرە و بەتەواوی نابووت ببوو. ستراکچەری دەسەڵاتی رەھای پاشایەتی فەرەنسی، پشتیوانیکردن لە شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمریکا و بەڕێوەبردنی چەندین بەرەی شەڕی دیکە، بۆ نموونە حەوت ساڵ شەڕ لەگەڵ ئینگلیزدا، کارێکی کردبوو خەرجییەکی زۆر کەوتبووە سەرشانی دەسەڵات و بەم هۆیەوە خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵ بوو. هاوکات فەرەنسا گەلێک سەرچاوەی داھاتی لەکیس چوو، بەتایبەتی سەرچاوەکانی داهاتی لە ئەمریکاوە، ئینگلتەراش رکەبەرایەتییەکی سەختی دەکرد.

فەرەنسای ئەو ڕۆژگارە لەسایەی دەسەڵاتی رەهای پاشادا، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر سێ و گروپدا دابەشببوو.

دەستەی یەکەم: پیاوانی ئایینی کە دەوری 30 هەزار کەس دەبوون و وابەستەی دەسەڵاتی کاسۆلیکی پاپای رۆما بوون.

دەستەی دووەم: خانەدانەکان کە نزیکەی 350 هەزار کەس دەبوون.

ئەوەی تر کە گروپی سێیەم ناوبراوە 24 ملیۆن کەسن، واتە هەموو میللەت.

دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە زۆربەی نووسینەکان بەرگێکی ئایدۆلۆژییان کردۆتەبەر و لەسەر بنەمای چین ناوی گروپەکان دەبەن.

ئەو رۆژگارە خەمڵێندراوە و %95 خەڵکەکەیان پێکدەھێنا و ئەو دوو دەستەیەش %3 . لەم باجە 6% واتە نزیکەی36 ملیۆنی بۆ کاروباری کۆشکی پاشایەتی تەرخان بوو.

سیستمی باجدان
ئابووریی فەرەنسا بەراورد بە ئینگلتەرا خراپ و سەقەت بوو. بۆ نموونە ساڵی 1781 داهات 503 ملیۆن Livreو خەرجی 962 ملیۆن بوو. شانبەشانی هەموو ئەمانەش ھەڵچوون و باڵادەستی ئابووری و دەریاوانی بەریتانیای مێمڵ و رکابەر، گرفتی گەورەی بۆ فەرەنسا هێنایە ئاراوە.

فەرەنسای ئەو رۆژگارە بەهێزترین دەسەڵاتی کیشوەری ئەوروپا بوو. دواجار گرفت و کێشەکان ھەمووی رووبەڕووی پاشا لۆدفیگی لاو بۆوە کە تازە هەڵدەکەوت و دەسەڵاتی گرتبووە دەست.

لە سیستمی رەهایەتدا پاشا رەها و سەربەستە لە هەموو کۆتوبەندێک و دەستکراوەیە، چی دەکات و هەڵسوکەوتی چۆنە و بە تاقی تەنیا بڕیاری دەدا و کەس بۆی نییە رێگریی لە کار و بڕیارەکانی بکات.

ئەم دۆخ و قەیرانەی هاتبووە پێشەوە بۆ فەرەنسایەکی گەورە و بەھێز، جێی قبوڵکردن نەبوو. چۆن دەسەڵات لەدەست بدات و لاواز بێت. بەڵام رەوتی رووداوەکان بەری پێ نەدەگیرا و کێشەی نێوان خەڵک تا دەهات ئاڵۆز دەبوو، بەھۆی ئەوەی دەوڵەت قەرزار بوو، قاتوقڕی و گرانی بوو. سیستمی باج وا رێکخرابوو، بەس بەسەر دەستەی سێیەمدا سەپێندرابوو، کە لە زۆرینەی جوتیار و ھەژار و رەنجدەران و کاسبکاران و بازرگانان و مامۆستا و دادوەر و پیشەوەر و فەرمانبەرەکان پێکهاتبوو. ئەم دەستەیەش نوێنەریان لە پەرلەمان نەبوو، کەسیش داکۆکی لێ نەدەکردن.

بەشێکی زۆری خانەدانە گەورە و بەهێزەکان لە کۆشکی پاشا لە ڤێرسای دەژیان و خەریکی خۆشی و رابواردن و سەمای شەوانەی خۆیان بوون.

بارگرانیی سەرشانی ناخانەدانەکان
وتەیەکی بەناوبانگ هەیە» وەک خوا بژی لە فەرەنسا» ببووە دروشمی زۆر کەس و لایەن. باج لەسەر کەلوپەل و شتەکان بەتایبەت «خوێ» کە پێداویستییەکی سەرەکیی ژیانی رۆژانەی خەڵک بوو، زیادکرا و شمەکی تریش گران بوو و بەزەحمەت دەست دەکەوت. سەرچاوەی داھاتی فەرەنسا باجدانی راستەوخۆ بە دەسەڵاتی پاشایەتی باری گرانی ناخانەدانەکانی گران کردبوو.

بەھۆی ئەوەی ئاینی دەوڵەت کاسولیکی بوو، ئەرک و خەرجییەکی زۆر هەبوو بۆ فێربوون و کاروباری بەڕێوەبردنی ناوخۆ و کلێسا و ئەندامەکانی.

پێویشتە بووترێت کە دەسەڵاتی کڵێسا وەک دەوڵەت حوکمی دەکرد و دەبوو لە خزمەتی سیاسەتی رەسمیی پاپای رۆمادا بووایە و پشتیوانی داراییشی بکات.

لە فەرەنسا کۆمەڵگەیەکی ھەژار و کەمدەرامەت سەری هەڵدا بوو، لەدۆخێکی لەو جۆرەشدا پیاوانی ئایینی دەبنە خاوەن مافی تایبەت و ھەق بەخۆیان دەدەن کە داھاتیان ھەبێت، ئەویش بریتییە لە باجدانی خەڵک.
پیاوانی ئایینی تەنانەت لە بۆنە ناخۆشەکانی مردندا بەپارە کاریان بۆ خەڵکی هەژار دەکرد، بۆنموونە: لە خوێندنی نزا و پاڕانەوەی سەر مردوو و ناشتندا.

لێکۆڵەران دوو ھۆکار بۆ ئەو دۆخەی فەرەنسا باس دەکەن: پاشای فەرەنسا ھەتا کۆتایی رژێمەکەی کە بە Ancien Regime ناسراوە، نەیتوانی فەرەنسا بکاتە یەکەیەکی ئابووریی یەکگرتوو. گومرگی ناوخۆیی و سنوورداری بازرگانی رێگربوون. بەڵام لە ئینگلتەرا ئەم کێشانە نەبوون، بۆیە ئابوورییان بەھێزتر بوو. ئەڵمانیاش یەکگرتنی ئابووریی پێش یەکگرتنی سیاسی بەدەستهێنا. دەستەیەکی باڵاش کە لە بەرپرسانێک پێکھاتبوون کە تەنیا بەرپرسی لای پاشا بوون و فەرمانەکانیان لە ناوچە و ھەرێمەکاندا جێبەجێ دەکرد و گومرگی ناوخۆییان زۆر بوو.

بەکورتی راستە دەسەڵاتی سیاسی لەژێر حوکمی یەک پاشادا بووە، بەڵام ئابووریی کەرت کەرت بووە. سیستمی باج وەرگرتنیان خراپ بوو. دەوڵەت باجی راستەوخۆی لە خەڵک وەرنەدەگرت، بەڵکو لە رێگەی ئەو خەڵکانەوە کە ماف و دەسەڵاتی ئەم کارەیان پێدرابوو. لەمەشدا دیزەبەدەرخۆنەیی دەکرا لە کڕین و فرۆشتنی سامانی دەوڵەتدا.

ئەم ھەموو ناڕێکوپێکی و بەھەدەرچوونەی سامانی ناوخۆ، یاخود پەرشوبڵاویە زیانی بە خەزێنە و ئابووریی فەرەنسا گەیاند.

شۆڕشی برسییەکان
ساڵی 1788 ئیدی بەتەوای خەڵک پرزەیان لێ بڕا بەتایبەتی»ئارد و نان» کە بژێویی سەرەکی ژیانن و کەس بێ ئەمانە ناتوانێت بژی، زۆر گران بوون و قاتوقڕی سەری ھەڵدا. خەڵک وای لێهات کەوتنە پەلاماردانی نانەواخانەکان و ئەو شوێنانەی ئارد و نانیان لێ دەست دەکەوت، برسێتی کارێکی بە خەڵک کرد، تەنانەت ئەگەر یەکێک نانی بەدەستەوە بوایە پەلامار دەدرا.

ھەر بۆیە تەنانەت خودی ناپلیۆن دەڵێت: ھەموو شۆڕشەکان لەبەر برسێتی بوون،
شایانی سەرنجدانە، ئەو سەردەمە رژێم «دەفتەری گازندەیی» Cahiers de doleances دانا بوو، تا هاووڵاتیان راز و گازاندەی خۆیانی تێدا بنووسن و دەسەڵاتیش بۆچوون و داواکان لەبەرچاو بگرێت. ئەو کێشە سەرەکییانەی لەلایەن خەڵکەوە لەم دەفتەرەدا تۆمارکراون، بریتیبوون لە: «پاشا هێشتا پیرۆزە، فۆڕمی دەوڵەت جێی گلەیی نییە. کێشەی سەرەکی کەمکردنەوەی باجە، لابردنی ئیمتیازاتی خانەدانەکانە، سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی پاشا، وەک یەک لێکردنی ماف لە فەرەنسا و هەندێکیش دەستکاریکردنی دەستوور» ، لە داخوازییە سەرەکییەکان بووە.

حکومەت
پاشا زۆر ھەوڵیدا چارەسەری ئەم قەیرانە گەورەیە بکات و چاکسازیی بکات، بەڵام دۆخەکەی پێ چارەسەر نەکرا و سەرکەوتوو نەبوو. جارێک ویستی لەسەر خانەدانەکان باج دابنێت، ئەوان رەتیان کردووە. ئیدی ناچار لە مانگی ئاداری 1789 داوای کرد هەڵبژاردن بکرێت بۆ کۆبوونەوەی گشتی بۆئەوەی نوێنەرانی ھەموو دەستەکان هەڵبژێردرێن و چارەسەر بدۆزنەوە و رەزامەندی دەرببڕن لەسەر یاسای باجدانی نوێ. ئەمەش شتێکی نوێ بوو، هەرسێ دەستەکە پێکەوە کۆببنەوە، دواجار لەساڵی 1614 ئەم سێ دەستەیە پێکەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبوو، واتە زەمینەی وا نەڕەخسا بوو. بە کورتی ئەم قەیرانە قووڵەی دەوڵەتی تێکەوتبوو، دەبوو چارەسەر بکرێت.

بانگەواز بۆ کۆبوونەوەی گشتی کرا و لە کۆشکی ڤێرسای Versailles ـ کۆشکی ڤێرسای نزیکەی 20 ھەزار کەسی تێدا دەژیا لە پاشا و دەستوپێوەندەکانی و بەشێکی زۆری خانەدانەکانی نزیک لە پاشا. 30 ھەزار کەس کاریان تێدا دەکرد. 25 ھەزار سەرباز کە پاسەوانییان لەم کۆشکە دەکرد. تایبەتمەندیی ئەم کۆشکە هێندە جێی بایەخ بوو، بە نزیکی زۆر لە وڵاتانی جیھان وەک لاساییکردنەوە کۆشکێکی وایان بۆخۆیان دروستکرد.

کۆبوونەوەکان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکان لە 5/5/1789 لەم کۆشکەدا بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە دەستیپێکرد بە ئامادەبوونی 1165 نوێنەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی وڵات و سیستمی باجدان.

دەستە و ریزبەندیی گروپەکان

دەستەی یەکەم: 291 کەس، دەستەی دووەم : 270 کەس، دەستەی سێیەم: 578 کەس.

دەستەی سێیەم بۆ یەکەمجار بەم ژمارە زۆرەوە بەشداربوون، دەنا ھەمیشە 300 نوێنەر بوون.

پێدەچێت هەر لەسەرەتاوە هەستیان بە ترسێک کردبێت و خۆیان بۆ گۆڕانکارییەک ئامادەکردبێت. لە راستیدا هەرگیز رێگە نەدەدرا جوتیار و سەپان بە نوێنەر هەڵبژێردرێن، لەگەڵ ئەوەشدا باجەکانی سەرشانیان بۆ پاشا، کڵێسا، سوپا، خانەدان زۆر بوون و خانەدانەکان رەفتاریان خراپ بوو، قەرزیان نەدەدا بە دەوڵەت و دەوڵەتیش نەیدەتوانی قەرزەکانیان بداتەوە، کە بڕێکی زۆریش سوودی دەچووە سەر.

ئەم دەستەیە لە دۆخی خۆیان کەوتنە گومانەوە، دەستەی سێیەم کرابوونە کۆیلەیەکی تەواو، نوێنەرەکان بەتایبەتی لە دەستەی پیاوانی ئاینی و خانەدانەکان شوێنی دانیشتنەکانیان وەک فراکسیۆنێک دیاریکرابوو، ھی دەستەی سێییەم دەبوو نوێنەرەکان خۆیان بگەڕێن شوێنێک بدۆزنەوە لێی دابنیشن. ئەم هۆکارە وایکرد دەستەی سێیەم دوور لەیەک و بە پەرشوبڵاوی دابنیشن.

هەر لەسەرەتاوە جیاوازییەکان بەدیدەکران، بەشداربووان بە جلوبەرگەکانیاندا دەناسرانەوە ( پیاوانی ئایینی بە رەنگی مۆر و چارۆکە لە کۆڵيوە، خانەدانەکان بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگەوە و دەستەی سێیەمیش بە جلوبەرگی رەش)ەوە دانیشتبوون. لە ھەمووشی سەیرتر ئەوە بوو پاشا و خانەدانەکان کڵاویان لەسەر کردبوو.

پاشا کڵاوەکەی فڕێدا
ھاوکات کۆمەڵێک کەسی ئاسایش لە دەستەی سێیەم ھەمان شت دەکەن و کڵاو لەسەر دەکەن، تا بیسەلمێنن هیچ جیاوازییان لەگەڵ پاشا و خانەدانەکاندا نییە. پاشا بە دیمەنەکە ناڕەحەت دەبێت، کە خەڵکی ئاسایی وەک ئەو خۆیان پۆشیووە و کڵاویان لەسەر ناوە، بۆیە کڵاوەکەی خۆی لادەبات. دوای ئەویش خانەدانەکان بە ناچاری و نابەدڵی کڵاوەکانیان لادەبەن. کۆبوونەوەکەی پاشا لە ناوەڕۆکیشدا بۆ ئەوەبوو وانەیەکی نوێ بداتە دەستەی سێییەم و بەشێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی بە ناڕەزاییەکانیان بھێنێت.

کۆبوونەوەکە رۆژ و مانگی زۆری خایاند و ئەنجامی نەبوو. دوای ئاماژەدان بە قەیرانی دارایی و ئابووری، قەرزاری دەوڵەت و سیستمی باجدان، هەڵهاتنی تیشکی خۆری رۆشنگەریی، زەمینەی شۆڕشکردن تا دەهات خۆشتر دەبوو.

رۆژێک پاشا دەیەوێت بێتە سەر کرۆکی باسەکە کە باجدانە، داواکانی گوێی لێ ناگیرێت. پاشا وەزیری دارایی لە کارەکەی دووردەخاتەوە، چونکە لایەنگری دەستەی یەکەم بوو. دوای ئەوەی نەگەیشتنە ئەنجام و پاشاش زۆر بۆی گرنگ بوو چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.

داوا لە دەستەی یەکەم و دووەم دەکات باج بدەن و بەشداریی میحنەتەکە بکەن و ئەرکی سەرشانی دەستەی سێیەم کەم بکەنەوە. ئەوان بە جووتە باجدان رەتدەکەنەوە. ناچار پاشا دەڵێت: بۆ دەنگدان ژمارەی بەشداربوو ناخوات، چونکە ھەر فراکسیۆنێک یەک دەنگی ھەیە. بۆیە داوا دەکات هەر دەستەیەک بچێت راوێژی خۆی بکات و بەجیا کۆببێتەوە و بڕیار بدات.

ئەمجارەیان دەستەی سێیەم ئەم داوایەی پاشا رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن هەموو پێکەوە کۆببنەوە و بڕیار لەسەر دۆخەکە بدەن.

دەستەی سێیەم هەر پێشوەخت دەیانزانی ھەردوو دەستەی یەکەم و دووەم دژ بەوان دەوەستنەوە. کەواتە بە یاسا ماتماتیکییەکە دەستەی سێیەم بە قەبارە گەورە و بە دەنگدان بچووک، وەک ئەوان و هەر خاوەنی یەک دەنگ بوو. واتە ھیچی بۆ نەدەکرا و دۆڕاوی بێ چەند و چوون دەبوو.

کۆبوونەوەکە ئاکامی نەبوو. پاشا تووڕە دەبێت و کۆبوونەوەکە لە هۆڵێکی کۆشکەکەدا Ballhausگەمارۆدەدات. لێرە دەستەی سێیەم «سوێند»دەخۆن تا دەستوورێک ئامادە نەکەن هەموو هاووڵاتیان وەک یەک و یەکسان بکات، کۆبوونەوەکان بەجێ نەهێڵن.

قەشەش چووە گروپی سێیەمەوە
لەم سەروبەندەدا Abbe Sieyes رۆژی17/6/1789 کە خۆی قەشە بوو، وەک نوێنەری دەستەی سێیەم وتارێک پێشکەش دەکات: بەناوی دەستەی سێیەم کێیە؟. ئەم وتارە لەو رۆژانەدا بە هەزارانی لێ بڵاودەکرایەوە، لەپاڵ هەزاران وتاری ئاگرینی تری رۆژنامەکاندا.

وتارەکە ھۆڵەکە دەھێنێتە خرۆش. رۆژی هەر ئەو رۆژە دەستەی سێیەم خۆیان وەک یەکەم هەنگاوی گرنگ بەرەو شۆڕش «کۆنگرەی نەتەوەیی» رادەگەیەنن، خۆیان بە نوێنەری راستەقینەی گەل دەناسێنن. پاشا تەواو تووڕە دەبێت و داوایان لێ دەکات بچنە ماڵەوە. ئەوانیش بەگوێی ناکەن و دەڵێن: «چیدی فەرمان لە پاشا وەرناگرین».

پاشا ناچار دەبێت داوا لە دەستەی یەکەم و دووەم بکات بچنە پاڵ دەستەی سێیەمەوە، بەڵام ئەوان رەتی دەکەنەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی بانگەواز لە دەستەکانی تریش دەکات بێنە ریزەوە. لەم کاتەدا ھەندێک خانەدانە لیبڕاڵەکان و چەندین قەشەی ھەژاری گوندەکان کە نزیکی خەڵک و لیبڕاڵ بوون ، دێنە پاڵ دەستەی سێیەمی جوتیار و ھەژارەکان. کۆبوونەوەکان زۆر دەخایەنێت و کۆنگرەی نەتەوەیی ترسی ئەوەیان لەلا دروست دەبێت کە پاشا بە سوپاکەیەوە هێرش بکاتە سەریان.

دانیشتوانی شاری پاریس، چرکە بە چرکە چاودێریی دۆخەکە بوون و کۆمیتەی بچووک بچووکیان دروست کردبوو بۆ پارێزگاری لە خۆیان بە ئاگا و ئامادەبوون.

لەم سەروبەندەدا دەنگۆیەک بڵاودەبێتەوە، سەبارەت بە پەنابردنی پاشا بۆ سوپا، بۆیە گورجوگۆڵانە لە بەرامبەر ئەو ترسەدا و بۆ داکۆکی لە خۆیان، سەرخستنی مەشخەڵی شۆڕش بیر لە بەدەستهێنانی چەک دەکەنەوە.

شاری پاریس، بۆخۆی کوانووی شۆڕش بوو، بەرخۆدان تێیدا بەردەوام بوو، لە ناوەڕاستی شاری پاریسدا وەک نزیکترین بنکەی سەربازی، زیندانی بەناوبانگی باستیل Bastille هەبوو، کە ببووە سومبۆڵی رژێم و شوێنی ئەشکەنجەدان و چەوساندنەوە. خەڵکی پاریس لە 17/4/1789 دا ھێرش دەبەنە سەر زیندانی ناوبراو و داگیری دەکەن لەژێر ئاڵای رەنگ سوور و شینی پاریس و سپی پاشادا. نزیکەی 100 کەس لە هەردوولا کوژرا و بە سەدانی تریش برینداربوون. ئیدی ئەوەی کوژرا، کوژرا و ئەوی مایەوە راپێچی مەیدانی پاریس کرا و لەوێ کوژرا و سەریان کردن بە دارا.

ئەمەش یەکەم رۆژی بڵێسەی ئاگری شۆڕش بوو، کرا بە» جەژنی نەتەوەیی» و لەو ساتەوە رۆژی رەسمیی یادکردنەوەی سەرکەوتنی شۆڕش.

تەنینەوەی پڕیشکی شۆڕش
لە چاو ترووکانێکدا هەواڵەکە لە تەواوی وڵاتدا بڵاودەبێتەوە و پڕیشکی شۆڕش هەموو فەرەنسا دەگرێتەوە. هەر لەم ئان و ساتەدا، گەرماوگەرم پڕۆژەی دەستووری فەرەنسا ئامادە دەکرێت، کە سیستمی پاشایەتی بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی پاشای لەخۆ گرتبوو. دوای بیست رۆژ، کۆنگرەی نەتەوەیی، تەواوی ئیمتیازەکانی دەستەی یەکەم و دووەمیان ھەڵوەشاندەوە. سیستمی فیوداڵیی نەهێشت و کۆتایی بە کۆیلەیەتی هێنا و هاووڵاتی بۆی هەبوو بچێتە هەر بەڕێوەبەرایەتی و شوێنێکی تری گشتییەوە.

بەکورتی هاوکات کۆنگرەی نەتەوەیی لە رۆژی 11/8/1798 دا بڕیاریدا بۆ نەھێشتنی بنیات و سیما و پێکھاتەی رژێمی Ancin Regime . دیاردەی کۆلایەتی و بەدوای ئەمانەشدا گرنگترین ھەنگاوی شۆڕش لە 26/8/1789 لەسەر داوای Marquis de La Fayette کە ئەفسەرێکی پلە بەرز بوو لە شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمریکادا بەشداریی کردبوو، کۆنگرەی نەتەوەیی بڕیاری مافی مرۆڤ و ھاووڵاتیبوونی راگەیاند بەو پێیەش: «ھەموو مرۆڤەکان ئازاد و وەکیەک یەکسانن، مافی موڵکدارییان ھەیە، ئاسایش و مافی بەرگریکردن لە بەرامبەر چەوساندنەوەدا و ئازادیی ئایین و بیروڕای چاپەمەنی و سەروەریی گەل و دابەشکردنی دەسەڵات و هەروەها بیروڕای ئازاد و جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵاتی دەوڵەت)).

کەواتە کۆنگرەی نەتەوەیی، جێی رژێمی پاشایەتی گرتەوە، ئیمتیازەکان لابران و فەرەنسییەکان هەموویان بەیاسا بوونە هاووڵاتی یەکسان و وەکیەک و پێویستە پێکڕا باج بدەن. سیستمی کۆن هەڵوەشێندرایەوە و زۆر دیاردەی نامرۆڤانە سەرەونگوم کران و مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتی بەرجەستە کران.

ئەم خاڵەی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون و نەهێشتنی کۆیلایەتی، کتومت لە شۆڕشی ئەمریکاوە وەرگیرابوو. بە کورتی و پوختی ئەمانە چەپکێک لە دەستەکەوتە هەرە گرنگەکانی شۆڕش بوون.

ئەوەی دەبێت بەسەریدا باز نەدەین، بریتییە لەوەی: شۆڕش زیاتر داوای سیاسی هەبووە تا کۆمەڵایەتی. شۆڕشگێڕان پاشایان هێشتا قبووڵ بوو، بۆیە نەشیان کوشت، بەڵام پێویست بوو بە دەستوور دەسەڵاتی دیاریی بکرێت، لەسەر مۆدێلەکەی ئینگلتەرا. هەروەها موڵک و ماڵی فیوداڵەکانیان زەوت نەکرد و لێیان نەسەندنەوە.

دەستکەوتێکی تری پرشنگدار، ئازادیی چاپەمەنی سەری هەڵدا. لەسەردەمی Ancin Regime لە شارێکی وەک پاریس تەنیا شەش رۆژنامە دەردەچوو، لەم قۆناغەدا ژمارەی رۆژنامەکان گەیشتنە زیاتر لە 300 دانە.

رۆژنامە و نووسینی هاندەر
ساڵێک دواتر بووە دوو هێندە زیاتر. لە نێو وتار نووسەکاندا ناسراوترین کەسایەتی Jean -Paul Marathon بوو، کە خاوەنی رۆژنامەی Ami du Peuple بە نووسینە بەهێزەکانی خەریکی ورووژاندنی خەڵک و ھاندانیان بوو بۆ بەردەوامیی شۆڕش.

دیارە ئەوەی شاراوە نییە، شۆڕش نەیدەتوانی بە شەو و رۆژێک هەموو کێشە کەڵەکەبووەکان چارەسەر بکات و بارودۆخی خەڵک بگۆڕێت. بەتایبەتی کێشە قووڵەکانی ئابووریی پێ چارەسەر نەکرا، بۆیە دوای ئەم قۆناغە و لەتەک بەدەستهێنانی ئەم هەموو دەستەکەوتانەشدا، هێشتا بارودۆخەکە ھەر بە خراپی مایەوە و چ گۆڕانێکی بەرچاو لە گوزەرانی خەڵکدا دروست نەبوو.

زۆریشی بەھۆی ئەوەوە بوو کە بە پێی دەستوور ھێشتا پاشا خاوەنی ڤیتۆ بوو، دەبوو ئیمزاش لەسەر بڕیارەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی بکات، دەنا بڕیارەکان نەدەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەویش چەندی پێی بکرایە، کەمتەرخەمی لە راپەڕاندنی کارەکانیدا دەکرد و بەردەوام داوای دەکرد ئەم دەستوورە نوێیە لاببرێ و بگەڕێنەوە بۆ سیستمە کۆنەکە .

بەم شێوەیە سەردەمێکی ئاڵۆز و پڕ لە ترس و تۆقین هاتە مەیدان، کە ناسراوە بە ترسی گەورە Grande Peur، بارودۆخ بەهۆی ناکۆکییەکانەوە شێوا و گروپەکان خۆیان چەکدار دەکرد. سەرەتای ململانێش لەسەر دەسەڵات لەنێو گروپەکاندا سەریهەڵدا. ئەوە بوو بە کاریگەرێتی نووسینی نێو رۆژنامەکان، واتە رۆژنامەیەک ھەواڵ بڵاو دەکاتەوە، کەوا خەڵک بچێت بۆ کۆشکی ڤێرسای کە شارۆچکەیەکی نزیک پاریس بوو و پاشا ناچار بکەن بێتە پاریس، لە نزیک گەلەوە بێت تا کۆنترۆڵ بکرێت و بیخەنە ژێر چاودێریی و گوشاری زیاترەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم نووسینە زۆر شتی گۆڕی، واتە ھێزی نووسین، وتارێکی رۆژنامەوانی و ھەواڵێک توانی زۆر شت بگۆڕێت، نووسین توانی زیاتر لە فەرمانی پاشا هێز پەیدا بکات. لە سۆنگەی ئەم خرۆشانەوە، ژمارەیەکی زۆری ئافرەت کە بە « ژنانی پاریس» ناسراون، زیاتر لە حەوت هەزار کە برسی و بێ حاڵ بوون و منداڵی هەتیویان بەسەردا کەوتبوو، لەگەڵ کازیوەی بەیانی رۆژی 6/10/1789 دا، پەلاماری کۆشکی پاشایان داو تەنانەت ژووری نووستنەکەشیان تاڵان کرد. لەم هەڵمەتەدا کوشتار لە ھەردوولا روویدا. دواجار پاشایان ناچار کرد بە خێزانەکەیەوە بێتە نزیک پاریس و لە کۆشکیTuilerien بە دەستبەسەریی نیشتەجێ بێت. بەم جۆرە ئیتر پاشای نزیک و دەستبەسەر توانای ئەوەی نەما، کەمتەرخەمی بکات و ئیمزا لەسەر بڕیارەکان نەکات. دەبوو خێرا بیکات و کاروبارەکان راپەڕێنێت. دوای ئەم رووداوە، بەشێکی مێژوونووسان بە قۆناغی یەکەمی شۆڕشی فەرەنسی ناودێر دەکەن.

پارێزگاری نوێ و فەرماندەی گاردی نەتەوەیی پاریس دانران
کۆنگرەی نەتەوەیی سەرگەرمی گەڵاڵەکردنی دەستوور بوو. دەستووری نوێ بە یاسا سنووری بۆ دەسەڵاتی پاشا دیاریکرد. خەڵک ئازاد بوو لە هەڵبژاردنی پیشە و دروشمەکانی شۆڕش» ئازادی و یەکسانی و برایەتی» بەرزکرایەوە. دەرگا بە رووی ئازادیی خەڵکدا کرایەوە. کێشەی سەرەکی لە دەستووری نوێدا، رێگریی بوو لە بەشدارانی هەڵبژاردن. واتە هەر کەسێک بۆی نەبوو بەشداریی هەڵبژاردن بکات. دەبوو: کەسێکی تەواو چالاک بوایە، تەمەنی سەرووی 25 ساڵ بوایە، کاری بکردایە مووچەی 3 رۆژی مانگانەکەی بە نزیکەیی 7-10 Livre ی وەک باج بدایە، بە خاوەن ماڵ، یان توانای کرێدانی هەبووایە. بەمەش تەنیا 4.3 ملیۆن کەس بەشداریی هەڵبژاردن بوون و نزیکەی 21 ملیۆن کەس لێی بێبەش بوون، بەتایبەتی ژنان مافی بەشداریکردنیان نەبوو.

وەک ئاماژەمان پێدا، دەستەی گشتی گۆڕا بە کۆنگرەی نەتەوەیی. Bailly لەلایەن کۆنگرەوە کرا بە پارێزگاری شاری پاریس و La Fayette بووە فەرمانداری سەربازی گاردی نەتەوەیی شار.

کۆنگرەی نەتەوەیی کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی دا بەتایبەتی لەسەر مرۆڤ و مافەکانی و لەم بەیانە بەڵگەنامەییەدا، ھیچ ئاماژەیەک نەدرا بە پێگە و گەورەیی و دەسەڵاتی پاشا.

شۆڕشگێڕان بەمەش وازیان نەھێنا و داوای ئەوەیان دەکرد چارەسەری کێشە سیاسییەکەیان بکرێت. ئیدی کەوتنە نەخشەکێشان بۆ زۆر کاری تری خزمەتکردنی مرۆڤ و ھاووڵاتی بوون.

 

 229 جار بینراوە