سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » براوەی هەڵبژاردن

براوەی هەڵبژاردن

گومانی تێدا نییە براوە هەرە گەورەكەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عیراق كە هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو سەدرییەكانن، بەو پێیەی زیاتر لە 70 كورسی پەرلەمانییان مسۆگەر كرد و لێوەی دەتوانن لەڕێی بەستنی هاوپەیمانییەكەوە لەگەڵ كوتلەكانی تر، حكومەتی داهاتوو پێكبهێنن، ئەمە گەر باس لە دەستوەردانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی نەكرێت كە بەردەوام تێكەڵكێشی هاوكێشە سیاسییەكانی عیراق و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشووی عیراق بووە.

سەدرییەكان لەهەر چوار خولی پێشووی پەرلەمان، قورساییەكی سەنگییان هەبووە و ژمارەیەكی زۆری كورسییەكانیان لەڕێی هەڵبژاردنەكانەوە بردۆتەوە، «بەبێ‌ ئەوەی رۆڵی كاریگەرییان هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەكییەكان» كە خۆیان باسی دەكەن، بەڵام لەمجارەدا بە وتەی رابەر و ئەندامانی دەستەی سیاسی رەوتەكە، لێناگەڕێن پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت هاوشێوەی جارەكانی پێشوو تێبپەڕێت و دەبێت ئەوان رۆڵی كاریگەرییان لە پرۆسەكەدا هەبێت،»سەرۆكی حكومەتی داهاتوو، یان دەبێت لە سەدرییەكان بێت، یان لەلایەن سەدرییەكانەوە دەستنیشان بكرێت».

ئەم پێداگرییەی سەدرییەكان لەسەر گرتنەدەستی جڵەوی بەرپرسیارێتی لە عیراقدا، رەنگە كۆتایی پشوودرێژی سیاسییان بێت، رەنگە روو لە گۆڕینی زۆرێك لەو نەریتە سیاسیانە بێت كە لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا لە عیراقدا هەبوون، ئەمان پێناچێت چی دی چاوەڕوانبن و بەدیار لێكدانەوە جیاجیاكانی دەستور بۆ گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دابنیشن.

رەوتی سەدر كە پێیوایە شەقامی عیراقی لەدەستدایە، بەر لە شكاندنی بڕیاریی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنیش بۆچوونی وابوو دەتوانێت رێڕەوی پرۆسەی سیاسی وڵات بگۆڕێت و بە شێوازێكی جیاوازتر مامەڵە لەگەڵ قۆناغەكەدا بكات، ئەم بردنەوەیەش هێندەی تر هاندەرە، تا دۆسێی سیاسی خۆی بخزێنێتە نێو پرۆسەكە و كار بۆ پراكتیزەكردنی ئەو كارنامەیە بكات كە لەمێژە باسی دەكات و كاریی بۆكردووە.

بردنەوەی سەدرییەكان لەم هەڵبژاردنەدا، رووبەری كێبڕكێی نێوان رەوتەكە و ركاربەرەكانی فراوان كرد و گەیاندییە ئاستێك كە نەیارەكانی نەتوانن بە بەستنی هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردنیش شان لە شانی بدەن و بەر بە كاروانی بەرەوپێشچوونی بگرن.

بەدەر لە سەپاندنەوەی تەوافوقی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لەسەر ئەو پرەنسیپە، سەدرییەكان بەڵێنیانداوە كار بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لەو كێشە و تەنگژانە بكەن كە چەندان ساڵە عیراقییەكان بەدەستییەوە گیرۆدەن و لەپێناویدا چەندان خۆپیشاندانی ناڕەزایی و بەرەنگاربوونەوەیان كردووە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا كە رێژەیەكی بەشداریی كەمی تۆماركرد، سەدرییەكان براوە هەرە گەورەكەن و چاوییان لە داڕشتنی سیاسەتی ئایندەی وڵاتە، و دەیانەوێت بە باش یان خراپ، بەرپرسیارێتی قۆناغی داهاتوو لەئەستۆبگرن و لەم قۆناغە جەنجاڵەدا چانسی خۆیان لە حوكمڕانیدا تاقی بكەنەوە.

 142 جار بینراوە