فلاش فیکشن یان ساتەچیرۆک

شاپیاو!!

هەمیشە گرژ و مۆنە. گەرچی پیاوێكی سەقەتە، كەچی وا خۆی نیشان دەدات كە پیاوێكی بە سەنگە. یەك رۆژیش سەربازیی نەكردووە كەچی لە ماڵەوە رێك وەكو ئەفسەرێكی كەللەشەق رەفتار دەكات. تەنیا لە دارەكەی بن هەنگڵی و پێڵاوە سوورەكانی كەمە. خۆشی نازانێ باپیری لە كوێ ئەو شەكرەی شكاندووە:»كوتەك لە بەهەشتەوە هاتووە!» كەچی هەمیشە دەڵێت: « باپیرم پیاو بوو، سێ ژنی هەبوو، بەیانی پێش ئەوەی بچێت بۆ سەرباخ، هەرسێكیانی داركاری دەكرد، ئێوارە كە دەهاتەوە یەك بەرچنە میوەی بۆ دەهێنانەوە، هەموو وەك زەردەواڵە تێی دەمرووكان و وەكو هارومار دەیانخوارد. ئیتر كەس نقەی لێوە نەدەهات، مرۆڤ وەكو گا وایە سكی تێر بكە گوێژەی پێ بكێڵە، چركەی لێوە نایەت.»

ئێواران كە لەسەر ئیش دێتەوە، بەرلەوەی بگاتە سەری كۆڵانەكە، ماڵەكە ورتەی لێدەبڕێت. دەچێتە باخەكە و لەسەر جۆلانەكە پاڵدەداتەوە، ئیتر هەتا نیوەشەو لەوێ ناجووڵێ و هەتا كادێنەكەی دەیگرێ، بە جۆرەها خواردن و میوە و چەرەسات گەدەی لەقەئاخن دەكات و سەیری مۆبایلەكەی دەكات. وەكو شێت بە شتە پڕوپووچەكانی تیك تۆك پێدەكەنێ. ئەگەر ژنەكەی بەخت یاری بێ، هەر لەوێدا خەوی لێدەكەوێ و هەتا بەیانی جووڵە ناكات. ئەگەر ناوچەوانیشی سیانزە بێ، ئەوا شاپیاو خەوی لێدەزڕێ و هەتا بەرەبەیان چەلەحانێی لەگەڵ دەكات، ئاخریش بە زۆر لاقەی دەكات و كلكە خاكەنازێكی تێدەكوتێ.

بۆ ئەوەی ژنەكەی پێ نەخاتە ئەودیو دەرگای حەوشە، لە دەسكە كەوەرێكەوە هەتا سەلاجە خۆی دەیكڕێت. ماڵەكەی كردووە بە كامێرا و خاڵخالۆكەشی لێ ون نابێت. دڵخۆشە بەوەی هەموو شتێك لە ژێر كۆنترۆڵی خۆیدایە. زۆرجار دەڵێت:»ئەگەر پیاو كۆكی ژن میز نەكات بەخۆیدا، هەر پیاو نییە.»

بەیانییە بە ئوتومبیلەكەیەوە لە دەرگای حەوشە دێتە دەرەوە، دەستێك بە سمێڵە بۆزەكەیدا دەهێنێت، دەكۆكێ. ژنەكەی دەرگاكە دادەخاتەوە.

پاش كەمێك سەرێك دەكێشێت. تەلەفۆنەكەی دەنێت بە گوێیەوە: «بەیانیت باش رۆح و گیانم، ملی شكاند، هەر ئێستا خۆم دەگۆڕم و دێم، لەپێناوی یەك سەعات بەهەشت لەگەڵ تۆدا، بەرگەی تەمەنێك ژیانی دۆزەخ دەگرم…»

 167 جار بینراوە