سەرەکی » زانست » کەرکوک بۆتە گۆڕستانی درەختەکان

کەرکوک بۆتە گۆڕستانی درەختەکان

راپۆرتی، هێمن ئەحمەد

لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەكی بەرچاو دار بڕینەوە لە كەركوكدا سەریهەڵداوە و بێبەرنامە و رێگەیەكی دیاریكراو لەلایەن حكومەتەوە نەك داری وشك داری سەوزیش دەبڕنەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە بازرگانی دار بەشێوەیەك چڕ و بەشێوەیەك نهێنی و بەربڵاو بەتایبەتی شوێنە گەشتیارییەكانیش دەبڕنەوە كە شوێنی حەوانەوەی هاووڵاتیانە لە پشووەكاندا.

ئەوەی زۆر ترسناكە ئەوەیە بەناوی چێشتخانەكانی ماسی برژاندنەوە یان ئەو چێشتخانانەی كەوا خواردنەكانیان بە دار و خەڵوز لێدەنێنن دارێكی زۆر بەكار دەهێنن و رۆژانە رێژەیەكی زۆری دار كە لەئاستێكی زۆر بەرزدایە بەكار دەهێنرێت و هیچ كوچە و كۆڵانێك نییە ئەم دیاردەیەیی تێدا بەكار نەهێنرێت.

ئەو جۆرە دارانەی دەبڕێتەوە لە هەندێك شوێندا تەمەنیان بۆ دوو سەد ساڵ دەگەڕێتەوە كە مێژوویەكی گرنگی ئەم شارەن.

ژینگەپارێزیش دڵگرانە
خاتوو شكۆفە عوبێد، ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: من وەكو ئەندامێكی ژینگە پارێزی ئەم دیاردەیە زۆر بە زەقی و ترسناك دەبینم، بۆیە بڕینەوەی دار بەم شێوە بەربڵاوییە بەتایبەتی داری سەوز دەبێتە دابەزینی رێژەی 2%ی رێژەی ئەو سەوزاییەی كە لە پارێزگاكە هەیە و ئەگەر وابروات پارێزگاكە دەبێتە بیابان و پلەی گەرمی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، چونكە كاتی خۆی كە ئینگلیزەكان كۆمپانیای نەوتی باكووریان دامەزراند بۆ پاراستنی رێژەی سەوزایی لە شارەكە دارێكی زۆریان چاند بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی لە شارەكە بەرزبێتەوە و دوكەڵی كۆمپانیاكانی نەوت كاریگەری نەبێت.

وتیشی: كۆمپانیای نەوتی باكوور توانیان رێژەیەكی بەرچاو سەوزایی دروست بكەن لە شێوەی چاندنی دار و دروستكردنی پارك و باخچەی سەوزایی. ئەوەی جێگەی داخە تاكو ئێستا وەكو پێویست پارێزگاو پۆلیسی پارێزگا و هێزە ئەمنییەكان نەیانتوانیوە سزای پێویست یان چاودێری ئەمنی بەكار بهێنن بۆ سزای ئەو کەسانە تا كاری لەو شێوەی دووبارە نەكرێتەوە.

باسی لەوەشكرد ئەوەی من سەرنجی دەدەم دەستدرێژی كردنەكان گەیشتووتە ناوچە گەشتیارییەكانی دەوروبەری كەركوك، بەتایبەتی ئەو گوندانەی دار و سەوزایی زۆریان هەیە، هەر بۆ نموونە پێش ماوەیەك كۆمەڵێك كەس لە گوندی گۆران دارێكی زۆری لێواری ئاوەكانیان بڕیبۆوە و زیانێكی گەورەیان لە ژینگەی ئەو ناوچەیە دابوو كە بەهاران خەڵكی بۆ گەشت و گەڕان دەچوون بۆ ئەو ناوچەیە.

بەرپرسانی پارێزگاكە خۆیان بەدوور دەگرن
پاش گەڕانێكی زۆر بۆ بە دەستهێنانی زانیاری لەسەر دیاردەی ئەو دار بڕینەوەیە زۆر هەوڵماندا بەرپرسانی پارێزگاكە بدوێنین، بەڵام هیچ كامیان ئامادە نەبوون بە بیانوی ئەوەی نوسراویان بۆ هاتووە كە نابێت لێدوان بۆ كەناڵ و رۆژنامەكان بدەن.

دارفرۆشەكانی كەركوك چی دەڵێن؟
محەمەد عەلوان، دارفرۆش لە نزیك پردی چواری شاری كەركوك، بەمجۆرە لەسەر دارفرۆشتن بۆ كوردستانی نوێ دوا: ئێمە دارفرۆشی رێگە پێداروین كە بەپێی یاسا و بنەمای دیاری كراو كار دەكەین و مۆڵەتی دار كڕینمان هەیە و ئەو دارانە دەفرۆشین كە تایبەتە بە دروست كردنی خانووبەرە لە گوندەكانی دەوروبەری كەركوك، ئەو دارانەش بەشێكیان لە دەرەوەی عیراق رێكخراوەكان یان بازرگانانی دار بۆمان دەهێنن و ئێمەش دەیكڕین.

وتیشی: بەڵام ئەو دیاردەیەی كە دار بۆ برژاندنی گۆشت و ماسی بەكاردێت لەلایەن ئێمەوە نا فرۆشرێت و مامەڵەی پێوە ناكەین، بەڵام دوكاندارەكانی ئەو جۆرە چێشتخانانە خۆیان بە نهێنی و لە شوێنی چەپ و لادا ئەم كارانە دەكەن و دەست بۆ هەموو دارێك دەبن كە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بێت.

بەهۆی داربڕینەوە شەڕیش دروستدەبێت
هاووڵاتی عەباس محەمەد، دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك، وتی: دیاردەیەكی زۆر ناشرینە كە لە گەڕەكەكەماندا كۆمەڵێك دار هەبوو بە تایبەتی داری سەوز بوون بەیانییەكیان لە دەنگی مشار و كەوتنی دارەكان بە ئاگا هاتین بەشێكی زۆری دارەكانیان بڕیبۆوە تووشی شەڕی دەستەو یەخە بووین لەگەڵیاندا، بەڵام بە زیانی لەناوچوونی دارەكان كەوتەوە.

چاودێری نییە
هاووڵاتی رێبین ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك، لەسەر دیاردەی دار بڕینەوە، بە كوردستانی نوێی وت: پارێزگای پێشووی كەركوك رووبەرێکی زۆری سەوزایی لە شارەكە دروستكرد و دارێكی زۆر چاند، بەڵام لەگەڵ هاتنی پارێزگای ئێستا ئەم پاركانە پشتگوێ خران و خەڵكی كەوتنە بڕینەوەی دارەكانی لەبەر ئەوەی چاودێری لەسەر نەبوو، بۆیە رێژەی سەوزایی لە شارەكە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كرد.

 147 جار بینراوە