سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » عیراق؛ هەوڵی كوتلە گەورەكان بۆ راكێشانی ئەندامە سەربەخۆكانی ئەنجومەنی نوێنەران

عیراق؛ هەوڵی كوتلە گەورەكان بۆ راكێشانی ئەندامە سەربەخۆكانی ئەنجومەنی نوێنەران

دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ‌و راگەیاندنی ئەنجامی پڕۆسەكە، ئومێدێكی زۆر لەسەر نوێنەرە نوێ ‌و سەربەخۆ ‌و چالاكە سەركەوتووەكان بۆ خولی پێنجەم هەڵچنراوە، زۆرێك وایدەبینن كە ئەنجومەنی نوێی نوێنەران لە رووی پەسەندكردنی یاساكان ‌و بەدواداچوون ‌و جێبەجێكردنیان، لە خولەكانی پێشووی چالاكتر دەبێت، وێڕای چاودێریی كاری ئیداریی دامەزراوەكانی حكومەت ‌و ئاشكراكردنی گەندەڵیی دارایی ‌و ئیداری، بەوپێیەی ئەو نوێنەرە سەركەوتووانە، پێویستیی بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بنیاتنەر ‌و نەچوونە ناو هاوكێشەی تائیفی ‌و دابەشكردنی پۆستەكان لە دوای پێكهێنانی حكومەت-یان، راگەیاندبوو.
لە بەرامبەردا، هەندێك لایەن مەترسیی ئەوەیان هەیە، كە حزبە گەورە ‌و دەسەڵاتدارەكان هەوڵی خەڵەتاندن ‌و راكێشان ‌و ترساندنی ئەو نوێنەرە سەربەخۆیانە بدەن ‌و سنوورێك بۆ چالاكییەكانیان دابنێن، ئەوەش مانەوەی پڕۆسەی سیاسی لە شوێنی خۆیدا دەگەیەنێت.

خیانەت نییە
د.غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری سەنتەری عیراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەكان، لە لێدوانێكیدا بۆ (المسری)، رایگەیاند: ئەگەر ئەندامە نوێكانی ئەنجومەنی نوێنەران بچنە ناو كوتلە ‌و هاوپەیمانییە گەورەكانەوە، خیانەت نییە بۆ دەنگی دەنگدەرەكانیان، بە تایبەتی ئەگەر لە كاری پەرلەمانی ‌و خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا لە رووی سیاسی ‌و ئابووری ‌و كۆمەڵایەتییەوە، هەردوولایان هەمان بەرنامە ‌و بۆچوون ‌و ئامانجیان هەبێت.

روونیشیكردۆتەوە: ئەگەر حزب ‌و كوتلە براوەكان بەرنامەی جددییان هەبێت بۆ خزمەتكردنی عیراق لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ژیاندا، ئەوە مەسەلەیەكی نیشتمانییە ‌و ئەگەر نوێنەرە سەربەخۆكان بچنە پاڵیان، هیچ كێشە نییە، چونكە بەرنامەكانیان هاوشێوەن ‌و دواجار ئەوە كارێكی ئاساییە.

د.غازی فەیسەڵ پێیوایە، شتێك نییە بە ناوی سەربەخۆ یان ناپابەند بە كاری سیاسییەوە، چونكە هەر دەبێت گوزارشت لە فیكرێك یان فەلسەفەیەكی سیاسیی دیاریكراو بكات ‌و لەوێشەوە شوناسی خۆی دەردەخات. وتیشی: گرنگ ئەوەیە، كە لەسەر ئەو بنەمایە، ئەنجامە بەدەستهاتووەكان، لە قازانجی ئایندەدا بێت.

پەیوەندیی بە خودی نوێنەرەكانەوە هەیە
لای خۆشیەوە، د.عامر روبەیعی سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی عەرەبیی ئەوروپی لە پاریس، لە لێدوانێكدا بۆ (المسری): پێیوایە، كە ئەوەی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت بۆ راكێشانی نوێنەرە سەربەخۆكان بۆ ناو كوتلە گەورەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، پەیوەندیی بە خودی نوێنەرە سەربەخۆكانەوە هەیە، بەو مانایەی تا چ رادەیەك ئەو كەسە سەربەخۆیانە دەتوانن گۆڕانكاریی لە پڕۆسەی سیاسییدا بكەن ‌و ئەو بەڵێنانە ببەنەسەر، كە كاتی هەڵمەتی بانگەشە بە خەڵكیان دابوو. وتیشی: تا چ رادەیەك ئەو نوێنەرە سەربەخۆیانە دەتوانن گوشاری كوتلە گەورەكان تێبپەڕێنن ‌و گوێیان لێ نەگرن؟ هەروەها تا چ ئاستێك ئەو نوێنەرە سەربەخۆیانە لەگەڵ بەرنامە ‌و فیكری سیاسییاندا یەكدەگرنەوە؟ رەنگە هەندێكیان لە پێشوودا ئەندام ‌و كادری ئەو حزبە گەورانە بووبن ‌و ئەمڕۆ لێیان جیابوونەتەوە و وەك سەربەخۆ خۆیان دەناسێنن.

بە بۆچوونی د.عامر روبەیعی، ئەگەر نوێنەری سەربەخۆ نەتوانێت هیچ گۆڕانكارییەك لە دیمەنی داهاتووی سیاسیی عیراقدا بكات، دەبێت لەگەڵ هێز و ئیئتیلافە گەورەكاندا یەكبگرێت، بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانە بباتەسەر، كە بۆ خزمەتكردنی عیراق، بە دەنگدەرە عیراقییەكانی دابوو.

لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەدابوو، كە پیكهێنانی هەر حزبێك یان تەكەتولێكی سیاسی، لەلایەن زۆرینەی تائیفەی ئایینی یان گروپێكی ئیتنییەوە دیاری دەكرێت ‌و تا ئێستا كاریگەریی بەسەر ژمارەیەك لەو كاندیدانەوە هەیە، كە وەك بێلایەن یان سەربەخۆ خۆیان ناساندووە، ئەوەش رادەی كاریگەرییان لەسەر چاكسازیی لە وڵاتەكەدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 135 جار بینراوە