سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ بوارێكی گرنگ

ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ بوارێكی گرنگ

چه‌ند جارێك بڕیارمدا ده‌ستبكه‌م به‌نووسینی ئه‌م ستوونه‌ هه‌فتانه‌یه‌، پاشان په‌شیمان ده‌بوومه‌وه‌، هۆكاره‌كانی په‌شیمان بوونه‌وه‌ زۆر بوون، به‌شێكیان په‌یوه‌ندیی به‌خۆمه‌وه‌ هه‌بوو، به‌شه‌كه‌ی تریش په‌یوه‌ست بوو به‌و بواره‌ی كه‌ قه‌راره‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ بنووسم.
نووسین له‌ باره‌ی شۆفێری و ئۆتۆمبیل له‌ ناو میدیای كوردستاندا زۆر له‌ دواوه‌یه‌ به‌راورد به‌وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانی ئه‌وه‌ش، په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی هێشتا له‌ كوردستان ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ مه‌سه‌له‌ سیاسی و ستراتیجییه‌كانه‌، نه‌ك ژیان و پێداویستی و كێشه‌كانی.
كاتێك ته‌ماشای میدیای جیهانی ده‌كه‌یت، به‌ئاشكرا هه‌سته‌ به‌گرنگیدانێكی زۆر ده‌كه‌یت به‌بواری شۆفێری و ئۆتۆمبیل كه‌ خۆی له‌ خۆشیدا بوارێكی زۆر فراوانه‌، له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، به‌تایبه‌تی میدیای عه‌ره‌بی زۆر بایه‌خ به‌ ئۆتۆمبیل و شۆفێران ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌ كوردستان ئه‌م گرنگیدانه‌ له‌ جێگه‌ی نه‌بووانه‌.
بابه‌ته‌كانی شۆفێری و ئۆتۆمبیل خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ شۆفێران و كێشه‌كانی، شێوازه‌كانی لێخوڕین و مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی، هه‌روه‌ها كێشه‌كانی خراپبوون و تێكچوون و چاككردنه‌وه‌ی میكانیكی و ئه‌لكترۆنی و به‌ده‌نی، گرفته‌كانی رێگه‌وبان و ئه‌وانی تر.. كه‌ به‌داخه‌وه‌ هیچ كام له‌م بوارانه‌ له‌ كوردستاندا، وه‌ك چۆن له‌ میدیا باس نه‌كراون، حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش گرنگیان پێنه‌داوه‌.
له‌م ده‌رفه‌ته‌دا، سه‌رباری كاركردنم له‌ بابه‌ته‌كانی تری بواری رۆژنامه‌وانی، هه‌فته‌ی جارێك له‌ باره‌ی ئۆتۆمبیل و شۆفێران ده‌نووسم. ده‌زانم ئه‌ركێكی قورسه‌ چونكه‌ له‌ كوردستاندا پێشتر شتێكی له‌و جۆره‌ نه‌كراوه‌، هیوادارم هه‌موو لایه‌ن به‌ ره‌خنه‌ و تێبینییه‌كانم گه‌وره‌مان بكه‌ن.
له‌ راستیدا، هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ نووسین و پابه‌ندبوون به‌خشته‌یه‌كی هه‌فتانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی ئیتر كاروباره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ئۆتۆمبیل و شۆفێران هی ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی خه‌ڵك نین به‌ڵكو به‌هۆی زۆربوونی ژماره‌ی ئۆتۆمبیل و فراوانبوونی شاره‌كان، ئێستا زۆربه‌ی هه‌ر زۆری خه‌ڵكی كوردستان رۆژانه‌ ژیانی په‌یوه‌ست ئۆتۆمبیل و شۆفێران ده‌بێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆشی ئۆتۆمبیلی نه‌بێت. ئیتر ئه‌م گرفتانه‌ پێویستیان به‌قسه‌له‌سه‌ركردن و هه‌ڵوه‌سته‌كردن هه‌یه‌.

له‌شكر حه‌مه‌ ساڵح

 133 جار بینراوە