سەرەکی » هەواڵ » ״كێشەكانی كاسبكاران چارەسەر دەكەین״

״كێشەكانی كاسبكاران چارەسەر دەكەین״

دوێنێ، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی سلێمانی، سەردانی ناوبازاڕی سلێمانی كرد و لە نزیكەوە چاوی بە كاسبكاران كەوت و رایگەیاند: لەگەڵ حكومەتی خۆجێیی، چارەسەری كێشەكانی كاسبكاران دەكەین.

لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، رایگەیاند: هاتووم بۆ ئەوەی سوپاسی كاسبكاران بكەم، كە پێش پڕۆسەی هەڵبژاردن بە چەپكەگوڵی وەفا و پیرۆزباییەوە هاتبوون بۆ مەڵبەند و منیش بەڵێنم پێدان كە لەناو بازاڕدا سەردانیان بكەمەوە و لە نزیكەوە گوێ لە كێشە و داواكارییەكانیان بگرم. وتیشی: پێشتریش وتوومە، هیچ كاتێك بەڵێنێك نادەم كە جێبەجێی نەكەم، بۆیە تەواوی هەوڵەكانمان چڕدەكەینەوە بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە كاسبكاران هەیانە، لەگەڵ هەڤاڵانمان لە حكومەتی خۆجێیی، چارەسەریان بكەین و لەمپەڕەكانی بەردەم كاسبكاران و هاووڵاتیان لابەرین و هەمیشەش دەرگامان بە رووی كاسبكاران و هەموو هاووڵاتیاندا كراوەیە.

باسی لەوەشكرد كە دەمانەوێت كاسبكاران خۆیان باس لە كێشەكانیان بكەن و هەر خۆشیان چارەسەری گونجاومان پێ بڵێن، ئەوەی پەیوەندیی بە حكومەتی خۆجێییەوە هەبێت، ئەوە چارەسەری دەكەین و دڵنیاشم قائیمقامیەت و پارێزگاریش هاوكار دەبن و چیتر كێشەكانیش بێ چارەسەر نابن.

لای خۆیانەوە كاسبكارانی ناوبازاڕ سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ سەردان و بەدەنگەوەهاتنی خاتوو شاناز دەربڕی و سەردان و بەسەركردنەوەكەشیان بە گرنگ نرخاند.

 113 جار بینراوە