سەرەکی » وتار » شكستی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان لە…

شكستی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان لە…

شكستی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان لە دۆزینەوەی چارەسەردا

فەتحوڵڵا حسێنی

هەوڵە نێودەوڵەتییەكان نەك هەر نەگەیشتن بە لێكگەیشتنێكی كۆتایی بۆ چارەسەری ئاشتیانە، بەڵكو نەگەیشتنە لێكگەیشتنی سەرەتاییش، یان لانیكەم هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی ناو سوریا، سێ نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرەتا كوفی ئەنان، كە بۆ ماوەی كەمتر لە شەش مانگ بەردەوام بوو، دواتر ئەلئەخزەر ئەلئیبراهیمی و پاشانیش ستیڤان دی میستۆرا كە دەستی لەكار كێشایەوە لەبەرئەوەی نەیتوانی بگاتە هیچ ئەنجامێك و بەم نێردراوەی ئێستاشەوە كە گێر پیدرسۆنە، هەموو هەوڵەكانیان بوونە تۆزی دەم باو نەگەیشتنە ئاكامێك بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی لە سوریا، ئەویش لە سایەی جەنگێكی بێ ئامان كە هەر رۆژە و لە شوێنێك فراوان دەبێت و لە شوێنێكی دیكە بەرتەسك دەبێتەوە، هەموو ئەوانەش كە روودەدەن بەهۆی دەستێوەردانی ناجوامێرانەی دەرەكییەوەیە لەكاروباری سوریا و بەهۆی هەڵوێستی گروپە چەكدارەكانەوەیە كە كار بۆ ئەجێندای لایەنە دوژمنكارە دەرەكییەكە دەكەن.

كۆمەڵی نێودەوڵەتی هەوڵی زۆریدا، بەڵام هەموو هەوڵەكان یەك هەنگاو بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی نەچووە پێشەوە، هۆكارەكەش دیارە، جەنگ و گروپە چەكدارەكانن كە زیاد لە 10 ساڵە لە ناو سوریادا بە دوای دەستكەوت و تاڵانییەوەن، ئەوانە كەسانێكن دزی لە خەڵك دەكەن و لە راگەیاندنەكانی هەندێك وڵاتیشدا بە شۆڕشگێڕ ناودەبرێن، هەر ئەوەش وایكردووە هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەكان و هەوڵی نێردراوە نێودەوڵەتییەكان شكست بهێنن.

بە گوێرەی پێدراوە تازەكانی واقیعی ئەمڕۆ، رەنگە رۆژێك بێت روسیا لەو ناوچانە بكشێتەوە كە لە بن دەستی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبیدان، ئەویش بە پێی رێكەوتن و بەرژەوەندی خۆی رادەستی رژێمی دیمەشقیان بكاتەوە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریادا رەجەب تەیب ئەردۆغان لێدوانێكی داو وتی: دەچێت لە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق نوێژ دەكات. ئەو نەچوو بۆ مزگەوتی ئەمەوی، بەڵكو هەر لە دوورەوە سەیری هێرش و پەلاماری گروپە چەكدارەكانی دەكرد بۆ سەر خەڵكی سوریا، ئەو گروپانە قێزەونترین تاوانیان دەكرد و ئەویش و ئەو كەسانەی سوریاش كە سەر بەون چەپڵەی بۆ لێ دەدان، بەوەش نەوەستا و خودی ئەردۆغان یارییەكی تری دەستپێكرد، ئەویش گۆڕینی دیموگرافی سوریا بوو، بۆ ئەوەی گەورەترین زیان بە كورد بگەیەنێت، بە تایبەتیش لە ناوچەكانی سەرێ كانی و عەفرین و درعا، لەم نێوانەدا یاریزانێكی وەك ئەمریكا تەنیا رۆڵی بینەری دەبینی و بەوەش رۆڵێكی خراپی گێڕا، بەڵام روسیا پلانی دیكەی هەیە لە سوریادا، ئەمیان چاوی لەسەر ئیدلب، دوای ئەوەی پارێزگاكانی دیمەشق، حەڵەب، لازقیە، حەما‌و حومس كەوتنەوە ژێر دەستی رژێمی دیمەشق.

ئێستا هەموان دەزانن، ئامانجی توركیا لە مانەوەی لە سوریادا لەناوبردنی كوردە، هیچ كاتێك ئامانجی یارمەتیدانی ئۆپۆزسیۆن یان بەرەنگاربوونەوەی داعش نەبووە، پێشێلكارییەكانی توركیا دەرهەق بە كورد لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە تۆماركراوە، ئەگەر وەبیر خۆمانی بهێنینەوە، ساڵی 2014 كاتێك داعش گەمارۆی كۆبانێی دابوو، ئەردۆگان هەڵوێستی چۆن بوو؟ ئەو كات سوپای توركیا لەسەر سنوور سەیری رووداوەكانی دەكرد و داعشیش خەڵكی مەدەنی كۆمەڵكوژ دەكرد، تەنانەت دوای رزگاركردنی كۆبانێش گروپە چەكدارەكانی سەر بەوان هەوڵیان دەدا ئەو شارە ئارامی بەخۆیەوە نەبینێ، بەڵام ئەوەی توركیا گرەوی لەسەر كردبوو شكستی هێنا.

توركیا و هاوبەشەكانی هەرایەكی گەورەیان ناوەتەوە بۆئەوەی پێشێلكاری و تاوانەكان بشارنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا مەسەلەیەكی گرنگ لەبەردەمی كۆمەڵی نێودەوڵەتیدایە كە خۆی لێ كەڕ كردووە، ئەویش مافی گەڕانەوەی خەڵكەكەیە بۆ زێدی خۆیان، بە شێوەیەك كە ئاسایشیان پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، پێویستە ئەو گروپە چەكدارانەی سەر بە توركیان و ناوچەكانیان لە خەڵكەكە داگیركردووە چۆڵی بكەن و بڕۆن، هەروەها ئەو خەڵكەش كە هێنراونەتە عەفرین و گرێ سپی و سەرێ كانی بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی، دەبێ شوێنی دیكەیان بۆ دابین بكرێت و لەوێ نەمێنن، لەلایەكی دیكەوە، دەبێ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ گرەنتی گەڕانەوەی خەڵك بە سەلامەتی بكەن.

ئێستا هەموان چاوەڕوانی چارەسەری ئاشتیانەن دوای ئەو هەموو شەڕە وێرانكەرانەی لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئیقلیمی كران نەك لە بەرژەوەندیی گەلانی سوریا.

 104 جار بینراوە