ئەم و ئەو

41

پێشكەشە بە هاوڕێم رەزاق شەریف

ئەو وەكو قالۆری گوڵەبەڕۆژە، بەلەباریك و درێژداهۆڵ، وەها دەمانچەكەی كردووە بەلاقەدیدا، دەڵێی پیاوكوشتن و ئاوخواردنەوەی لا یەكە. هەر دەگاتە بەردەمی ئەم بە دەنگی زیقاوڵە ئاسای هاوار دەكات و دەستی هەڕەشە رادەوەشێنێت: «گوێ بگرە گردەپیاو، ئەمجارە ئەو هەتیوەت لە كوڕەكەم بدات، خۆت و كوڕەكەت و هەر سێ براكەشت دەكوژم، خۆت گێل نەكەیت و بڵێیت هەڕەشە نیوەی كەڵەمێردییە، كابرا خۆی فش دەكاتەوە و هیچی لە دەست نایەت، من لەو پیاوانە نیم خۆم هەڵكێشم و مریشكێكم پێ لە ئاو نەكرێت، ئەوەی وتم دەیكەم، با ئەو هەتیوەت ئازا بێت و ئەمجارە پەنجەی بۆ بەرێت.»

ئەم كورتەباڵا و تێكسمڕاو، تۆكمە وەكو پایەی چیمەنتۆ، لە شوێنی خۆی درەخت ئاسا چەقیوە و جووڵە ناكات، دەست و مەچەكی گەواهی ئەوە دەدەن كردە و بەهەڵمەتە، ئەگەر بزانێ ئەو دەمانچەكەی هەڵدەكێشێ، یەك هەناسەی بەسە بۆ ئەوەی پڵنگ ئاسا پەلاماری بدات و دەمانچەكەی لێبسێنی و لوولەكەی ببڕێتە … دەیەوێت بڵێت: «كابرا بۆچی وەكو عەلەشیش خۆت فش دەكەیتەوە، ئێمە هاوماڵین ئەوانیش مناڵ، ئەمڕۆ شەڕ دەكەن و سبەی ئاشت دەبنەوە و پێكەوە یاری دەكەن.» كەچی دەمی دەچێتە كلیلە و هیچ ناڵێت. ئەو دیسان دەستپێدەكاتەوە: « خۆ كوڕەكەم حیزی بەردەستی ئێوە نییە، بە خوێنەوە بۆم بێتەوە، ئەمجارە تێتان دەكەوم دەیكەم بەو رۆژەی قەرەوەیسی تیا كوژرا، تەرمی هەر پێنجتان ریز دەكەم لە پێشا تۆ دەكوژم « ئەم هەروا رێك وەستاوە و مێش میوانی نییە، دەیەوێت بڵێت: «باشە، هەر دەمانكوژی، هیچ نەبێت من بخەرە ئەخیر، با كە مەرگی ئەوانم بینی مەرگ بە ئاوات بخوازم» دیسان هیچ ناڵێ. ئەو دەست دەداتە یەخەی. ئەم توند هەردوو دەستی دەگرێ و پاڵێکی پێوەدەنێ، لەتر دەدات، خەریكە لنگەوقووچ دەكەوێ. ئەم بۆ یەكەم جار زاری دەكرێتەوە: «هەر دەمكوژی دەمكوژی یەكەم گوللە بنێ بە گونمەوە!!» ئەو وەكو سەگی حیزەڵ كلكی دەخاتە ناوگەڵی، مل شۆڕ دەكات و دەڕوات.

 204 جار بینراوە