سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » شەڕی نێوان ئەرمینیا ‌و ئازەربایجان كۆتایی دێت؟

شەڕی نێوان ئەرمینیا ‌و ئازەربایجان كۆتایی دێت؟

چەند رۆژێك بوو شەڕی نێوان هێزە سەربازییەكانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر سنووری نێوانیان سەریهەڵدابۆوە، بەڵام دوای ئەوەی روسیا داوای لە حكومەتەكانی یەریڤان ‌و باكۆ كرد شەڕ رابگرن، رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەرمینیا ‌و ئازەربایجان رێكەوتن لەسەر ئاگربەستی نێوانیان ‌و دۆخی ئەو ناوچەیە تا رادەیەك ئارام بۆوە.

ئەرمینیا: ئازەربایجان دەستپێشخەر بووە
بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ: چەند رۆژێك بوو پێكدادانی سەربازیی نێوان ئەرمینیا ‌و ئازەربایجان دەستیپێكردبۆوە ‌و بەوهۆیەشەوە زیانی گیانی لە هێزە سەربازییەكانی هەردوولا كەوتووە.

وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بەهۆی پەلاماری هێزەكانی ئازەربایجان بۆ سەر چەند پێگەیەكی هێزەكانیان، كوژراو و برینداریان هەیە ‌و دوو شوێنیشیان لەدەستداوە. لە بەرامبەریشدا، زیانی گیانی زۆریان بە هێزەكانی ئازەربایجان گەیاندووە.

ئازەربایجان: دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانماندایە
لای خۆشیەوە ئازەربایجان رایگەیاند، كە گرژیی لەسەر سنوورەكانیان لەگەڵ ئەرمینیا دروستبووە ‌و دۆخەكەش لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانیاندایە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، سوپای ئەرمینیا سووكایەتییان بە هێزەكانی وڵاتەكەی كردووە ‌و شەڕ دەستیپێكردووە.

روونیشیكردەوە: سەربازانی ئەرمینیا هەڵمەتێكیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو شوێنانە دەستپێكردووە، كە چۆڵیان كردبوو، بە بۆمبهاوێژ ‌و هاوەنیش پێگەكانی سوپای ئازەربایجانیان بۆمبباران كردووە، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەك سەربازی ئازەربایجان كوژراون ‌و برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشدا: هێزەكانی وڵاتەكەی دژە هێرشێكیان كردۆتە سەر سەربازانی ئەرمینیا ‌و زیانی زۆری گیانی ‌و مادییان پێ گەیاندوون ‌و چەند سەربازێكیشیان لێ بەدیل گرتوون ‌و دەستیشیان بەسەر بڕێكی زۆری چەك ‌و تەقەمەنیی ئەرمەنییەكاندا گرتووە.

ئەرمینیا داوای هاوكاری لە روسیا كرد
پێش راگرتنی شەڕەكە، ئارمین گریگۆریان سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەرمینیا، داوایەكی ئاراستەی روسیا كرد، بۆ بەرگریكردن لە سەروەریی خاكی وڵاتەكەی.

لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا، ئارمین گریگۆریان رایگەیاند: بەوپێیەی دەستدرێژیی كراوەتە سەر سەروەریی خاكی ئەرمینیا لەلایەن ئازەربایجانەوە، ئێمە داوایەك لە روسیا دەكەین، كە لەسەر بنەمای ئەو رێكەوتننامەیەی ساڵی 1997 لە نێوانماندا ئیمزاكراوە ‌و وەك جێبەجێكردنی پابەندییەكانی نێوانمان لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتننامەیەدا، بەرگریی لە سەلامەتیی خاكی ئەرمینیا بكات. وتیشی: بە مەبەستی كۆتاییهینان بەم دۆخەی ئێستا، یەریڤان كاردەكات بۆ كاراكردنی میكانیزمیی رێكخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەكۆمەڵ، كە هەریەك لە ئەرمینیا، روسیا، بیلاڕوسیا، كازاخستان، قیرغیزستان ‌و تاجیكستان تیایدا بەشدارن.

نەوەدەكانی سەدەی رابردوو
وێڕای ئیمزاكردنی رێكەوتنی نێوانیان ‌و بڵاوەپێكردنی هێزەكانی ئاشتیپارێزی روسیا لە دوای شەڕەكانی ساڵی رابردوو، لەم چەند هەفتەیەی دواییدا گرژیی نێوان ئەرمینیا ‌و ئازەربایجان دەستیپێكردەوە.

یەكەم هۆكاری ئەو ململانێ خوێناوییەی نێوان ئەرمینیا ‌و ئازەربایجان بۆ نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە ‌و وەزری پاییزی رابردووش بەهۆی شەڕی نێوان هێزە سەربازییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە لە هەرێمی ناگۆرنۆ كاراباغ، زیاتر لە 6500 كەس كوژران، شەڕەكەش بە شكستێكی گەورەی ئەرمینیا كۆتاییهات ‌و ناچاربوو دەستبەرداری رووبەرێكی زۆری خاكی ئەو ناوچەیە ببێت.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 236 جار بینراوە