سەرەکی » ئەدەب و هونەر » هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلمی هیندی Pk

هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلمی هیندی Pk

ئاكار عه‌بدوڵڵا قه‌ره‌داغی

(پی كێ)، به‌ زمانی هیندی واتای « كه‌سی سه‌رخۆش» ده‌به‌خشێ. فلیمێكی دراما و كۆمیدیی هندییه‌، كۆتایی ساڵی 2014 له‌ سینه‌ماكاندا په‌خشكرا. فیلمه‌كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی كتێبی یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی نووسه‌ری ئوسترالی برایس كۆرتینای داڕێژراوه‌. له‌لایه‌ن راجكۆمار هیرانی-یه‌وه‌ ده‌رهێنراوه‌، كه‌ ده‌رهێنه‌ری فیلمی 3 گه‌مژه‌یه‌. ئه‌م دوو به‌رهه‌مه‌ له‌ فلیمه‌ هه‌ره‌ ناودار و پڕ بینه‌ره‌كانی سه‌رانسه‌ری جیهانن. سیناریۆی فیلمه‌كه‌ نووسینی راجكۆمار هیرانی و ئابهیجات جوشییه‌. به‌رهه‌مهێنه‌رانیشی راجكۆمار ‌هیرانی و عومه‌ر خان. ئه‌كته‌رانی سه‌ره‌كی بریتین له‌ عامر خان، رۆڵی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی، كه‌سایه‌تی پیكێ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات و ئانوشكا شارما رۆڵی چاگگۆ ده‌بینێ. ئه‌و رۆڵه‌ی ده‌یگێڕێ ئێجگار گرنگه‌، په‌یامنێره‌ له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كان. تێچووی فیلمه‌كه‌ چوارده‌ ملیۆن دۆلاربووه‌، به‌ڵام داهاته‌كه‌ی سه‌د و سی ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی بوو.

سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌ بوونه‌وه‌رێكی ئاسمانی به‌ كه‌شتییه‌ك له‌ هه‌رێمی راجستانی هندستاندا، له‌ ناوچه‌یه‌كی نیمچه‌ بیابان به‌ رووتی داده‌به‌زێنرێته‌ سه‌ر زه‌وی و ملوانكه‌یه‌كیشی له‌ ملدایه‌ كه‌ شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی سه‌رنج راكێشی هه‌یه‌. پیاوێكی لادێیی ده‌بینێت ئامێرێكی رادیۆ- تۆماری به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، پێده‌چێ چاوه‌ڕوانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بێت. راده‌كا بۆ لای، ئه‌ویش كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ رووته‌ ده‌بینێ زۆری پێ سه‌یر ده‌بێ، هیچ قسه‌ ناكات و سه‌یری ده‌كات، ده‌ست بۆ ملوانكه‌كه‌ ده‌بات و لێیده‌دزێت. گرێی گرنگی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات. نه‌مانی ئه‌و ملوانكه‌یه‌ بۆ پی كێ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ چیدی ناتوانێت په‌یوه‌ندی به‌و كه‌شتییه‌وه‌ بكات كه‌ پێی هاتۆته‌ سه‌ر زه‌وی. ترس دایده‌گرێت، چونكه‌ له‌ ئه‌ستێره‌كه‌ی ئه‌واندا هیچ زمانێك به‌كار ناهێنرێ بۆ لێكگه‌یشتن، ئه‌میش زمانی شار نازانێ. به‌ڵام سیناریۆی فیلمه‌كه‌ ئه‌مه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر كردووه‌ به‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی شه‌ش سه‌عات ده‌ستی كه‌سێك بگرێت و به‌ری نه‌دات تا گه‌نجێنه‌ی زمانه‌وانیی ئه‌و بۆ خۆی وه‌ربگرێ.
چاگگۆ، كاره‌كته‌ری دووه‌می فیلمه‌كه‌یه‌، له‌ به‌لجیكا ده‌خوێنێ. له‌ بۆنه‌یه‌كدا كه‌سێك به‌ ناوی سه‌رفرازه‌وه‌ ده‌ناسێت، كه‌ كوڕێكی موسڵمانه‌ و له‌ كونسوڵگه‌ریی پاكستان كارده‌كات. هه‌ردووك ده‌كه‌ونه‌ داوی خۆشه‌ویستیی یه‌كدییه‌وه‌. به‌ڵام كێشه‌یه‌ك دێته‌ ئاراوه‌، باوكی چاگگو هندۆسیی توندڕه‌وه‌ و كوێرانه‌ گویڕایه‌ڵی « تاپاسڤیماهاراج» ی پیاوی ئایینی هندۆسییه‌، كه‌ ئامۆژگاری چاگگۆ ده‌كات گوایه‌ سه‌رفراز گاڵته‌ی پێده‌كات و نایهێنێت و داوای لێ ده‌كات ئه‌وێ جێبێڵێ و بگه‌ڕێته‌وه‌ هندستان. جاگگو داوا له‌ سه‌رفراز ده‌كات له‌ نزیكترین كاتدا ژیانی هاوسه‌ریی پێك بێنن. له‌ رۆژی ماره‌بڕیندا چاگگو له‌ ژووری چاوه‌ڕوانی دانیشتووه‌ و چاوه‌ڕێیی سه‌رفرازه‌، به‌ڵام پێش ئه‌مان بڕیاربوو دوو كه‌سی تر له‌یه‌كتری ماره‌بكرێن كچێك كه‌ پشیله‌یه‌كی له‌ باوه‌شدایه‌ و كوڕێك كه‌ تا ئه‌و كاته‌ ئاماده‌ نه‌بوو، كاتێك پیاوی ئاینی بانگیان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ماره‌ ببڕدرێن بووكه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت هێشتا خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌گه‌یشتووه‌ پیاوه‌ ئایینیه‌كه‌ داوای لێده‌كات هه‌ڵسێت بۆ واژووكردنی ماره‌بڕینه‌كه‌ بۆیه‌ داوا له‌ جاگگۆ ده‌كات پشیله‌كه‌ی بۆ هه‌ڵگرێت تا مه‌راسیمه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت. چاگگۆش پشیله‌كه‌ وه‌رده‌گرێت. له‌م كاته‌دا كوڕێك دێت و نامه‌یه‌كی ده‌داتێ. له‌ نامه‌كه‌دا نووسراوه‌ كه‌ ئه‌م هاوسه‌رییه‌ له‌ نێوان دوو خێزاندا روو ده‌دات كه‌ بیروڕا و داب و نه‌رێتی جیاوازیان هه‌یه‌ و ئه‌وان ناتوانن به‌ یه‌كه‌وه‌ خۆشبه‌خت بن و داواش ده‌كات چیتر په‌یوه‌ندی پێوه‌ نه‌كات. چاگگۆ زۆر بێوه‌ر ده‌بێ و راسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌لهی.

دوای شه‌ش مانگ، جاگگۆ ده‌ستبه‌كار ده‌بێ له‌ كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنیدا، به‌ دوای هه‌واڵی وروژێنه‌ردا ده‌گه‌ڕێت. رۆژێك كه‌سێكی بینی هه‌ندێ بڵاوكراوه‌ی پێیه‌ وێنه‌ی خوداوه‌نده‌كانیان له‌سه‌ره‌ و له‌سه‌ریان نووسراوه‌ دیار نه‌ماون و ئه‌وه‌ی ده‌یانبنێت په‌یوه‌ندی به‌ پیكێوه‌یه‌. چاگگۆ ئه‌مه‌ به‌ هه‌ل ده‌زانێ بۆیه‌ دوای ده‌كه‌وێ تا بزانێت چیرۆكی ئه‌م كه‌سه‌ چییه‌. هه‌لی بۆ ده‌ڕه‌خسێ باسی هاتنی بۆ سه‌ر زه‌وی و بردنی ملوانكه‌كه‌ی له‌لایه‌ن دزێكه‌وه‌ بكات چۆن ناچار ده‌بێ به‌ دوای ملوانكه‌كه‌یدا بگه‌ڕێ. ده‌چێته‌ گوندێكی نزیك ئه‌و شوێنه‌ی لێی دابه‌زی هه‌رچه‌نده‌ زمانی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ لاسایی دانیشتوانی گونده‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌ فێری لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان بوو. كێشه‌ی گه‌وره‌ی نه‌زانینی زمان بوو. هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وتی هێمای جه‌سته‌یی بوو. رۆژێك سه‌یاره‌یه‌ك لێی ده‌دات، شۆفێره‌كه‌ سه‌ره‌تا ده‌یه‌وێت به‌جێی بهێڵێت، به‌ڵام وێژدانی ئازاری ده‌دات بۆیه‌ بڕیار ده‌دات له‌گه‌ڵ خۆی بیبات. پی كێ ده‌یزانی ئه‌گه‌ر بیه‌وێ فێری زمانبێت پێویسته‌ ده‌ستی یه‌كێك بگرێت. سه‌ره‌تا ده‌ستی شۆفێر ده‌گرێت، به‌ڵام شۆفێره‌كه‌ تێیده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نابێت ده‌ستی پیاو بگرێت. چه‌ندین جار ده‌ستی ئافره‌تانی گونده‌كه‌ ده‌گرێت و رووبه‌ڕووی كێشه‌ی ده‌كاته‌وه‌. شۆفێره‌كه‌ واده‌زانێت ده‌یه‌وێ ئاره‌زووی دابمركێنێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌یباته‌ شوێنی له‌شفرۆشان و كچێكی بۆ هه‌ڵده‌بژێرن له‌وێ پی كێ بۆ ماوه‌ی 6 سه‌عات ده‌ستی كچه‌ ده‌گرێت و زمانی ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ خۆی.

كاتێك فێری قسه‌بوو چووه‌وه‌ لای شۆفێره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكی خۆی بۆ بگێڕێته‌وه‌. شۆفێره‌كه‌ پێی ده‌ڵێت بێگومان دزه‌كه‌ له‌ گوندی ئێمه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر فرۆشتبێتی ئه‌وا له‌ (نیو ده‌لهی) فرۆشتویه‌تی، بۆیه‌ ده‌بێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ملواكه‌كه‌ی بچێته‌ ئه‌وێ.

گه‌شتی له‌وه‌ دوای پیكێ به‌ره‌و ده‌لهیی پایته‌خت ده‌بێ، هه‌موو ئاینه‌كان تاقی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام بێ سووده‌ و ناتوانێت ئامێره‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌. تا بڕیار ده‌دات له‌ رێگه‌ی بڵاوكراوه‌وه‌ به‌ دوای خودا دا بگه‌ڕێ تا یارمه‌تیی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌ستێره‌كه‌ی خۆی بدات.

پی كێ هه‌موو ئه‌مانه‌ بۆ چاگگو ده‌گێڕێته‌وه‌ك سه‌ره‌تا باوه‌ڕی پێ ناكات، به‌ڵام چه‌ند شتێكی تایبه‌تی ژیانی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ ئیدی باوه‌ڕی پێ ده‌كات. پی كێ به‌هۆی ده‌ست به‌ركه‌وتنه‌وه‌ ده‌یتوانی رووداوه‌كانی ژیانی كه‌سانی ده‌وروبه‌ر بزانێت.

چاگگو به‌ڵێنی ده‌داتێ به‌رنامه‌یه‌كی بۆ ته‌رخان بكات و به‌ڕێوبه‌ری كاره‌كه‌شی به‌وه‌ رازی كرد كه‌ ده‌چوونه‌ په‌رستگاكه‌ی تاپاسڤی و له‌وێ پی كێ هه‌لی قسه‌كردنی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵی بۆ ره‌خسا، چه‌ندین جار توانی له‌و مشتومڕانه‌دا سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر كه‌سێكدا كه‌ ناوبانگی له‌ هه‌موو هندستاندا هه‌یه‌.

كارگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌كانه‌ی په‌رستگاكه‌ی تاپاسڤی زۆر كه‌م ببنه‌وه‌، كه‌سانێكی كه‌م ئاماده‌ی دانیشتنه‌كانی ده‌بوون. تاپاسڤیش بڕیاریدا دیدارێكی ته‌له‌فزێۆنی و له‌پێش چاوی خاڵكی له‌گه‌ڵ پی كێ بكات. هاوكات، ئه‌و شۆفێره‌ی سه‌ره‌تا یارمه‌تی پی كێی دا، ئه‌و كه‌سه‌ ده‌گرێت كه‌ ملوانكه‌كه‌ی دزی بوو، ئه‌ویش ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ به‌ 40000 رۆپیه‌ به‌ تاپاسڤی فرۆشتووه‌. ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌یه‌كی باش دژی ئه‌و. به‌ پی كێش راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌ زووترین كات له‌گه‌ڵ دزه‌كه‌ دێن بۆ نیوده‌لهی. پی كێ له‌گه‌ڵ چاگگو زۆر لێكنزیك ده‌بنه‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ چاگگوی خۆشده‌وێت، به‌ڵام كه‌ ده‌ستی ده‌گرێت ده‌زانێ ئه‌و كه‌سێكی به‌ ناوی سه‌رفرازه‌وه‌ خۆشده‌وێت. پی كێ ده‌چێته‌ پێشوازی شۆفێره‌كه‌ی هاوڕێی به‌ڵام كاتێك شۆفێر و دزه‌كه‌ له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر داده‌به‌زن بۆمبێك ده‌ته‌قێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی كوژرانی شۆفێره‌كه‌ و دزه‌كه‌.

پی كێ به‌شداری به‌رنامه‌ ته‌له‌فزێۆنییه‌كه‌ ده‌كات و بێزاری و په‌شۆكاوی به‌ ده‌م و چاوییه‌وه‌ دیاره‌. تاپاسڤی ده‌یه‌وێ له‌ رێگه‌ی ئامێره‌كه‌وه‌ هه‌ستی هندۆسیدا بوروژێنێ به‌وه‌ی خودا بۆی ناردووه‌، كه‌چی پی كێ ده‌ڵێ هی ئه‌وه‌ و به‌وه‌ش گوایه‌ پی كێ دوژمنی خودایه‌. پی كێ رایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ لای ئه‌م ته‌نها یه‌ك خودا هه‌یه‌ و دروستكه‌ری هه‌موو بوونه‌وه‌رێكه‌، به‌ڵام لای تاپاسڤی و هاوشێوه‌كانی خودایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان دروستیان كردووه‌. تاپاسڤی به‌ مه‌به‌ستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ تووڕه‌ ده‌بێ و ده‌ڵێ من خوداكه‌ی خۆم ده‌پارێزم. پی كێ ده‌ڵێ خودا كه‌ هه‌موو شتێكی دروست كردووه‌ پێویستی به‌ پارێزگاریی ئه‌و نییه‌.

پاشان پی كێ ده‌ڵێ ئێوه‌ خه‌ڵكی لێك دوور ده‌خه‌نه‌وه‌ و باسی لێكجیا كردنه‌وه‌ی چاگگۆ و سه‌رفراز ده‌كا. تاپاسڤی ده‌ڵێت ئه‌و درۆی له‌گه‌ڵ كرد. پاشان داوا ده‌كات پی كێ بیسه‌لمێنێت وا نییه‌. ئه‌و كاته‌ ئه‌و ئامێره‌ هی تۆیه‌، پی كێ به‌ گره‌وه‌كه‌ی رازی ده‌بێت، تاپاسڤی، كه‌ داڕێژه‌ری پیلانه‌كه‌ بوو له‌ چاگگۆی پرسی ئایا سه‌رفراز خیانه‌تی لێ نه‌كردووه‌ و نه‌هات بۆ ماره‌بڕینه‌كه‌، چاگگۆ به‌ به‌ڵێ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌. پی كێ ده‌ڵێت سه‌رفراز خیانه‌تی نه‌كردووه‌ و داواشی لێده‌كات رووداوه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌. ئه‌ویش هه‌موو شتێك ده‌گێڕێته‌وه‌. پی كێ ده‌پرسێ: سه‌رفراز ‌هێنای؟ نه‌خێر منداڵێك دایه‌ ده‌ستمه‌وه‌. ناوی كه‌سی له‌سه‌ربوو؟ نه‌خێر. باشه‌ چۆنت زانی ئه‌و نامه‌یه‌ له‌وه‌وه‌ هاتبوو؟ له‌وانه‌یه‌ بۆ كچێكی دیكه‌ هاتبێ. نامه‌كه‌ درابوو به‌ منداڵه‌كه‌ و پێی وترابوو بیده‌ره‌ كچێك پشیله‌ی پێیه‌ پشیله‌كه‌ش به‌ده‌ستی تۆوه‌ بوو. تاپاسڤی تووڕه‌ ده‌بێت. له‌م كاته‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵ دێت و داوا ده‌كات ته‌له‌فۆن بۆ سه‌رفراز بكه‌ن. ژماره‌كه‌ی داخرابوو. چاگگو بیر ده‌كاته‌وه‌ له‌ كونسوڵگه‌ریی پاكستان كاری ده‌كرد. ته‌له‌فۆن بۆ كونسوڵگه‌ریی ده‌كرێت چاگگو ده‌ڵێت كه‌سێكتان لایه‌ به‌ ناوی سه‌رفرازه‌وه‌؟ زۆری پێ سه‌یر ده‌بێت كه‌ راسته‌وخۆ پێی ده‌ڵێن تۆ چاگگوی؟ سه‌رفراز هه‌موو رۆژێك ده‌پرسێت ئایا چاگگۆ ته‌له‌فۆنی نه‌كردووه‌؟ بڕیار ده‌ده‌ن له‌وێوه‌ سه‌رفراز وه‌ربگرن، قسه‌ ده‌كه‌ن چاگگو بۆی ده‌رده‌كه‌وێ سه‌رفراز هاتۆته‌ ماره‌بڕینه‌كه‌وه‌ و ئه‌و له‌وێ نه‌ماوه‌. نامه‌یه‌كیشی پێدراوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی پێوه‌ نه‌كات. تاپاسڤی ده‌زانێت شكستی هێناوه‌ ده‌یه‌وێت ئامێره‌كه‌ هه‌ڵبگرێت باوكی چاگگو ده‌ستی ده‌گرێت و ئامێره‌كه‌ ده‌داته‌ پی كێ و سوپاسی ده‌كات.

له‌ كۆتایی فیلمه‌كه‌دا پی كێ و جاگگو ده‌چنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی سه‌ره‌تا لێی دابه‌زیبوو. پی كێ رادیۆكه‌ و دوو جانتای پێبوو كه‌ هه‌مووی پاتری و كاسێتی تۆماركراوی تیدا بوو. جانتایه‌ك له‌ پاسه‌كه‌ داگرت و پاسه‌كه‌ ده‌ڕوا. ئه‌میش به‌دوایدا راده‌كات بۆ هێنانه‌وه‌ی جانتاكه‌ی دیكه‌. تا هاتنه‌وه‌ی، جاگگو گوێی له‌ هه‌ندێكیان بوو، كه‌ تێكڕایان ده‌نگی چاگگو بوون. له‌وێدا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وی خۆشویستوه‌. كه‌ پی كێ دێته‌وه‌ پێی ده‌ڵێته‌وه‌ ئه‌و كاسێتانه‌ چی تیایه‌؟ هه‌موان ده‌ڵێن بیری زه‌ویمان كرد. گوێی لێ ده‌گرم جاگگو ده‌پرسێت ده‌نگی منت تۆمار كردووه‌ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ به‌ڵێ شیعرێكی تۆی تیایه‌ جاگگو ده‌ڵێت به‌س شیعرێك؟ پی كێ ده‌ڵێ من تۆم خۆشناوێت تا هه‌موو ده‌نگه‌كان هی تۆ بن پاشان جانتاكانی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌ڕوات. جاگگو به‌ده‌م خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت فێری دووشت بوو یه‌كه‌میان درۆ كردن دووه‌میان واتای راستی بۆ خۆشه‌ویستی به‌ جۆرێك خۆشیویستم كه‌ لێگه‌ڕا به‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆم بگه‌م.

ئه‌م فیلمه‌ سیناریۆیه‌كی زۆر تۆكمه‌ و قه‌ناعه‌تهێنه‌ری هه‌یه‌. ده‌رهێنان و تێكڕای كارلێكه‌كانی ده‌نگ، مۆسیقا و رووناكیی زۆر سه‌ركه‌وتوون. نواندنی ئه‌كته‌ره‌كان سه‌رنجڕاكێشه‌. هه‌ست به‌وه‌ ناكرێ كه‌ گرته‌، مۆسیقا، یا هیچ دیمه‌نێكی ناپێویستی تێدابێ، كه‌ ئه‌میان مۆركێكی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری فیلمه‌ هیندییه‌كانه‌. نمایشكاریی تێدا به‌دی ناكرێ. به‌ كورتی: كۆكراوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ به‌هره‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌، وێڕای داهاتی گه‌وره‌ی، چه‌ندین خه‌ڵاتی گرنگی ناوخۆیی و جیهانیی به‌ده‌ستهێناوه‌.

 116 جار بینراوە