سەرەکی » دۆسێ » چۆن ئەمریکا بە پێشەنگی دەمێنێتەوە؟

هاوکات لەگەڵ درەوشانەوەی ئەستێرەی چیندا؛

چۆن ئەمریکا بە پێشەنگی دەمێنێتەوە؟

محەمەد تاهیر

ئەمریکییەکان رقیان لە پلەی دووەمە، هیچ پلەیەکی تر قبوڵ ناکەن جگە لە پلەی یەکەم. کەلتووری ئەمریکیش بەردەوام ئەم چەمکە تێر و زیندوو رادەگرێت.

کارێکی زیرەکانەی ترەمپ
لە راستیدا کارێکی زیرەکانە بوو کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو دەستەواژەی «یەکەمجار ئەمریکا»ی وەک دروشمی سەرەکی بەکارهێنا و کردیە ناسنامەیەکی تایبەت بەخۆی. رەنگە بەشێک لە سەرکەوتنەکەی 5 ساڵ لەمەوبەریشی هەر بۆ ئەو دروشمە بگەڕێتەوە.

شکستی ئەمریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید 19 و قەیرانی ئابووری و هەڵاوسانی گەورە و مردنی نزیکەی سێ چارەکە ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکی، پرسیارێکی گرنگی دروست کرد.

فەرمانڕەوایی جیهان
ئەو پرسیارەی دروستکرد کە ئایا ئەمریکا دەتوانێت فەرمانڕەوایی جیهان درێژە پێبدات لەو کاتەی چین لە هەڵکشانێکی خێرا و حەتمیدایە؟ لە کاتێکدا لە ناوخۆشیدا تووشی دابەشبوونێکی بێ پێشینە هاتووە؟

بەڵام ئەمریکا چۆن گەیشتە ئەو پلە و ئاستەی گومان کە لە تواناکان خۆی بکات و بە نیگەرانییەوە تەماشای چین بکات؟

لە راستیدا هیچ وەڵامێکی نموونەیی بۆ ئەم پرسیارە ئامادە نییە، بەڵام بێگومان مێشکی زانایانی سیاسی و ئابووریناسانی ئەمریکای داگیرکردووە و تێڕوانینی مێژوونووسانیشی شڵەژاندووە.

تێگەیشتنی لۆژیکی
سەرەتای لۆژیکی بۆ تێگەیشتن لەوەی روودەدات ئەوەیە کە هەردوو وڵات بەچەند بنەمایەکی سەرەکی بەراورد بکەین.

گرنگترینیان ئەوەیە کە بەرامبەر هەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی چینی هەن!

کۆی ژمارەی دانیشتوانی ئەمریکا نزیکە لە 330 ملیۆن کەس کە دەکاتە ٪4.3ی کۆی دانیشتوانی هەموو جیهان، چینیش نزیکە لە 1.4 ملیار کەس کە دەکاتە ٪18ی کۆی دانیشتوانی هەموو جیهان.

قەبارەی ئابووری
ساڵی رابردوو قەبارەی ئابووریی ئەمریکا گەیشتە 21.4 تریلیۆن دۆلار لە کاتێکدا هاوتا چینییەکەی گەیشتۆتە 14.2 تریلیۆن دۆلار.

هەروەها داهاتی تاکەکەس لە ئەمریکا دەگاتە 64 هەزار دۆلار بەڵام لە لای هاوتا چینییەکەی کەمترە لە 10 هەزار دۆلار.

پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات زۆر چڕ و ئاڵۆزە، نیشانەیەکی چڕیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئەوەیە کە بەشێوەیەکی رۆژانە زیاتر لە 80 گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان شارەکانی هەردوو وڵاتدا دەکرێت، هەر وەک 4 ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکی بە رەچەڵەک خەڵکی چینن.

هەروەک 360 هەزار هاووڵاتی چینی لە زانکۆکانی ئەمریکا دەخوێنن کە نیوەیان خوێندکاری ماستەر و دکتۆران لە زانستە تەقلیدییەکانی وەک زیندەزانی و فیزیا و کیمیا.

بەشێکیشیان لە زانستە نوێیەکانی وەک کیمیای زیندەیی و فیزیای ئەندامی و کۆپیکردنی خانە، ئەمە جگە لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا و ماتماتیک و کۆمپیوتەر دەخوێنن.

قەبارەی بازرگانی
هەروەها قەبارەی بازرگانیی نێوانیان لە ساڵی رابردوودا گەیشتۆتە 559 ملیار دۆلار کە 452 ملیاریان هەناردەی چینی بوون، لەگەڵ 107 ملیاریش هەناردەی ئەمریکی.

لە رووی مێژووییەوە، ساڵی 2001 وەرچەرخانێکە لە مێژووی سەرهەڵدانی چین و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەمریکا، ئەویش ئەندامێتی چینە لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانیدا، رێک لەو ساڵەی ئەمریکا هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری بەخۆیەوە بینی.

ئەندامێتیی چین لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی و قۆستنەوەی هەرزانیی دەستی کاری زۆر و کارامە ملیۆنان وەبەرهێنەری کەمەندکێش کرد، ئەمانەش هەموویان پاڵنەر بوون بۆ ئەوەی چین بەرەو پێشەوە بڕوات و ناوەندی گەشەکردنی 8٪ لە ماوەی 20 ساڵدا تۆمار بکات.

توێژینەوەیەکی زانکۆی براون
لە بەرامبەردا، هەر لەو کاتەدا ئەمریکا لە شەڕی جیهانی دژی تیرۆر تێوەگلا بە تایبەتی لە هەردوو شەڕی پڕتێچووی ئەفغانستان و عیراقدا.

توێژینەوەیەکی زانکۆی براونی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات کە تێچووی شەڕەکان لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەرەوە تا کۆتایی ساڵی دارایی 2021 گەیشتۆتە 6,4 تریلیۆن دۆلار، ئەمە جگە لە قوربانیی مرۆیی ئەمریکی و سەدان هەزار قوربانیی بێ تاوانی عیراقی و ئەفغانی.

لە کاتێکدا چین لە ساڵی 1979ەوە تووشی هیچ ململانێیەکی سەربازی نەبوو، بە تایبەتی لە دوای کۆتایی هاتنی ناکۆکییە سنوورییەکانی لەگەڵ ڤێتنام، هەرچەندە ستراتیجی فراوانخوازیی لە دەریای باشووری چیندا گرتۆتەبەر، کە ناکۆکیی سنووری دەریایی لەگەڵ ئەندەنوسیا و فلیپین و ڤێتنام لێکەوتۆتەوە.

سەرکردایەتیی جیهان
قوتابخانەی فیکریی ئەمریکی پێی وایە کە ئەمریکا –بیرۆکە و چیرۆکەکەی– سروشتێکی مەزنی هەیە. ئەم لێدوانە پشتڕاست کراوەیە بە باوەڕی زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا و پێیانوایە کە جیهان چاوەڕوانە هەر ئەمریکا سەرکردایەتیی بکات.

بەڵام چوار ساڵەکەی حوکمڕانیی ترامپ نیگەرانییەکانی قوتابخانەی فیکرییەکەی ئەمریکای زیاتر کردووە لە بارەی نزیکبوونەوەی سەردەمی پاشەکشەی ئەو وڵاتە. رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمی رابردوو، کاتێک سەدان لایەنگری ترامپ بۆ رێگریکردن لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2020 هێرشیانکردە سەر بینای کاپیتۆل، نیشانەیەکی نەرێنی جیاکەرەوەیە لە مێژووی ئەمریکادا. بێن ساسی، سیناتۆری کۆماری، ئەو رووداوەی بەو جۆرە وەسف کردووە کە هەوڵدانە بۆ لەکەدارکردنی مەزنترین ئایکپنی ئەمریکی.

هەڵبژاردەی عەقڵ
بەڵام سەرەڕای ئەو پێشهاتانە، زۆر کەس لەو باوەڕەدایە کە لادانی ئەمریکا لە لوتکەی هەڕەمی سەرکردایەتیکردنی جیهاندا، هێشتا ئەگەرێکی دوورە.
هێشتا جیهان بە وێنە و هەڵبژاردەی عەقڵ و تامی ئەمریکا دەژی، بە تایبەتی لە رێگەی تەکنەلۆجیا جۆراوجۆرەکانەوە، هەر لە ئایفۆن و تویتەرەوە تا دەگاتە فەیسبوک و گۆگڵ. لە ئەمازۆنەوە بۆ مایکرۆسۆفت بە تێپەڕین بە یوتوب و ئینستاگرام.

هەروەک شێوازی ژیانی ئەمریکی بە خێراییەکی زۆر لە هەموو جیهاندا کۆپی دەکرێت و بەرهەم دەهێنرێتەوە، ئەمە جگە لە سینەما و زمانی ئینگلیزی و سیحرەکەیان لە سەرانسەری جیهاندا، ئەگەر بەراورد بکرێن بە چین، دۆخەکە شتێکی ترە چونکە خودی زمانی چینی خۆی هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە.

هەڕەشەیەکی راستەقینە
قوتابخانەکە پێیوایە تا ئێستا هیچ هەڕەشەیەکی راستەقینە لەسەر سەرکردایەتیکردنی ئەمریکا نییە، بە دووراییەکی زۆر لە پێش هەر رکابەرێکی راستەقینەوەیە لەسەر ئاستی جیهان. بەپێی ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان کە زانکۆی شانگهای چینی ئامادەیکردووە، لە کۆی 20 زانکۆی پێشکەوتووی جیهان 17 دانەیان ئەمریکین.

لە ساڵی 2019دا، چین ئەمریکای لەسەر تەختی گەورەترین وڵاتی داواکاری تۆمارکردنی داهێنانی جیهانی لابرد، کە ئەوەش یەکەم رووداوی لەو جۆرە بوو لەوەتەی ئەو سیستەمە بەر لە زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە. ئەمە هۆکارێکی بەهێزە بۆ نیگەرانبوونی ئەمریکا، چونکە ئێستا گەمەی سەرەکی نێوان هەردوو وڵات پەیوەندی بە شەڕی سەروەریی دیجیتاڵییەوە هەیە.

تەلەفۆنەکانی ئەپڵ
ئاڵۆزبوونی پیشەسازیی تەکنەلۆجیا بووەتە هۆی هاوکاریکردنی هەردوو وڵات لە زۆر بواردا، بەڵکو هاندەریش بووە ئەو دوو وڵاتە لە هەندێک بواردا پشت بە یەکتری ببەستن.

بۆ نموونە لەسەر تەلەفۆنەکانی کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی نووسراوە «لە کالیفۆرنیا دیزاین کراوە، لە چین بەستراوە». بۆیە لەو بوارەدا رکابەری نابینین بەڵکو پێشبڕکێی نێوانیان دەبینین.

سیستمی حوکمڕانی
هەرچەندە گۆڵدمان ساکس دووپاتی کردۆتەوە کە ئابووریی چین لە ساڵی 2027دا جێگەی ئەمریکا دەگرێتەوە وەک گەورەترین ئابووریی جیهان، بەڵام ئەمە مانایەکی ئەوتۆی نابێت تا ئەو کاتەی سیستمی حوکمڕانی چینی متمانە بەخۆی دەکات و رێگە بە خەڵکەکەی دەدات ئەو شتانەی کە ئێستا لەوێ قەدەغەیە، ئازادیان بکات، وەک فەیسبوک و تویتەر، یان خوێندنەوەی هەواڵەکانی نیویۆرک تایمز و هەواڵەکانی ئاژانسی رۆیتەرز.

بەبێ ئەو کرانەوە پێویستە، چین ناتوانێت رکابەریی ئەمەریکا بکات لەسەر سەرکردایەتیکردنی جیهان، تەنانەت ئەگەر چین بگاتە ژمارە یەک لەسەر هەردوو ئاستی ئابووری یان تۆمارکردنی داهێنانەکان.

 56 جار بینراوە