سەرەکی » راپۆرت » دانانی پێوەری زیرەك ماوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاتر نەکردووە

دانانی پێوەری زیرەك ماوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاتر نەکردووە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

بەمەبەستی پێدانی كارەبای بەردەوام بۆ هاوبەشەكان لە سەرتاسەری كورستاندا، لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەت، پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەكی بۆ ماڵان خستە بواری جێبەجێكردنەوە، هاوكات وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت تا هەموو ماڵەكان پێوەری زیرەكیان بۆ نەبەسترێت، ناتوانین كارەبای بەردەوام دابین بكەین.

هاوکات هاووڵاتیان نیگەرانن لە كەمبوونەوەی كاتی پێدانی كارەبا بە ماڵان، لە بەدواداچوونێکمدا بۆ کوردستانی نوێ هاووڵاتیان ئاماژەیان بەوە دەکرد كە لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەت خاوەنی بەڵێنی خۆی نەبووە لەوەی دوای دانانی پێوەری زیرەك بۆ ماڵان، كارەبا بەردەوام بدرێت بە هاووڵاتیان، بەشێوەیەك خواست بۆ بەكارهێنان دەگاتە بەرزترین ئاست، هاوكات نەبوونی كارەبا بۆ ماوەی شەو رۆژێك، بە شێوەی (سەرە مەحاویلە)، هەر بەردەوامی هەیە، بۆیە هاووڵاتیان پێیان وایە دانانی پێوەری زیرەك، هیچ سوودێكی نەبووە بۆ زیادبوونی كاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی.

هاووڵاتیان نیگەرانن
كوێستان كەریم وەك هاووڵاتییەك ئاماژەی بەوەكرد لەگەڵ ئەوەی پێوەری زیرەك بۆ ماڵەكانمان بەستراوە، بەڵام پێدانی كارەبا هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دابەشدەكرێت و بەپێی خواستی خەڵك نییە، هەروەك بڕی ئەمپێری ماڵانیشی كەمكردووەتەوە كە ناتوانین وەك پێویست كار بە ئامێرەكان بكەین، چونكە بە شێوەی ئەلیكترۆنی كارەباكە دەكوژێتەوە، بۆیە پێوەری زیرەك ئەوەندەی خواستی كاركردنی كەمكردووەتەوە، ئەوەندە سوودی نەبووە.

لەوبارەیەوە ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە كوردستانی نوێ روونكردنەوەی زیاتریدا و ئاماژەی بەوەكرد ئامانج لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەك، پێدانی كارەبای بەردەوامە بە جێگیری بۆ هاوبەشەكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا لە زاخۆ تا كفری كە خۆی لە ملیۆنێك و 500 هاوبەش دەبینێتەوە، هەروەك تا ئێستا كاركردن لە چوارچێوەی بەستنی پێوەری زیرەك بۆ ماڵان بەردەوامی هەیە.

وەرزی گەرما كارەكان وەستێنرا
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: كارەكانی بەستنی پڕۆژەی زیرەك، لە وەرزی هاویندا راگیرا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە ئەویش بە سوودی هاووڵاتیان، چونكە هاووڵاتیان بەرگەی كوژانەوەی كارەبا ناگرن بۆ زیاتر لە چەند رۆژێك، هەروەك لە سەرەتای وەرزی پایزدا، جارێكتر كاركردن دەستی پێكردووەتەوە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە، هەركات لە سەرتاسەری كوردستاندا سەرجەم هاوبەشەكانی كارەبا، پێوەری زیرەكی بۆ بەسترا، ئەو كاتە ئەو خزمەتگوزارییەس گرنگە سوود دەگەیەنێت بە هاووڵاتیان کە دابینكردنی كارەبای بەردەوامە بۆ هاووڵاتیان.

لە بەرامبەر گلەیی و گازندەی هاووڵاتیان كە دوای بەستنی پێوەری زیرەك، بەردەوام كارەبایان بە سیستمی پێشوو پێدەرێت و بە زۆر بەكارهێنانی ئامێرەكان، كارەبای ماڵەكانیان دەبڕێت، هاوكات كوژانەوەی كارەبا بە شێوەی سەرە مەحاویلەش بەردەوامە، لە وەڵامدا ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاماژەی بەوەكرد هۆكاری سەرەكی ئەو كێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا بەستنی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشەكان تەواونەبووە و زیاتر لە 500 هەزار هاوبەش ماوە سوودمەند بكرێن بە بەستنی پێوەرەكە، تا هەموو ماڵەكان پێوەری زیرەکیان بۆ نەبەسترێت، تواناو لێهاتوویی ئەو پێوەرە بە شێوەیەكە ناتوانرێت كار بەرمەجەكانی بكرێت و سوودی لێ ببینرێت.

چەندین یەكە لەكاركەوتووە
بەتێكڕا كاتەكانی بوونی كارەبا لە ناوچە گەرمەكاندا لە نێوان 15 سەعات پێدانی كارەبادا كەم و زیاد دەكات، هاوكات ناوچە سارد و كوێستانەكاندا لە نێوان 12 سەعات بۆ 13 سەعات کارەبا هەیە، کەواتە بە تێكڕای مانگەكە لە هەموو هەرێم لە 16 سەعات پێدانی كارەبا نەهاتووەتە خوارەوە. هاوكات بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی كارەبای هەرێم، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا، بە تێكڕای مانگەكان زیاتر لە 16 سەعات كارەبا دراوە بە هاوبەشەكان، هەروەك لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵەدا، پێدانی كارەبا لە ناوچە گەرمەكاندا رۆژانە كەمكراوەتەوە بۆ 15 سەعات، هاوكات لەناوچە سارد و كوێستانەكاندا پێدانی كارەبا لە نێوان 12 سەعات تا 13 سەعات دابەشكراوە.

ئومێد ئەحمەد لەوبارەیەوە وتیشی: لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەك، گرفتی لاوەكیمان هاتەپێش بە شێوەیەك ئێمە پێنج یەكەمان هەیە، تەنها یەك دانەیان كاردەكات، چوار یەكەی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەگەڕ نەخراوەنەتەوە، كە دوانیان لە قەزای خەباتن، دوانی دیكەشیان لە پارێزگای هەولێرن، تا بتوانرێت زۆرترین سەعاتی كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت، هاوكات بەگەڕخستنەوەی ئەو چوار یەكەیە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ چوار هەزار مێگاوات بەرزدەبێتەوە، ئەوكات لە بەرامبەر ئەو خواستەی كە هەیە بۆ كارەبا، پێوەری زیرەك كاری بۆ دەكات بە شێوەیەك كارەبای بەردەوام دابیندەكات.

هەر بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵەدا، پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەك دەستی بە كارەكانی كردووەتەوە هەرچەند بەرزترین خواست بۆ كارەبا لەو وەرزەدایە، هاوكات ئەو بڕە کارەبایەی بەرهەمدێت، بەرامبەر ئەو خواستە زۆرە نییە کە هاووڵاتیان هەیانە، بۆیە كاتەكانی پێدانی كارەبا بەردەوام دێنە خوارەوە.

 151 جار بینراوە