سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » پەیکەرێک بۆ مەولەوی لە شارەزوور

پەیکەرێک بۆ مەولەوی لە شارەزوور

ڕاپۆرت-فۆتۆ:زانیار محەمەد حەسەن

لە چوارچێوەی چالاکیەکانی سێیەمین ڤێستیڤاڵی شارەزوور دوانیوەڕۆیی ڕۆژی هەینی بەرواری ٩/٣/٢٠١٧، بە بەشداری نوسەران وشاعیران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و حوکمی و چین و توێژە جیاوازەکان،پەردە لەسەر پەیکەری مەولەوی شاعیر لادرا.
مەڕاسیمەکە وتاری ژمارەیەک لە نوسەران و رۆشنبیرانیشی لە خۆ گرتبوو کە لە بەشێکی وتارەکاندا جەخت لە گرنگی نوسینەکانی مەولەوی و گرنگی بۆ ئەدەبی کوردی و شعرنوسین کرا و لە بەشێکی دیکەشیدا باس لە شعرەکانی شاعیر و ژیانی کرا.
لە مەڕاسیمەکەدا بابەکر دڕەیی بەڕێوبەری ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لە وتەیەکدا بۆ ئامادەبووان وتی؛»مەولەوی لە وشەسازی و خەیاڵی شیعری و لە بەهێزکردنی زمانی کوردیدا کەم وێنە بووە بۆیە دەبێت هەمیشە لەیادمان بێت و ئەم شاعیرە بچێتە ڕێزی پێشەوەی ئەو شاعیرانەی کە قەدریان دەگیرێت، ئێمە دەریامان نەبووە وەک ئینگلیز بمانپارێزێت و خاوەند نفوسێکی زۆر نەبووین وەک هندیەکان کە بەهۆیەوە بپارێزرێین لەشکرمان نەبووە وەک یۆنانیەکان کە ئەسکەندەرمان هەبێت بۆیە ئەوەی کوردی هێشتووەتەوە تاکوو ئێستا شاعیرەکانی بوون و جیاوازیەکی دیکەی گرنگی ئێمە و گەلەکانی دیکە زمانەکەمانە».
پەیکەرەکە بە بەرزی دوو مەتر دروستکراوە و لەسەر ڕێگای سەرەکی «سلێمانی – دەربەندیخاندایە» و دەکەوێتە دەروازەی ناحیەی وارماوا.
لەبارەی ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری مەولەوی، بەمۆ ئەمین بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕۆشنبیری و هونەری وارماوا بە»کوردستانی نوێ»ی وت؛»بەمەبەستی بەخشینی سیمایەکی دیکە بە ناوچەکە و قەزای شارەزوور بە هاوکاری لەلایەن ژمارەیەک لە کەسوکاری مەولەوی شاعیر کە لە ناوچەکەماندا نیشتەجێن ئەم پەیکەرەمان دروست کرد،و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەشدا لەلایەن بەبەکر دڕەییەوە پەردە لەسەر پەیکەرەکە لابرا».
وتیشی؛»دەکرێت لەرێگای پەیکەرەوە لەسەر شەقامەکان مێژووی ئەو گەلە ئەو نیشتمانە نیشان بدەیت، یاخود کەسە ناودارەکان ئەو گەلە لە رابردوودا هەڵقوڵاون پەیکەریان بۆ ساز دەکرێت، بێگومان هەستی تێڕوانین و بیرکردنەوەی ئەو وڵاتەیە، کاتێک دەچیت بۆ وڵاتێک یان شارێک لەرێگای کارە هونەریەکانیانەوە دەزانیت تاچەند خاوەنی چەمکی هونەرییە».
کارەکان لەلایەن فەرمانگەی ڕۆشنبیری و هونەری وارماواوە سەرپەرشتی کراوە و پەیکەرساز عومەر جەمیل دروستکردنی پەیکەرەکەی لە ئەستۆگرتووە.
عومەر جەمیل»پەیکەرساز» لەبارەی پەیکەرەکەوە بۆ «کوردستانی نوێ»وتی؛»پەیکەرەکە بە بەرزی دوو مەترە و لە مادەیی فایبەر گڵاس داڕێژراوە و دوای نزیکەی شەش مانگ توانیم کارەکە تەواو بکەم، وە ئەمە دەبێتە نۆیەمین کاری قەبارە گەورەم کە لەسەر شەقام و باڵەخانەکاندا دانراون».
سەید عەبدولڕەحیم سەعید تاوگۆزی (١٨٠٦-١٨٨٢) ناسراو بە مەولەوی کورد،شاعیرێکی ناوداری کورد و سۆفیی تەریقەتی نەقشبەندی بووە و بە شێوەزاری ھەورامی ھۆنراوەی نوسیوە و لە شیعری ئەوین و دڵداری دا زۆر بەناوبانگە، تاکوو ئێستا لە چەندین شوێنی وەک (سنە،پاوە،هەڵەبجە، سلێمانی،شارەزوور) وەک رێزلێنان پەیکەری بۆ دروست کراوە.

 772 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*