سەرەکی » ئابووری » حكومەتی عیراق بڕیاریدا ئاردی سفر لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنێت

حكومەتی عیراق بڕیاریدا ئاردی سفر لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنێت

وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاندووە، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر لە ناوخۆی وڵاتدا.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی نیشانداوە كۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە بە هاوبەشی لەگەڵ ئاشەكانی كەرتی تایبەتدا، پێكەوە گەنم لە دەرەوە هاوردە بكەن، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر لە ناوخۆی وڵاتداو پاشان دابەشكردنی بەسەر هەموو پارێزگاكاندا.

هاوكات وەزیری بازرگانیی عیراق دووپاتیكردۆتەوە، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر لە ناوخۆدا پاڵپشتیی ئابووریی وڵات دەكات و وادەكات كەرتی تایبەت بەشداربێت لە دابەزاندن و كۆنترۆڵكردنی نرخی ئاردی سفر كە پێكهاتەیەكی سەرەكی ئاسایشی خۆراكە.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عیراق باسی لەوەشكردووە، ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی پەرەپێدانی كاری ئاشەكانی كەرتی تایبەتی كردووە، تا ئاردی زیاتر بەرهەم بهێنن و لە رێگەی سەبەتەی خۆراكەوە دابەشی بكەن.

 170 جار بینراوە