سەرەکی » کەلتوور » خوێندنەوەی رۆمانی منداڵ و پێڵاوەکان

خوێندنەوەی رۆمانی منداڵ و پێڵاوەکان

شەماڵ بارەوانی

پێنجەمین رۆمانی نووسەری بەڕەگەز عیراقی (موحسین ئەلرەملی)یە یەکەم چاپی لە1/1/2018 و لە دوو توێی رۆمانێکی قەبارە مام ناوەندی (196)لاپەڕەیی لێ لەچاپ دراو بڵاوبووەوە.

منداڵ و پێڵاوەکان رۆمانێکی وجودی – کۆمەڵایەتییە و گەنگەشە و خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت و نووسەر لەو کارە ئەدەبیەیدا، بەزمانێکی سادەی نیمچە شیعری و باڵا و پارا و جوان و دوور لەگرێ، لەڕێگەی کارەکتەری «ئەمیر»ەوە بەرجەستەی ژیانی واقیعی تاکی عیراقی دەکات و لەدۆخی دروونی و لایەنی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی ژیانی مرۆڤەکان دەدوێت و باس لە کۆمەڵێک چەمک دەکات و پرسیان لەبارەوە دەورووژێنێت، لەوانە: ستەم و پەیوەندی خێزانی، ئازادی و چارەنووس، باشە و خراپ، خەون و خۆشەویستی، پەروەردە و ئەخلاق، ژیان و مردن و…هتد.

«لە تۆڵەسەندنەوەی ئەو منداڵییەم کە لە عیراق مرد، بیست و حەوت منداڵم لە ئیسپانیا و کۆڵۆمبیا خستەوە.»

نووسەر بەو دەستەواژەیه چیرۆکی ڕۆمانەکەی (منداڵ و پێڵاوەکان) دەست پێدەکات و دەیکات بە دیاری بۆ هەموو ئەوانەی قەدەر خەونەکانی پەرتوبڵاو کردن و ئاواتەکانی لێ دزین و لەجێگەیاندا شتانێکی تری پێدان کە ئەوان حەزی پێناکەن و، خۆشیان لێ نایەت و هیچ کاتێک مەیل و مەراقیان بۆی نەچووە و تاسەیان نەکردووە و خۆزگەیان بۆ نەخواستووە!

چیرۆکی رۆمانەکە وەک نووسەر باسی لێوەدەکات لەمناڵدانی ئەو ئەفسوس و ناڵە و حەسرەتەوە لەدایک بووە کە خانەوادەکەی ڕێگری لێدەکەن و دژی ئەو حەزەی دەوەستنەوە کە هونەرەجوانەکان و بەشی شانۆ بخوێنێت، ئەو ئەفسوس و ناڵە و حەسرەتەی ئیدی بەدرێژایی هەموو قۆناغەکانی تەمەنی لەگەڵیدا دەبێت و هاوڕێیەتی گیانی بەگیانی دەکات و لێی دانابڕێت، سەکۆی سەرەکی ڕووداو چیرۆکەکانی «منداڵ و پێڵاوەکان» هەرسێک وڵاتی عیراق و ئیسپانیا و کۆڵومبیایە.

دوو شتی زۆر جیاواز
پاڵەوان و کارەکتەری سەرەکی رۆمانەکە «ئەمیر»ە، ئەو گەنجێکی عیراقیی حەز و خولیایەکی زۆری هەیە بۆ شانۆ، وەلێ ئەفسوس ئەوەی ئەو وەک تاکێک خولیای دەکات و ئاواتی بۆ دەخوازێت و دەیەوێت بەهرەکانی خۆی تێدا تاقیکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی کە باوکی دەیەوێت و دەیسەپێنێت و بۆ ئەمیری هەڵدەبژێرێت، دوو شتی زۆر جیاواز و دوو دنیای زۆر لەیەکتری دوورن، ئەمیر گەرەکیەتی بڕواتە بەشی شانۆ و لەو بوارە بخوێنێت، باوکە پۆلیسەکەی پێچەوانەی حەز و هەلبژاردنەکەی ئەو، بۆی دیاریدەکات و قبوڵ ناکات کوڕەکەی بڕواتە ئەو بوارەی کە خۆی حەزی پێدەکات، ئەمیر ناچار دەڕواتە کۆلێژی وەرزش و، دواتر چاوی دەکەوێت بەکچێک (زەهراء). کە چیرۆکەکەی ئەویش زۆر لەهی خۆی دەکات، زهرا هەمان شێوەی ئەمیر زۆر حەزی بە شانۆ و ئەو بەشەکردووە، وەلێ ئەمیش پێچەوانەی خواست و حەزەکەی خۆی و لەژێر فشار و سەپاندن و بڕیاری باوکی هەمان شێوەی ئەمیر و باوکی، باوکی ئەمیش ناچاری کردووە بچێتە کۆلێژێک، باوکی کەپیاوێکی ئایینی یه حەزی پێدەکات و بەسەریدا فەرز دەکات و ناچاری دەکات (کۆلێژی شەریعە) بخوێنێت، زەهراو ئەمیر پەیوەندی سۆزداری و خۆشەویستی لەنێوانیان دەست پێدەکات و پێکەوە چەندین جار سەردانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان دەکەن، پێش ئەوکاتەی بڕیار بدەن دەست بەرداری کۆلێژ و بەشەکانی خۆیان بن و بڕۆنە پەیمانگای هونەرەجوانەکان و بەشی نواندن و شانۆ، ئەو بەش و کۆلێژەی لەدەرەوەی ئازادی و ئیرادە و هەلبژاردن و خواستی خۆیان بۆیان دیاری کراوەو بەسەریاندا سەپێندراوە، ئەوان دواترچیرۆکی خۆشەویستیەکەیان درێژدەکەنەوە بۆپرۆسەی هاوسەرگیری و منداڵێک دەخەنەوە…هتد.

مرۆڤ لە قاڵب دەدات
ئەوە پوختەیەک بوو لە چیرۆکەکانی رۆمانی (منداڵ و پێڵاوەکان) و ماوەتەوە بڵێم بەداخەوە لە کۆمەڵە رۆژهەڵاتییەکان و بەتایبەتتر لەناو بەشێک لەخانەوادەکاندا ، گەلێ جار تاک دەبێت بە قوربانی پەروەردەی سەقەت ، پەروەردەیەک ئیرادە و حەز و ئازادییەکانی مرۆڤ لە قاڵب دەدات و خولیاکانی دەکوژێت، دەرەنجام تاک ژیان و، تموحات و خەون و ئومێد و لێهاتووییەکانی لەدەست دەدات و باجی ئەو پەروەردە پۆپۆلیستی و چەوسێنەر و دکتاتۆرییەتە دەدات، لەو وڵاتانەی جیهانی سێیەم و رۆژهەڵاتی ناوین، ئەو وڵاتانەی زۆر نەریتگەراو کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەپەرستن و ڕادەستی کۆدەکانی دنیای حەداسە و فەلسەفەی ڕۆشنگەری و ئایدیای مەدەنیەتی و پڕەنسیپەکانی عەلمانییەت و پێوەرەکانی ژیانێکی شارستانی و سەردەمی نەبوون و هێشتا بەهۆش و بیرکردنەوە، لەژیانێکی کلاسیکی و سەرەتایی و دواکەتووانە دان و کوشتەی دەستی نەزانی و توندوتیژی و جیاکاری رەگەزی دکتاتۆری سیاسی و نادادی کۆمەڵاتی و گەندەڵی ئابوورین و ئەقڵیەتی خیڵ و مینتەڵێنتی نێرسالاری و ئایدیۆلۆژیای مەزهەبگەرێتی تەحەکوم بە ژیانیانەوە دەکات و فلتەرێکی پەروەردەیی- مەدەنی- شارستانی و ئینسانی بوونی نییە و کەلتورێک زاڵە بە سەریاندا، سیخناخە لەبیری جیاکاری جێندەری و رەگەز پەرستی و تۆی دیکتاتۆرییەت و خۆسەپێنی و پەتای تاکڕەوی و تاک ڕەهەندی، تاک لەونێوانەدا دەبێتە قوربانی کۆمەڵێک تێگەیشنی ماوە بەسەرچوو هەڵە و سەقەت و باو سواو لەکۆمەڵدا، لەژێر کۆمەڵەک پاساوی بێ بنەما و نا تەندرووست و نالۆژیکی و نامرۆڤانە و بەربەریانەوە، سەرەنجام خەونەکانی هەر لەمنداڵییەوە لەباردەبرێت و حەزەکانی کەپت و تیرۆر دەکرێت و ئاواتەکانی مۆمیاو زیندە بە چاڵدەکرێت، کۆمەڵێک بت لەبەردەم توانا و بەهرە و خولیاکانی لە کۆمەڵدا قوت دەکرێنەوە و منداڵ بە تونێلێکی پەروەردەی سەقەتی ناشارستانی و پڕی لەتوندوتیژی دادەبەن وهەموو ئازادی و سەربەستییەکی لێ دەسەندرێت و دەست بەسەر حەزە سروشتیەکانی دادەگیرێت و ئیرادەی زەوت و داهاتووی وێران دەکرێت. تاک هەرلەمنداڵییەوە لەسەر هونەری بەکۆیلەبوون و گوێڕایەڵییەکی کوێرانەی بێ لام وجیمانە، ڕاهێنانی پێدەکرێت و لەسەر خۆبەکەم زانی رادەهێندرێت و ئینجا بەخواوەندکردنی باوک و توانەوەی کەسایەتی مناڵ لەناو بۆتەی سیستەمی پەتریارکی و پەتای باوکسالاریدا و ئیتر منداڵ دەبێت وەک خواوەندێک و کتێبێکی پیرۆز لە باوک بڕوانێت و پێڕەوی لە وردو و درشتی گوتە پیرۆزەکانی بکات و باوک قسەی کرد دەبێ منداڵ بێ دەنگ بێت، باوک هەڵیبژارد دەبێت منداڵ قایل بێت، باوک بە ڕەشی گووت سپی، دەبێ مناڵ ئەشهەدووی بۆبکات! بەو چەشنە باوک دەبێت بە حاکمێکی ڕەهاو وەکو دیکتاتۆرێک، لەمەملەکەتی مناڵی مناڵ و بەرامبەر منداڵەکانیدا رەفتاردەکات و خۆی دەنوێنێت و منداڵیش دەبێت تەنها بە بەڵێ سەری رەزامەندی بۆ ئایەتە پیرۆزەکانی باوک بڵەقێنێت، بەو شێوە تاکێکی کەسایەتی تێک شکاو دەروون رووخاو ئازادی زەوتکراو ئیرادە سەلبکراو بەرهەم دێت. راستە دایک و باوک ئەرک و پەرپرسیارەتی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی مناڵیان لەسەرشانە، هەموو دایک و باوکێک دەخوازێت مناڵەکەی نمونەیی و بێ کەم و کوڕی بن و ببن بە تاکێکی باش و سود بەخش، بۆخۆیان و خانەوادەکەیان و کۆمەڵ و وڵاتیان، وەلێ ئەوە مانای ئەوە نییە دایک و باوک هەڵەیان نییە و پەروەردەیەکی پێرفێکتی مناڵەکان دەکەن وهەرچی بیڵێن و بیکەن لەبەرامبەر مناڵەکانیان ئەوە ڕاست و دروستە و منداڵ دەبێ وەک پیرۆزی و بێ سێو دوو بێ بیرکردنەوە و قسەلەسەرکردن و، گفتوگۆوکردن، وەری بگرێت و پێی ڕازی بێت، راستە هەموومان تامردن قەرزاری دایک و باوکمانین و هەرچی بۆیان بکەین لەچاکە، ناتوانین چاکە و فەزلی یەک چرکەی دایکایەتی و باوکایەتی ئەوان بدەینەوە و قەرەبووی باشی و دڵسۆزییەکانیان بکەینەوە، وەلێ دەبێت دایک و باوکانی ئازیزیش لەپێناو ژیان و کەسایەتی و داهاتووی منداڵەکانیان، ببن به پێشەنگێکی باش بۆ منداڵەکانیان و وریابن لە پەروەردەرکردنی نەوەکانی دووا رۆژ و بزانن چ رێگەیەکی راست و چ پەروەردەیەکی گونجاو بۆ منداڵەکانیان هەڵدەبژێرن و چ شێوازێک لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بەکار دەهێنن ، رێز لەهەستیان بگرن و بەشداریان پێبکەن لە گفتوگۆی هەندیەک شتی تایبەت بەدنیای منداڵی، ژینگەی منداڵی جیهانێکی زۆر هەستیار و تایبەتە و دەبێت پەروەردەکاران و سەرپەرشتی کاران بزانن چۆن لەگەڵ ئەو قۆناخ و ژینگە و جیهانە دەجوڵێنەوە و خۆیان بەدوور بگرن لە لێپێچینەوەو، تاوانبارکردنی بەردەوام و شکاندن و سەرزەنشتکرن و ترساندن و فشار و توندوتیژی و زبری بەکارهێنان و سانسۆر و فلتەر و چاودێرییەکی زۆر نەخەنە سەر ژیان و کەسایەتیان.

ژیانی دەشێوێنێت
ئاخر گرنگی پێدانی زیاد لە پێویست و زیادەڕۆیی کردن لە کۆنتڕۆڵکردن و سانسۆر دروستکردن و بەرگریکردن و فشارکردن لەپەروەردەکردنی منداڵ، باندۆڕ و کاریگەرییەکی زۆرنەرێنی و خەراپی لەسەر منداڵ دەبێت و کەسایەتییەکی لاواز و بێ هێز و رووخا و بێ متمانە لە منداڵ دروست دەکات و ژیانی دەشێوێنێت و داهاتووی وێران دەکات و وا لەو منداڵە دەکات نووسەر ئاسا، هەموو تەمەنی بەدەست ئازار و ژانی کەپت و گرێی دەروونی و بیرەوەرییه تاڵەکانی ئەو پەروەردە سەقەتەیەوە بناڵێنێت و هەست بەخنکان بکات و ئەفسوس و داخ و هەناسەی تاڵ و بەسوێ هەڵکێشێت و بیری تۆڵەسەندنەوە و یاخیبوون بکاتەوە و بڵێت» لە تۆڵەسەندنەوەێ ئەو منداڵیەم کە لەعیراق مرد، بیست و حەوت منداڵم لە ئیسپانیا و کۆڵۆمبیا خستەوە» و یاخود وەک ئەمیر وزەهرا نەتوانن درێژە بەخوێندن بدەن لەو کۆلێژ و شوێنەی لەدەرەوەی حەز و ئیرادەو سەربەستی و ویستی خۆیانەوە، جەبرەن لەلایان باوکیانەوە بۆیان هەڵبژێردراوە و بەسەریاندا سەپێندراوە و بڕۆنە ئەو بەشەی کە خۆیان حەزیان لێیەتی و پێشووتر ڕێگریان لێکراوە بۆی بچن!

 210 جار بینراوە