سەرەکی » وتار » ئایە قەوارە سیاسییەکان بۆیان هەیە تانە لە بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان بدەن؟

ئایە قەوارە سیاسییەکان بۆیان هەیە تانە لە بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان بدەن؟

سڵێمان مستەفا

یەکەم : بەپێی بڕگەی پێنجەم لە ماددەی دەیەم و ماددەی 18ی یاسای کۆمسیۆنی ئیتحادی ژمارە 31 ی ساڵی ساڵی 2019 ، ئەنجومەنی کۆمسیاران لە سکاڵاکان دەڕوانێت و بڕیاریان لە بارەوە دەدات.

دووەم : بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران مایەی تانە لێدانن تەنها لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن (دادگای هەڵبژاردن) .

سێیەم : بەپێی مادەی 19 ی هەمان یاسا دەستەی دادوەری هەڵبژاردن(دادگای هەڵبژاردن) پێکدەهێنرێت، بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو تانانەی لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران دەدرێن.

چوارەم : بەپێی بڕگەی سێیەم لە مادەی 19 ی یاسای کۆمسیۆن، بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بنبڕە قابیلی تانە لێدان نین.

پێنجەم : لە اگەیاندنەکان گوێمان لەوە بوو کە حزبەکان سکاڵایان هەیە و تانە لە بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان دەدەن، وەبەشێک لە حزبەکان تانەیان داوە لە وانە حزبەکەی هادی عامری.

شەشەم : لە مادەی 93 دەستوور دا هاتوە:

یەکەم، چاودێری لەسەر دەستووریبوونی یاساکان و پەیڕەوە بەرکارەکان.

دووەم، راڤەکردنی دەقە دەستوورییەکان.

سێیەم، یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانەی لە جێبەجێکردنی یاساکانی فیدرالی و بڕیارەکان و سیستەم و رێنماییەکان و کار راییەکانی دەرچوو لە دەسەڵاتی فیدڕالی دروست دەبێت، و یاسا دەستەبەری مافی هەر یەک لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوەی پەیوەندی هەیە لە تاکەکان و ئەوانی تر دەکات لە مافی تانە لێدانی راستەوخۆ لە بەرانبەردادگا.

چوارەم، یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان حوکمەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و پارێزگاکان و شارەوانییەکان روو دەدات.

پێنجەم، یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی کە روو دەدات لە نێوان حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکان.

شەشەم، یەکلاکردنەوەی کردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێن.

حەوتەم : پەسەندکردنی دەرنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران.

هەشتەم :

ئەلف-یەکلاکردنەوەی ناکۆکی لەسەر تایبەتمەندێتی لە نێوان دادوەری فیدراڵی و دەستە دادوەرییەکانی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا رێک نەخراون.
ب. یەکلاکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندێتی لە نێوان دەستە دادوەرییەکانی هەرێمەکان یان ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا رێک نەخراون.

پرسیارو سەرنج : بەپێی بڕگەی حەوتەمی مادەی 93 دەستوور، پەسەنکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژارد لە دەسەڵاتی دادگای باڵای فیدراڵی دایە، وە بە پێی بڕگەی سێیەم لەمادەی 19 ی یاسای کۆمسیۆن بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بنبڕن؟ ئەی چۆن حزبەکان تانە لە بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان دەدەن، ئایە دادگای فیدراڵی تانەکان وەردەگرێت؟ ئایە دادگای فیدراڵی دەتوانێت ئەنجامەکان پەسەند نەکات؟ بەڕای بەندە گەر قەراینەکانی بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی باوەڕ پێکەر بن نابێت، ئەنجامەکان پەسەند بکات.

 406 جار بینراوە