سەرەکی » کەلتوور » داوێنەكەی خۆی دوژمنیەتی

كتێبی ژنی كورد لە خوێندنەوەیەكی سەر پێیدا:

داوێنەكەی خۆی دوژمنیەتی

دێدەوانی یەعقوب

لە ماوەی رابردوودا و لە نووسینی نەسیم قادرپوور كتێبێكی تایبەت بەگرفتی مێینەی كورد كە لە دوو بەش پێكهاتووە چاپ و بڵاوبوویەوە. كتێبەكە بریتیە لە تۆماركردن و نووسینەوەی قسە، دیدار و لێدوان وەرگرتنی راستەوخۆی ئەو كچ و ژنانەی لەو دووبەشەی كتێبەكەی بۆ تەرخان كراوە پێی دا تێپەڕیون، ئەوانیش بریتین لەو گیروگرفتە دەروونی و جەستەیانەی لە قۆناغی خۆناسین تووشی دەبن و ئەو ژنانەش كە ڕەدووكەوتوون یان واتا هەڵگیراون.

نووسەر كتێبەكەی پێشكەشكردووە بەوانەی لە پێناو گۆڕینی داب و نەریتە خوارەكان گیانیان بەختكردووە و بەژنانەی رووبەرووی ئازاری زۆربوونەتەوە و بەخوشكەكانی كە قوربانی نەریتی كۆمەڵن و بە دایكی كە بەچەند جۆرە قوربانی داوە لە داب و نەریتی دواكەتوودا.

كتێبەكە قەبارەی مام ناوەندییە لە 117 لاپەڕە پێكهاتووە و جگە لە پێشەكی و پێشكەش و پێزانین و وتەی كۆتایی، ناوەڕۆكی كتێبەكە بریتیە لە دیدار لەگەل 38 كچ و ژن كە زۆربەیان دانیشتووی رۆژهەڵاتی كوردستانن و لەوانەش 34 كچ و ژن كە لەسەرەتای قۆناغی خۆناسینەوە بەهۆی ناشارەزایی و شەرم و نەزانینەوە دووچاری گرفتی زۆری جۆراوجۆر بوونەتەوە و 4 ژنیش كە رەدووكەوتوون باسیان لە هۆكاری رەدووكەوتن كردووە و تەنانەت باس لەوە كراوە ژنانێك لە دوای رەدووكەوتن چۆن كوژراون و چۆن نەریتی كۆمەڵی كوردەواری و ناوچەكە رێی نەداوە لێیان خۆشبن.

بەهۆی ئەوەی چیرۆكەكانی ناو كتێبەكە لەزمانی كەسانی توشبوو بەگرفتەكان وەرگیراوە خوێنەر تەواوهەست بەزیندووی رووداوەكان دەكا وهەست دەكا لەگەڵ رووداوەكاندا دەڕوا.

لە بارەی ناوی كتێبەكە (ژنی كورد داوێنی خۆی دوژمنیەتی) بەبۆچوونی من هەڵەیەكی زمانی هەیە. ئەویش لەوەی داوێنی خۆی دووژمنیەتی، چونكە داوێنی مرۆڤیش وەك هەر ئەندامێكیتر خوا لەجەستەدا دروستی كردووە و پێویستی ژیانە، ئەگەرچی من دەزانم مەبەستی نووسەر ئەوەیە ژنان بە هۆی داوێنیان و بەناوی ناموس پارێزی دووچاری كوشتن و لێدان و سوكایەتی دەبنەوە، بەڵام دەكرا هەمان واتا لەداڕشتنێكی ترا بایە وەك ئەوەی (ژنی كورد داوێنی خۆی لێكراوەتە دوژمن).

واتا لەڕووی توشبوونی گیر و گرفت دا داوێنی بۆتە هۆكاری چەرمەسەری، بەڵام نەك لە خوڵقانەوە دوژمنیەتی بەڵكو داب و نەریت لێیكردووە بە دوژمن.

وەك ئەوەی پەندە كوردییەی لەبارەی كەسی رەزیل و پیسكە گوتراوە (دوژمنی ددانی خۆیەتی چونكە نانی پێدەخوا)، واتا پەندەكە ناڵێ ددانی دوژمنیەتی، بەڵكو دەڵێ كەسەكە ددانەكانی لێ بۆتە دوژمن.

نەسیم قادرپوور خەڵكی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ساڵانێك وەك كارمەندی مەكتەبی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان کاری کردووە و لە سلێمانی كاری بۆڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان كردووە و لە كاتی شەڕی داعش دا كتێبێكی بەناوی مروارییەكانی پێشمەرگە لە شەوەزەنگی داعشدا چاپ و بڵاوكردەوە كە بریتی بوو لە چاوپێكەوتنی ناو پێشمەرگە و فەرماندەكان لە ناو سەنگەرەكان وشەرەكان و باسی شەهیدەكان و پێشتریش چەند كتیبێكی تری بە ناوەكانی بە سروەیەك بڵێسەی مۆمێك خامۆش، وەرزی فڕینی كەوەكان و جگە لەو بابەت و شیعرانەی لە لە گۆڤار و رۆژنامەكان بڵاووی كردۆتەوە .

 189 جار بینراوە