سەرەکی » ئاراستە » نەعیمە محەمەد لە پڕۆژەی (ژان)دا

نەعیمە محەمەد لە پڕۆژەی (ژان)دا

تابلۆ:

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی كارگەی كلتوور كە لە ناو كارگەی جگەرەی سلێمانییە بیر لەكاری تایبەت و خاوەن ستایلی خۆیان دەکەنەوە و ئەوانە جۆری كارەكانیان لە ناوەندو رێكخراوە هونەرییەكانی تر جیا دەكاتەوەو پرۆژەكە بەسەرپەرشتی شێوەكار (دارۆ رەسوڵ)ە كە بۆ هونەرمەندی سیرامیك (د. نەعیمە محەمەد) لەژێر ناوی (ژان) كردەوە كە بڕیارە پیشانگەكە سێ مانگ درێژەی هەبێت ئەم ماوەیەش یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی ئەو پرۆژانەی كە كارگەی كلتووری ئەنجامی دەدات.

(دارۆ ڕەسوڵ ) دامەزرێنەری گەلەری ئێستا و ڕێکخەری پێشانگەکە سەبارەت بە پرۆژەی (ژان) دەڵێت (ژان ناوی پڕۆژەیەکی سیرامیکی هونەرمەند نەعیمە محەمەدە کە لە پێنج کۆکاری هونەریی وکارێکی ڤیدیۆیی پێکهاتوون، كۆکارە سیرامیکییەکان بریتین لە فۆڕم وئۆبجێکتی سێ ڕەهەندی ولە شێوازو جۆری جیاوازدا دووبارەو چەندبارە دەبنەوەو هەموویان پێکەوە زنجیرە کارێک پێک دەهێنن و دەبنە تەواوکەری یەکتر، هاوکات لەگەڵ ئەم بەرهەمانە هاوکات حەوت کاریی سەربەخۆی سیرامیکی شووشە کراویش لە شوێنێکی نمایشەکەدا بە تەنها دەبینرێن کە هەریەکە و بۆخۆیان کارێکی تەواون .

نەعیمە محەمەد لەم پێشانگەیەدا بەگشتی بابەتیانە کاری لەسەر پیشاندانی کارەساتە یەک بەدوای یەکەکانی ئەم وڵاتە کردووەو ئازارو ژانی مرۆڤی لەڕێی چەندین فۆڕمی جیاوازەوە پیشانداوە، جارێك لە ڕێی ڕوفاتی ئەنفالکراون و جارێکیش لەڕێی پێڵاوی قەبارە جیاوازی ژن ومناڵ و پیاوی کۆچکردوو، هەروەها لە ڕێی شتومەک و ئامێری وەک زەنگوڵە وەک سیمبۆلێکی فریاد ڕەسی وهاوار بۆ کوشتن و جینۆسایدکردنی یەزیدییەکان، هاوکات ئەم ئۆبجێکتانەی بەنەفەسێکی درێژ چەندینجار دروستکردوونەتەوەو تاوەکو بتوانیت سەرنجڕاکێشتر بەدەربکەون وکارەکان دەوڵەمەندتر بکات و پەیامەکەی باشتر بە بینەربگات، ئەگەرچی هەر پارچەیەک لەم بەرهەمە سیرامیکیانە خاوەنی پەیامێکی خۆیانن وکامڵن، بەڵام لێرەدا من وەک ڕێکخەری پێشانگاکە لەهەوڵی ئەوەدابووم فەزایەک دروستبکەم تەقلیدی نەبێت و لەگەڵ بەرهەمەکاندا یەکبگرنەوەو لە هەر گۆشەیەکی هۆڵەکەوە لە پێشەنگەکە بڕوانیت ئەتمۆسفێرێک بێتەکایەوە نزیک بێت لە مۆنۆمێنتێک یاخود مۆزەخانەیەکی جینۆسایدو لەگەڵ گوزارشتی هونەرمەنددا یەکبگرن و هاوچەرخانە ئێستێتیکێکی نوێ بخوڵقێت، تاریکی هۆڵەکەو شێوازی دانانی ڕووناکی لەسەریان لەگەڵ دەنگی شەپۆلی ئاوو قرچەی سووتان و ئاگری ڤیدیۆکە هەمووی پێکەوە ئارامییەک بە نمایشەکە دەبەخشێت و دیمەنێکی تایبەت دێنێ تەکایەوە.
هونەرمەندی سیرامیك (قادر میرخان) لە دەلیلی پیشانگەكەدا سەبارەت بە پیشانگەكە دەڵێت ( بە پشت بەستن بە کەرەستەو تەکنیکی گڵجۆشی لەتەك ڕوانین و هەڵبژاردنی هێما جووت جەمسەرییەکان بابەتەکانی هەڵدەبژێرێت، کە دەکرێت وەک بابەتێکی ئاشنا وەسف بکرێت، بەڵام ئەو پەیامێکی تری جیاوازی هەیە، ئەویش دڵەڕاوکێ وترسە لەنادیار و درێژەکێشان، فۆکسکردن لەسەر چەندێتی ئۆبجێکتێکی دوو جەمسەری وێناکردنی بەئاستی گەورە، کارەستێکی بارگاوییە بە مەودای هێماکانییەوە).

هەڵبژاردنی ئەم بابەتانە بۆدەربڕین و گەیاندنی بەبینەر بە ماتڕیاڵ وتەکنیکی سیرامیک، لەخۆیدا جۆرێك لە ئازایەتی دەوێت، لەبەر هۆکارێکی زۆرسانا، ئەویش وەک دەڵێن زمانی دەربڕینی ناسکە،توانای بەرجەستەکردنی ئەوئازارانەی نییە،ئەمڕۆ هەموو کەرەستەکان کراوەن لەبەکارهێناندا بۆ دەربڕین،ئەم چەند ئەزموونەی هونەرمەند بەرچاوڕوونی لەسەرکەوتنی دەدات.

قوڕ، کەرەستەی خاوی سەرەکی ئیشەکانە، کەرەستەیەکی خۆشدەستی لەبارە، لە کولتووری مرۆڤایەتیدا قوڕ سیمبۆلی باش وخراپ یشە . لە کتێبی پیرۆزدا مەسیح دەڵێت:»خودایە تۆ باوکی ئێمەیت،ئێمە قوڕو تۆش گڵجۆشکار،هەموو دروستکراوی تۆین.»ئاویش هێمای پاکی، ئارامی و سەرچاوەی ژیان و سەرفرازی و پێچەوانەکەشی وەک مەنگ،بێ جووڵە،پەنهان و نادیار.

نەعیمە محەمەد یەكێكە لە دیارترین هونەرمەندەكانی بواری سیرامیك و لەو تەمەنی كاركردنەیدا چەندین بەرهەمی ناوازەی لەبوارەكەی خۆیدا ئەنجامداوەو ئەم ئەزموونەش دوایەمین داهیچنانەكانی ئەون لە بواری هونەری سیرامیك، هەربۆیە كاتێك دەچیتە ناو هۆڵی پیشانگەكە سەرنج و تێڕامانێكی تایبەتت لەلا گەڵاڵە دەبێت سەبارەت بە چۆنێتی خوڵقاندنی ئەو كارە سیرامیكیانەی كە لەناو هۆڵەكەدا دەبینرێت.

جێی ئاماژەیە پێشانگەکە لەرۆژی 30 /10/2021 تا 30/1/2022 بەردەوام دەبێت

 133 جار بینراوە