سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » منداڵان و بووكه‌ به‌بارانه‌

منداڵان و بووكه‌ به‌بارانه‌

ره‌زا شوان – نه‌رویج

(بووكـه‌ به‌ بارانـه‌) یه‌كێك له‌و نه‌ریته‌ دێرین و ره‌سه‌نه‌ كوردییانه‌مان كه‌ مێژووی بۆ هه‌زاران ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، مایه‌ی شادی و دڵخۆشیشه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆش ئه‌م نه‌ریته‌مان به‌ نه‌مری ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی وێرانكردنی گونده‌كانی باشووری كوردستان و ئابڵوقه‌دانی زۆربه‌ی گونده‌كان و شارۆچكه‌كانی رۆژهه‌ڵات و باكوورو رۆژئاوای كوردستان، له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی ره‌گه‌زپه‌رسته‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش زیاتر له‌ نیوه‌ی ژماره‌ی گونده‌ وێرانكراوه‌كانی باشووری كوردستان ئاوه‌دان نه‌بوونه‌ته‌وه‌. تائێستاش داگیركه‌ران دژایه‌تی هه‌موو دابونه‌ریتێكی ره‌سه‌نی كوردیمان ده‌كه‌ن.. له‌هه‌ندێ ناوچه‌ی كوردستاندا بووكه‌ به‌بارانه‌ وه‌كو جاران ناكرێت و خه‌ریكه‌ ئه‌م نه‌ریته‌مان به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه‌ بچێت. رێوڕه‌سمی بووكه‌ به‌بارانه‌ له‌هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستاندا بۆ هه‌مان مه‌به‌ست و به‌هه‌مانشێوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
جاران منداڵان و گه‌وره‌كان پێكه‌وه‌ بووكه‌ به‌بارانه‌یان ده‌كرد، به‌زۆریش له‌ گونده‌كان و كه‌متریش له‌ شاره‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌برا. به‌ڵام له‌ئه‌مڕۆدا بووكه‌ به‌بارانه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ منداڵانه‌وه‌، گه‌وره‌كان (كۆسه‌) ده‌كه‌ن كه‌هه‌ر له‌ هاوشێوه‌ی بووكه‌ به‌بارانه‌یه‌ به‌ كه‌مێك جیاوازییه‌وه‌. هه‌روه‌ها (نوێـژه‌ بـارانه‌)ی به‌ كۆمه‌ڵیش ده‌ركرێت.. نوێژه‌ بارانه‌ دیارده‌یه‌كی تازه‌یه‌و كه‌وڵێكی ئاینی به‌خۆوه‌ پێچاوه‌.. به‌ڵام نه‌ كۆسه‌و نه‌ نوێژه‌ بارانه‌، نه‌یانتوانیوه‌و ناتوانن جێی بووكه‌ به‌ بارانه‌ی منداڵان بگرنه‌وه‌ یا ئه‌و ره‌سه‌نایه‌تی و خۆشییه‌یان هه‌بێت.
بێگومان بارانبارین مایه‌ی خێرو بێرو فه‌ڕو هات و بوژانه‌وه‌یه‌ی زه‌وییه‌، مـژده‌ی خۆشی و شادییه‌، ئاو زۆر ده‌بێت و ده‌غڵ و دان و باخ و بێستان پاراوده‌بن، له‌وه‌ڕو گژوگیا زۆر ده‌بن. باران هیواو به‌خته‌وه‌ری و شادی و گه‌شی و خۆشی به‌ جووتیاران ده‌به‌خشێت، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بژێوی ژیانیان، به‌روبوومی ده‌غڵ و دان و دانه‌وێڵه‌و به‌ری باخ و بێستان و ئاژه‌ڵه‌كانیانه‌.. سه‌رچاوه‌ی ئاوی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌ویش ئاوی باران و به‌فره‌.. زۆر ساڵ به‌هۆی كه‌مبارین و وشكه‌ساڵییه‌وه‌.. ئاو كه‌میكردووه‌، ده‌غڵ و دان بێ به‌رهه‌م بوونه‌و ئاوی كانی و بیرو جۆگه‌و خڕو چه‌مه‌كان وشكیان كردووه‌، گیاو گۆڵ و له‌وه‌ڕ كه‌مبوونه‌و زوو وشكبوونه‌ته‌وه‌.. به‌شێك له‌ گوندنشینه‌كانمان ناچاربوونه‌ كه‌ به‌ماڵ و مه‌ڕو ماڵاته‌كانیانه‌وه‌ به‌ره‌و كوێستانه‌كانی كوردستان ره‌وبكه‌ن و به‌دوای ئاو و له‌وه‌ڕدا بگه‌ڕێن.. ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی زۆری بۆ دروستكردبوون.
بووكه‌ به‌بارانه‌.. نه‌ریتێكی كۆنی كوردانه‌.. هه‌ر ساڵێك كه‌ باران نه‌بارێت یا كاتی په‌ڵه‌ به‌سه‌ربچێت و ترسی وشكه‌ساڵی هه‌بێت. منداڵان و مێردمنداڵانی كـوڕان و كچـانی كورد له‌گونده‌كان و شارۆچكه‌كان و له‌هه‌ندێ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كانی كوردستاندا، له‌ ناوه‌ڕاستی وه‌رزی پایـز یا له‌ سه‌ره‌تای به‌هاردا، بووكه‌ به‌بارانه‌ ده‌كه‌ن. به‌ گۆرانی و یاری و چه‌پڵه‌لێدان و به‌زم، ئه‌م ریوڕه‌سمه‌ كورده‌وارییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خۆش به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.. منداڵان نزا ده‌كه‌ن و له‌ خوا ده‌پاڕێنه‌وه‌ كه‌ به‌زه‌یی به‌ فه‌قیرو به‌هه‌ژاران و به‌ جووتیاراندا بێته‌وه‌، بارانیان بۆ ببارێنێت و دڵیان خۆشبكات و هیوایان ببوژێنێته‌وه‌و نیگه‌رانیان بڕه‌وێنێته‌وه‌و گرانی روویان لێنه‌كات.

هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه‌، رێوڕه‌سمی (بووكـه‌ به‌بارانـه‌) به‌زۆری له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌براوه‌، چونكه‌ منداڵان هێمای دڵپاكی و بێگوناهی و بێتاوانین، خۆشه‌ویستی خوان.. به‌بڕوای خه‌ڵكیش، خوا دڵی منداڵان ناشكێنێت و نزاو پاڕانه‌وه‌كانیان قبوڵ ده‌كات و باران ده‌بارێنێت.
بۆیه‌ش ناوی لێنراوه‌ (بووكه‌ به‌بارانه‌) چونكه‌ بووك هێمای جوانی و قه‌ده‌مخێری و پیرۆزییه‌.. هێمای خۆشی و شادییه‌.. زۆرجاریش وا رێكه‌وتووه‌ كه‌ له‌كاتی بووك گواستنه‌وه‌دا، له‌ پایز یا له‌ به‌هاردا، باران باریوه‌. خه‌ڵكه‌ش وتوویان بووكێكی پێ به‌خێره‌.. مه‌به‌ست له‌ بووكه‌ به‌بارانه‌ ئه‌وه‌بووه‌، كه‌ سه‌رنجی ئاسمان به‌لای زه‌وی تینوودا رابكێشن. ئاویش هه‌موو شتێك پاكده‌كاته‌وه‌، هه‌ر به‌و نیازه‌وه‌ ئاویان به‌سه‌ر بووكه‌ به‌بارانه‌دا كردووه‌، گوایه‌ خه‌ڵكی به‌زۆری گوناهبارن، بڕوایانوایه‌ كه‌ به‌و ئاوكردنه‌ به‌سه‌ر بووكه‌ به‌ بارانه‌كه‌دا، له‌ گوناهه‌كانیان پاكده‌بنه‌وه‌.. له‌وانه‌یه‌ ئاسمان به‌زه‌یی پێیاندا بێته‌وه‌و باران ببارێنێت.. له‌كورته‌ باسێكی وادا نامانه‌وێت له‌رووی لۆژیكی و ئه‌فسانه‌ییه‌وه‌، رای خۆمان له‌مباره‌یه‌وه‌ بخه‌ینه‌روو.
چۆنییه‌تی دروستكردنی بووكه‌ به‌بارانه‌، منداڵان به‌ هاوكاری گه‌وره‌كان، له‌ دارێكی درێژ یان له‌ قامیش، له‌شێوه‌ی (خـاچ) و له‌ سیمای بووك دا (بووكه‌ڵه‌یه‌ك) دروستده‌كه‌ن، جلی كچانه‌ی كوردی ره‌نگاوڕه‌نگی له‌به‌رده‌كه‌ن و بووك ئاسایی زۆر جـوان ده‌یڕازێننه‌وه‌.. ئینجا منداڵێكی چوست و چالاك و ره‌ند، كچ بێت یا كوڕ، بووكه‌ڵه‌كه‌ به‌رزده‌كاته‌وه‌و پێشی منداڵه‌كانی تر ده‌كه‌وێت و ده‌كه‌ونه‌رێ، هه‌موویان پێكه‌وه‌ به‌یاری و به‌ چه‌پڵه‌لێدان و به‌ ئاوازه‌وه‌، گۆرانی (بووكه‌ به‌بارانه‌) ده‌ڵێن.. كۆڵان به‌ كۆڵان، ماڵ به‌ ماڵ ده‌گه‌ڕێن.. كه‌ بچنه‌به‌ر ده‌رگای هه‌ر ماڵێك، كابانی ماڵه‌كه‌، له‌به‌رده‌م ده‌رگاوه‌ یا له‌سه‌ر بانه‌وه‌، گۆزه‌یه‌ك یا جه‌وه‌نه‌یه‌ك یا كاسه‌یه‌كی پڕ له‌ئاو به‌سه‌ر (بووكه‌ڵه‌كه‌ – بووكه‌ بارانه‌كه‌) دا ده‌كات، به‌نیازی هاتنه‌دی مرازی خه‌ڵكیش ده‌رزییه‌ك له‌ بووكه‌ڵه‌كه‌ ده‌دات.. ئینجا شتێك له‌ پاره‌، مێوژ، گوێز، خورما، نوقڵ، نیسك، ساوه‌ر، به‌ منداڵه‌كان ده‌دات. له‌دوای گه‌ڕانی ماڵه‌كان.. منداڵه‌كان ده‌چنه‌ ماڵێ یه‌كێكیان و شته‌كان له‌نێوان خۆیاندا به‌شده‌كه‌ن.. زۆرجاریش كابانی ئه‌و ماڵه‌ نیسك و ساوه‌ره‌كه‌یان بۆ لێده‌نێت و منداڵه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌یخۆن.
ئه‌و به‌سته‌و گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییانه‌ی كه‌ منداڵان له‌دوای بووكه‌ڵه‌كه‌ به‌ بارانه‌كه‌وه‌، به‌ كۆمه‌ڵی و به‌ئاوازه‌وه‌ ده‌یڵێنه‌وه‌.. به‌زۆری تایبه‌تن به‌ بارانه‌وه‌، بریتین له‌ نـزاو له‌پاڕانه‌وه‌ له‌ خوا بۆ ئه‌وه‌ی باران بۆ فه‌قیرو بۆ هه‌ژاران ببارێنێت.. ئه‌مانه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كن له‌و گۆرانییانه‌یكه‌ منداڵان به‌ ئاوازو به‌ یاری و گۆرانییه‌وه‌ ده‌یانڵێنه‌وه‌:
)هه‌یـاران و مه‌یـاران) من كه‌ منداڵ بووم.. ماڵمان له‌ دێیه‌كی نزیك شاری كه‌ركوك بوو.. له‌سه‌ره‌تای پایزدا، گه‌ر هه‌ور بوایه‌و ئاسمان خوناوی (نه‌رمه‌ باران)ی بكردایه‌، منداڵانی دێیه‌كه‌مان كۆده‌بووینه‌وه‌.. هه‌ردوو باڵمان راستده‌كرده‌وه‌و به‌ده‌وری خۆماندا ده‌سووڕاینه‌وه‌.. به‌ كۆمه‌ڵی له‌گه‌ڵ یاری دا ئه‌م كۆپله‌یه‌ گۆرانییه‌مان ده‌وت:
هه‌یـــــاران و مه‌یـــــاران
یاخـــوا ببــــاری بـــــاران
بۆ فـه‌قــیرو هـــــه‌ژاران
ئه‌مسـاڵ ببــارێ بـــــاران
له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دا، هه‌مان كۆپله‌ به‌ كه‌مێك گۆڕانه‌وه‌:
هه‌نــــــاران و مه‌نـــــاران
یاخـــوا داكــــاته‌بـــــاران
بۆ فـه‌قــیر و هــــــه‌ژاران
یاخــوا بـــــاران ببـــــارێ
بۆ سه‌ر قوڕینه‌ی به‌هارێ
)بووكه‌ به‌ بارانێ) ئه‌م گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌، به‌زۆری منداڵان به‌ كۆمه‌ڵ و به‌ ئاوازو به‌ یارییه‌وه‌، به‌دوای بووكه‌ڵه‌ی (بووكه‌ به‌ بارانه‌)ه‌وه‌ ده‌یڵێنه‌وه‌:
بووكـــــه‌ به‌ بـــــارانێ
ئـــاوی بن ده‌غــــڵانێ
سه‌عــــاتی جـــــارانێ
له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، گۆرانی (بووكه‌ به‌ بارانی) به‌مشێوه‌یه‌یه‌:
بووكــــــــه‌ بــــــــارانێ
بوكــــــــــه‌ بــــــــارانێ
یاخـــــــــوا ببـــــــــارێ
یا شـــای هـــــــه‌زاران
داكـــــــاته‌ بــــــــــاران
بۆ فه‌قـیر و هـــه‌ژاران
گه‌نــم هیـچی نه‌مــــاوه‌
هه‌مـووی پرووشـــقاوه‌
بووكـــــــه‌ بـــــــــارانێ
بووكــــــه‌ بــــــــــارانێ
یاخـــــــــوا ببـــــــــارێ

له‌ ده‌ڤه‌ری (بادینان)یش له‌ باشووری كوردستان، ساڵی جارێك یا دوو جار، له‌ وه‌رزی پایزو به‌هـاردا، به‌هه‌مانشێوه‌ی ناوچه‌كانی تری كوردستان، له‌ زۆربه‌ی گونده‌كان و شارۆچكه‌كاندا، منداڵانی كچان و كوڕانی بارانخـواز (بویـكا بـارانێ) ده‌كه‌ن.. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش، گۆرانییه‌كه‌ كه‌ له‌په‌رتوكی (ئـه‌ده‌بێ زارۆكــا)وه‌ وه‌رمگرتووه‌، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی (محه‌مه‌د عه‌بدوڵا ئامـێدی) یه‌ كه‌ له‌ (٢٠٠٥) دا له‌ سلێمانی چاپكراوه‌:
بویــــــكا بـــــــــاران ده‌ڤــێ
ده‌خله‌كێ ئـــــــه‌رزان ده‌ڤــێ
ته‌رزانیـــــا ســـــالان ده‌ڤــێ
* * * * * * * * * * * *
بویــــــكا مــه‌ خــێلی خــێلی
ناده‌ینــــه‌ حـه‌ســــه‌نگـــێلی
دێ ده‌یــــــنه‌ ئـامـــــــێدی یـا
دێ دانــــه‌ سـه‌ر كـورسی یـا
دێ پــێ داده‌ن شــه‌مـسی یـا
بـژمـــــێرن عـه‌بــــــاسـییـا
* * * * * * * * * * * *
بویــكا مـه‌ یـا ل ئه‌ڤــــرازی
یا دكــه‌ تـه‌ گــــازی گــــازی
چه‌نگه‌ كـێ رزقـی دخــــازی
* * * * * * * * * * * *
بویــــكا مه‌یـــا ل مه‌گـــــلانا
یا دكـه‌لـــــوژیت كــــــــه‌زانا
خــــودی بـــده‌ت بـــــــــارانا

هونه‌رمه‌ندی كوردمان مامۆستا (سه‌لاح محه‌مه‌د كۆیی) كه‌ له‌لای منداڵان كوردمان به‌ (مام عـه‌وڵا) ناسراوه‌.. یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندی گۆرانبیژی كورده‌ كه‌ به‌ گۆرانی ئه‌م نه‌ریته‌ كورده‌وارییه‌ی به‌رز راگرت و به‌نه‌وه‌ی نوێی ئاشنا كرد.. مامۆستا سه‌لاح محه‌مه‌د به‌ به‌شداری كچۆله‌یه‌كی چاوگه‌شی ده‌نگخۆش و كۆمه‌ڵه‌ منداڵێكیجوانی كچان و كوڕان به‌جلی جوانی كوردییه‌وه‌، گۆرانی (بووكه‌ به‌بارانه‌)ی له‌ كلیپێكی ره‌نگاوڕه‌نگدا بۆ (ته‌له‌فزیۆنی كوردستان) تۆماركرد. مام عه‌وڵا بێجگه‌ له‌م گۆرانییه‌.. چه‌ند گۆرانییه‌كی فۆلكلۆری خۆشی تریشی بۆ منداڵان تۆماركردوون، له‌وانه‌ش (هه‌لـور بلـور) شایه‌نی ئه‌وپه‌ڕی ده‌ستخۆشییه‌.. ئه‌مه‌ش گۆرانی (بووكه‌ به‌ بارانه‌) كه‌ی (مام عه‌وڵا) یه‌:
هه‌یـــــــاران و مه‌یــــــــاران
یا خــوا داكـــــاته‌ بــــــــاران
بـۆ فه‌قـــــیر و هـــــــه‌ژاران
قه‌ومی حه‌سه‌ن و حوسـێنان
هه‌مووی قڕبوون له‌ توینیان
* * * * * * * * * * * * *
خوایـــه‌ بـــــاران ببـــــــارێ
لـــه‌ لادێ و لــه‌ شـــــــــارێ
له‌ ســـبه‌ینـێ تا ئێــــــــوارێ
بـه‌ لــیزمه‌ بێــته‌ خــــــوارێ
* * * * * * * * * * * *
بووكـــــــــه‌ بـه‌ بـــــــــارانێ
ئـــــــاوی بـــن ده‌غـــــــڵانێ
سه‌عـــــــــاتـی جـــــــــارانێ
له‌ دێـــــــــریـن زه‌مــــــــانێ
* * * * * * * * * * * *
بووكــــی نــــاو باغـــــــــانه‌
چه‌نـــد خــــــان و مـــــــــانه‌
لـه‌ گـــــــــه‌وره‌ مــــــــــاڵانه‌
لـه‌ دێـــــــرین زه‌مــــــــــانێ
* * * * * * * * * * * *
بووكــه‌ چـۆته‌ سه‌ر كه‌پــرێ
لێــــــــــده‌دا ده‌ف تـه‌پــــــڵێ
لـه‌ كه‌سیش ناكــا شـــه‌رمێ
لـه‌ دێــــــرین زه‌مــــــــــانێ
* * * * * * * * * * * *
شه‌مـووله‌ی مـن چـی ده‌وێ
مێـــوژی عه‌مـــارانی ده‌وێ
شه‌كـری له‌ شـــارانی ده‌وێ
دیــــــاری منـــــداڵانی ده‌وێ
* * * * * * * * * * * *
شه‌مـووله‌ی له‌ نــــاو ره‌زی
بـــای لێــده‌دا و ده‌لــــه‌رزی
فــــــڕده‌كـا ئـــاڤی تــــــه‌زی
به‌ جــوانــیه‌كه‌ی ده‌نـــــازی
* * * * * * * * * * * *
شه‌مـووله‌ی مـن چـی ده‌وێ
مێـــوژی عه‌مـــارانی ده‌وێ
شه‌كـری لـه‌ شــارانی ده‌وێ
دیـــــاری منـــــداڵانی ده‌وێ
* * * * * * * * * * * *

ساڵی پار (٢٠١٧) له‌ شاری (كامـیاران) له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌لایه‌ن ساوایانی سێ باخچه‌ی ئه‌م شاره‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی رێك و جوان، رێوره‌سمی (بووكه‌ به‌بارانه‌)یان به‌ڕێوه‌برد. به‌ گه‌رمی ئافه‌رین و ده‌ستخۆشی له‌ داده‌ دڵسۆزه‌كان له‌ منداڵه‌ جوان و چاوگه‌شه‌كانی ئه‌م سێ باخچه‌یه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌م نه‌ریته‌یان به‌ منداڵانی ئه‌مڕۆمان ئاشناكرد، تا بیزانن و له‌ یادیان بمێنێت.
هه‌ر ساڵی پار هونه‌رمه‌ندی كوردمان كاك (ئـاریان ره‌زایی) كه‌ له‌دایكبووی شاری سه‌قزه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خوێندكاری به‌شی سینه‌مایه‌ له‌زانكۆی تاران. به‌هاوكاری خاتوو (میـنا سه‌هبانی) به‌ شانۆگه‌ری (بووكه‌ به‌ بارانه‌) له‌ فیستیڤاڵی شانۆی منداڵاندا له‌ شاری (تـاران) به‌شدارییان كرد.. جێی سه‌رنج و دڵخۆشی و ده‌ستخۆشی بینه‌ران بوو. بووكه‌ به‌بارانه‌، یه‌كێكیش بوو له‌و شانۆیانه‌ی كه‌ خه‌ڵات كران.. هه‌ر ئه‌م شانۆیه‌ له‌چه‌ند شوێنێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا نمایشكرا، بووه‌ مایه‌ی شادی و خۆشحاڵی بینه‌ران، به‌تایبه‌تیش منداڵان.
له‌ هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی (ژیـار)دا بۆ فـیلم و بۆ وێنه‌ی كێشراوی منداڵان، له‌شاری (سـنه‌)ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چه‌ند فیلمێك و چه‌ندین تابلۆی وێنه‌ نمایشكران. یه‌كێك له‌و فیلمانه‌، فیلمی (بووكه‌ بارانه‌)ه‌ بوو، له‌ ئاماده‌كردن و ده‌رهێنانی (شه‌مسیا ناسری) و (ته‌یموور قـادری) یه‌كێكیش بوو له‌ فیلمه‌ خه‌ڵاتكراوه‌كانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌.
په‌رتوكێكیش به‌ناوی (بویكا بارانێ.. یاریێن كورده‌وه‌رای) كه‌ كاك (محه‌مه‌د حه‌سه‌ن بنـاڤی) به‌ زاری كرمانجی باكوور نووسیوێتی و له‌ (٢٠٠٢) دا له‌هه‌ولێر چاپكراوه‌. حه‌زمان ده‌كرد بۆ ده‌وڵه‌مه‌نكردنی ئه‌م باسه‌ ئه‌م په‌رتووكه‌شمان بخوێندایه‌ته‌وه‌.. به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ چاومان به‌م په‌رتوكه‌ نه‌كه‌وتووه‌.
خۆزگه‌و هـیوای ئه‌وه‌ش ده‌خـوازم كه‌، داده‌كانی باخچه‌كانی ساوایان، له‌ باشووری كوردستان، ئه‌وانیش ئه‌م نه‌ریته‌ كوردییه‌مان به‌رزو زیندوو رابگرن، منداڵانی باخچه‌كانیان، له‌رێی نمایشی شانۆییه‌وه‌ به‌ (بووكه‌ به‌ بارانه‌) ئاشنابكه‌ن.
)باران) پانتاییه‌كی باشی گرتۆته‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی و له‌ گۆرانی فۆلكلۆری كوردی و له‌ هۆنراوه‌كانی هه‌ندێ له‌و شاعیرانه‌ش كه‌ بۆ منـداڵان هۆنراوه‌ ده‌نووسن.. یه‌كێك له‌وانه‌ش كه‌ڵه‌ شاعیری گه‌له‌كه‌مان كاك (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)ه‌، له‌راستیشدا كاك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌هۆنراوه‌یه‌ك زیاتری له‌سه‌ر باران هه‌یه‌ و له‌چه‌ند هۆنـراوه‌یه‌كیشدا به‌جوانی و ئاسانی باسی له‌ سووده‌كانی باران بۆ منداڵان كردوون.. له‌ (دیوانی منداڵان)ی كاك له‌تیف هه‌ڵمه‌ت.. بۆ ئاماژه‌پێدان، ئه‌مه‌ كۆپله‌ی یه‌كه‌می هۆنراوه‌ی (بـاران)ی كاك هه‌ڵمه‌ته‌، كه‌ سێ كۆپله‌یه‌، شایه‌نی باسیشه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندێكی پیاوی سویدییه‌وه‌، هه‌ر به‌زمانی كوردی (بـاران)ه‌كه‌ی كاك هه‌ڵمه‌ت به‌ گۆرانییه‌وه‌ ده‌یڵێـته‌وه‌:
بـــاران
بـارانه‌… بـارانه‌
بـاران هـاوڕێی گشتمانه‌
دایـكم ده‌ڵێ:
هه‌رچـه‌ن بـاران ببـارێ
له‌گـه‌ڵ هه‌موو نمه‌یه‌كدا
گوڵێكی جـوان
دێتـه‌ خـــوارێ
له‌ ئاســــمان..
بووكه‌ به‌ بارانه‌، له‌لایه‌ن گه‌لێك له‌گه‌لانی تریش ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ گه‌لی ئه‌مازیغی كه‌ له‌باكووری ئه‌فریقادا ده‌ژین، به‌زۆریش له‌ وڵاتانی مه‌غریب و جه‌زایرو تونسدا، ئه‌وانیش به‌هه‌مانشێوه‌ی كورد، ئه‌مازیغییه‌كان بووكه‌ڵه‌ی (بووكه‌ به‌بارانه‌) كه‌ پێیده‌ڵێن (یالغـونجا) به‌ واتا كه‌وچكی گه‌وره‌ دارین، له‌قامیشی گه‌ڵا سه‌وز دروستی ده‌كه‌ن و جلی ژنانه‌ی له‌به‌رده‌كه‌ن و كه‌وگیرێكی داری گه‌وره‌ش به‌سه‌ریه‌وه‌ ده‌به‌ستن، ژن و منداڵان دوای بووكه‌ به‌بارانه‌كه‌ ده‌كه‌ون.. بووكه‌ به‌بارانه‌ كونترین و باوترین نه‌ریتی ئه‌مازیغییه‌كانه‌، هه‌ر له‌مانیشه‌وه‌ عه‌ره‌به‌كانی باكووری ئه‌فـریقا ئه‌م دابونه‌ریته‌یان وه‌رگرتوون و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.. میژووی سه‌رهه‌ڵـدانی نه‌ریتی بووكـه‌ بارانه‌یانه‌ی ئه‌مـازیغی، به‌ چیرۆكێكی ئه‌وینداری ئه‌فسانه‌ییه‌وه‌ گرێدراوه‌. چیرۆكی ئه‌وینی خوای باران له‌گه‌ڵ كچێكی زۆر جوانی ئه‌مازیغی (ته‌سـلێت و ئونـزار) كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بارانبارین یا نه‌بارینه‌وه‌ هه‌یه‌.. هیوادارم له‌ ده‌رفه‌تێكدا باس له‌م چیرۆكه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌ی ئه‌مازیغییه‌كان، بۆ خوێنه‌رانی كوردمان بكه‌ین.
دووباره‌ش هیـوای ئه‌وه‌ ده‌خوازم – باران ببارێت یا نه‌بارێت – هانی منداڵانی كوردمان بده‌ین، كه‌ له‌ گونده‌كان و شارۆچكه‌كان و له‌ باخچه‌كانی ساوایان له‌ كوردستاندا، له‌ وه‌رزی پایزو له‌ سه‌ره‌تای به‌هاردا، ساڵانه‌ رێوڕه‌سمی (بووكه‌ به‌بارانه‌) به‌ڕێوه‌به‌رن و نه‌هێڵن ئه‌م نه‌ریته‌ كورده‌وارییه‌مان كاڵبێته‌وه‌.

print

 121 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*