سەرەکی » دۆسێ » خانەی کازاخستان لە شەترەنجی جیۆپۆلەتیکیی جیهاندا

خانەی کازاخستان لە شەترەنجی جیۆپۆلەتیکیی جیهاندا

دیاری حەمە سەعید

ئەندامێکی ئەنجومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی روسیا دەڵێت، کازاخستان لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندیی پتەو و دانەبڕاوی بەڕوسیاوە هەیە، بۆیە دەبوو مۆسکۆ وەک وڵاتێکی زلهێز یارمەتی بدات و لەو کاتەشدا بیر لە پاساو و لێکدانەوە جیاوازەکانی ئەو کارە نەکاتەوە.

بارودۆخی نوێی کازاخستان
بارودۆخی نوێی کازاخستان خۆی بەسەر بارودۆخی گشتی و شەترەنجی جیۆپۆلەتیکیی جیهان، بەتایبەتی کۆمارەکانی پێشووی یەکێتیی سۆڤێتدا سەپاندووە، کە بەشێوەیەکی نەریتی پەیوەست بووە بە دۆخی سیاسی و ئەمنی و هەروەها باری ئابووری و تەنانەت ستراتیجیی هەموو ناوچەکە و جیهانیشەوە.

لەبەر رووناکیی ململانێ و بەربەرەکانیی روسیا و خۆرئاوا و کامڵبوونی توخمەکانی شەڕێکی ساردی نوێ لە نێوان ئەو دوو بلۆکەدا، بەتایبەتی بەهۆی دۆسێکانی وەک ئۆکرانیا و فراوانبوونی قەڵەمڕەویی پەیمانی ناتۆ بەرەو خۆرهەڵات، قەیرانی کازاخستان دەست پێدەکات کە سەرەتایەکیشە بۆ داڕشتنەوەی پەیکەربەندیی سیاسی و ئەمنی لە واقیعێکی گۆڕاودا لەسەر ئاستی ئەو ناوچەیە.

لە سەرەتای ساڵی نوێوە، خۆپیشاندان لەسەر نرخی سووتەمەنی لە کازاخستان؛ لە گەورەترین وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستدا سەریهەڵدا، کە دواتر گۆڕدرا بۆ توندوتیژی و تاڵانکاری و رووبەڕووبوونەوە. بەڵام دوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت، هێشتا رووداوە دراماتیکییەکان بەردەوامن و کاردانەوە و لێکەوتەی جیاجیای لێدەکەوێتەوە.

لە یەکێک لە رەهەند و گۆشەنیگاکانەوە، رووداوە دراماتیکیەکان و هەڵکشانی خێرای گرژی و توندوتیژی لە کازاخستاندا، لەرزۆکی و شڵەژاویی زۆرێک لە دەوڵەتەکان بەبیردەهێنێتەوە کە 30 ساڵ پێش ئێستا، دوای روخانی یەکێتیی سۆڤێت، بە درێژایی سنووری روسیا دامەزرانەوە کە زۆرجار تووشی پشێوی و نائارامیی سیاسی و ئابووری هاتوون.

مۆدێلێکی حوکمڕانیی جێگیر
قەیرانەکەی کازاخستان بەپێی زۆر پێوەر کتوپڕ و لەناکاو بوو، ئەو کۆمارەی سەر بە سۆڤێتی پێشوو، تا رادەیەکی زۆر بە ناوچە و قەوارە ئارامەکان ناوبانگی دەرکردبوو و وەک مۆدێلێکی حوکمڕانیی جێگیر دەردەکەوت، بۆیە دۆخەکە بووە مایەی سەرسوڕمان و نیگەرانی لە زۆربەی وڵاتان، بە تایبەتی لە هەردوو پایتەخت، واشنتۆن و مۆسکۆ.

رەزامەندیی خێرای مۆسکۆ لەسەر داواکەی حکومەتی کازاخستان بۆ ناردنی هێزی ئاشتیپارێزی روسی لە چوارچێوەی رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگ و ژێرخانییەکانی کۆمارەکە، بەڕوونی ئامادەیی کرێملین دەردەخات بۆ رێگەنەدان بە ئاژاوە و سەرهەڵدانی پشێوی کە دواتر سەربکێشێت بۆ رووداو و پێشهاتی گرنگتر.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نیگەرانیی قوڵ لە ئارادایە سەبارەت بەچارەنووسی دانیشتوانی روسی زمانی نیشتەجێی کازاخستان. لە لایەکی دیکەشەوە لێدوانەکانی بەرپرسانی روسیا ئەوە نیشان دەدەن کە مەترسیی ئەوتۆ نییە کە هێزەکانی روسیا لەم قۆناغەدا لە ململانێکانی کازاخستاندا تێوەبگلێن.

بەریەککەوتنی هێزە رکابەرەکان
هاوکات، یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی دەستوەردانی سەربازیی روسیا لە بەرژەوەندیی حکومەتی ئەو وڵاتە، ئەو کێشە و لێکەوتە جۆراوجۆرانەیە کە رەنگە لەکاتی روخان و لەرزینی پایەکانی دەوڵەتەکەی دراوسێیدا سەرهەڵبدات.

کازاخستان، کە دەکەوێتە نێوان روسیا و چینەوە، مەترسی ئەوەی لەسەر دروست دەبێت کە لەوانەیە ببێتە ناوچەیەکی نا ئارام بۆ بەریەککەوتنی هێزە رکابەرەکان، یان ببێتە مەیدانی پڕۆژەیەکی دژ بەڕوسیا و ئامرازێکی دوژمنکاریی دژ بەو وڵاتە.

کازاخستان دەکەوێتە ناو سێگۆشەی جیۆپۆلەتیکی (روسیا، چین، جیهانی ئیسلامی)یەوە، هەروەک هەشتەم گەورەترین وڵاتی جیهانە بەڕووبەری 2.7 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا.

لەگەڵ روسیا و چین و تورکمانستان و ئۆزبەکستان و قرغیزستاندا هاوسنوورە، زۆربەی کات پێی دەوترێت دەوڵەتی پێشەنگی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست، بەتایبەتی لەو رووەی کە خاوەنی سەرچاوە سروشتی، دانیشتوانی زۆر و قەبارەی ئابووریی زەبەلاحە.

لە راستیدا، لە مێژە سیاسەتی کازاخستان وا ناسراوە کە لەسەر بنەمای هاوکاری و سوودمەندیی ئاڵوگۆڕ کراو کار دەکات بەتایبەتی لەگەڵ ناوەندە جۆراوجۆرەکانی هێزی جیۆپۆلەتیکی (وەک روسیا، چین، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا)، تەنانەت بێلایەنی و هەڵوێستی وەک چاودێر مانەوەی هەڵبژاردووە لە دۆسێ پڕ لە ناکۆکییەکانی نێوان مۆسکۆ و خۆرئاوا.

بەڵام لە ژێر هەڕەشەی خۆپیشاندەراندا، بەتایبەتی ئەو کاتەی چەک و تەقەمەنی و جبەخانەکانی پۆلیسیان تاڵانکرد، حکومەت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بڕیاریدا روو لە مۆسکۆ بکات و داوای یارمەتی بکات. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیار درا لەسەر دەستپێکردنی میکانیزمی هاوکاریی سەربازی لە چوارچێوەی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ کە ساڵانێکی زۆرە پەراوێز کەوتبوو و هیچ بەهایەکی نەمابوو تەنانەت لە لایەن روسیاشەوە.

ئەم پێشهاتانەش لە کاتێکدا بوون کە قاسم گۆمارت تۆکاییف سەرۆکی کازاخستان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتەی وەرگرت لە جیاتی نورسوڵتان نزارباییڤی سەرۆک کۆماری پێشوو کە لە چەند رۆژی پێشتردا لە بەرچاوان ونبوو و بەپێی وتەی وتەبێژەکەی بڕیاریداوە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش بگوازێتەوە بۆ سەرۆکی ئێستا.

هەرچەندە پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ، لە رووی تیۆرییەوە و سەرەڕای دەیان تێبینیی تر، تەنیا لە ئەگەری دەستدرێژی و پەلاماریی دەرەکیدا چالاک دەکرێت نەک بۆ روبەڕوبوونەوەی خۆپیشاندەران، بەڵام راگەیەندراوی حکومەتی کازاخستان و باسکردنی «هەڕەشەی تیرۆریستان بە پشتیوانی هێزە بیانییەکان»، روونکردنەوەی تەواوە لەسەر ئاسانکاری و خێرا هاتنەسەر خەتی روسیا لە ژێر ناو و پاساوی ئەو پەیمانەی پێشتر ئاماژەمان پێدا.

یارمەتیدان یان داگیرکاری؟
خوێندنەوەی جیاواز هەیە لە بارەی هۆکارە راستەقینەکان و لێکەوتەکانی ناردنی سوپای ئاشتیپارێزی روسیا بۆ کازاخستان کە زۆربەیان پێچەوانەی یەکترین.

دیدگایەکی ستراتیژی
تاتیانا کاستوڤا توێژەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیوایە، مۆسکۆ، بەتایبەتی دوای ئەزموونی ئۆکرانیا، ناتوانێت رێگە بدات وڵاتێکی دراوسێی بکەوێتە ناو ئاژاوەوە، یان بکەوێتە ژێر حوکمی کودەتاوە، بەتایبەتی کە کازاخستان سێیەم گەورەترین کۆماری ئەندامە لە یەکێتیی سۆڤێتی پێشوودا.

کاستوڤا دەڵێت، هەروەک ئەو وڵاتە خاوەنی ئابوورییەکی پێشکەوتوو و دیدگایەکی ستراتیژییە (نەوت و کانزاکاری و بەرنامەی بۆشاییگەڕی (فەزایی)، هەروەک ئەندامیشە لە یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا.

لە هەمان کاتدا جەختدەکاتەوە، بە پێی ئەو ئەگەرەی کە بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە لەوانەیە هێزە سەربازییەکانی روسیا وەک داگیرکەر تەماشا بکەن، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ئەگەری توندوتیژی و تەنانەت تۆڵەسەندنەوە لە دژی بەشێک لە دانیشتوان کە بەڕەچەڵەک روسین یان زمانی روسی بەکاردەهێنن.

کە ئەمەش ئاماژەیەکی ئیتنیکی و فەرهەنگییە بۆ روسیا، کە کەمینە روسییەکان نزیکەی 5 ملیۆن پێکدەهێنن لە 17 ملیۆن کەس کە کۆی دانیشتوانی کازاخستانە و چارەنووسیان بۆ مۆسکۆ گرنگە.
سەربەخۆیی و بێلایەنی

سەرەڕای ئەوەش، پێیوایە، هاتنی هێزەکانی روسیا بەشێوەیەکی پراکتیکی رێبازی سەربەخۆیی و (بێلایەنی) پشتگوێ خستووە کە ماوەی 30 ساڵە نور سوڵتان نزاربایێڤ پێیەوە پابەند بووە و لەو رێگەیەوە هەوڵیداوە هاوسەنگی لە پەیوەندی لەگەڵ سێگۆشەی روسیا و خۆرئاوا و چیندا رابگرێت.

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی کازاخستان وردە وردە دەستیان کردووە بە کۆنترۆڵکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام هەندێک لە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاسان نابێت و کاتیش دەخایەنێت، تەنانەت بە ئامادەبوونی هێزەکانی رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵیش.

لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاری ناردنی هێز، پرسیار لەسەر دروستی حیسابەکانی روسیا دروست دەکات. پەنابردنی حکومەتی کازاخیش بۆ بژاردەی بانگکردنی هێزی ئاشتیپارێز، شمشێرێکی دووسەرەیە، بەتایبەتی لەو کاتەدا کە گومانی جددی هەیە کە مۆسکۆ ئامانجی لە ناردنی هێزە سەربازییەکانی رزگارکردنی حکومەتی ئەو وڵاتە نییە، هێندەی دەیەوێت توانای جیۆپۆڵەتیکی و هەژموونی خۆی لەو ناوچەیەدا زیاتر بکات و سنوورێک بۆ کشانی خۆرئاوا و پەیمانی ناتۆ دابنێت.

تیمۆفی برادچێڤ، ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی روسیا، رەچاوکردنی «ئەرکێکی ئەخلاقی» بەدوور نازانێت کاتێک روسیا خێرا هاتەسە خەت. بێگومانیش بەڕەچاوکردنی هۆکاری ئەمنی، واتە هێشتنەوەی کازاخستان وەک دەوڵەتێکی یەکپارچە و سەربەخۆ، بەپێچەوانەی ئۆکرانیاوە کە کازاخستان هیچ کات کاری دوژمنکارانەی دژی مۆسکۆ نەکردووە.

برادچێڤ دەڵێت، روسیا پێشتر و لە کاتی قەیرانەکەی کازاخستاندا نەخەوتبوو. هەرچەندە ئەو هەموو شتێکی سەبارەت بە ئۆکرانیا دەزانی، بەڵام ئەمە یارمەتیدەر نەبوو بۆ رێگریکردن لە کودەتاکەی ساڵی 2014ی ئەوێندەر کە نەیویست شتێکی لەو جۆرە لە کازاخستان دووبارە ببێتەوە.

 60 جار بینراوە