سەرەکی » راپۆرت » تونسییەكان وڵاتەكەیان بەجێدەهێڵن

لاوان سەرگوزشتەی سەیرییان هەیە

تونسییەكان وڵاتەكەیان بەجێدەهێڵن

بەدواداچوونی ئیدریس جەباری

دەسەڵاتدارانی توس دەڵێن، ژمارەی كۆچبەرانی وڵاتەكەیان بۆ ئەوروپا لە ساڵی رابردوودا پێنج هێندەی ساڵانی پێشووتر رووی لە زیادبوون كردووە.
وەزارەتی ناوخۆی تونس لە ساڵی 2017دا رێگەی لە كۆچكردنی شەش هەزار كەس گرتبوو، لەكاتێكدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2016دا نزیكەی هەزار كەس بوو.
دەسەڵاتداران، ژمارەی ئەو كەسانەی گەیشتوونەتە كەنارئاوەكانی ئیتاڵیا لە ساڵی 2017، بە نزیكەی هەشت هەزار تونسی مەزەندە دەكەن، بەڵام دەزگا سەربەخۆكان پێیانوایە ژمارەكە لە دە هەزار كەس زیاترە.
بابەتی كۆچی نهێنی، بووەتە سیمای سەرەكی ژمارەیەك لە شارەكانی تونس.
تونسییەكان زیاتر لە شارەكانی باكوورەوە كۆچ دەكەن بۆ ئیتاڵیا كە لەڕووی جوگرافییەوە لەسەر رۆخی دەریای ناوەڕاستە، و نزیكترە لە ئەوروپاوە.
هەر لەگەڵ چوونە نێو ئەو ناوچانە كە ناوبانگیان بە بەرهەمی هەریسە دەركردووە (ئەو بیبەرە تونەی بەردەوام لەسەر سفرەی نانخواردنی تونسییەكانە)، تێبینی جوڵەی لاوان دەكەیت لە گازینۆكانی سەر رۆخی دەریا.
یەكێك لەوانەی كارئاسانی بۆ پرۆسەی كۆچ دەكات دەڵێت، ناوچەی نابل ئەو ناوچە سەرەكییەیە كە هاوڵاتیان لێوەی دەچنە ئەوروپا و كۆچ دەكەن، ئەوەش بە حوكمی ئەوەی لەمێژە قاچاخچییەكان كاریی تێدا دەكەن.
ئەو كەسە كە نەیویستبوو ناوی ئاشكرا بكرێت، بە «بی بی سی»ی بریتانی راگەیاندبوو»خەڵك ناناسمەوە، هیچ پەیو ەندییەكی هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەوانەشدا نابەستم كە دەیانەوێت كۆچ بكەن، وەك بابەتێكی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا دەكەم، چونكە پیشەكەم ئەوەیە».

سەرگوزشتەكانی كۆچكردن
لەسەر بەلەمێكی تێكشكاو لە كەناردەریا لە نابل، سێ‌ لاو سەرگوزشتەی جیاجیایان گێڕایەوە.
یەكێك لە لاوەكان وەك خۆی باسی دەكات، لە ئیتاڵیا بووە و ژیانێكی باشی هەبووە، بەڵام وازی لەوە هێناوە و لەپاش شۆڕش گەڕاوەتەوە بۆ تونس تا «نیشتمانەكەی بنیات بنێت» بەڵام دەڵێت، رووبەڕووی واقعێكی رۆژانەی سەخت بۆتەوە، بۆیە هەوڵ دەدات جارێكی تر كۆچ بكات.
دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا دەڵێن، بەپێی رێكەوتنێكی دووقۆڵی، زیاتر لە 5000 تونسیان لە ساڵی 2017دا دوورخستۆتەوە كە ویستویانە كۆچ بكەن.
یەكێك لەوانەی دوورخراوەتە غیلانە كە لە ساڵی 2017دا لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنساوە دیپۆرتكرابۆوە.
تائێستاش غیلان پێداگرە لەسەر كۆچكردن و دەڵێت جارێكی تریش رێگەی كۆچكردن دەگرێتەوەبەر.
كەسێكی تر كە «بی بی سی» چاوپێكەوتنی لەگەڵ كردووە، دەڵێت»دوانزە جار كۆچم كردووە، تائێستاش هەوڵدەدەم، ئەوە خەونی رۆژانەمە، دەخەوم و بەئاگادێم جگە لەوە بیر لە هیچ شتێكی تر ناكەمەوە».

ناوچەیەكی تر
لە نابلەوە بۆ جەرجیس، ئەویش ناوچەیەكی تری كۆچكردنە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە لیبیاوە نزیكە لە باشوورەوە، بۆتە رێڕەوێك بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لە لیبیاوە كۆچ بكەن.
سەبارەت بە زۆرێك لەوانە كە زۆربەی هەرە زۆرییان ئەفریقایین، ئەوە رێڕەو نییە و گۆڕە و مانای كۆتایی ژیان دەگەیەنێت. ئەوانەی لە لیبیاوە كۆچ دەكەن، لەپاش نوقمبوون شەپۆلی دەریا هەڵیان دەدات.
شەمسەدین مەرزوق سەرقاڵی هەڵكەندی گۆڕە لەو گۆڕستانەی دەكەوێتە ناوچەیەكی چۆڵ لە باشووری تونس.
ئەو پیاوە دوای ئەوەی دوو كوڕەكەی كۆچیان كرد، ژیانی خۆی نەزر كردووە بۆ بەخاكسپاردنی ئەو تەرمانەی كە دەریا هەڵیان دەداتە دەرەوە، تەرمی ئەوانەی كە سەركەوتوو نەبوون لە كۆچكردن.
شەمسەدین كە گۆڕی بۆ تەرمی دوو كامیرۆنی ئامادە دەكرد، چاوەڕوان بوو لەپاش رێگەپێدانی نەخۆشخانە ئەو دوو تەرمە باخاكبسپێرێت كە شەپۆلەكانی دەریا هەڵیدابوونە دەرەوە.
ئەو پیاوە پێیوایە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی و بەبێ‌ رەچاوكردنی ئایین، یان نەژاد، یان رەگەزنامەی كۆچكردوو، رێزگرتن لە مردوو بەخاكسپاردنیەتی.

گۆڕستانی غەریبان
زۆربەی ئەو تەرمانەی شەمسەدین مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، ئەو تەرمانەن كە دەریا فڕێداونەتە دەرەوە، لە هەندێك كاتیشدا زۆر بە قورسی دەناسرێنەوە.
شەمسەدین چیرۆكی گۆڕێك دەگێڕێتەوە كە خاوەنەكەی ژنێكی نەیجرییە بەناوی رۆزماری، ئەوەش پێچەوانەی زۆربەی ناونیشانی گۆڕەكانە كە بە ژمارە دیاریی كراون و ناوێكیان هەڵگرتووە.
ئەو دەڵێت، رۆزماری كە مرد ناسرایەوە، تا ئەمڕۆش كەسوكاریی سەردانی گۆڕەكەی دەكەن. شەمسەدین هەست دەكات پەیامێك بەجێدەگەیەنێت.

«چاوەڕوانی ئەوانەی ناگەڕێنەوە»
تائێستاش جەرجیس رۆژی 11ی شوبات لەیادناكات، دوای چەند هەفتەیەك لەو شۆڕشەی بووە مایەی هەڵهاتنی زەین لعادین بن عەلی حاكمە بەهێزەكە.
لە ساڵی 2011دا لەو دەمەی تەوژمی كۆچ لە ترۆپكدا بوو، عەبدوڵڵا وەك باوكی باسی دەكات، لەگەڵ وەجبەیەك كە لە 120 كۆچبەر پێكهاتبوو، لە نیوە شەودا دەرچوون، بەر لەوەی بگەنە لامبیدۆزا، بەلەمەكەیان بەر كەشتییەكی پاسەوانی كەنارئاوەكانی تونس كەوتبوو.
بەلەمەكە وەك باوكی دەیگێڕێتەوە، بووە بە دوو كەرتەوە.
دەسەڵاتداران رایانگەیاندبوو، رووداوەكە بەهۆی هەڵەیەكەوە بووە، فاروقی باوكی عەبدوڵڵا تائێستا بڕوای بەو چیرۆكە نییە.
17 تەرم دەرهێنرانەوە و 5ی تریش لەنێو ونبووەكاندا ئەژماركران كە یەكێكیان عەبدوڵڵا بوو.
فاروق چەندان مانگ دەچووە دەرەوە و تەماشای دەریای دەكرد، چاوەڕوان بوو شەپۆلی دەریای تەرمی كوڕەكەی فڕێبداتە دەرەوە.

هەموو شتێك پەیوەندی بە كۆچەوە هەیە
لەگەڵ پیاسەكردنێكدا بە شەقامەكانی جەرجیس لە باشووری تونس، وەك هەموو شوێنەكانی تری ئەو وڵاتە، تێبینی ژمارەیەكی زۆر لە گازینۆكان دەكەیت. نەریتی دانیشتن لە گازینۆكان نەریتێكی كۆنە و بۆ سەردەمی ئیمپریالیستی فەرەنسایی لەو وڵاتەدا، دەگەڕێتەوە.
هەندێكی تر كاتی خۆیان بەدانیشتن لەبەردەم ماڵەكاندا بەڕێدەكەن كە بەسەر دارستانی دارزەیتونەكاندا دەڕوانێت. زۆربەی ئەوانەش بەتەمەنەكانن.
جەرجیس كە بەسەر دەریای سپی ناوەڕاستدا دەڕوانێت، یەكێكە لەو ناوچانەی لێوەی كۆچبەرەكان بەرەو ئەوروپا دەڕۆن، شوێنی كۆچكردنی نهێنییە كە بە شێوەزاری تونسی بە «الحرقە» ناودەبرێت.
لەو شوێنە واپێدەچێت هەموو شتێك پەیوەندی بە كۆچەوە هەبێت…زۆربەی ئەوانەی لە شەقامەكاندا دەبینرێن، بەتەمەنەكانن، چونكە لاوان كۆچیان كردووە، ئەمە قسەی یەكێك لە دانیشتوانی جەرجیسە.
یەكێكی تر دەڵێت، كۆشكە بەرزەكان كە بەسەر دەریادا دەڕوانن، هیچ ژیانیان تێدا نییە، جگە لە وەرزەكانی هاوین كاتێك كۆچبەرەكان (یان عەرەبی فەرەنسا وەك لەوێ‌ وەسفیان دەكەن) دەگەڕێنەوە.
ئەو تەلارانەیان لە شارەكانی خۆیاندا بۆ پشووی هاوین دروست كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە كۆچكردندا سەركەوتوو بوون.
هەموو ئەوانە ناونیشانەكەیان كۆچە.
حەسەن لیزب،لە ساڵی 1993وە لە شارەكەدا مۆزەخانەیەكی بۆ دۆكۆمێنتكردنی ئەوانەی دەریا هەڵیداونەتە دەرەوە دروستكردووە. لەمڕۆدا بەشێكی گەورەی ئەو مۆزەخانەیە لەسەر كۆچی نهێنییە.
لە یەكێك لەو بەشانەی بۆ كۆچی نهێنی تەرخان كراوە، پێڵاوی خنكاوەكانی پێدا هەڵواسراوە..هەرچەند دەچێتە ئەو بەشە، پێڵاوەكان دەجوڵێنێت و دەڵێت»ئەمە هەوڵێكی بێهودەیە بۆ گێڕانەوەی ژیان و زیندووكردنەوەی خاوەكانیان».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*