سەرەکی » وتار » قادر عومەر عەزیز » ئه‌و ناهه‌قییه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ؟!

ئه‌و ناهه‌قییه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ؟!

به‌لارێ دا بردن‌و خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵكه‌وه‌‌و ناشیرین كردنی نیشتمان‌و سوكایه‌تی پێكردنی، زۆر به‌داخه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌سیما دیاره‌كانی بانگه‌شه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق-له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش دیارتر‌و زه‌قتر مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ وه‌ك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان‌و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ركابه‌رێتیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بێ‌و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌شی زۆری به‌ئاراسته‌ی ئه‌وێ بێ، هه‌موو قسه‌‌و باسه‌كان روو له‌ هه‌رێمه‌‌و هه‌رچی خراپه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی ده‌كه‌ن‌و چی نه‌شیاوه‌ ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئه‌و و هه‌موو باشه‌كانیش بۆ خۆیان به‌حه‌ڵاڵ ده‌به‌ن.
ئه‌وه‌تا به‌رێز هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری ریكلامێكی بۆ خۆی كردوه‌‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی چوار ساڵه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی لیستی كوردستانی 2009-2013
كردوه‌ به‌ده‌ستكه‌وتی به‌رێز د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی‌و هیچی بۆ كه‌س نه‌هێشتۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌:
1-ساڵانی 2009 بۆ 2013 حكومه‌تی لیستی كوردستانی بوو كه‌ حكومه‌تی هاوبه‌شی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.
2-به‌رێز د. به‌رهه‌م ساڵح دوو ساڵ سه‌ره‌ك وه‌زیران بوو له‌سه‌ر پشكی ی‌.ن.ك.
3-ئه‌وه‌ی له‌و چوار ساڵه‌دا توانرا ئه‌نجام بدرێت به‌رنامه‌ی لیستی كوردستانی بوو به‌رنامه‌ی ئه‌و لیسته‌ش له‌ ئه‌رشیف دا ماوه‌‌و ئه‌و به‌رێزانه‌ی كڵێشه‌‌و سیناریۆی ریكلامه‌كه‌یان دارشتوه‌ ده‌توانن بچن سه‌یری بكه‌ن‌وهه‌مو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ له‌و به‌رنامه‌یه‌دا هه‌بووه‌.
4-ئه‌و به‌شه‌ زۆره‌ی به‌رنامه‌كه‌ كه‌ جێ به‌جێ كراوه‌ له‌ بودجه‌ی هه‌ر چوار ساڵه‌كه‌دا ره‌نگی دابوه‌وه‌‌و ئه‌وه‌ش جێ ده‌ست‌و په‌نجه‌ی هه‌ر 59 ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌و لیسته‌ی پێوه‌دیاره‌‌و گه‌ر ده‌نگ‌و هیمه‌تی ئه‌وان نه‌بوایه‌، هیچ به‌شێك له‌و به‌رنامه‌یه‌ به‌بودجه‌و یاساكاندا جێ به‌جێ نه‌ده‌بوو به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌پرۆژه‌كان، توانا سازی، باشتر كردنی ماف‌و ئیمتیازاتی كه‌س‌وكاری شه‌هیدان‌و ئه‌نفال، زیندانیانی سیاسی، خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، زیادكردنی ده‌رماڵه‌، زیادكردنی پاره‌ی سلفه‌ی عه‌قار، زیادكردنی سلفه‌ی هاوسه‌رگیری، قه‌رزی بچوك بۆ گه‌نجان، یایاس خانه‌نشینی‌و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كرێكاران، یاسای سندوقی كۆمه‌ك بۆ تووشبوانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌، یاسای دابین كردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون بۆ كه‌مده‌رامه‌تان‌و ده‌رچواندنی چه‌ندین بڕیار‌و یاسای تر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان.
5-هه‌موو ئه‌و خزمه‌ت‌و كارانه‌ی له‌و چوار ساڵه‌دا كراون، تیمێكی گه‌وره‌‌و فراوان كردونی‌ كه‌ پێك هاتووه‌ له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ لیستی كوردستانی، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیه‌كان، سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه‌ش پشتیوانی ئه‌ندام‌و لایه‌نگرانی هه‌ر دوو حیزبی به‌شداربووی لیستی كوردستانی له‌گه‌ڵدا بووه‌، ئه‌وجا ئه‌و ده‌ست كه‌وت‌و كارانه‌ به‌دیهاتوون.
بۆیه‌ ناكری‌و ناهه‌قیه‌كی گه‌وره‌‌و گرانه‌‌و شێواندنی راستیه‌كان‌و مێژووشه‌، به‌رێز هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری له‌و ریكلامه‌دا كردویه‌تی‌و هه‌موو ئه‌و كار ‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌ بۆ یه‌ك كه‌س ده‌گێرێته‌وه‌.

 572 جار بینراوە