سەرەکی » راپۆرت » ئەرکی بەرەنگاری داعش و دەرکردنی ئێران دەبێت لە سوریا

سوپا عەرەبیەکەی تـرەمـپ خەریکە دروست دەبێت

ئەرکی بەرەنگاری داعش و دەرکردنی ئێران دەبێت لە سوریا

ئامادەکردنی : بێژەن بورهان

لە دوای موشەک بارانکردنی ڕژێمی سوریا و کۆگاو عەمبارەگازیەکانی مانگی ڕابردوو «دۆناڵد ترەمپ»ی سەرۆکی ئەمریکا ویستی وڵاتەکەی بۆ کێشانەوەی سوپاکەی ئاشکراکرد و پێشنیاری جێگرتنەوەی سوپایەکی عەرەبی سوننی کرد لە خاکی سوریا و تا بۆشایی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە پڕبکاتەوە.

جێگەی ئەمریکا دەگرنەوە
بە پێی لێکدانەوەی چاودێران ئەو هەنگاوەی ترەمپ لەوەوەدێت کە نایەوێت ئیدی خەرجی شەڕەکانی بگرێتە ئەستۆ و سوپاکەی لەوێ بهێڵێتەوە،بە تایبەتیش لەدوای ئەو هەموو ساڵەی مانەوەو تێچوێکی زۆری دارایی هەژمونی وڵاتەکەی لەبەرامبەر ڕوسیا لەپاشەکشەدایە و نایەوێت زێتر زیانی پێ بکەوێت، بۆیە ئەلتەرناتیڤێکی تری خستۆتە بەردەم وڵاتان تا ئەو بۆشاییەی لەئەنجامی نەمانی سوپاکەی لەو وڵاتە جێی دەهێڵێت پڕی بکەنەوە، ئەویش بە جێگرتنەوەی سوپایەکی یەکگرتوی عەرەبی بە سەرپەرشتی شانشینی عەرەبی سعودی و بە بەشداری ئیمارات و میسر و بەحرێن وه هەموو ئەو وڵاتانەی کە دژی ئێران و سیاسەتی دەوڵەتی عوسمانلین دەخاتە چوارچێوەی ئەو سوپا یەکگرتووە.

دژی روسیا و تورکیا و ئێرانە
لەو نەخشە ڕێگایەش دوو ئامانج دەپێكێت ئەویش بریتییە لە: خەرجی شەڕەکان دەخاتە ئەستۆی ئەو دوو وڵاتە و دواتریش بەربەستێکی مەزن بەردەم هەریەک لە هەژمونی تورکیا و ئێران دروست دەکاو کۆت و بەندیان دەکات بەوەی دوو دوژمنی گەورەیان دەخاتە بەردەم و ئیدی کێشەی سوریای لەکۆڵ دەبێتەوەو خۆیشی لە دوورەوە ڕابەرایەتی و چاودێری دەکا و بە گوێرەی ئەو سیاسەتەی خۆی دەیەوێت کارەکان ڕایی دەکات، بەمجۆرە جەمسەرێکی بەهێزی عەرەبی و ئیسلامی لە بەردەم سێکوچکەی «ڕوسیا- ئێران – تورکیا» دادەنێ.

سێبەری ئەمریکا
بەو پێیەی هێزی ئەو وڵاتانەش لەگەڵ گەلی سوریا هاو نەتەوەو هاوئاین و هاوزمانی یەکتر، لەڕووی جوگرافیشەوە دەکەونە نزیکی یەکتر و لە ناو نیشتیمانی عەرەبیدان ئاسانتر لە هێزەبیانیەکان قەبوڵ دەکرێن و زەمینەیەکی لەبار هەیە بۆ جێگیربونیان، خۆئەگەر لەداهاتوشدا وڵاتەکە پارچە پارچەکراو کرایە چەند هەرێـمێک ئەوا بەو پێیەی ئەمریکا سێبەری لەوێ هەیە، دەتوانێت ببێتە ئەندازیاری نەخشەی سنوری نیوان هەرێمەکان و چۆنیەتی داڕشتنەوەیان.

گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان دەکات
ئەمریکا بەکردار خەریکی ئەو هەنگاوەیە و کەوتۆتە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ سعودیە و بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵیش، شانشینی عەرەبی سعودی و ئیمارات بەو نەخشە ڕێگایە ڕازی بوون ، ناوبژیکردن و هەوڵی ئاشتکردنەوەی هەردوو وڵاتی قەتەرو سعودیەش لەلایەن ئەمریکاوە، هەر لەچوارچێوەی ئەو هەنگاوانە دێ و لەگەڵ هەریەک لە ئیمارات و بەحرێن و میسریش بەهەمان شێوە خەریکی دامەزراندنی ئەو سوپایە و یەکخستنی هەڵوێستەکانیانن، هەروەها لەسەر ئاوەدانکردنەوەی شوێنە کاولکاروەکانی شەڕی سوریا و دوای بەشار ئەسەدیش قسەیان کردوەو داوا لە میر محمەد کراوە، کە چوار ملیاردۆلار تەرخان بکات بۆ ئەم مەبەستە.

بیرۆکەیەکی کۆنە
بیرۆکەی دروستکردنی سوپایەکی زۆرینەی عەرەبی لە ناو خاکی سوریا تازە نییە و لەماوەی ساڵانی قەیرانی ئەو وڵاتەدا لەزۆربۆنەدا باسکراوەو بەپێی هەندی سەرچاوەی میدیایی لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەنهێنی و بەجدی لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە دروستکردنی سوپایەکی ٥٠٠٠ کەسی پڕچەک بە تازەترین چەکی ئەمریکی و تەکنۆلۆژیای سەربازی باسکراوە، ئەرکی کۆکردنەوەو ڕێکخستنی هێزەکانیش خراوەتە ئەستۆی دەزگای» ئیریک برێنس وبلاک ۆتەر» کەماوەی ٨ ساڵە بنکەیەکی لە دوبەی ئیماراتی هەیە و لەوێش ئەرکی بناتنانی بنکەی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە جێبەجێ دەکات.

میسر دوو دڵە
هەرچەند کەنداو ڕازی بون بەو پلانە، بەڵام جێبەجێکردنیش جارێ تەگەرەی لەبەردەمدا ماوە لەپێشەوەیاندا وڵاتی میسرە، کە هەرچەندە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکایە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ناڕاستەوخۆ لە مەسەلەی ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد دوودڵەو لەگەڵ مانەوەیەتی، بۆیە یەکخستنی هەڵوێستی میسر و هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئاسان نییە.

رۆژئاوای کوردستان
جگەلەوەش لەسەر مەسەلەی کوردستانی ڕۆژئاواو کانتۆنەکان کێشە هەیە لەناو ئەو وڵاتانەدا،چونکە دوژمنداری تورکیا لەگەڵ شەڕڤانان وادەکات ئەو هێزەعەرەبیەش ڕاستەوخۆ بکەونە ناو ئەو ململانێیە و سوپاکەیان بخەنە بەرامبەر ئەوەی تورکیا.

تورکیا ئامادەی سازشکردنە
لەم بارەشەرەوە تورکیا هەستی بە مەترسی چارەنوسی خۆی کردوە لەم وڵاتە، بۆیە دەیەوێت لەو قۆناغەدا داخوازیەکانی ئەمریکا بەجێ بێنی و زیاتر لە عەفرین بمێنێتەوە،بۆیە پێدەچێت خۆی لەگەڵ ئەوهێزە ڕێک بخاو سازش لەسەر زۆر مەسەلە بکات، لەوانە دۆستایەتی کردنی ئیخوانەکان و دەستبەردان لە خۆتێهەڵقوترتاندن لە کاروبارەکانی ناو وڵاتە عەرەبیەکان، ئەمانە دەکات تەنها لەپێناو ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتیە عەرەبیە نەبنە دۆست وهاوخەباتی کورد.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

 17 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*