سەرەکی » زانست » له‌ چل ساڵی داهاتوودا توشبووانی زەهایمه‌ر سه‌دان ملیۆن تێده‌په‌رێنێت

له‌ چل ساڵی داهاتوودا توشبووانی زەهایمه‌ر سه‌دان ملیۆن تێده‌په‌رێنێت

گۆڕانكاری له‌شیوازه‌كانی ژیان سنوور بۆ ئه‌لزایمه‌ر  داده‌نێت.

 ده‌كرێت له‌نێو سێ حاڵه‌تی  تووشبوون به‌زهایمه‌ر ( خه‌ڵه‌فان) یه‌كێكی چاك بكرێت، ئه‌گه‌ر بێتو گرنگیی به‌ ته‌ندروستی مێشك بدرێت له‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی ته‌مه‌ندا.
 به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ توێژه‌ره‌وانی زانكۆی (كولیدج)ی له‌نده‌نی كردوویانه‌ و ئه‌نجامه‌كانی له‌وه‌رزنامه‌ی پزیشكیی (لانست)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌  چه‌ندین هۆكاری سه‌ره‌كیان  بۆ تووشبوون به‌زهایمه‌ر خستووه‌ته‌ڕوو له‌وانه‌ش، ته‌واو نه‌كردنی خوێندن‌و له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بیستن‌و  جگه‌ره‌ كێشان‌و ته‌مه‌ڵیی جه‌سته‌یی و هی تریش.
توێژینه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، تائێستا ژماره‌ی تووشبوانی زهایمه‌ر له‌جیهاندا 47 ملیۆن كه‌سه‌و پێشبینیشی كرد تا ساڵی 2050 ژماره‌ی تووشبوان به‌زهایمه‌ر بگاته‌ (131)ملیۆن كه‌س.
  به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ فاكته‌ره‌كانی  كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران به‌ ڕێژه‌ی 35%  كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سێك زووتر تووشی زهایمه‌ر بێت‌و ئه‌و فاكته‌رانه‌ش ده‌شێت بگۆردرێن، به‌ڵام هه‌ندێك  فاكته‌ری دیكه‌ هه‌ن كه‌ به‌ ڕێژه‌ی( 65%) كاریگه‌رییان هه‌یه‌ بۆ توشبون به‌زهایمه‌ر‌و ئه‌وانه‌ ناتواندرێت بگۆردرێن.
 له‌مباره‌یه‌وه‌ ( جیل لیڤینگستۆن) سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ وتی» له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ زهایمه‌ر له‌ قۆناغه‌كانی  به‌ ساڵاچووندا ده‌ستنیشانده‌كرێت، به‌ڵام ڕێوشوێنی گونجاو له‌ ئێستادا به‌ ڕاده‌یه‌كی زۆر ژیانی ئه‌وانه‌ باش ده‌كات كه‌ تووشی زهایمه‌ر ده‌بن ، ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ش بكرێن و سه‌ر بگرن ئه‌وا ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش ده‌گۆردرێت.
به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ی شێوازه‌ خراپه‌كانی ژیان كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه‌ له‌توشبوون به‌ زهایمه‌ر و چاككردنی  ئه‌و شێوازانه‌ش ڕۆڵی گرنگی ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه‌.
 ئه‌و تیمه‌ پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ته‌واو نه‌كردنی خوێندن و وه‌ستان  له‌ قۆناغێكی خوێندندا كار ده‌كاته‌ سه‌ر زووتر تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وانه‌ی خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن توانای زیاتریان هه‌یه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ ئاماده‌ییه‌ هزرییه‌كانیان.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ له‌ ده‌ستدانی بینایی و هه‌ستی بیستنیش له‌نیوه‌ی ته‌مه‌ندا دیسان فاكته‌رێكی مه‌ترسیداری گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌و دوو هه‌سته‌ گرنگه‌ وا له‌كه‌سه‌كان ده‌كات كه‌ بێبه‌ش بن له‌و ژینگه‌یه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ ڕووی تێگه‌یشتنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گۆشه‌گیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌مۆكی، ئه‌و دووانه‌ش دووباره‌ دوو فاكته‌ری مه‌ترسیدارن بۆ نه‌خۆشیی زهایمه‌ر.
پسپۆڕه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌ده‌ن  كه‌ جگه‌ره‌ نه‌كێشان‌و پاراستنی كێشی له‌ش‌و چاره‌سه‌ركردنی به‌رزیی په‌ستانی خوێن‌و شه‌كره‌ش هه‌موویان كۆمه‌ڵه‌ فاكته‌رێكن كه‌ مه‌ترسییه‌كان سنوردار ده‌كات هه‌ر له‌توشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ‌و كۆئه‌ندامی ده‌مار تا توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ و زهایمه‌ریش.
له‌دوا قسه‌شیاندا پسپۆڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌رچه‌نده‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی پوختیان له‌سه‌ر  ئه‌و فاكته‌رانه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی تووشبوون به‌ زهایمه‌ر، به‌ڵام نایشارنه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ توێژینه‌وه‌ی زیاتر‌و به‌رفراوانتر بكرێت بۆ گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵی ڕژێمی خۆراكیی و هه‌ندێك ڕه‌فتاری ڕۆژانه‌ بۆ سنورداركردنی زهایمه‌ر یان پێشخستنی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌ی ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌شێوێنێت.
سه‌رچاوه‌: BBC
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان (به‌شی دووەم) كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز / 16/ ...