سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » ئەزموونی غانا لەبواری پێشكەوتن و نەهێشتنی هەژار

ئەزموونی غانا لەبواری پێشكەوتن و نەهێشتنی هەژار

پێدەچێت زۆرتان نەزانن «غانا» کوێیە؟ یان لەوانەی بپرسن ئێمەی کورد چ پەیوەندییەکمان بەم وڵاتەوە هەیە؟ چ سوودێکی هەیە بۆمان؟ . لێ کاتێک ئاگاداری ئەو گەشەسەندنە گەورەیەی ئەم چەند ساڵەی دوایی ئەم وڵاتە دەبن، بەتیابەتی لەڕووی نەهێشتنی هەژاریی و گەندەڵی ، ئینجا دەزانن بۆچی دەمەوێت باسی غاناتان بۆ بکەم.
غانا یەکێکە لە وڵاتەکانی ئەفریقا، هەتا پێش چەند ساڵێک بە یەکێک لەدەوڵەتە فاشیلەکانی ئەفریقا دادەنرا، لێ لەم دوو ساڵەی پێشوودا گەشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینیووە بەتایبەتی لەبواری ئابووریی و نەهێشتنی هەژاری و گەندەڵی، هەروەها لەرووی سەقامگیری سیاسیی و دامەزراندنی سیستەمی دیموکراسیشدا، هەنگاوی گەورەی ناوە. ئەمساڵ غانا بەرێژەی 8% گەشەی ئابوروی کردووە، بۆرسەی غاناش بەرزترین گەشەی لەجیهاندا پۆمارکردووە، رێژەی هەژاریش بەشێوەیەکی زۆر باش دابەزییوە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ ئەم وڵاتە چۆن توانی ئەم هەموو سەرکەوتنانە تۆماربکات؟ ئەو فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییانە کامانەن. لێرەدا هەوڵ دەدەین، بەکورتی باسیان لێوەبکەین.

غانا کوێیە
پێش هەمووشتێک دەبێت ئێمە بزانین ئەم دەوڵەتە دەکەوێتە کوێی زەوی، ئینجا قسەی لەسەر بکەین. غانا یەکێکە لە دەوڵەتەکانی کیشوەری ئەفریقا و دەکەوێتە رۆژئاوای ئەفریقاوەو دراوسێی « ساحیل عاج و تۆگۆ، بۆرکینافاسۆ «یە لەرووی دەریاشەوە، دەکەوێتە سەر کەناری زەریای ئەتڵەسی و کەنداوی « گیوینا». واتە وڵاتێکە دەروازەی ئاوویی هەیە و کێشەی پەیوەندیکردنی بە جیهانەوە نییە.
شوێنێکی گرنگ
غانا لەرووی نەخشە‌ی جوگرافییشەوە شوێنێکی ستراتیژی هەیە، راستە وەکو وڵاتانی تری ئەفریقا رووبەروی زەوی زۆر نییە، لێ بچووکیش نییە. کۆی گشتی رووبەرەکەی دەگاتە 238537 کم چوارگۆشە. لە رووی کەشوهەواشەوە، لەچاو وڵاتانی تری ئەفریقا، کەشووهەوایەکی شێدارو باراناوی هەیە. هەروەها خاوەنی کۆمەڵێک رووبارو دەریاچەی گەورەی ئاویشە.، غانا یەکێکە لەو وڵاتە ئەفریقیانەی، کە کێشەی ئاویی نییە، چونکە سەرچاوەی ئاوی زۆری هەیە.

ژمارەی دانیشتوان
غانا لەرووی ژمارەی دانیشتوانیشەوە، دەتوانین بڵێین پلەی مام ناوەندی هەیە. کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 28 ملیۆن کەس. ساڵانەی بەرێژەی 2.3% گەشەی زۆربونی دانیشتوانی هەیە. گەورەترین شاری غاناش ئاکرای پایتەختە کە ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 2.3 ملیۆن کەس.

وڵاتێکی ڤرە نەتەوەو ئێتنی
غانا وڵاتێکی ڤرە نەتەوەیە و کۆمەڵێک نەتەوە ئێتنی جۆراجۆری تێدا دەژی. گەورەترین نەتەوە « ئاکان» ەکانن کە رێژەی 47.5% ی دانیشواتنی غانا پێکدەهێنن. دای ئەوانیش نەتەوەکانی «مۆلە داغبانی» دێت کە رێژەی 16.6% دەبن، ئینجا « ئوا» رێژەی 13.9% ، پاشان « گائادانگمە» دێت کە رێژەی 7.4% پێکدەهێنێت. زمانی فەرەمی غانا « ئینگلیزیییە» و لەپەناشیدا زمانی « ئاکان» دێت. جگەلەمانیش نزیکەی 40 زمان و دیالکەتیکی تر لەغانادا بەکاردێت.

لەرووی ئاینییەوە
لەرووی ئاینیشەوە مۆزایکێکی ئاینی هەیە ، گەرچی لە 71% ی دانیشتوانەکەی سەر بەئاینی مەسیحین. لەمانیشدا 47% ی سەر بەمەزهەبی پرۆتستانتن و 14% سەر بە مەزهەبی کاتۆلیکین. جگە لەمانیش 18 % ی موسڵمانن، هەروەها 5% سەر بەئایینی سروشتین، بەشێکی زۆریشیان بێ ئایینن.
حوکمی عەسکەر
گەورەترین کێشەی غانا لەرووی سیاسییەوە، زاڵبونی دەسەڵاتی دەزگای سەربازی بوو بەسەر بڕیاری سیاسیدا. لەپاش رزگاربوونی لەساڵی 1957 لەژێردەستی کۆڵۆنیای بەریتانیا، دەزگای سەربازی بۆتە گەورەترین کێشەی بۆ ئەم وڵاتە و پێنچ جاریش کودەتایکردووە.

پێنچ کودەتای سەربازی
لیوا ئیماونێل یەکەمین کودەتای سەربازی لەڤێبرایەری ساڵی 1966 دا بەسەر کوتوکا کوامی نکرومی سەرۆکی وڵات کرد و دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەمەش سەرەتایەکی خراپ بوو بۆ هاتنی سەرباز بۆ کایەی سیاسی و کردنەوەی دەرگای کودەتای سەربازی لەم وڵاتە. پاشتریش چوار کودەتای تر روویاندا. لە نێوان ساڵانی ی 1972 و1982 چوار کودەتای سەربازی روویدا، جیری روالینگس دوایین جەنەراڵی سەربازی بوو کە کودەتای کرد. بەڵام هەرئەویش بوو کە بوو بە یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێراو لە نێوان ساڵانی 1993 تا 2003 حوکمی وڵاتی کرد، دەشتوانم بڵێم هەر ئەویش بوو رێگای خۆشکرد بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە غانا، هەرچەندە هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیەش زۆر هێواش بوون، لێ دواجار سەرکەوتووبو.

پرۆسەی دیموکراسی
پرۆسەی دیموکارسی لەغانا لەساڵی 1992 ەو دەستیپێکرد هەرچەندە رووبەری کۆمەڵێک گرفتی گەورەبووەیە، بەڵام لەوکاتەوە حەوت خوڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەبووەو پێنچ سەرۆک وازیان لە دەسەڵات هێناوەو دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەستی پێکردووە. هەردوو پارتی سەرەکی وڵات « پارتی نیشتمانی نوێی و پارتی نیشتمانی دیموکراتی» سێ جار لەنێوان هەردوولا، دەسەڵات دەستاودەست کراوە. جگەلەمانەش کۆمەڵێک پارتی بچووکی تر هەن. دەتوانم بڵێم غانا لە چاو دەوڵەتانی تری ئەفریقا، لەپاش ساڵانی نەوتەوە، ووردە ووردە توانی لە چنگی حکومی ستەمکاریی و سەربازی رزگاریبێت .
نانا ئاکۆفۆ ئادۆ
نانا ئاکۆفۆ ئادۆ « لەساڵی 1944 « لەدایکبووەو بەشی یاسای تەواوکردووەو یەکێکە لەسیاسەتمەدارە ناسرا و سەرکەوتووەکانی غانا و ئەفریقا. لەساڵی 2001 تا 2003 داواکاری گشتی غانا بووەو رۆڵی باشیشی هەبووە لە باشکردنی سەروەری یاسا. لەهەمانکاتیشدا بە یەکێک لەو کەسانە دادەنرێت، کەجەنگێکی سەختی کردووە لە دژی گەندەڵیی و ئەمەش بووە هۆی کە ناوبانگی باش لەناو غانییەکاندا پەیدا بکات و بگاتە کورسی دەسەڵات.

سەرۆکێکی دەستپاک
خاڵی بەهێزی کەسایەتی ئاکۆفۆ ئادۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی بووە، هەرئەمەش وایکرد لەرێگەی هەڵبژاردنەکانەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەرەتای ساڵی 2017 بووە سەرۆکی غانا. لەوکاتەشەوە هەڵمەتێکی گەورەی لە دژی گەندەڵی دەستپێکرد.

شەڕ لەدژی گەندەڵێ
ئادۆ بەوەفا بۆ بەڵێنەکانی و شەڕێکی گەورەی دژی گەندەڵی دەستپێکرد، ئەمەش لەرووی سیاسیی و ئابووریەوە بە قازانج بۆ ئەم وڵاتە گەڕایەوە. لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتە، توانی نزیکەی 7 ملیارد دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە، ئەوەش لە رێگەی چاودێریکردن و پشکنینی ووردی رێکەوتنەکانی دەوڵەت لەبواری نەوتدا. هەر لەو ساڵەدا نزیکەی 11 رێکەوتنی حکومی لەبواری نەوت هەڵوەشاندەوە، کە ئەمەش بە سوود بۆ ئەو وڵاتە گەڕایەوە.

نەوت
خاڵێکی تری سەرکەوتنی بەرنامە ئابوورییەکانی ئادۆ پەیوەندی بە « نەوت» ەوە هەیە، کە رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە پێشخستنی ئابووری وڵات. لە چەند ساڵی پێشوودا غانا بەرهەمی نەوتی زیادیکردووە، هەروەها کۆمەڵێک کێڵگەی نەوتی نوێشی دۆزیوەتەوە، کە ئەمەش هێندەی تر سامانی ئابووری وڵات زیاتر دەکات. ساڵی 2010 رۆژانە تەنها 8 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام ساڵی 2017 گەیشتە 60 ملیۆن بەرمیل . ئەمەش داهاتێکی نوێی بەخشیە ئەم وڵاتە.

کاکاو
دیارە تەنها سامانی سروشتی هۆکاری باشبوونی ئابوروی نەبوو، بگرە کشتوکاڵیش بەتایبەتی بەرهەمی « کاکاو» کە بەرهەمێکی سەرەکی غانایە، ئەویش گەشەی باشی بەخۆوەبینی، ئابووری غاناش سوودی لە بەرزبوونەوەی نرخی کاکاو وەرگرت،چونکە ماوەی دوو ساڵێکە بەهای کاکاو لەبازاڕە جیهانییەکان بەرزبویەوە ئەمەش بە سوود بۆ غانا گەڕایەوە.

گەشەسەندنێکی بێ وێنە
لەم یەک دوو ساڵەی پێشوودا ئابووری غانا گەشەیەکی زۆر گەورەی بەخۆوە بینی، ئەمساڵ گەشەی ئابورویی غانا بە رێژەی 19% بووە، ئەمەش گەورەترین رێژەی لەجیهاندا. هەرئەمەش وایکرد کە بەرهەم و داهاتی نیشتمانی زیاد بکات و کۆی بەرهەمی گشتی وڵاتیش گەیشتە 47 ملیارد دۆلار. لەرووی کورتهێنانی بودجەی حکومیشەوە، رەوشەکە باشتربووە، بۆنموونە ساڵی 2017 کورتهێنانی بودجە بەرێژەی 5.9% بووە، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە بۆ 4.5% دابەزیوە. هەتادێتیش سەرمایەگوزاری بیانیش زیاتر دەبێت بەتایبەتی لەرووی سامانی سروشتییەوە، چونکە چەند کێڵگەیەکی نەوتی نوێ دۆزرایەوە.

لەناوبردنی هەژاری
غاناش وەکو هەموو وڵاتانی تری ئەفریقا، زۆربەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە گیرۆدەی دەستی هەژاری بوون، دیارە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی داگیرکاری بەریتانیا، لەگەڵ بوونی حکومڕانی خۆماڵی خراپ، کە ماوەیەکی زۆر حوکمی ئەم وڵاتەی دەکرد. ساڵی 1991 نزیکەی 53% ی دانیشوانی غانا لە ژێر پلەی هەژاریەوە دەژیان و ژیانێکی کولەمەرگی دەژیان. لێ پاش دەستپێکردنی پرۆسەی دیموکراتی و باشكردنی حکومی وڵات، پرسی کێشە‌ی هەژاری بۆتە مەسەلەی سەرەکی هەموو حکومەتەکان.
لەساڵی 2006 ەوە رێژەی هەژاری بە 1.1% ساڵانە کەمیدەکرد، دیارە ئەوەش بەهۆی بوونی سیاسەتی لەناوبردنی هەژاری لەلایەن حکومەتەکانی غاناوە. لەساڵی 2012 ئەم رێژەیە بۆ 21% ی کەمبوویەوە. بەڵام ئەمساڵ بەتەواوەتی رێژەکە دابەزیوە بۆ 10.1% ی دانیشتوان بەتایبەتی لەشارە گەورەکان، گەرچی لە گوندەکان رێژەکە زۆرترە. لەمڕۆشدا سیاسەتی لەناوبردنی هەژاریی و باشكردنی رەوشی ژیانی خەڵکی، ئەرکی سەرەکی حکومەتە.

باشكردنی رەوشی خوێندن
یەکێک لەبنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی گەشەسەندنی ئابووریی و لەناوبردنی هەژاری، باشكردنی رەوشی خوێندنە، هەربۆیە حکومەت هەوڵیداوە لەرێگەی باشكردن و زیاترکردنی بودجەی کەرتی خوێندن، پەرە بەم کەرتە گرنگە بدات، بۆ ساڵی 2018 ، کەرتی خوێندن رێژەی 11% ی لە بودجەی گشتی حکومەتی بۆ تەرخانکراوە، ئەمەش رێژەیەکی زۆرە لەچاو وڵاتانی تری ئەفریقا .

دەرئەنجام
بمانەوێت یان نا، ئەزمونی غانا لەرووی حوکمڕانییەوە لەئێستادا نموونەیەکی سەرکەوتووە، هەروەها توانیوشیەتی، ئەزمونێکی باشی حکومرانی پێشکەشی کیشوەری ئەفریقا و جیهان بکات، بۆ ئێمەی کوردیش گرنگە سوود لەم ئەزموونانە وەربگرین و شارەزاییان بین، چونکە ئەوانیش وەکو ئێمە پێشتر بەدەستی گەندەڵی و هەژاریی و نەخونێدنەواریی و داگیرکاریەوە ناڵاندوویانە، ئێمە زیاتر سوود لەم ئەزموونانە وەردەگرین کە لە ئێمەوە نزیکە، نەک ئەزموونەکانی رۆژئاوا.

سەرچاوە:
Ghan.www . asuwertigeamt.de.
ghana-_wirtschaftsdaten-kompakt-ghana-november-2015.pdf. www.bak.de

احمد طالب.رحله‌ غانا ،من الفقر الی الاقتصاد الاسرع نموا فی العالم- ساسه‌ بوست

 811 جار بینراوە