سەرەکی » وتار » ئاشتی‌ عه‌بدوڵڵا‌ » چەند راستییەک، ناکرێت نەوترێت..پەڕە 24

وته‌ی‌ ژنۆرناڵ

چەند راستییەک، ناکرێت نەوترێت..

لەو مانگەی کە لەبانگەشەدابووین ٣٦ کاندید لەسلێمانی لەلیستەکەی مام ماندوونەناسانە کاریان ئەکرد لەپێناو سەرکەوتنی لیستەکەمان و ھەریەکەشمان لەپێناو بەدەستھێنانی دەنگی زیاتر ئەوەی پێویست بوو کردمان.
دەرئەنجام یەکێتی بەرھەمی ماندووبوونی خەباتی رابردوو و ئێستای چنییەوە .
ئەوەی مەبەستمە تیشکی بخەمەسەر وەک کاندیدێکی ژن کە لەنزیکەوە ئاگاداربووم لەھەڵمەتی بانگەشەکە، ئەوەیە کە رەنگە زۆرینەمان ھەوڵی بەدەستھێنانی پشتیوانی سەرکردەکانمان دابێت ، بەتایبەت قوبادی مام جەلال ، بەڵام ئەوەی کەبینیمان لەم سیاسیە گەنجە ، ئەوەبوو کە بەویژدانەوە و بەرۆحێکی یەکێتیانە بەبێ جیاوازی ببووە چەتری ھەمووان و مام ئاسا مامەڵەی لەگەڵ ھەمووان ئەکرد ، تەنانەت لەدانیشتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، «کەھەر چەندی کردوە نەیتوانیوە دەنگ بەکاندید بدات، ئەگەر چی مەسافەی ناسین و نزیکی بۆ کاندیدەکانیش جیاواز بووبێت و تەنھا دەنگی بەلیستەکە داوە»..
لەو مانگەدا کەپڕبوو لەئەزموون بۆ ئێمە، گەیشتینە یەقین، کە سیاسەت جگە لەدیوە شۆرشگێری و حەماسیەکەی پێویستی بە زۆر رێکار و فاکتەری تر ھەیە لەوانە عەقڵێکی سیاسی و بڕیاری دیراسەبۆکراو، ئێمە ئەمەمان بەدیکرد لەنزیکەوە..
دوای ئەوەی ئەزموونمان کرد، ئەتوانین بڵێین، کە داھاتوو بۆ سیاسیە گەنجەکانە، کە ھەڵگری رۆحیەتێکی یەکێتیانەن و ھەڵگری پەیام و رێبازی مامن و یەکێتیەکان و خەڵکیش چاوەڕێی زیاترن لێیان..
ئەمەوێ ئەوەش بڵێم کەگەیشتمە ئەو بڕوایەی کەھەموو ئەو قسانەی بەنەرێنی ئەکرێن، لێرەو لەوێ، دەرئەنجامی ئەم واقیعەیە (رۆحیەتێکی یەکێتیانە) کە رەنگە ھەمووان نەتوانن بەعەمەلی بەو جۆرە مامەڵە بکەن و ببنە ئەو چەترەی بۆ یەکێتیەکان پێویستە..
ناکرێت نکۆڵی لەویستی ھەریەکێکمان بکەم بەخۆشمەوە کەمەبەستمان بووە ئەو پشتیوانیە تایبەتە بەدەستبێنین ، بەڵام ناشکرێت ئەم راستیەی باسم کرد بەنەوتراوی بمێنێتەوە !!
لەکۆتایدا ماوەتەوە بڵێم کە ئەو بەڵێنانەی بەدەنگدەرانمان دا با لەبیرنەکرێت، بەتایبەت رێکخستنەوەی نێو ماڵی یەکێتی و بەستنی کۆنگرە و باشترکردنی گوزەرانی خەڵک ، ئەم ئەرکە لەسەر شانی ھەمووانە و بەتایبەت ھەوڵەکانی قوبادی مام جەلال پێویستە زیاتر بێت بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە تا بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەھەگبەی پڕەوە لەدەرگاکان بدەینەوە، تا ئەوانیش بەرھەمی دەنگەکانیان بچننەوە..

 43 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*