توێژینەوەیەكە لەلایەن بەختیار قادر حەمە فەتاح
پێشكەش بە بەشی مێژووی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەكانی زانكۆی سلێمانی كراوە، وەكو بەشێك لەپێداویستییەكانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆرێس لە مێژوو.
بەسەرپەرشتی د.هیوا عزیز سعید
(2716)ی كوردیی
(2016) ی زایینی
شارەزوور لەڕووداوە سیاسییەكانی شۆڕشی نوێدا
باسی یەكەم ـ سەرنجێكی گشتی لە سەر پێگەی شارەزوور لە شۆڕشی نوێدا:
لەپاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، بێهیواییو نائومێدی ڕووی لە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام هێشتا كۆمەڵە كەسانێك هەبوون خواستی بەردەوامی شۆڕشیان هەبوو، چاوەڕێی دەرفەتیان دەكرد بۆ ئەوەی جارێكی تر خەباتی چەكداری دەستپێبكەنەوەو ڕووبكەنەوە شاخەكانی كوردستانو بیكەنەوە بە پەناگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێم، لەهەمان كاتدا لەو ماوە چاوەڕوانییەدا ویستیان هەڵوێستی رژێم بزانن، ئایا رژێم لەسەر هەمان سیاسەتی خۆی بەردەوام ئەبێت یان بیردەكاتەوە كە بەتەواوی كۆتایی هێناوە بەبزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردییو جوڵەو خەباتی پێشمەرگە لە شاخەكانی كوردستاندا، سەرانی رژێم بەو شێوەیە بیریان دەكردەوە كە شۆڕش بۆ هەمیشە كۆتایی هاتبێت، واتە بە هەموو شێوەیەك لە خۆبایی بووبوون.
خەڵكی كوردستان بەهەمان شێوە بیریاندەكردەوە، پێیانوابوو شۆڕش بۆ هەمیشە كۆتاییهاتووە، چونكە هەستیان بەوە كردبوو جوڵەی پێشمەرگە لە شاخ كۆتاییهاتووە، بەم هۆیەوە ژمارەیەك لە هاونیشتمانان ترسی كۆتاییهاتنی نەتەوەی كوردیان هەبوو.
لەم كاتەدا لە بەردەم سەركردایەتی كورد دوو ڕێگا هەبوو، یان دەبوو بێدەنگییان هەڵبژاردایەو ملیان كەچبكردایە بەرامبەر بەو تاوانانەی رژێم دەرهەق بە خەڵكی دەیكات، یان دەبوو چەك هەڵبگرنەوەو رووبەكەنەوە شاخو درێژە بە خەباتی چەكداریی بدەن دژ بە رژێمی بەعس.
لە پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلول بۆ یەكەمین جار لە سنوورەكانی ناوچەی شارەزوورو هەورامانو سورێن مەفرەزەكانی پێشمەرگە دروستبوونەوە، روویان كردەوە شاخ، واتە ئەو دەڤەرە بوو بەیەكەم پەناگەی هێزەكانی پێشمەرگە، هەر لەوێوە جارێكی تر مژدەی شۆڕشێكی نوێ بە گوێی جەماوەری كوردستان درایەوە.
لەپاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلول كۆمەڵە كەسانێك هەبوون لە ناخی خۆیاندا بروایان بەهەرەسو كۆتایی نەبوو، بەهۆی هەوڵە بەردوامەكانیانەوە لە دەرەوەی وڵات دواجار بڕیاریاندا بەدامەزراندنی حزبێك (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)، ئەمەش پاش ئەوەبوو كە (جەلال تاڵەبانی) نامیلكەیەكی نوسی بەناوی (الإتحاد الوطنی الكردستانی لماذا- یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆچی)، ئەم نامیلكەیە پاش چەند مانگێگ وەرگێڕایە سەر زمانی كوردییو بڵاوبوویەوە لە زۆربەی شوێنەكانی كوردستان، ئەمەش ڕۆڵی هەبوو لە جۆشدانی هەستی نەتەوایەتی كوردی لە باشوری كوردستان.
گەیاندنی پەیامەكانی یەكێتی بە جەماوەر
گەڕانەوەی زۆربەی كادیران لە دەرەوەی وڵات كاریگەری خۆی هەبوو لەسەر هۆشیاركردنەوەو گەیاندنی پەیامەكانی یەكێتی بە جەماوەر، پاش تێپەڕبوونی ساڵێك لە دامەزراندنی یەكێتی ژمارەی ئەندامو كادیرانی لە زیادبووندابوو، لەهەمان كاتدا رژێم هەستی بە جوڵەی رێكخستنەكانی یەكێتی كردبوو، هەربۆیە سەركردایەتی یەكێتی بریاری دەستپێكردنەوەی شۆڕشی داو جارێكی تر مەفرەزەكانی پێشمەرگە دروست بوونەوە.
یەكەمین مەفرەزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلایەن (٧) كەسەوە دامەزراو روویانكردە شاخ ئەوانیش: (محەمەدی حاجی مەحمود، حامیدی حاجی غالیب، شەوكەتی حاجی موشیر، عەلی شیعە، د.رەزا، تۆفیقی رەعنا، شێخ عەلی)بوون، ناوچەی شارەزوور بووە یەكەم پەناگە بۆ مانەوەی یەكەمین مەفرەزەی یەكێتی ، ئەم مەفرەزەیە پاش دروست بوونیان یەكەم چالاكی خۆیان لە تەموزی ساڵی ١٩٧٦ ئەنجامدا، كاتێك لەسەر رێگای هەڵەبجە سەید سادق لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمود تەقە لە مەفرەزەیەكی شارەزوور لە گوندی (تەبە رێزینە) كرا، لە تشرینی یەكەمی هەمان ساڵیش لە گوندی (تەپە تۆڵەكە) هەریەكە لە (شێخ عەلی، تۆفیقی رەعنا) لەهەمانكاتیشدا دەسترێژی گوللەیان لە دوژمن كرد، كەلە سەید سادقەوە بۆ هەڵەبجە دەڕۆشت، هەرچەندە لە دوو هەڵمەتدا دوژمن زیانی گیانیو مادی بەرنەكەوت، بەڵام ئەم چالاكیانە ترسو دڵەڕاوكێی لای دوژمن دروستكرد، چونكە ئەوان لەو باوەڕەدا نەبوون، پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلول جارێكی تر مەفرەزەكانی یەكێتی دروستببنەوە، بەڵام ئەم دوو ڕوداوە دوژمنی دووچاری شۆككرد، لەهەمانكاتدا بووە مایەی دڵخۆشكردنی خەڵكی كوردستان، ئەوانە ئەم هەوڵەیان بەرگوێكەوت وەك مژدەیەك وابوو بۆیان؟، پێیانوابوو هیواو ئومێد گەڕاوەتەوە بۆیانو سەرلەنوێ شۆڕش دەستی پێكردۆتەوە.
پەیوندییان بە مەفرەزەكانی یەكێتی دەكرد
لێرەوە خەڵكی شارەزوور پەیتا پەیتا پەیوندییان بە مەفرەزەكانی یەكێتی دەكرد ئەوانەی دەهاتنە ریزەكانی پێشمەرگە لە هەموو چینو توێژەكان بوو، گەنجانو لاوان ڕێژەی زۆربەیان پێكدەهێنا، هەندێكیشیان كەسایەتی دیارو ناسراو بوون پێگەی جەماوەریو كۆمەڵایەتیان بەهێزبوو.
سەبارەت بەو چەكانەش كە مەفرەزە سەرتاییەكانی یەكێتی بەكاریان ئەهێنا لە جۆرەكانی( كڵاشینكۆف، برنەو، دەمانجە)بوون، كە چەكی كۆنی شۆڕشی ئەیلول بوون، لەپاش هەرەس هەڵگیرا بوون لەگەڵ دروستبوونەوەی مەفرەزەكان جارێكی تر دەرهێنرانەوە.
پاش سەركەوتن لە چالاكیەكاندا بەرامبەر دوژمن ژمارەی چەكەكان ڕوویان لە زیادبوون دەكرد، لەپاش شۆڕشی گەلانی ئێرانو شكستی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی دەستبەكاربوونی دەسەڵاتی نوێ لە ئێراندا پەیوەندییەكانی هێزەكانی پێشمەرگەو ئێران بەرەو بەهێزی هەنگاوەنا، بەم هۆیەشەوە ئێران هاوكاریو كۆمەكی مادی هێزەكانی پێشمەرگەی دەكرد.
سەبارەت بە چالاكیەكانی مەفرەزەكانی یەكێتی لە شارەزوور دەكرێت بڵێین لەسەرەتای دەستپێكردنەوەی شۆڕش هەتاوەكو سەركەوتنی راپەرین لە ساڵی ١٩٩١ شارەزوورییەكان رۆڵێكی بەرچاویان هەبووو لەناو مەفرەزەكانی یەكێتیدا، بەردەوام بەورەیەكی پۆڵاینەوە بەرەو رووی دوژمن وەستاونەتەوەو تونویانە زیانێكی زۆر گەورە لە سەربازانی رژێم بدەن، هەرئەمەش وای لە رژێم كردووە سیاسەتێكی توندوتیژیی بەرامبەر بە خەڵكی ناوچەكە بەكاربهێنن، بەشێوەیەك دانیشتوانی شارەزوور لە ماوەی نێوان ساڵانی١٩٧٦-١٩٩١ چەندجار دوچاری ئەشكەنجەدانو شوێن هەڵكەندراوی بوونەتەوە، بەشێكی زیندانەكانی رژێم بەگەنجانی ناوچەكە پڕكراونەتەوە.
زەبرێكی كوشندە لە سوپای رژێم بدەن
لە مانگی ئابی ١٩٧٧ لە ناوچەی شارەزوور هێزەكانی پێشمەرگە توانیان زەبرێكی كوشندە لە سوپای رژێم بدەن، ئەویش دوای ئەوەی لە گوندی ( قاینە بجە) توانرا لە هەڵمەتێكدا زیانی گیانیو مادی لە سوپای رژێم بدەن، پاش سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە رژێم لە ناوچەكەدا ترسو دڵەراوكێی لێنیشت، بەشێوەیەك ژمارەی سەربازانی زیادكرد، زۆربەی دانیشتوانی ناوچەكە وایان بینی كە شارەزوور لەسەر بازگەیەك دەچێت نەك شوێنی نیشتەجێ بوون.
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەندیەكانی نێوان پێشمەرگەو ئێرن رووی لەبەهێزی كرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی حكومەتی عێراق كاردانەوەیەكی خراپی هەبێت، چونكە لەو كاتەدا پەیوەندییەكانی عێراقو ئێران بەرەو گرژیو ئاڵۆزی هەنگاوی دەنا، دواجار لەساڵی (١٩٨٠) دوچاری شەڕ بوونەوە، لەوساڵەداو لە مانگی ئابدا سوپای رژێم بە هێزێكی زۆرەوە هێرشیان كردە سەر گوندی دیسكەرە لە قەزای شارەزوور، پاش بۆردوومانێكی چری تۆبخانەكانی رژێم، شەڕو رووبەرووبەنەوە لە نێوان سوپاو هێزەكانی پێشمەرگە روویدا،پاش تێپەر بوونی چەند سەعاتێك سوپای دوژمن بە تێكشكاوی گەرانەوە، ئەوەی جێگای ئاماژە پێدانە لەم شەڕەدا دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول سوپای عێراق بۆیەكەم جار دەبابەی بەكارهێنا لە رووبەرووبوونەوەكانیدا لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە.
هێزەكانی پێشمەرگە بریاریاندا سنورێك
بەهۆی زۆربوونی زوڵمو ستەمی سوپای رژێم لە ناحیەی (وارماوا)و بێزاربوونی دانیشتوانی ناوچەكە لە مامەڵەی ئەفسەرانو سەربازانی رژێم، دواجار هێزەكانی پێشمەرگە بریاریاندا سنورێك بۆ ئەم خراپەكارییانە دابنێن، بۆیە لە ١٥ شوباتی ١٩٨٧ هێرشێكی فراوانیان كردە سەر سوپای رژێم، سەرەتا گوندی (ئەحمەد برنە) لە سوپای دوژمن پاكرایەوە پاشان لە ناحیەی (وارماوا) زیانێكی زۆریان لە سوپای عێراقدا، بەڵام دواجار بەهۆی هێزی یارمەتیدەرو بۆردومانی فرۆكە جەنگییەكانەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچەكە كشانەوە.
ئەمەی باسكرا رۆڵو پێگەی شارەزوور بوو لەناو مەفرەزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، شارەزوورییەكان لەو ماوەیەدا رۆڵێكی ئێجگار مەزنیان گێراوە، بەڵام ئێمە تەنها بەمانە راگەیشتینو لە توێژینەوەكەماندا تۆمارمانكرد.
سەبارەت بە شانە چەكدارییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شارەزوور وەك ئاشكرایە لە پاش نسكۆی ساڵی١٩٧٥ كادیرانو ئەندامانی پارتی وەك پەنابەر روویان كردە وڵاتی ئێران، پاش گەیشتنیان بەسەر شارە جیاوازەكانی ئێراندا دابەشكرانو لەیەك جیاكرانەوە، دوای تێپەربوونی ماوەیەكی كەم (مستەفا بارزانی) بەهاوكاری لەگەڵ ( مەسعود)ی كوری بەرەو وڵاتی ئەمریكا بەرێكەوتن بەمەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشی، لەم كاتەدا تەواوی دەسەڵاتەكانی پارتی كەوتنە دەست (ئیدریس بارزانی) دوای ئەوەی هەست بە جوڵەی مەفرەزەكانی (یەكێتی) كرا لە باشوری كوردستان (ئیدریس بارزانی)ش بەنهێنی چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەركردەكانی پارتیدا ئەنجامداو هەموان لەسەر ئەوە رێكەوتن جارێكی تر مەفرەزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دروستبكرێنەوەو بەنهێنی لە سنوورەكانی ئێران بگەرێنەوە باشوری كوردستان دەستبكەنەوە بەخەباتی چەكداری دژی رژێمی بەعس.
باشوری كوردستان دابەشكرا
سەركردایەتی پارتی لەئێران پلانەكانی دەست پێكردنەوەی شۆڕشی دانا، بەشێوەیەك باشوری كوردستان دابەشكرا بەسەر چوار ناوچەدا، ئەوانیش ناوچەكانی (سلێمانی، هەولێر، بادینان، كەركوك) بوون، بۆ هەریەك لەوناوچانە كەسانی لێهاتوو شارەزا دەستنیشانكرا، حوزەیرانی ١٩٧٦ هەریەكە لە (نادر هەورامی، محەمەد رەمەزان، عورەف حسێن، مەلا عومەر سورێنی، محەمەد فەرەج، نەسرەدین بیارەیی) گەرانەوە ناوچەكانی هەورامانو شارەزوور، بەشێوەیەكی نهێنی دەستیانكرد بەدروستكردنەوەو رێكخستنەوەی مەفرەزەكانی پارتی، لەماوەیەكی كەمیشدا توانیان ئامانجەكانیان بپێكنو كۆمەڵە كەسانێك بەلای خۆیاندا رابكێشن.
مەفرەزەكانی پارتی هاوشێوەی مەفرەزەكانی یەكێتی چەكی كۆنی سەردەمی شۆڕشی ئەیلولیان بەكاردەهێنا، بەڵام پاش تێپەربوونی ماوەیەك پارتی بەهۆی پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانیەوە لە دوو وڵاتی جیاوازەوە چەكی بۆهات، یەكەمیان لەساڵی١٩٧٩ پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەرابەرایەتی (خومەینی)، هەریەكە لە فەرەیدون جوانڕۆییو عوسمان چاورەش لەسنوری هەورامانەوە (مڵەخورد)، بارهەڵگرێك چەك هێنرایە سنوری كوردستان تەسلیمی مەفرەزەكانی پێشمەرگە كرا، زۆربەیان لە جۆری بڕنەو بوون، لە هەمان ساڵدا لەسوریاوە بڕێك چەك وەك دیاری درا بە سەركردایەتی پارتی.
گۆرانكاری تێدا دەكرا
سەبارەت بەجۆری رێكخستنەكانی پارتی دەكرێت بوترێت رێكخستنەكان بەم شێوەیەبوو (مەفرەزە، ئامر مەفرەزە، كەرت، ئامركەرت، ئامر بەتالیۆن، كارگێری ناوچە)، هەر مەفرەزەیەك لە (٥) كەس پێكدەهات، بەڵام لەكاتی پێویستدا گۆرانكاری تێدا دەكرا، ئامر كەرت شەش مەفرەزەی لە خۆدەگرت، بەتالیۆنیش لەچەند ئامر كەرتێك پێكدەهات.
لەساڵی١٩٧٩ یەكەم رووبەرووبوونەوەی سەخت لەنێوان مەفرەزەكانی پارتیو سوپای عیراق روویدا لە نزیك شارۆچكەی بیارە، كەتێیدا رووبەرووبوونەوەیەكی دوو كاتژمێری روویدا، لەهەمان ساڵیشدا هێزەكانی پێشمەرگە هێرشیان كردە سەر بازگەی سوپای عێراق لە گوندی عەنەب توانیان زیانی گیانیو مادیان پێبگەیەنن.
سەخترین شەڕ كەمەفرەزەكانی پارتی لە شۆڕشی نوێدا بەرامبەر سوپای عێراق ئەنجامداو شارەزوورییەكان رۆڵێكی گەورەیان تێداگیراوە شەڕی (دالانی)بووە لەشاخەكانی هەورامان لە ساڵی ١٩٨١،ئەویش دوای ئەوەی هێزەكانی عێراق لە شكركێشیەكی زۆریانكردەسەر ناوچەكەو لەگوندی (عەنەب) جێگیربوون، مەفرەزەكانی پارتی لەم كاتەدا دابەش بوون بەسەر دوو قۆڵدا بەسەركردایەتی (نادر هەورامی، مەلا عومەر سورێنی)، لە دەستپێكی شەڕەكەدا تۆپخانەكانی سوپای عێراق بۆردومانی بارەگاكانی پێشمەرگەیان كرد لە(دالانی)، پاشان هێرشێكی فراوانیان كردە سەر ناوچەكە، بەڵام بەهۆی شارەزایی هێزەكانی پێشمەرگەو ورەبەرزیان توانیان زیانێكی زۆر بە دوژمن بگەیەنن بەشێوەیك زیاتر لەنیوەی سوپاكە نەگەرانەوە، ئەمە سەرەرای دەستكەوتنی رێژەیەكی زۆر لە چەكو تەقەمەنی كە لە سوپا بەجێما.
هێرشێكی فراوانیان كردەسەر سوپای عێراق
لەهەمان ساڵدا مەفرەزەكانی پارتی بەهاوبەشی لە گەڵ مەفرەزەكانی (یەكێتی، شیوعی، سۆسیالیست) هێرشێكی فراوانیان كردەسەر سوپای عێراق لە هەردوو گوندی (ئالانو حاسڵ) شەڕەكە لە كاتژمێر 9 بەیانیەوە بەردەوام بوو تادەرەنگانێكی شەو لەئەنجامدا سوپای عێراق توشی شكست بوو، سەركردەی سوپاكەش بەدیل كەوتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە، ١٤ پێشمەرگە بوونە قوربانی، ئەوەی جێگەی سەرنجو ئاماژە پێدانە لەم شەڕەدا یەكریزیو یەك هەڵوێستی هێزە كوردیەكان دەبینرێت، بەشێوەیەك هەموان لەپێناو رووبەرووبوونەوەی دوژمن پێكەوە لەیەك سەنگەردا جەنگاون.
ئەمانەی باسكران پێگەی شارەزوورییەكان بوو لەناو مەفرەزەكانی یەكێتیو پارتیدا، تێیدا وەك دوولایەنی دیاری بەشداری شۆڕشی نوێ ١٩٧٦-١٩٩١، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین كۆمەڵە كەسانێكی تر لە ناوچەكەدا لە ریزەكانی بزوتنەوەی (سۆسیالیست)دا درێژەیان بە خەباتو بەرخۆدان داوە، لە پاش دروست بوونی (بزوتنەوەی ئیسلامی) یش لەساڵی١٩٨٧ شارەزوورییەكان بوونە بەشێكی ئەو لایەن ئیسلامیە تازە دروست بووەو لە ژێر دروشمی ئاینی ئیسلامدا كاریانكرد بۆ رووبەرووبوونەوەی سوپای داگیركەرو سەربەخۆی نەتەوەكەیان.
باسی دووەم ـ راگواستنی ناوچەكانی شارەزوور:
راگواستن بەمانای گواستنەوەی جوگرافی یان شوێن گۆرینی بەزۆردێت، لەرێی بەكارهێنانی ترسو پاڵەپەستۆ خستنەسەرو هێز بەكارهێنان دەبێت، كە گۆرینی هەمیشە لە جێی نیشتەجێبوونو ماڵی ئاسایی لەیەكەیەكی جوگرافی بەیەكەیەكی جیۆگرافی تر، چونكە بەردەوام رژێمی بەعس ئەو خەڵكانەی لەبەردەم دوو ئەگەردا رادەگرت: دەركردنی بێ كۆتو مەرجو دەستگرتن بوو بەسەر سەروەتو سامانو خانوو زەویدا، دووەم گۆرینی ناسنامەی نەتەوایەتیو بەعەرەب بوون بوو.
كەواتە كرداری راگواستن یەكێكە لە كارانەی رژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق بەگشتیو رژێمی بەعس بەتایبەتی پەنایان بۆبردوون وەك ئامرازێك بۆتێكدانی دیمۆگرافیای دانیشتوانی باشوری كوردستان، بۆ ئەنجامدانی ئەم كارەشیان ڕێگەی جۆراو جۆریان گرتۆتەبەرو هەرجارەی بەبیانوویەك درێژەیان بەوكارەداوە، وەك پاراستنی ئاسایشی سنورو چۆڵكردنی سنوری ناوچەی فرە نەتەوەكانو نەوتییەكانو… هتد، دواجار ئەم سیاسەتە گەیشتە ترۆپكی راگواستن لە شاڵاوەكانی ئەنفال بۆ سەرناوچە جیا جیاكانی باشوری كوردستان، بەهەزاران گوندنشینی بێ تاوان بەبێ گوێدانە تەمەنو رەگەزو ئاین دەستگیركراونو دواتر راگوێزراونو لەنێو گۆرە بەكۆمەڵەكاندا لەناوبراون.
قوربانی بۆ ئازادی بەخشیوە
كورد وەك گەلێكی چەوساوەی بندەستی داگیركراو هەمیشە توشی ئاوارەیو زوڵمو زۆری دگیركەرەكان بۆتەوە، لە بەرامبەر ئەمەشدا هەرگیز چۆكی دانەداوەو شۆڕش لە دوای شۆڕش قوربانی بۆ ئازادی بەخشیوە هەمیشەش داگیركەرانو دوژمنەكانی هەموو جۆرە رێگایەكیان بۆ لەناو بردنو سرینەوەی یەكجارەكی شوناسو فەرهەنگو كلتورەكەی بەكارهێناوە، یەكێك لەو هەوڵانەش رێكەوتننامەی ئیمزاكراوی جەزائیر بوولە نێوان دەوڵەتی عێراقو ئێراندا لە ساڵی (١٩٧٥)ز كە ئامانج لەم رێكەوتنە پشتگیری نەكردنی شۆڕشی چەكداری كورد بوو لەلایەن دەوڵەتی ئەوسای ئێرانەوە ئەمەش بەمەبەستی لاوازی جوڵانەوەی كوردبوو لە ناوچەكەدا، دواتر رژێمی عێراق بەتایبەی حزبی بەعس بەمەوە نەوەستاو لە بریارێكی ناعاقڵانەی دژ بە مرۆڤایەتی دا پرۆسەی راگواستنی گوندەكانو هەندێ لە شارۆچكە سەر سنوریەكانیدا، سەرجەم دانیشتوانەكەی بە زۆرەملێو بەشێوەیەكی قێزەونانە راپێچی ئۆردوگا زۆرەملێ یەكانكرد.لەنزیك شارەكان ئەمەش بەئامانجی برینی پشتیوانیو كۆمەكی گوند نشینەكان بوو لە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەمەش لە ناوچەی شارەزوورەوە دەستی پێكرد.
هۆكاری ئەنجامدانی پرۆسەی راگواستن نەهێشتنی پێگەو بنكەو بارەگاو پەناگەی پێشمەرگە بوو، پێشمەرگە لە ساڵانی خەباتو شۆڕشدا هەموو پشتو پەنایەكیان خەڵكی گوندەكان بوو بەتایبەت ئەو پێشمەرگانەی لە سنوری شارەزووردا بارەگایان هەبوو، پشتو پەنایان گوندەكانی شارەزوور بوو، ئەم خەڵكانە جگەلەوەی خەڵكێكی بەرهەمهێن بوون، خۆیان نەوەی خۆیان پەروەردە دەكردو ئەیانكرد بە پێشمەرگەو چاودێریشیان دەكردن، دواجار بەبەرهەمەكانی خۆیشیان هاوكاریان ئەكردن.
بۆ دانیشتوانی كوردستان
لە پاش ئیمزاكردنی رێكەوتنامەی جەزائیر لە ٦-٣-١٩٧٥ گوندەكانی كوردستان بەفراوانی بەر پرۆسەی راگواستن كەوتنو ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی گوندەكان بە زۆرەملێو بەبێ خواستی خۆیان راگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان، بەڵام رەنگە هیچ كام لەو پرۆسانە هێندەی پرۆسەی راگواستنی ساڵی (١٩٨٦) سەخت نەبووبێ بۆ دانیشتوانی كوردستان لەو ساڵەدا بە تەنیا لە پارێزگای سلێمانی نزیكەی (١٣٠)گوند خاپوركرانو دانیشتوانەكەیشیان راگوێزران، لەو رێژەیە ژمارەیەكیان سەر بەقەزای هەڵەبجەو شارەزوور بوون.
رێكەوتنی نێوان ئێرانو یەكێتیو ئاشتبوونەوەی گشتی لایەنە كوردستانیەكان زیانێكی گەورەی بە رژێمی بەعس گەیاند، چونكە جیا لە پەرەسەندنی چالاكیەكانی هێزی پێشمەرگەو چالاكیە هاوبەشەكانی پێشمەرگەو ئێران، فەوجە تایبەتیەكانی رژێم ترسیان لێنیشت، هەر بۆیە بەزوی ژمارەیەكی زۆریان پەیوەندیانكرد بە رێكخستنەكانی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانەوە، بەشێكیان چونە ریزی هێزی پێشمەرگەوەو وازیان لەكاری جاشایەتی هێنا، لایەنە سیاسیەكانیش هەریەكەیان لەلایەن خۆیەوە رێنمای نوێیان دابەزاند بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو فەوجانەدا، دواتریش لایەنە كوردستانیەكان بە تایبەتی یەكێتی سودێكی زۆریان لەو فەوجانە بینی بۆ دەستكەوتنی زانیاریو پێداویستیەكانیان لە خواردنو چەكو چارەسەركردنی بریندارەكانیانو كار ئاسانكردنی بۆ راپەراندنی كارو چالاكیەكانیان.
لە قەزای هەڵەبجەو شارەزوور
بەهۆی ئەمانەوەرژێمی بەعس سیاسەتێكی درندانەتری بەرامبەر بە دانیشتوانی ناوچەكە بەكارهێنا، بەشێوەیەك لە ساڵی ١٩٨٧ پرۆسەی راگواستنی گوندەكان چووە قۆناغێكی نوێو مەترسیدارترەوە، لە قەزای هەڵەبجەو شارەزوور كۆمەڵێك گوندی دیكە بەبیانووی هەبوونی پێشمەرگەو نزیكیان لە بەرەكانی شەڕەوە روخێنرانو دانیشتوانەكەیشیان بەسەر شارو شارۆ چكەكانی تردا دابەشكرانو ئاوارەبوون، لەو ساڵەدا بەتەواوی رەوشی گوندنشینانی كوردستانی خوارو شڵەژا بەشێوەیەك هەموو ئەو گوندانەی هەتا ئەو كاتە مابوونەوە دەستی وێرانكارییان پێنەگەیشتبوو كەوتنە بەر شاڵاوی وێرانكاری، لەم شاڵاوانەدا لقو بارەگا حزبیەكانی بەعس رۆڵێكی كاریگەریان دەبینی لە تێكدانی ئەو شوێنانەی كە دەستیان پێنە دەگەیشت بە تایبەتی گوندەكان.
رژێم لە ١٠-ئایاری-١٩٨٧ دا هێزێكی سەربازیی زۆری سوپاو جاشی لە سەربازگەكانی: (هەڵەبجە، سەیدسادق، سیروان) كۆكردەوەو دەیان شۆفڵو بلدۆزەرو لۆریشی ئامادەكرد، لەرۆژانی١١-١٢ی هەمان مانگ، كەوتنە پەلاماردانی گوندەكانی دەشتی شارەزوور، لەو هەڵمەتەدا ٥٢ گوند بەر شاڵاوی راگواستن كەوتنو بەزەبری چەك گوندەكانیان پێ چۆڵكردنو بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ماڵەكانیان گواستەوە بۆ هەڵەبجەو سەیدسادق، دواتر لەرێگەی شۆفڵەوەخانووەكانیان لەگەڵ زەویدا یەكسان كراو رەزو باخەكانیان ئاگری تێبەردراو كانیو كانیاوەكانیش كوێركرانەوە.
سەرانسەری خاكی كوردستانی گرتەوە
بەهاتنی (عەلی حەسەن مەجید) پرۆسەیەكی راگواستنی گوندەكانی كوردستان بەشێوەیەكی جیاو بەربڵاو سەرانسەری خاكی كوردستانی گرتەوە، لە ناوچەكانی شارەزووردا ڕژێم ئاگاداری گوندەكانی كردەوە كە گوندەكانیان چۆڵبكەن، دوو رێگەشی لەبەردەمدا دانان یان بەخواستی خۆیان گوندەكان چۆڵبكەنو لەهەر كوێیەكیش خۆیان پێیان خۆشە نیشتەجێبن، یاخود بە زەبری هێز گوندەكانیان پێ چۆڵدەكات، ئەوكاتە رژێم خۆی سەرپشكە لە نیشتەجێكردنیان لەهەر شوێنێك خۆی بیەوێت، رژێم زۆری هێنابوو بۆ گوند نشینەكان، بۆ رێگریكردن لەو كارەی رژێم رێكخستنەكانی ناو شار بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە پلانیان دانابوو بۆ بەرپاكردنی راپەرینێكی جەماوەری لە ناوچەكانی هەڵەبجەو هەورامانو شارەزوور، بریار وابوو لە دەستپێكی خۆپیشاندانو راپەرینەكاندا دەستبگرن بەسەر تەواوی دامودەزگاكانی رژێم لە ناوچەكەدا، ئامادەكارییەكانیش لە كۆتای (نیسانو سەرەتای مارس)ەوە دەستی پێكردبوو.
ئێستا نزیكەی 33 ساڵ بەسەر راگواستنی لادێكانی شارەزووردا تێپەربووە شارەزووریەكانو دانیشتوانەكەی پۆل پۆل دەگەرێنەوە بۆ ناوچەكانیان لەسەر دارو پەردوی خاكو خۆڵی پێشوی باو باپیرانیان گوندەكانیان بنیادو ئاوەدان دەكەنەوە، بەڵام پرسیارە گەورەكە لێرەدایە كە پاش 33 ساڵ لەو كارەساتەو نزیكەی 24 ساڵ لە دامەزراندنی حكومەتی كوردیو دەسەڵاتی سەربەخۆیو خۆبەرێوبردن، چیمانكردووەو چیكراوە بۆ سرینەوەی ئاسەوارەكانی ئەو كارەساتەو سارێژكردنی برینەكانی شارەزووریەكانو دانیشتوانەكەی؟، چیكراوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی كانیاوو باخەكانو گەرانەوەی كلتورو فەرهەنگی دەوڵەمەندی ناوچەكە ئەمە پرسیارێكە شارەزوورییەكان دەی پرسنو دەبێت دەسەڵاتدارانو حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی شارەزووریەكان بدەنەوە.
ئەنجام
لە كۆتایی تویژێنەوەكەماندا گەیشتینە ئەوەی:
١-شارەزور یەكێكە لەو ناوچانەی باشوری كوردستان، كە تایبەتمەندی جوگرافیاو مرۆیی خۆی هەیە، هەردو تایبەتمەندیەكە پێكەوە ناوچەكەیان بایەخداركردووە، بوونی دەشتی بەپیتی شارەزورو لێهاتویی دانیشتوانەكەی، هێزێكی گەورەی ئابوریی بەم ناوچەیە بەخشیوە، هەر ئەمە وایكردووە بە درێژای مێژوو ناوچەكە لانكەو شوێنی حەسانەوەی هێزە شۆڕشگێڕە كوردییەكان بێت.
٢-ڕاستە لە ساڵی 1975 دا پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی دژ بە شۆڕشی كورد سازكرا، بەڵام ئەمە هۆكار نەبوو بۆ ئەوەی شۆڕش كۆتایی پێبهێنرێت، بڕیاری هەرەسی شۆڕشی ئەیلول یەكێكە لە هەڵە كوشندەكانی سەركردایەتی سیاسیی كورد لەوكاتەدا.
٣-هەرەسی شۆڕشی ئەیلول كاریگەرییەكی جەرگبڕی هەبوو لەسەر تەواوی دانیشتوانی باشوری كوردستان، بەشێوەیەك هێزەكانی پێشمەرگە چەكیان داناو زۆربەیان ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون و بەشێكیشیان خۆیان ڕادەستی ڕژێم كرد، دانیشتوانیش پاش نائومێدبوونیان بەشێكیان ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێهێشت و لە ترس و دڵە ڕاوكێدا دەژیان، ئەوانەشی مانەوە دوچاری ئازارو ئەشكەنجەدان و گرتن و دورخستنەوە و كوشتن بوونەوە، بەهۆی ئەوەی شارەزور پشكی شێری هەبوو لە شۆڕشی ئەیلولدا بەشێكی زۆری قوربانیەكان لەم ناوچەدا بوون.
٤-شارەزوریەكان بوونە داینەمۆی شۆڕشی نوێ، بەشێوەیەك یەكەمین مەفرەزەی یەكێتی كە ژمارەیان 7 كەس بوو زۆربەیان شارەزوریی بوون پاش ئەوەی ڕویان كردە شاخ دەستیان بە خەباتی چەكداری كردووە، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچەكە پەیوەندیان بەمەفرەزە سەرەتاییەكانی یەكێتییەوە كردووە، بەهەمان شێوە پارتی دیموكراتی كوردستانیش توانی هێزی خۆی لە ناوچەكەدا دەست بخات.
٥-بەهۆی ڕوڵ و پێگەی ناوچەكە لە شۆڕشی نوێدا، ڕژێم سیاسەتێكی توند و تیژی بەرامبەر بە ناوچەكە بەكار هێناوە، وەك (ڕاگواستن و كیمیا بارانكردن و ئەنفال و ڕوخاندنی لادێكان و… هتد كە تائێستاش كاریگەریەكانی ماونەتەوە لە ناوچەكەدا.
سەرچاوەكان
یەكەم ـ كتیبە كوردییەكان:
1) ئەرسەلان بایز ئیسماعیل: بیرەوەری ڕۆژانی سەخت، بەرگی یەكەم، 2002
2) ئەحمەد محمود علی(مەلا ئەحمەد پێنجوێنی): مێژووی كورد لەسەدو دونزە ساڵدا، چ1، چاپخانەی لەریا، سلێمانی 2013
3) ئەبوبەكر خۆشناو: چەند لاپەڕیەك لە مێژووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، چاپخانەی ڕوناكبیری، سلێمانی 2002
4) ئیبراهیم جەلال: خواری كوردستان و شۆڕشی ئەیلول بنیات نان و هەڵتەكاندنی 1961 بۆ 1975 ، چاپی سێ یەم، چاپخانەی ژیار، سلێمانی 1999
5) تالب دەرباز: هەوارگەی شارەزوور، چ1، چاپخانەی چوار چرا، 2006
6) جەبار قادر: چەندبابەتێكی مێژووی كورد، چ1، سلێمانی 1999
7) حسام الدین علی غالب نەقشبەندی (دكتۆر): شارەزوورو لوڕستانی باكور لەسەدەكانی ناوەڕاست دا، و. ڕنج ئەبوبەكر، چ1، چاپخانەی حەمدی سلێمانی، 2008
8) حەكیمی مەلا ساڵح: هەلەبجە لەئامێزی مێژوودا، چ1، چاپخانەی چوراچرا، 2011
9) حەسەن زازا: عێراق لێكۆڵینەوەیەك لە مێژووە سیاسیەكەی، و. ئامانج نیعمەت، چ2، خانەی چاپوو بڵاوكراوەی چوارچرا، سلێمانی2011
10) زانیار سەردار قڕگەیی: كەمێژوو لە بارزانی دەوێ، هەولێر 2012
11) سەلام عەبدولكریم: ژیانی سیاسی لە باشوری كوردستان، چ1، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی 2011
12) سەروەر عەبدولڕەحمان: یەكێتی نیشتمانی كوردستان (1975 بۆ 1976) دامەزراندنو دەست پێكردنەوەی شۆڕش، چ1 سەنتەری چاپوو پەخشی نما، سلێمانی 2002
13) سلێمان عەبدوڵا: ڕاگواستنی گووند نشینەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر 1999
14) شەوكەتی حاجی مشیر: كارەساتی كیمیا بارانی هەڵەبجە بەهاری 1988، سلێمانی 1998
15) عیزالدین مەلا سڵێمان: بەشێك لە چیرۆكی داستانەكانی شۆڕشی ئەیلول بۆ مێژوو، چاپخانەی بزافی ڕۆشنبیری سلێمانی 2006
16) علی تەتەر نێرەوەی: بزافی ڕزگاری خوازی نەوەی كورد لە كوردستانی عێراق، چ1، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر 2008
17) عومەر هەمزە ساڵح: ڕاگواستن، چاپخانەی خانی، دهۆك، 2009
18) كریس كۆچێرا: كورد لەسەدەی نۆزدەو بیست دا، و. حەمەكەریم عارف، چ6، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر 2006
19) كریس كۆچێرا: بزوتنەوەی نەتەوایەتی كوردو هیوای سەربەخۆیی، و. حەسەن ڕەستەكار، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر 2013
20) كامەران بابا زادە: ڕێكەتن نامەی جەزائیرو ڕەهەندەكانی لەسەر كێشەی كورد لە كوردستانی باشوور، چاپخانەی كەمال، سلێمانی 2013
21) گەڕاس ئاز.ڤی. ستانسفێڵد: كوردستانی عێراق پەرەسەندنی سیاسی و پێشكەوتنی دیموكراسی، و. یاسین سەردەشتی، چ1، چاپخانەی سیما، سلێمانی 2010
22) لیپ مەحمود محمد زەنگەنە (دكتۆر): شیكردنەوەی چەند دیاردەیەكی جوگرافیا لە هەرێمی كوردستان، چاپخانەی چوارچرا، 2010
23) مەسعود عەبدولخالق: ناسنامەی حیزبە كوردستانیەكان، چاپخانەی هێڤی، هەولێر2012
24) محمد شاكەلی: لە بزوتنەوەوە بۆ حیزبی سۆسیالیستی كوردستان 1975ـ 1991، چاپخانەی كارۆ، كەركوك 2011
25) میرزا محمد ئەمین مەنگۆڕی: بەسەرهاتی سیاسی كورد 1972ـ1981، دەستنوس
26) مەسعود عەبدولخالق: مەوسوعەی جودی بۆ چەمكو زارەوەكانی سەردەم، چ1 نوسینگەی تەفسیر، هەولێر 2008
27) محمدی حاجی محمود: ڕۆژ ژمێری پێشمەرگەیەك، چ1، چاپخانەو ئۆفسێتی بێسارانی، سلێمانی 1999
28) نەوشیروان مستەفا ئەمین: لەكەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناو زەنگ دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1975ـ 1987، چ1، چاپخانەی postfoch بەرلین 1997
29) نوری تاڵەبانی: كەركوك بەرەو دواڕۆژێكی نادیار، چ1، دەزگای چاپو پەخشی سەردەم، سلێمانی 2009
30) هادی ڕەشید بەهمەنی: پەیامی هەورامان، چ1، چاپخانەی ژین، هەولێر 2001
31) هاوكار كەریم حەمەشەریف: شۆڕشی ئەیلول چ1، چاپخانەی زانكۆی سەلاحەدین، هەولێر2012
دووەم ـ لیستی گۆڤارەكان:
32) ئەحمەد ڕەنجبار: ڕاپەڕینی خەڵكی هەڵەبجەو دەوروبەری لە مانگی پێنجی 1987، گۆڤاری ئاسۆی هەڵەبجە، ژمارە7، 16/3/2008
33) هەڤاڵ ئەبوبەكر: جینۆساید كردنی نەتەوەیەك لەبێدەنگی دا، گۆڤاری هەشتاو هەشت، ژمارە (9) 2008
سێیەم ـ لیستی سەرچاوە ئەلیكترۆنیەكان:
34) E.J.W. Gibb memorial series, 1937, E. J. Brill, University of California
35) كارنامەی ئەردەشێری بابەكان بەشی 6
36) Gábor Ágoston, Encyclopedia of the Ottoman Empire
چوارەم ـ چاوپێكەوتنەكان:
37) م. ئارام سەلام محمد: قەزای شارەزور 10/3/2016
38) م. ئەركان جەلال ئەحمەد:قەزای شارەزوور 5/3/2016
39) ئەحمەد محمد ئەحمەد: سەرپەرشتیاری مەڵبەندی شارەزوور: گوندی قەدەفەری، 27/12/2015
40) م. بورهان عەبدوڵا حەسەن: قەزای شارەزوور، 4/3/2016
41) م. بورهان علی ئەحمەد: قەزای شارەزوور، 12/3/2016
42) جەمال حسێن ئەحمەد: ئەندامی دەزگای ئەیلولی سلێمانی، سلێمانی 28/12/2015
43) جەمال محێدین ڕەشید: بەرپرسی دەزگای ئەیلولی سلێمانی، سلێمانی 28/12/2015
44) م. حسێن ئەحمەد ساڵح: قەزای شارەزوور، 25/2/2016
45) حەمید حسێن محمد: عەمیدی خانە نشین كراو، قەزای شارەزوور، 28/12/2015
46) حامیدی حاجی غالی: ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سلێمانی، 30/12/2015
47) حەمید حسێن محمد: عەمیدی خانە نشین كراو، قەزای شارەزوور 30/12/2015
48) ڕزگار حەمە علی: قەزای شارەزوور، 8/3/2016
49) سدیق علی تۆفیق: عەقید لە بەرگری فریاكەوتنی دەربەندی خان، دەربەندی خان، 4/5/2016
50) عەزیز یوسف محمد: ڕیش سپی عەشیرەتی تاوەگۆزی، قەزای شارەزوور:18/2/2016
51) عێزەدین سلێمان قادر: ئەندامی دەزگای ئەیلولی سلێمانی، سلێمانی 28/12/2015
52) عەبدولڕەحمان حەمەفەتاح: پێشمەرگەی دێرین، قەزای شارەزوور، 6/1/2016
53) عەبدوڵا حەمەشەریف حەمەخان، پێشمەرگەی دێرین، خورماڵ، 18/3/2016
54) فەریدون كەریم: ئەندامی دەزگای ئەیلولی سلێمانی، سلێمانی، 28/ 12/ 2015
55) فازیل محمد قادر: بەرپرسی لقی 12 پارتی دیموكراتی كوردستان، پارێزگای هەڵەبجە، 27/12/2015
56) فاروق عەبدولكەریم عەبدولڕەحیم: بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی 12 پارتی دیموكراتی كوردستان، پارێزگای هەڵەبجە، 27/12/2015
57) فەتاح حاجی سەعید: ریش سپی عەشیرەتی تەرخانی، قەزای شارەزوور، 16/2/2016
58) قادر حەمە فەتاح: پێشمەرگەی دێرین، قەزای شارەزوور، 7/1/2016
59) محمدی حاجی محمد: سكرتێری حیزبی سۆسیالیستی كوردستان، گوندی گوڵەخانە، 20/4/2016
60) محمود فەتاح حەمە: پێشمەرگەی دێرین، قەزای شارەزوور، 3/1/2016
61) محمد حەمەڕەشید عەزیز: ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی، دەربەندی خان، 31/12/2016
869 جار بینراوە