سەرەکی » وەرزش » ئه‌مڕۆ دوو هه‌ڵبژارده‌ی‌ تری قۆناغی چاره‌كی كۆتایی ئاشكرا ده‌بن

ئه‌مڕۆ دوو هه‌ڵبژارده‌ی‌ تری قۆناغی چاره‌كی كۆتایی ئاشكرا ده‌بن

ئه‌مڕۆ یارییه‌كانی قۆناغی 16ی مۆندیالی 2018ی روسیا درێژه‌ی ده‌بێت و 2 یاری له‌و قۆناغه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ناسنامه‌ی 2 هه‌ڵبژارده‌ی‌ تی قۆناغی چاره‌كی كۆتایی ئاشكرا ده‌بێت و 2 هه‌ڵبژارده‌ش جانتاكانی كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی‌.
یارییه‌كان
ئیسپانیا×روسیا سه‌عات 5ی عه‌سر.
كرواتیا×دانیمارك سه‌عات 9ی شه‌و.
ئیسپانیا و هه‌وڵی زاڵبوون به‌سه‌ر كێشه‌كاندا
به‌ر له‌ مانگێك له‌ ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی مۆندیالی 2018ی روسیا كارێكی ئاسان بوو پێشبینی بۆ یاری نێوان ئیسپانیا و روسیا بكرێت له‌ قۆناغی 16ی مۆندیال، به‌ڵام ئه‌و رووداوانه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ مانگێك روویداوه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زۆر قورس بێت پێشبینی بۆ بردنه‌وه‌ی‌ ئیسپانیایه‌كی ئاست خراپ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م و روسیایه‌كی ئاست به‌رز له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان بكه‌یت.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئیسپانیا به‌ر له‌ مۆندیال یه‌كێك بوو له‌ دیارترین پاڵێوراوه‌كان بۆ بردنه‌وه‌ی‌ نازناوه‌كه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی پێكهاته‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ بردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری یاری یه‌ك له‌دوای یه‌ك، به‌ڵام چه‌ند رۆژێكی كه‌م به‌ر له‌ به‌ڕێوه‌چوونی مۆندیال لێدانێكی كوشنده‌ی‌ به‌ركه‌وت و جولین لۆپتیگی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌ دوورخرایه‌وه‌ له‌ شوێنی ئه‌و فرناندۆ هیێرۆی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی هه‌ڵبژارده‌كه‌ دانرا.
ئه‌و رووداوانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژارده‌كه‌ دروست كرد كه‌ ناوهه‌سه‌نگی و نا جێگیری له‌ ئاستی هه‌ڵبژارده‌كه‌ به‌دی كرا، سه‌ره‌ڕای هه‌موو كێشه‌كانیش هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئیسپانیا توانی به‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی‌ دووه‌م بگاته‌ قۆناغی 16.
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژارده‌ی‌ روسیا كه‌ سه‌رجه‌م یارییه‌ دۆستانه‌كانی پێش مۆندیالی دۆڕاندبوو به‌سه‌ره‌تایه‌كی ئاگرین ده‌ستی پێكرد و توانی له‌یه‌كه‌م و دووه‌م یاری سه‌ركه‌وتن تۆماربكات وو 8 گۆڵیش بكات، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سێیه‌م یاری گه‌ڕێنراوه‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع و به‌ قورسی به‌ ئۆرۆگوای دۆڕا، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی به‌شداری كردنه‌كانی له‌وه‌ته‌ی‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ گه‌یشته‌ قۆناغی 16.
سه‌ره‌ڕای شكسته‌كه‌ی‌ ئۆرۆگوای, روسیای رێكخه‌ری مۆندیال به‌ پاڵپشتی هانده‌رانی ده‌توانێت ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئیسپانیا به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌ ئاستی یه‌كه‌م و دووه‌م یاری مۆندیال ده‌ربكه‌وێت.
ئیسپانیا پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزی هه‌یه‌و دوای كۆتایی هاتنی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك خه‌ون به‌ نازناوه‌كه‌ ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ تیروپشكی و ئه‌نجامه‌ چاوه‌روان نه‌كراوه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌م خزمه‌تی زۆری ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ی كردوه‌ به‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ تا گه‌یشتن به‌ یاری كۆتایی ئه‌ركی زۆر قورس نییه‌، چونكه‌ رووبه‌ڕووی گه‌وره‌كانی هاوشێوه‌ی به‌رازیل و فه‌ره‌نسا و ئه‌رژه‌نتین و ئۆرۆگوای و ته‌نانه‌ت به‌لژیكاش نابێته‌وه‌.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئیسپانیا خاوه‌نی زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی باشه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ 23 یارییه‌ له‌سه‌ریه‌ك نه‌دۆڕاوه‌ و به‌رامبه‌ر روسیاش له‌ پێشوودا 6 یاری كردوه‌و 4 یاری بردۆته‌وه‌و 2 یاریش یه‌كسانبووه‌، واته‌ لا رۆخا تا ئیچستا به‌ روسیا نه‌دۆڕاوه‌و له‌دوا 3 یاری 10 گۆڵی له‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ كردوه‌.
كرواتیا بۆ دوپاتكردنه‌وه‌
هه‌ڵبژارده‌ی‌ كرواتیا یه‌كێك له‌ باشترین هه‌ڵبژارده‌كانی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان سه‌عات 9ی شه‌وی یه‌كشه‌مه‌ له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورسدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی تر هانده‌ران له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی‌ سه‌رسام بكات و خۆشی وه‌كو پاڵێوراوێكی به‌هێزی مۆندیال نیشانبدات.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ كرواتیا له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان سه‌ره‌ڕای به‌هێزی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی‌ و یاری كردن له‌ پاڵ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌رژه‌نتین، به‌ڵام توانی بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی خۆی دا هه‌ر 3 یاری قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان بباته‌وه‌و به‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی بگاته‌ قۆناغی 16، به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ زۆرێك له‌ شاره‌زایان ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ وه‌كو یه‌كێك له‌ پاڵێوراوه‌كان بۆ ركابه‌ری كردن له‌سه‌ر نازناوی مۆندیال ناوی ده‌هێنرێت.
له‌ قۆناغی 16ی مۆندیالیشدا هه‌ڵبژارده‌ی‌ كرواتیا له‌ یاریگای نیژنی نۆڤگۆرۆد رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌یه‌ك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ رووی ئاست و شێوازی یاریكردن له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن ئه‌ویش هه‌ڵبژارده‌ی‌ دانیماركه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی كریستیان ئیریكسن.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ كرواتیا خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی زۆر باشه‌ كه‌ چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی هاوشێوه‌ی مۆدریچ و راكیتیچ و ماندزۆكیچ له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ زۆرینه‌یان ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ دواین به‌شداری كردنیان بێت له‌ مۆندیال، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ستكه‌وتێكی تری هاوشێوه‌ی مۆندیالی 1998 پێشكه‌شی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن.
كرواتیا له‌مێژووی به‌شداری كردنه‌كانی له‌ مۆندیال ته‌نها جارێك گه‌یشتۆته‌ قۆناغی 16ی مۆندیال ئه‌و جاره‌ش تا قۆناغی پێش كۆتایی رۆیشتووه‌و پله‌ی سێیه‌میشی به‌ده‌ستهێنا، بۆیه‌ مۆدریچ و هاوڕێكانی ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ مێژوو دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ دانیماركیش خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی باشه‌ كه‌ كریستیان ئیریكسنی یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانانی ناوه‌ند له‌ جیهان سه‌ركردایه‌تی ده‌كات و له‌م یارییه‌ش ئه‌و یاریزانه‌ رووبه‌ڕووی یه‌كێك له‌ باشترین هێڵه‌كانی ناوه‌ند له‌م مۆندیاله‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ مۆدریچ و راكیتیچ سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ كرواتیا له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان توانی سه‌ره‌تا له‌ نه‌یجیریا بباته‌وه‌و دواتریش له‌ یاری لوتكه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی‌ دا به‌ 3 گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر ئه‌رژه‌نتینی دووچاری شكست كرد كه‌ دوای ئه‌و یارییه‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ چووه‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌ پاڵێوراوه‌كان بۆ بردنه‌وه‌ی‌ نازناوه‌كه‌و له‌ سێیه‌م یاریش سه‌ره‌ڕای پشوو دان به‌ به‌شێك له‌ ئه‌ستێره‌كانی به‌ڵام توانی له‌ ئایسله‌ندا بباته‌وه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا دانیمارك له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان له‌دوای فه‌ره‌نسا پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی‌ گرت و به‌ 5 خاڵ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ دووچاری شكست بێت گه‌یشته‌ قۆناغی 16.
یارییه‌كانی نێوان ئه‌م 2 هه‌ڵبژارده‌یه‌ش هه‌میشه‌ ركابه‌ری به‌هێزی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ كه‌ له‌مێژووی رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كانیان هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌و 2 یاری بردۆته‌وه‌و یارییه‌ك یه‌كسانبوون و له‌ پاڵه‌وانێتیه‌ گه‌وره‌كانیش جارێك له‌ ساڵی 1996 له‌ یۆرۆ روبه‌ڕوی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ كرواتیا سه‌ركه‌وتنی تۆماركردوه‌.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ دانیمارك له‌م مۆندیاله‌ ته‌نها 2 گۆڵی تۆماركردوه‌، به‌ڵام رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی پێشووی له‌ مۆندیالله‌ قۆناغه‌كانی كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌یه‌ك دۆڕان یارییه‌كانی 19 گۆڵی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و ته‌نها 7 گۆڵیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و بووه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژارده‌ی‌ كرواتیا ته‌نها گۆڵێكی به‌ په‌نالتی لێكراوه‌و له‌م مۆندیاله‌ش 7 گۆڵی كردوه‌ كه‌ 6 گۆڵیان له‌ گێمی دووه‌م بووه‌و هێرشبه‌ره‌كانیشی به‌ باشی سوود له‌و هه‌لانه‌ وه‌رده‌گرن بۆیان ده‌ره‌خسێت به‌ جۆرێك له‌ دوا 6 شوت بۆ گۆڵ توانیویانه‌ 5 گۆڵ بكه‌ن.
یه‌كێك له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی دانیمارك كاسپه‌ر شمایكی گۆڵپارێزه‌ كه‌ تا ئێستا 13 تۆپ ئاڕاسته‌ی‌ گۆڵه‌كه‌ی‌ كراوه‌و ئه‌و گۆڵپارێزه‌ توانیویه‌تی 12 تۆپیان بگه‌ڕێنێته‌وه‌و تاكه‌ تۆپیش كه‌ تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی‌ هه‌ژاندوه‌ په‌نالتی بووه‌.

 61 جار بینراوە