سەرەکی » وەرزش » گۆڵه‌كه‌ی میسی له‌ مۆندیال

چیرۆکه‌کانی تۆپی پێ

گۆڵه‌كه‌ی میسی له‌ مۆندیال

هه‌وراز كاوه‌

(1٧)
ئه‌وكاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین به‌شداری یارییه‌كانی جامی جیهانی ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌ (بۆینس ئایرس) له‌ هاوڵاتییه‌كی ئه‌و وڵاته‌ بپرسی ئایا‌ تۆ بردنه‌وه‌ی تانگۆت ده‌وێت، یاخود ژه‌مه‌ خواردنێكی باش و گه‌شتێكی ویلایه‌ته‌ یه‌‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا؟ بێگومان ئه‌و بێ‌ دوو دڵی بردنه‌وه‌ی ئه‌رجه‌نتینی ده‌وێت، چونكه‌ تۆپی پێ‌ و سه‌ركه‌وتن لای ئه‌وان ژیانه‌ و له‌ كه‌سی قبوڵ ناكه‌ن ئه‌م كاره‌یان تێكبدات. هێنده‌ی نه‌مابوو میسی و هاوڕێكانی نه‌چنه‌ ڕووسیا، كاتێك چوونه‌ ئه‌وێ‌ وه‌كو تیپێكی نامۆی دوای ڕووداوه‌كان گه‌یشتنه‌ مۆسكۆ، ئه‌مه‌ش غه‌م و تارمایی له‌سه‌ر دڵی جاوه‌ری تیپه‌كه‌دروستكردبوو، كه‌س له‌وه‌ دڵنیانه‌بوو سامپاولی ئه‌و كه‌شتیه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ كوێ‌.
كاتێك دارماكه‌ ده‌ستی پێكرد هه‌ر زوو لیۆ و هاوڕێكانی كه‌وتنه‌ نێو به‌سته‌ڵه‌كی به‌ستووی ئایسله‌ندییه‌كان، ئه‌مه‌ش لێدانی دڵ و توڕه‌ی هانده‌رانی تانگۆی زیاتر كرد، كه‌چی كرواتییه‌كان هاتن و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك خه‌ریكبوو وه‌كو مراوی ملیان هه‌ڵكێشن، پاشان ڕووداوه‌كان به‌خێرایی چوونه‌ پێش، میسی له‌و یارییه‌دا له‌ منداڵێكی گرینۆك و وڕكاوی ده‌چوو كه‌ شتێكی ونكردبێت و به‌دوایدا بگه‌ڕێت، بۆیه‌ ئه‌وكاته‌ی لیۆ به‌ غه‌مه‌وه‌ ده‌بینرا و ڕوی نه‌ داهات چاو له‌زوومی كامێراكان بكات،‌ ته‌نیا یه‌ك هانده‌ری ئه‌و تیپه‌ت نه‌ده‌بینی بۆ جارێك پێبكه‌نێت، كاتی یارییه‌كه‌ی ناجیریا ڕه‌ش و سپی تێكه‌ڵاوبوو، وه‌ختی هاتبوو لیۆ به‌ گوێی ڕۆناڵدۆدا بچرپێنێت ئه‌وه‌ ئێمه‌ هاتین و جیاكاری دروست ده‌كه‌ین.
ڕۆژی یارییه‌كه‌ پێویستبوو ئه‌وه‌ی هانده‌ران و خوێنه‌ر ده‌یانویست بۆ یارییه‌كه‌ بیخه‌مه‌ به‌رده‌ستیان، پاشان له‌ ئۆفیسه‌كه‌م كورسییه‌ دار گوێزه‌ تاك نه‌فه‌رێكه‌م برده‌ به‌رده‌م شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ و ویستم ئه‌مجاره‌ دوور له‌ ژاوه‌ ژاوی بێژه‌ره‌ عه‌ره‌بییه‌كان و هه‌ڵچوونی ده‌رونی به‌ زمانی توركی ته‌ماشای هه‌ردوو تیپه‌كه‌ی (میسی و ئۆبی میكێل) بكه‌م. له‌ ده‌ستی چه‌پم په‌نجه‌ره‌یه‌كی دوو مه‌تری هه‌بوو، به‌ باشی ده‌تتوانی بڕوانیته‌ نهۆمی دووه‌م و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ ده‌گوزه‌رێت ته‌ماشای بكه‌یت، هه‌روه‌ها گڵۆپه‌كانم خامۆش كرد و یه‌ك دانه‌ی ڕه‌نگ زه‌ردم هێشته‌وه‌، كه‌ شێوه‌ی له‌ سامپاولی تۆقیوی ڕاهێنه‌ری ئه‌رجه‌نتین ده‌چوو، یارییه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد كێچه‌كه‌ گۆڵێكی کرد، ته‌ماشای په‌نجه‌ره‌كه‌م كرد، بینم مانگ به‌ جوانی دیاره‌ و ده‌توانی له‌ ئامێزی بگری، وه‌ك بڵێی كه‌ش له‌باره‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ گۆڕانێكی سیكۆلۆجی بۆ دروست نه‌كردم، ته‌نیا له‌وه‌ گه‌یشتم به‌و گۆڵه‌ بارودۆخ و گوشاری سه‌ر میسی جێگر ده‌بێت و ده‌توانێت بێته‌وه‌ نێو كه‌ش هه‌وای پاڵه‌وانێتییه‌كه‌.
تایمی دووه‌م ئه‌رجه‌نتین تا كۆتایی ده‌یناڵاند، كاتێك ئه‌نجامه‌كه‌‌ هاوتا و به‌رامبه‌ربوو، منیش وه‌ك هه‌ر بینه‌رێكی بێده‌نگ چووبوومه‌ نێو كه‌ش و هه‌وای یاریگاكه‌ و چاوه‌ڕێم ده‌كرد باردۆخی ژووره‌كه‌ی من و یاریگاكه‌ی ڕووسیاش كه‌مێك خه‌نده‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، له‌دواساتدا به‌ قاچه‌كانی ڕۆخۆ تیپه‌كه‌ی (مارادۆنا و باسارێلا و كامپیس) گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی ڕۆناڵدۆ ئاره‌زووی ده‌كرد میسی پێی نه‌گات، به‌وه‌ش لیۆ خۆی له‌سه‌ر شانی به‌رگریكاره‌ كورته‌ باڵاكه‌ نا به‌مانای ئه‌وه‌ی توانی بیان په‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و دیووی زه‌لكاوه‌كه‌! پاشان دوایی (10) ڕۆژی خوله‌كه‌ خه‌نده‌یه‌كم بۆ كرد و وتم: «پیرۆزیان بێت ڕاسته‌ هانده‌ری وڵاتی گیڤارا نیم، به‌ڵام ناكرێت یارییه‌كانی مۆندیال به‌بێ‌ ئه‌ستێره‌ گه‌وره‌كان بكرێت، كه‌ هه‌موو چێژ و نیگاكان له‌ ژێر پاڵتۆكانی ئه‌واندایه‌».

 73 جار بینراوە