سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » هەتادێت ئاگری خۆپیشاندانەکان شوێنی زیاتر دەگرێتەوە

دەوڵەمەندتریـن شاری عیراق ناڕەزایی دەربڕی

هەتادێت ئاگری خۆپیشاندانەکان شوێنی زیاتر دەگرێتەوە

شاری بەسرە یەکێکە لە شارە دێرین و گرنگەکانی عیراق، شارێک هەمیشە رۆڵێکی سەرەکی لە مێژووی عیراقدا گێڕاوە. یەکەمینجار کۆڵۆنیای بەریتانیا لێرەوە هاتە ژووورەوەو تەواوی ناوچەکانی عیراقی داگیرکرد. بەهامنشێوە ئەمریکاش لێرەوە عیراقی داگیرکرد. لە ژێر زەوییەکەشیدا، دەریایەکی گەورە زێڕی رەش خۆی حەشارداوە کە بە دڵی ئابووری عیراق دادەنرێت. هەر لێرشەوە بەدر شاکر سەیاب، شیعری «باران» ی ووت و بەهارێکی سەوزی خوڵقاند و شۆڕشێکی گەورەی شیعری لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا کرد. لە بەسرەوە یەکەمین چەخماخەی راپەرین لە دژی رژێمی دیکتاتۆری سەدام لێدرا. بە واتایەکی تر هەمیشە بەسرە حەزی لە گۆڕانکاری بووە و هەستێکی شۆرشگێریش بەسەریدا زاڵبووە.

لە شارێکی جوان و دڵڕفێنەوە بۆ وێرانە خاکێک
لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە هەتاوەکو کۆتایی ساڵانی حەفتاش، شاری بەسرە گەورەترین و مۆدێرنترین شاری سەر کەنداوی فارسی بووە، تەنانەت زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبیش، ئێرەییان بەم شارە دەبرد و دەیانویست لاساییی بکەنەوە. ئەم شارە جگە لەوەی دەروازەیەکی گەورەی عیراق بووە بۆ جیهان، لە هەمانکاتیشدا مەڵبەندێکی گەورەی فکریی و ئەدەبیی و فەرهەنگیش بووە. کۆمەڵێک نووسەر و بیرمەندی گەورەی تێدا هەڵکەوتووە، دیارترینیان شاعیری گەورەی عیراقی و عەرەبی « بەدر شاکر سەیاب» کە گەورەترین شۆڕشی ئەدەبی و داهێنانی لە شیعری عەرەبیدا کردووە. بەڵام لە پاش هاتنە سەر کاری سەدام حسێن چرای رووناکیی و ئاوەدانی لەم شارە نەما، لە سەرەتای جەنگی عیراق / ئێران، ئەم شارە بووە مەیدانی سەرەکی جەنگەکە و کارەسات و ماڵوێرانی زۆری جەنگەکەی بەرکەوت. لە کاتی جەنگی کوێتیشدا، گەورەترین زەرەر و ماڵوێرانی بەرکەوت. هەرئەمەش وایکرد کە یەکەمین راپەڕین لە دژی حوکمی بەعسی و سەدامی ئەنجام بدات، لێ سەرکەوتوو نەبوو. لە پاش ساڵی 2003 شەوە، ئەم شارە وەکو خۆی مایەوە بگرە رەوشی خراپتریش بوو، کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکانیش، لەجاران خراپتر بوون. ئەمە لە کاتێکدا، ئەم شارە دەوڵەمەندترین شاری عیراق و ناوچەکەشە.

دڵی ئابووری عیراق
بەسرە تەنها دەروازەییەکی گرنگی عیراق نییە بۆ جیهان، بگرە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عیراقیشە. لەم شارەدا سێ کێڵگەی نەوتی مەزنی تێدایە کە رۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، جگە لە چەند کێڵگەیەکی گەورەی گازی سروشتیش. کێڵگە نەوتییەکانی « رۆژئاوای قورنە.1 ،2 ، رومیلە، زۆربەی بەرهەمی نەوتی عیراق بەرهەم دەهێنن و لە 95% داهاتی عیراق لەم شارەوە سەرهەڵدەدات، هاوڵاتییانی ئەو شارەش دەڵێن، ئێمە جگە لە بۆنی ناخۆش و دووکەڵی ژەهراوی، هیچ سوودێکمان لە سامانی نەوت و گاز وەرنەگرتووە.

هۆکارەکانی ئەم خۆپیشاندانانە
وا بۆ ماوەی دوو هەفتە دەچێت لە بەسرەو شارەکانی باشووری عیراق، خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەورە دەستیپێکردووە، لە پشت ئەم خۆپیشاندانەشەوە کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکی هەیە.

بێ ئاویی و گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە
لە ماوەی پێشوودا تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی کۆمەڵێک بەنداو لەسەر هەردوو رووباری دیجلە و فورات کە بە پرۆژەکانی « گاپ» دەناسرێت، ئەمساڵیش بە تەواوەتی ئاوی دیجلەی گرتەوە، کە ئەمەش هێندەی تر عیراقی رووبەروی کێشەی بێ ئاوی کردەوە. جگە لەوەش ئێرانیش ئاوی « کارون» ی گرتۆتەوە، کە دەرژێتە ناو « شط العرب». حکومەتی عیراقیش هیچی هەنگاوێکی لە دژی ئەم دوو دەوڵەتە نەکردووەو چارەسەری بێ ئاویشی نەکردووە. کێشەی بێ ئاویی یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم شارەو باشووری عیراق. ئەمە لەکاتێکدا پلەی گەرماش هەتا دێت بەرزتر دەبێتەوە.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما
عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گۆڕانی کەشووهەوا زۆر کاریتێکردووە هەمیشە شارەکانی باشوور، بەرزترین پلەی گەرمایان هەیە، زۆرجار دەگاتە 50 پلەی سەدی، ئەمەش هێندەی تر خەڵكی تووڕە دەکات، بە تایبەتی کاتێک کارەبا و ئاو و هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک نەبێت و لەسەر هەمووشیەوە، حکومەتێکی گەندەڵیش هەبێت.

نەبوونی کارەبا
ماوەی چەندین ساڵە عیراق نەیتوانیوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکات، ئەمە لە کاتێکدا بە پێی هەندێک سەرچاوە بێت لە پاش ساڵی 2003 ەوە نزیکەی 300 ملیارد دۆلار بۆ وەزارەتی کارەبا تەرخانکراوە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. هەرچەندە ئێران پێشتر کارەبای بە عیراق دەفرۆشت،بەڵام پێش ماوەیەک ئێران ناردنی کارەبای بۆ عیراق راگرت، بە بیانویی ئەوەی کە پارەیان نەداوە، هەرچەندە هەندێک چاودێری سیاسی دەیگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی ئێران دەیەوێت فشاری زیاتر بخاتە سەر عیراق، بە هۆی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانی ئەمریکاوە لەسەر ئێران.

کێشە‌ی بێکاری و هەژاری
خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە، رێژەی بێکاری لە شارەکانی باشووری عیراق زۆرە بە تایبەتی لە بەسرە، ئەمە لەکاتێکدا ئەم شارە 95% داهاتی نیشتمانی عیراق پێکدەهێنێت.

نەبوونی خزمەتگوزاری
جگە لە نەبوونی کارەبا و ئاو و بێکاری، هەتاوەکو ئێستاش حکومەتی عیراقی نەیتوانییوە خزمەتگوزاری باش پێشکەشی هاوڵاتییان بکات بە تایبەتی لە رووی « ژێرخانی ئابووری، پاکوخاوێنی، تەندروستی و پەروەردە و شارەوانی «

گەندەڵیی و نەمانی متمانە بە حکومەتەکانی عیراق
گەندەڵیی یەکێکە لە کێشە گەورەکانی عیراقی دوای رژێمی سەدام، هەتاوەکو ئێستاش هیچ هیوایەک نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە گەورەیە. لە لایەکی تریشەوە لە پاش 2003 ەوە کۆمەڵێک حکومەتی عیراقی دروستبوون، لێ هیچ کامییان نەیانتوانییوە کێشە زۆرەکانی عیراق چارەسەر بکەن، ئەمەش جۆرە بێ هیوایی و بێ متمانەیی لای خەڵکی دروستکردووە بە تایبەتی لەناو گەنجەکاندا.

هەتا دێت خۆپیشادانەکان فراوانتر و خوێناویتر دەبن
هەرچەندە حکومەتی عەبادی و وەزیرەکانی کۆمەڵێک پەیمان و بەڵێنی زۆریان بە خۆپیشاندەران دا ، لێ نەیانتوانییوە ئاگری راپەرین و خۆپیشاندانەکان کپ بکەنەوە، بەڵکە هەتا دێت خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەبێت و کۆمەڵێک شار و شارۆچکەی باشوور و ناوەڕاستی عیراقی گرتۆتەوە و تەنانەت دوێنێش گەیشتە بەغداش. لە هەمانکاتدا هەتا دێتیش ژمارەی قووربانیان زۆرتر دەبێت، بە پێی دوایین ئامار بێت، ژمارەی کوژرا و بریندارەکان گەیشتۆتە 220 کەس. ئەمە لە کاتێکدا زیاتر لە مانگ و نیوێکە هەڵبژاردن کراوە و هێشتا حکومەتی نوێش دروست نەبووە. کەسیش نازانێت ئەم خۆپیشاندانانە تا کوێی تر دەچێت.

سەرچاوە:-الانصات المرکزی. سایتی بی بی سی . سپوتنیک. فرانس پرێس.

 389 جار بینراوە