سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » چەکی نەوت بۆ هاوسەنگی هێز بەکاردێت

چەکی نەوت بۆ هاوسەنگی هێز بەکاردێت

دیمەنە تراژیدیەکانی چوار ساڵی شەڕی یەمەن لە کوشتو کوشتار و برسیەتی و نەبونی خزمەتگوزاری و ماڵوێرانی و بێدەرەتانی خەڵکەکەدا بەس نەبوە بۆ یەکلاکردنەوەی کیشەی نێوان وڵاتان و تێربون لە هەژمونی دەسەڵات و پێگەی خۆیان، ئەو هەموو کوشتو کوشتارو بۆمبارانکردنە هیچ لایەک لە حکومەتی ناوەند کە سعودیە و هاوپەیمانە عەرەبەکان پشتیوانی لێ دەکەن ، لەگەڵ حوسیەکانی سەر بە ئێران تا ئێستا تیایدا سەرنەکەوتون و ئەگەر چی هەردوو جەمسەر خۆیان بە براوەی شەڕەکە دەزانن بەڵام لەڕاستیدا هیچ کام لەو لایەنانە براوە نەبوون و تەنها خەڵکی رەشوڕوت وهەژار لێقەوماو سەرگەردان بون.

بۆردومانی سعودیە و ئیمارات
لە تازەترین پێشهاتدا حوسیەکان ئاڕاستەی شەڕەکانیان گۆڕیوە بە لێدان لە بەرژەوەندیەکانی سعودیە و بە پەلاماردانی کەشتیە نەوت هەڵگرە زەببەللاحەکانی بەندەری بابولمەندەب مەترسی کەوتۆتە سەر سعودیە و زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها گوایە بە فڕۆکەیەکی بێ شوفێر فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی ئیماراتیان بۆردومانکردوە، لە لایەکی تریش هەڕەشە و گوڕەشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران بارێکی گرژ و ئاڵۆز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە کە پێدەچێت هەڵگیرسانی شەڕێکی گەرمی لێ بکەوێتەوەو تەڕو ووشکی پێوە بسوتێت.

سعودیە هەناردەی نەوتی ڕاگرت
لەسەروبەندی ئەو ڕووداوە تازانەدا شانشینی عەرەبی سعودیە هەناردەکردنی نەوتی گەروی بابولمەندەب ڕاگرت کە گەورەترین بەندەری هێنان و بردنی نەوتە لە جیهاندا و زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە لەو بەندەرەوە نەوتەکەیان هەناردە دەکەن، ژمەریەک لە وڵاتان « میسر و بەحرێن و کوێت و ئیمارات» کە سەر بە جەمسەری سعودیەن ئیدانەی ئەو کارانەی حوسیەکانین کرد و بە کاری تیرۆریستی ناویان برد، لەگەڵ بڕیارەکەی سعودیەشدا نرخی نەوت بەرزبۆوەو هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە گۆڕانی بەخۆوە بینی.

کارتی فشارە
ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی سعودی هەنگاوێکی مەترسیدارە و سعودیە بەو هەنگاوەی دەیەوێت کێشەکە بکاتە کێشەیەکی جیهانی پێدەچێت وڵاتانی تری هاوپەیمانیشی هەمان هەڵویست وەربگرن و بیکەنە کارتی فشار بۆسەر دەسەڵاتە زلهێزەکانی جیهان بۆ دەمکوتکردن و تەمێکردنی حوسیەکان و سنوردانان بۆ هەوڵەکانی ئێران لە فراوانکردنی هەژمونی خۆی لەناوچەکەدا.

هانا بۆ ڕوسیا دەبەن
لە لایەکی تریشەوە بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی « پراڤدا»ی ڕوسی « مەهدی مەشات»ی سەرکردەی حوسیەکان نامەیەکی بۆ «فلادیمیر پوتین» ی سەرۆکی ڕوسیا ناردوەو داوای هاتنە سەرخەت و یارمەتی لێدەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو شەڕە، ئەو داوایەش بە ڕەزامەندی ئێرانە و تاران دەیەوێت ڕوسیا بخاتە ناو ئەو کێشەیە و گەورەتری بکات،ڕۆژنامەکە وا پێشبینی دەکات کە لەبەر هەستیاری کێشەکە لەوە ناچێت وازوو پوتین وەڵامی ئەو نامەیە و ئەو داواکاریە بداتەوە،چونکە کاری نەرێنی دەکاتە سەر پەیوەندیەکانی لەگەڵ سعودیە، وەک زانراویشە تازە «شا محەمەد» لە ڕوسیا هاتۆتەوەو لە کاتی یاریەکانی ئۆلمپیاددا بۆ بینینی یاری تیپی وڵاتەکەی چوە ڕوسیا و لەوێ پوتینی بینیوەو باسی پتەوکردنی پەیوەندی هەردوولایان کردووە.

بەرژەوەندی ڕوسیا
بەڵام بەرژەوەندیەکانی ئەو دوو وڵاتە لە یەمەن زۆر تایبەتیە وەک ئەو ڕۆژنامەیە لێکی داوەتەوە،چونکە بەو پێیەی حوسیەکان خۆیان وەک نەیارو دوژمنی ئەمریکا وێنا دەکەن ڕوسیا ناڕاستەوخۆ پشتیوانیان لێ دەکاو نایەوێت جەمسەری ئەمریکا لەو شەڕەدا سەربکەوێ کە سعودیەشی تێدایە، هەر بۆیەش نامەیان بۆ ناردوەو داوای هاوکاریان لێ کردوە.

ئەمریکا قازانج دەکات
بەرژوەندیەکانی ڕوسیا هاوتەریبی ئەوانەی ئێرانە لە ناوچەکەدا، ئێران باربۆکردنی حوسیەکانی نەشاردۆتەوە بۆ لاوازکردن و هەڵکوتانە سەر هێزەکانی حکومەت کە لە لایەن ئەمریکا و سعودیەوە هاوکاری دەکرێن، بەڵام ڕوسیا نایەوێت بە ئاشکرا خۆی بخاتە ناو ئەو گێژاوەو پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ سعودیە تێک بدات چونکە هەرکاتێک مۆسکۆ ڕاستەوخۆ بچێتە ناو یەک لەو جەمسەرانە دەبێتە کارتێکی براوە بۆ ئەمریکا.

بنکەی دەریایی
ڕوسیا لە هەوڵەکانی حکومەتی یەمەن نیگەرانە کە ڕێگرن لە دامەزراندنی بنکەیەکی دەریایی ڕوسی سنوری دەریاوانی یەمەن،بۆیە بەجدی هەوڵی بۆدەداو بەگرنگی دەزانێت، چونکە دەروازەیەکی گرنگی لەبەردەمدا دەکاتەوە بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لەگەڵ دەریای سورو « بابولمەندەب» کە لەگەڵ کەنداوی عەدەنی دەبەستێتەوە،کاتێک روسیا ئەو بنکەیە بکاتەوە ئەوان دەسەڵاتی بەسەر نرخی نەوت لە هەموو جیهاندا دەبێت چونکە زۆربەی نەوتی وڵاتان بەو بەندەرانەدا دەڕوات کە دەکەونە ئەو سنورەوە،بەڵام مۆسکۆ نایەوێت ڕاستەوخۆ ئەو کیشەیە بە کێشەی جەمسەری شیعی و سونی نێوان ئێران و سعودیە ببەستێتەوەو تیکەڵاویان بکات.

خۆئامادەکردن
ئەمریکا دەیەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدژی ئێران بوروژێنی و زۆرترین دوژمنەکانی لی کۆبکاتەوە ئینجا هەڵوێستێکی هاوبەش وکاریگەری لە دژ بنوێنێت، ئێرانیش دەیەوێت وڵات و پارت و لایەنە هاوپەیمانەکانی جۆش بدات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشانە و بەرگەی بگرێت، لەو نێوانەدا هەموو هۆکارێک بەکاردێت، نەوت یەکیکە لەو چەکانەی کە لە گۆرەپانی شەڕەکاندا یەکلاکەرەوە دەبێ و دەبێتە کارتێکی فشاری گرنگ.

سەرچاوە: -عەرەبی پۆست، دۆیچەڤیللا، روسیا الیوم ،شپیگل ئۆنلاین.

 286 جار بینراوە