سەرەکی » مانشێت » ״دەرگای گفتوگۆ واڵایە״

یەكێتی و پارتی، پڕۆژە و وەفدی هاوبەشیان تاوتوێكرد

״دەرگای گفتوگۆ واڵایە״

كۆمسیۆن: ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان كۆتاییهات

دوێنێ وەفدی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر كۆبوونەوە و «پڕۆژە و وەفدی هاوبەش بۆ بەغدا و ئامادەكاریی بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق»، تاوتوێكرا.

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە
دوای كۆبوونەوەكە، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا باسی بژێوی خەڵك لە هەرێمی كوردستان كرا، وتیشی: هەر لە كۆبوونەوەكەدا خۆئامادەكردن بۆ گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق تاوتوێكرا، «ئێمە وەكو یەكێتی ڤیتۆمان لەسەر هیچ كەسێك نییە ‌و هیچ لایەنێكیش پەراوێز ناخەین». تەئكیدیشیكردەوە «وەك یەكێتی دەرگامان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكاندا واڵایە».
دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، سەعدی پیرە وتی: تائێستا، 30/9، كاتی هەڵبژاردنە ‌و هیچ داوایەك لەلایەن یەكێتیی نیشتمانییەوە پێشكەش نەكراوە بۆ ئەوەی دوابخرێت ‌و هیچ بەرنامەیەك بۆ دواخستنی لەئارادا نییە.

״پێویستە حكومەتی عیراق بەزوویی پێكبهێنرێت״
هەر دوێنێ لە سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، پێشوازییكرد لە سێرێنا مورۆنی‌ كونسوڵی‌ گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێم.
لە دیدارێكدا هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق باسكرا، هەردوولا جەختیانكردەوە «پێویستە حكومەتی ئایندەی عیراق بەزوویی پێكبهێنرێت، بەمەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان ‌و چارەسەركردنی كێشە دەستوورییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا».

ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان كۆتاییهات
لەلایەكی دیكەوە، دوێنێ دادوەر لەیس جەبر وتەبێژی رەسمیی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: دادوەرانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتاییان هێنا بە پڕۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگی تەواوی ئەو وێستگە و ناوەندانەی لە ناوخۆی عیراق و دەرەوە سكاڵایان لەسەر تۆماركرابوو، دەشڵێت: ئەنجومەنی كۆمسیاران ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی نووسینگەی هەڵبژاردنی رەسافەی بەغدای رەتكردەوە، هۆكارەكەشی بۆ سوتانی كۆگاكانی هەڵگرتنی سندوقەكان دەگەڕێتەوە.

 37 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*