سەرەکی » راپۆرت » ئه‌مریکا و ستراتیژی نـوێی به‌رامبه‌ر به‌ ئێران

ئه‌مریکا و ستراتیژی نـوێی به‌رامبه‌ر به‌ ئێران

هه‌فته‌ی پێشوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا ستراتیژی نوێی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ ئێران راگه‌یاند، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد که‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ رێکه‌وتنتامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران  هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له‌جیهاندا لێکه‌وته‌وه‌، زۆرێکیش له‌ چاودێرانی سیاسی پێیان وایه‌، زه‌حمه‌ته‌ ئه‌مریکا بتوانێت ئه‌م سیاسه‌ته‌ نوێیه‌ جێبه‌جێبکات، چونکه‌ پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی نییه‌.
خراپترین رێکه‌وتن
دۆناڵد تره‌مپ ئه‌و رێکه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌ی نێوان ئێران و ده‌وڵه‌تانی 5+1 ساڵی 2015 ی ، به‌خراپترین رێکه‌وتن له‌مێژووی ئه‌مریکادا وه‌سفکرد، وتیشی: ئه‌م رێکه‌وتنه‌ سوودی بۆ ئێران هه‌یه‌ و زه‌ره‌ری به ‌ئه‌مریکا و جیهان گه‌یاندووه‌.
خاڵه‌ گرنگه‌کانی ستراتیژی نوێی ئه‌مریکا
ستراتیژیه‌ نوێکه‌ی ئه‌مریکا  که‌ دۆناڵد تره‌مپ رایگه‌یاند، له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ پێکدێت:
کارکردن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان
یه‌که‌مین ستراتیژی بریتییه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ناوچه‌که‌و جیهاندا کارده‌کات بۆئه‌وه‌ی، سنوورێک بۆ کاروچالاکییه‌کانی ئێران له‌ناوچه‌که‌ و جیهان رابگرێت، که‌ بۆته‌ هۆی دروستکردنی پشێویی و نائارامی له‌ناوچه‌که‌و پشتگیریکردنی گروپه‌ تیرۆریستییه‌کان، که‌بوونه‌ته‌ وه‌کیلی ئێران له‌ناوچه‌که‌. له‌مه‌یاندا تره‌مپ زیاتر مه‌به‌ستی حزبوڵلای لوبنانی بوو.
سزای زیاتر
دووه‌می ستراتیژی که‌ تره‌مپ باسیکرد بریتییه‌ له‌وه‌ی،  سزای نوێ به‌سه‌ر ئێراندا بسه‌پێنن، بۆئه‌وه‌ی رێگه‌ بگرن له‌ یاره‌متیدان و پشتگیریکردنی ئێران بۆ گرووپه‌ تیرۆریستیه‌کان.له‌مه‌یاندا زیاتر ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت، چاودێری هه‌موو حه‌واڵه‌ مالییه‌کانی ئێران له‌ ناوچه‌که‌ و جیهاندا بکات، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی بانکه‌کانه‌وه ‌ده‌کرێت.
راگرتنی کاره‌ سه‌ربازییه‌کانی
سێهه‌مین خاڵ که‌ تره‌مپ باسی لێوه‌کرد ئه‌وه‌بوو،  رێگا بگرن له‌ به‌هێزکردن سیسته‌می موشه‌کی و سه‌ربازی ئێران بگرن، که‌ ترسی بۆسه‌ر دراوسێکانی و بازرگانی و که‌شتیوانی جیهان هه‌یه‌. له‌مه‌شیاندا مه‌به‌ستی زیاتر له‌ گه‌رووی هورمزه‌ که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێراندایه‌ و چه‌ندین جاریش هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی ئه‌م رێره‌وه‌ گرنگه‌ی کردووه‌، که‌ کاریگه‌ری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر بازرگانی جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی بازرگانی نه‌وت، چونکه‌ به‌شێکی زۆری نه‌وتی وڵاتانی که‌نداو، لێره‌وه‌ ده‌برێت بۆ بازاڕه‌‌کانی جیهان.
سزادانی سوپای پاسداران
خاڵێکی گرنگی تری ستراتیژی نوێی ئه‌مریکا، بریتییه‌ له‌ سزادانی سووپای پاسدارانی ئێران، که‌به‌یه‌کێک له‌ده‌زگا گرنگ و گه‌وره‌کانی کۆماری ئیسلامی داده‌نرێت. به‌ بڕوای ئه‌مریکا، ئه‌م سووپایه‌ ده‌ستێکی گه‌وره‌ی له‌ پشتگیریکردنی گرووپه‌ تیرۆریسته‌کان و پشێویی نانه‌وه،‌ له‌ناوچه‌که‌ هه‌یه‌.
کارێکی زه‌حمه‌ته‌
زۆرێک ‌له‌چاودێرانی سیاسیی و سه‌ربایزش پێیان وایه‌، سه‌پاندن و جێبه‌جێکردنی ئه‌م ستراتیژییه‌ نوێیه‌ ئه‌مریکا زه‌حمه‌ته‌، چونکه‌ له‌ناو جیهاندا هیچ پشتگیرییه‌کی وای به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.
ئه‌وروپییه‌کان که‌نزیکترین دۆستی ئه‌مریکان، دژی ئه‌م ستراتیژییه‌ نویێه‌ وه‌ستانه‌وه‌، هه‌ریه‌ک له‌فه‌ره‌نساو به‌ر‌یتانیاو ئه‌ڵمانیا، پێکه‌وه‌ له‌به‌یانێکی هاوبه‌شدا دژی ئه‌م سیاسه‌ته‌ نوێیه‌ ئه‌مریکا وه‌ستانه‌وه‌.به‌هه‌مانشێوه‌ش یه‌کێتی ئه‌وروپا، دژی وه‌ستایه‌وه‌. چین و روسیاش هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ دژی سیاسه‌تی نوێی تره‌مپ بوون‌.
له‌ئێستادا به‌پێچه‌وانه‌ ئێران پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی زیاتره‌ تاوه‌کو ئه‌مریکا، ئه‌مه‌ش به‌زه‌ره‌ر بۆ ئه‌مریکا و به‌ قازانج بۆ ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌م ستراتیژییه‌ نوێه‌ی ئه‌مریکا،‌ زه‌حمه‌ت ده‌بێت.
print

 21 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*