سەرەکی » مانشێت » ئامادەین بۆ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا

وتەبێژی یەكێتی:

ئامادەین بۆ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا

دوێنێ لە هەولێر وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی و ئەندامێتی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی، سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانی كرد و لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ و وەفدی كۆمەڵی ئیسلامیدا كۆبۆوە.
دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: كۆبوونەوەمان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی یەكێتی بووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رێكەوتنی لایەنەكان و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و پشك و داخوازییەكانی كورد لە حكومەتی نوێی عیراقدا. راشیگەیاند: بەشێكی تری كۆبوونەوەمان تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆبوونەوەمان بوو لەگەڵ لایەنەكانی تری وەك پارتی و گۆڕان و هاوپەیمانی و یەكگرتووی ئیسلامی، بۆ ئەوەی پڕۆژەیەكی هاوبەشمان هەبێت بۆ دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشەوە، سەعدی پیرە رایگەیاند: وەك یەكێتی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیداو هیچ كێشەیەكمان نییە.
عەبدولستار مەجید ئەندامی وەفدی كۆمەڵی ئیسلامیش رایگەیاند: لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە دەستووری و یاساییەكاندا، چی بۆ هەرێم قازانج بێت لەپڕۆژەو كاری هاوبەش، بەباشی دەزانین. وتیشی: وەك گۆڕان و هاوپەیمانی و یەكگرتوو، كۆمەڵ، رێكەوتنمان هەیە سەبارەت بەعیراق و بەكۆدەنگیی بڕیار لەسەر كۆی بابەتەكان دەدەین. ئاماژەی بەوەشدا «وەك كۆمەڵ لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت».

 138 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*