سەرەکی » راپۆرت » سه‌نته‌ری موزیكی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی بۆ په‌روه‌رده‌و فێركردنی موزیك

خوله‌كان بێ به‌رامبه‌رن و 50 فێرخوازیان هه‌یه‌

سه‌نته‌ری موزیكی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی بۆ په‌روه‌رده‌و فێركردنی موزیك

نووسینگه‌ی كه‌ركوك، هێمن ئه‌حمه‌د

سه‌نته‌ری موزیكی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی، له‌ ساڵی 2009وه‌ له‌لایه‌ن خاتوو شنۆ شاسواری هاوژینی ئازاد هه‌ورامی، له‌ گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسمی شاری كه‌ركوك، به‌ڕووی كچان‌و كوڕانی ئاره‌زوومه‌ندی ئامێره‌ موزیكییه‌كاندا، كراوه‌ته‌وه‌.

فێرخوازان له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز
هونه‌رمه‌ندی موزیسیان رزگار حه‌مه‌ره‌ئوف به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ره‌كه‌ به‌كوردستانی نوێی وت: هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندی سه‌نته‌ره‌كه‌، كۆمه‌ڵێك ئامێری میوزیكی جۆراو جۆرمان په‌یدا كردو له‌و كاته‌شه‌وه‌ سه‌رقاڵی خولی فێركردنی موزیكین بۆ كوڕان‌و كچانی فێرخوازانی شاری كه‌ركوك، خوله‌كانیش بۆ زۆربه‌ی ئامێره‌كانی (فلوت، كلارنێت، عود، ساز، گیتار، چه‌لۆ) بووه‌.
به‌ڵام له‌ئێستادا له‌به‌ر قه‌یرانی دارایی كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ مامۆستای تایبه‌تمان نییه‌ بۆ خوله‌كان ته‌نیا خۆمانین خوله‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ین‌و نزیكه‌ی 50 فێرخوازی كچ‌و كوڕمان له‌سه‌نته‌ره‌كه‌ هه‌یه‌، خۆشبه‌ختانه‌ له‌و ژماره‌یه‌ش دوو فێرخواز له‌ئێستادا وه‌كو مامۆستا له‌سه‌نته‌ره‌كه‌ وانه‌و خول بۆ ئامێره‌كانی (كه‌مان، عود، گیتار، شمشاڵ، ده‌ف) ده‌ڵێنه‌وه‌و سه‌رجه‌م خوله‌كانیش بێ به‌رامبه‌ره‌.

ئامانجی سه‌نته‌ره‌كه‌
به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری موزیكی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی وتیشی: ئازاد هه‌ورامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی دیاری شۆڕشی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان بوو، له‌هه‌مان كاتدا گیتارژه‌ن‌و نوسه‌رو گۆرانیبێژو فۆتۆگرافه‌ر بوو، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی جوانی تێدا ده‌بینرا، بۆیه‌ له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی خاتوو شنۆی هاوژینی ئازاد هه‌ورامی به‌پێویستمانزانی خولی فێركردنی موزیك بۆ كوڕان‌و كچانی شاری كه‌ركوك بكه‌ینه‌وه‌ تا رۆحی ئازاد هه‌ورامی ئاسوده‌ بێت و ئێمه‌ش پێمانخۆش بوو ئه‌و رێچكه‌یه‌ی هه‌ورامی به‌رنه‌ده‌ین.
هه‌روه‌ها ئامانجی ئێمه‌ له‌م سه‌نته‌ره‌ زیاتر ئه‌وه‌یه‌ نه‌هێڵین موزیك له‌م شاره‌ بمرێت و نه‌هێڵین كه‌لتوور له‌ناوبچێت و … هتد.
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم-ی شاری كه‌ركوكه‌، واتا ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ی تێدا له‌دایكبووه‌ و خوله‌كان له‌وێ به‌ڕێوه‌ ده‌چن و وتیشی: خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی دیكه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ فێرخوازی عه‌ره‌ب‌و توركمانیش سه‌ردانمان ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی فێربوونی ئامێری موزیك.

بۆ یاده‌كه‌ پرۆڤه‌ ده‌كه‌ن
باسی له‌وه‌شكرد له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ فێرخوازه‌كانی سه‌نته‌ره‌كه‌ سه‌رقاڵی پڕۆڤه‌ن بۆ رۆژی 31/8/2018 كه‌ یادی شه‌هیدبوونی ئازاد هه‌ورامییه‌، پڕۆڤه‌كه‌ش بۆ سرودی (رێی خه‌بات) مان، كه‌به‌رده‌وام شه‌هیدی سه‌ركرده‌ ده‌یوته‌وه‌، سروده‌كه‌ش له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كان ناسراوه‌و سرودێكی جیهانیشیه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌جۆش‌و خرۆش بوو بۆ شۆڕش‌و پێشمه‌رگه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌یاده‌كه‌یدا كه‌بڕیاره‌ له‌ 31ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری كه‌ركوك به‌ڕێوه‌ بچێت، پێشكه‌شی رۆحی شه‌هید و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی ده‌كه‌ین كه‌ئاماده‌ ده‌بن.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد له‌دوای روداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ دوای تێپه‌ربوونی پێنج رۆژ سه‌نته‌ره‌كه‌یان به‌ڕووی فێرخوازان كردۆته‌وه‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و رووداوه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره‌كانیان نه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: پێش روداوه‌كه‌ پێنج كچی فێرخوازمان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ژماره‌ی كچه‌كان 15یه‌و كۆی گشتیی فێرخوازه‌كانیش به‌ كوڕو كچه‌وه‌ 50 فێرخواز له‌م سه‌نته‌ره‌كه‌ فێری ئامێری موزیك ده‌بن كه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا دوو رۆژ خوله‌كان ده‌وترێنه‌وه‌.
له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا رزگار حه‌مه‌ ره‌وف سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاین سه‌نته‌ره‌كه‌یان ته‌نیا شوێنی فێركردنی موزیك نییه‌، به‌ڵكو فێری په‌روه‌رده‌ی موزیكیشیان ده‌كه‌ن، كه‌ چۆن موزیكیان خۆشبوێت‌و رێگریی له‌خوشك‌و برا‌و هاوڕێ‌و درواسێكانیان نه‌كه‌ن كه‌ بیانه‌وێت فێری موزیك بن.

تاقه‌ هاوكاری سه‌نته‌ره‌كه‌
هونه‌رمه‌ندی موزیسیان رزگار حه‌مه‌ ره‌ئوف رایگه‌یاند: ته‌نیا خاتوو شنۆی هاوسه‌ری شه‌هید ئازاد هه‌ورامی هاوكاری سه‌نته‌ره‌كه‌ ده‌كات، جێگه‌ داخیشه‌ تا ئێستا هیچ كه‌س‌و لایه‌نێكی حیزبی شاری كه‌ركوك سه‌ردانی ئه‌م سه‌نته‌ریان نه‌كردووه‌.
هۆكاره‌كه‌شی بۆ بێئاگایی‌و كه‌مته‌رخه‌می ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: له‌م شاره‌ دوو سه‌نته‌ری رۆشنبیری هه‌یه‌، سه‌نته‌ری شه‌هید ئازاد هه‌ورامی و ئه‌وی دیكه‌شیان ناوه‌ندی رۆشنبیری دیالۆگه‌، ته‌نیا ئه‌و دوو شوێنه‌ تروسكایی تێدا ماوه‌، بۆیه‌ ده‌بوو به‌رپرسه‌كانی ئه‌م شاره‌ له‌ ئێمه‌ زیاتر په‌رۆشی ئه‌م دوو ناوه‌نده‌ گرنگه‌یان بوایه‌، چونكه‌ ئه‌و ئامێره‌ موزیكانه‌ی كه‌ئێستا به‌كاری ده‌هێنین سه‌رجه‌میان كۆنن و به‌كه‌ڵكی كاركردن نه‌ماون، له‌راستیدا سه‌نته‌ره‌كه‌مان پێویستی به‌ئامێری نوێ‌و كه‌لوپه‌ل و ته‌نانه‌ت پێویستمان به‌پێنوسێكیش هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌س ئاوه‌ڕمان لێناداته‌وه‌.

print

 45 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*