سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » لە خۆپیشاندانەکاندا هاوار دەکەن بێگانە بۆ دەرەوە

نازیەکان لە شارەکەی «مارکس»خۆیـان ڕێک دەخەنەوە

لە خۆپیشاندانەکاندا هاوار دەکەن بێگانە بۆ دەرەوە

ماوەی چەند ڕۆژێکە شەڕ و ئاشوب و گرژی لە شاری کێمنیتسی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا درێژەی هەیە و بە بەردەوامی پارتە راستڕەوەکان خۆپیشاندان لە دژی میللەتە بێگانەکانی ناو ئەڵمانیا دەکەن و داوا دەکەن ئیدی کۆچبەر و پەنابەران وەرنەگیرێن و ئەوانەی هەشن بنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان. لە ئێستاشدا ئەم خۆپیشاندان و گرژییانە، بوونەتە مایەی گرنگی پێدانی هەموو میدیاکانی جیهان، هەندێکیشیان باس لە گەڕانەوەی هیتلەر دەکەن بۆ ئەڵمانیا.

شاری کێمنیتس
شاری « کیمنتس» دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەڵمانیا و لە دوای «درێسدن و لایبزیک» یەکێکە لەو سێ گەورە شارەی کە دەکەونە سنوری هەرێمی سەکسۆنیا و شارێکی پیشەسازی کۆنە و ژمارەی دانیشتوانەکەی خۆی لە چارەکە ملیۆنێک کەس دەدات، لە جەنگی جیهانی دووەمدا هەمیشە گۆڕەپانی شەڕو شۆڕبوە، لە کۆتایی شەڕەکەشدا بە تەواوی وێران کراوەو خانو باڵەخانەکانی بەشێکی کەمیان بە پێوە ماونەتەوە ، لە ساڵی ١٩٥٣ تا ١٩٩٠ و لە سەردەمی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتدا یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ناوی لێنابوو شارەکەی « کارل مارکس» وەک ئەوانی تریش « ستالینگراد و لینینگراد» .

مارکس لەوێیە
وەک ڕێزلینان بۆ ئەو کەسایەتیە لە سەنتەری شاردا پەیکەرێکی گەورەی « مارکس» یان داناوە، لە سەردەمی جەنگدا، نازیەکان لەو شارەو دەوروبەری دژواترین دەسەڵاتی دژ بە بێگانەیان پیادەکردوەو جولەکەیەکی زۆریان تێدا قەتل وعام کردوە، لەدوای جەنگ، یەکێتی سۆڤیەت هەژمونی لەو شارە بە برەو بوەو بایەخی زۆریان پێداوە بەشێوەیەک ئاوەدانیان کردۆتەوەو لە ڕوی ئابووری و سەربازی و ڕووناکبیریدا بنیاتیان ناوەتەوە، هەرچەنەدە سەر بە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بوە بەڵام سۆڤیەت کاریگەری بەسەریاندا هەبوە و سیاسەتی خۆیان لەوێ بەرجەستەکردبو، بەڵام لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو بەری ئەڵمانیا «ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا» هەرچەندە ئەو شارە زیاتر لە جاران گرنگی پێدراوەو کارگە و ئۆتۆبان و بەرژەوەندی ئابووری تێدا دروست کراوە، بەڵام هەر نەتوانراوە کاریگەری وێرانەی شەڕ بسڕدرێتەوە و هەروەک شارێکی نیمچە هەژار ماوەتەوە، ڕێژەی بێکاری لە چاو شارەکانی تردا تا ڕادەیەک بەرزترەو خەڵکەکەی هەژارترن.

مۆڵگەی نازیەکانە
ئەو شارە بە حوکمی ئەوەی دەکەوێتە سنوری جوگرافیای شارە ڕۆژهەڵاتیەکان و بە حوکمی مێژوو و پێگەی نازیە کۆنەکان لەو شارە، کاریگەریان هەر ماوەتەوە، بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا بۆتە پێگەیەکی گرنگی ئەو ڕەوت و گروپ و پارتە ڕاستڕەوانەی کە دروستبون و چالاکی سیاسی لەناو ئەڵمانیا دەکەن، دووان لەو گروپە گەورانەش پارتی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا و نازیە نوێکانن کە ژمارەیەکی باش لەخەڵکیان هەیە و لە ناو ئەنجومەنی شارەوانی کێمنتسیش چوار کورسیان هەیە، لەساڵانی ڕابردوودا زۆربەی خۆپیشاندان و چالاکیەکانی ئەو گرووپە توندڕەوانە لەو هەرێمەکراون و ئەو شارەش پشکی شێری لە نازیەت و ڕەگەزپەرستی بەرکەوتوە.

ئەو فتنەیە کێ دروستی کرد؟
ئەو بارە گرژە لە دوای ئەوە دروست بوو کە لە دەمەقاڵەیەکی نێوان پەنابەر « سوریەک وعیراقیەک» لەگەڵ یەکێکی ئەڵمان هەردو بیانیەکە ئەو هاوڵاتیە ئەڵمانیە بە چەقۆ دەکوژن و ئەو ڕووداوە دەبێتە هەڵگیرسانی فتنەیەکی گەورە و درستبونی توندوتیژی وڕاوەدونانی بێگانەکان لەو شارەو دەوروبەری.
ئێستا ئەو شارە بۆتە مۆڵگەی هەموو ڕەوت وقەوارەو پارت وگروپە نازیەکان و لەتازەترین پێشهاتدا دوو « بزوتنەوەی پرۆ کێمنتس» وپارتی ئەلتەرناتیڤ و بزوتنەوەی پەگیدا کە هەرسێکیان پۆپۆلیستن و لە دژی بێگانەکان دژوارانە خەبات دەکەن ،یەکهەڵوێستی وهاوخەباتی خۆیان بەیان کردوە تا بتوانن کار لەسەر ڕای گشتی وسیاسەتی حکومەتی ئەڵمانیا بکەن بۆ دژایەتی میللەتە بێگانەکانی دانیشتوی ئەو وڵاتە، لەکاتێکداکە « کارل مارکس» ڕابەری بیری سۆسیالیزم وەک خەباتگێڕێکی ئاشتیخواز ودیموکرسخواز و دادپەروەو ناسراوە و ڕۆژانە خەڵکان دەچنە سەیری بینی پەیکەرەکەی، کەچی ئەو سێ گروپە ڕۆژانە لە بەردەم ئەو پەیکەرە خۆپیشاندانیان بەڕێوەبردوەو لەوەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر کە نزیکەی دوو هەزار کەس دەبون، هاواریان دەکرد» بێگانە بۆ دەرەوە، ئەڵمانیا بۆ ئەڵمانەکانە، مێرکل وازمان لێ بێنە» یان دەوتەوەو بەئاشکراو لەبەردەمی پۆلیس ئەو هێما و ڕەمزانەیان بەکاردەهێنا کە یاسا و دەستوری ئەڵمانیا قەدەغەی کردوەو سزای توندی لەسەرە.

نەیارانی راسترەوەکان
لەبەرامبەریشدا هێزەو پارتە لیبرالی چەپ ودیموکراسخوازەکان لە دژی ئەوان بە بەشداری هەزاران کەس خۆپیشاندانی هێمنانەیان سازکرد و دروشمی « نابۆ توندوتیژی ،بەڵی بۆ پێکەوەژیان» یان بەرزکردبۆوەو ئیدانەی هەڵوێست و ڕەفتاری نازیەکانیان دەکرد، ژمارەیەک سەرکردەی پارتی سۆسیالدیموکرات وچەپەکان وسەوزەکان بەشدریان کردو داوایان لە هێزە عەلمانی ولیبرالیەکان کرد کەبەرەیەکی یەکگرتوو پێک بهێنن لە دژی ئەو ڕاسیزمانەو ببنەبەربەستێک لەبەردەمیان نەبادا سیاسەتی خۆیان گشتگیر بکەن وپەل بۆ هەرێم وشارەکانی تریش بهاوێن.
سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

 234 جار بینراوە