دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 12/5/2018و نزیكبوونەوەی كاتی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق، بەشێك لەلایەنە كوردستانییەكان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ دەستپێكردنی دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان خۆیانداو بەپێویستی دەزانن دانیشتنو گفتوگۆی جددی لەنێوانیاندا دەستپێبكات، لەو چوارچێوەیەشدا پەرلەمانتارانی كورد لەبەغداو كادیری حزبەكان كۆكن لەسەر ئەوەی كە كورد بۆ ئێستاو داهاتووی عیراق یەكدەنگو یەكهەڵویست بێت، بەتایبەتی بۆ قۆناغی ئێستای عیراقو پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.
دیالۆگی جددی لەنێوان تەواوی هێزەكاندا دەستپێبكرێت
تایبەت بە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانو یەكوتاریو یەكگرتوویی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، رێباز بێركۆتی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو كادیری پێشكەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: یەكهەڵوێستیو تەبایی نێوان لایەنە كوردستانییەكان بۆ هەموو قۆناغێك پێویستە، بەتایبەت بۆ ئێستا، كە عیراقو هەرێمی كوردستانو ناوچەكە بە دۆخێكی تایبەتدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە دیالۆگێكی نیشتمانیو جددی لەنێوان تەواوی هێزەكاندا دەستپێبكرێت تاكو هەموولایەك بەشداربن لەو گفتوگۆیەی لەگەڵ بەغدا لەپێناوی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەكرێت، كە چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەكرێت.
یەك پاكێج بۆ گفتوگۆ
رێباز بێركۆتی، وتیشی: ئەوەی كورد داوای دەكات لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقدا، هەروەك لەكابینەكانی پێشووتریشدا، هەمووی لەچوارچێوەی دەستووردایەو شتێك نییە لەدەرەوەی ئەو دەستوورەدا بێت، بۆیە چوونی وەفدی هەرێم بۆ بەغداو رێككەوتنی پێشوەختە، تیمی كوردستانو داهاتوومان بەهێزتر دەكات، بەجۆرێك دەتوانن بە هێزەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا بكەن. راشیگەیاند: پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەچوارچێوەی دروشمو بانگە دەرچنو كار بۆ دەستپێكردنی دیالۆگی نیشتمانی بكەن، چونكە ئاشكرایە عیراق لەعەرەبی شیعەو سوننە لەلایەكو كورد لەلایەكی تر پێكدێت، لەگەڵ چەند پێكهاتەیەكی تر، بۆیە هەر پێكهاتەیەك لەو پێكهاتانە ئەگەر بیانەوێ مافەكانیان بەدەستبهێنن، پێویستە بەیەك پاكێج بچنە ناو گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراقەوە، بۆ ئەوەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرگای خۆی واڵاكردووە بۆ هەموو لایەنەكان لەپێناوی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانو چارەسەركردنی كێشەو گومانەكانداو زۆر دەمێكیشە هەوڵەكانی لەوپێناوەدا خستۆتەگەڕو بەكرداریش كاری بۆ كردووە.
چەندە یەكگرتووبین ئەوەندە بەهێز دەبین
هەر تایبەت بەو پرسەو دەستپێكردنی گفتوگۆی جددی، نەجیبە نەجیب ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لەفراكسیۆنی پارتی، لەلێدوانیدا بۆ كوردستانی نوێ، ئەوەی دووپاتكردەوە كە گرنگو پێویستە ئەمجارە باشتر لەڕابردوو، كورد یەكدەنگو یەكهەڵوێست بێت لەبەغدا، چونكە چەندە یەكگرتووبین ئەوەندە بەهێز دەبین، ئەم قسەیەشم تەنها بۆ یەكێتیو پارتی نییە، بەڵكو پێویستە لایەنەكانی تریش بێنە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە.
نەجیبە نەجیب، پێشیوابوو بەو یەكهەڵوێستییە، هێزو لایەنە سیاسییەكان دەتوانن خزمەتی زیاتر بەخەڵكی كوردستان بكەن، بەڵگەش بۆ ئەوە لەهەڵبژاردنەكانی 2005دا كاتێك كورد یەكهەڵوێست بوو، پێگەیەكی بەهێزمان هەبوو، بەغداش حسابی تایبەتی بۆ كورد دەكرد، بەپێچەوانەوە لە دواهەڵبژاردنی عیراقدا لەساڵی 2014 كورد بەچەندین لیست بەشداربوو، ئەوەش پێگەی كوردی لاواز كردو وایكرد زیان بەر حزبەكان خۆیانو هەرێمی كوردستانیش بكەوێت.
بەبەرنامەیەكی هاوبەشەوە بەرەو بەغدا
لای خۆیشییەوە، زانا رۆستایی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، بەكوردستانی نوێی وت: ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەنگو قورساییەكی باشمان لەبەغدا هەبێت، باشتروایە لایەنە كوردستانییەكان بەبەرنامەیەكی هاوبەشەوە بچن بۆ بەغدا، نەوەك جیاوازبنو كاربكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەو هەوڵو پڕۆژەكانی یەكتر. وتیشی: ئەو هەنگاوە پێویستی بەدەستپێشخەریی هەردوو لایەنی براوەی هەڵبژاردن یەكێتیو پارتی هەیە، بەجۆرێك لەگەڵ لایەنەكانی تر رێكبكەون كە بەشداربن لەدەسەڵاتداو رۆڵ بەهەموو لایەنەكان بدرێت.
بەرژەوەندیی نیشتمانی پێش هەموو بەرژەوەندییەكان
زانا رۆستایی، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئێستا لەچاو ساڵانی رابردوودا هەماهەنگی نێوان لایەنە كوردستانییەكانو ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی، زۆر پێویستترە، چونكە بارودۆخی بەغدا وەكو پێویست نییە، هەرچەندە ئێستا جۆرە ساردییەك لەنێوان لایەنە كوردستانییەكاندا دروستبووە، بۆیە هەنگاوی لەو جۆرە پێویستی بەئازایەتیی هەموو لایەنو هێزە كوردستانییەكان هەیە، كە ئەوەشی دواجار پێویستە بكرێت خستنەپێشی بەرژەوەندیی نیشتمانییە پێش بەرژەوەندیی حزبی.
هەموو لایەنەكان پێویستیان بەیەكتر هەیە
هەر سەبارەت بەو بابەتە، هەنگاو هاشم هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەی بەكوردستانی نوێ راگەیاند كە بەهۆی ئەوەی لەهەرێمی كوردستاندا فرەلایەنی هەیە، بۆیە پێویستە هەماهەنگیو هاوكاری لەنێوانیاندا هەبێت، بەتایبەتی لەكاتی پێكهێنانی حكومەتدا، ئەوەشی كە ئێستا باس دەكرێت لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقدا ئەوەیە هەموو لایەنە عیراقییەكان پێویستیان بەیەكتری هەیە، بۆیە كارێكی ئاساییە، ئێستا لایەنە كوردستانییەكان بەنیازپاكییەوە گفتوگۆو دیالۆگ بكەنو لەگەڵ یەكتر راستگۆبن.
گەڕانەوەی متمانە
ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان، ئاماژەی بەخاڵێكی گرنگ كردو وتی: كارێك كە لەئێستادا زۆر پێویستو گرنگە ئەوەیە حزبو لایەنە سیاسییەكان كاربكەن بۆ گەڕانەوەی متمانە لەنێوانیاندا، بۆ ئەوەش هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەرفەتێكە بۆ رەوینەوەی ئەو گومانانەو دروستبوونەوەی متمانە لەنێوانیاندا.
62 جار بینراوە