سەرەکی » مانشێت » كۆسرەت رەسوڵ: نە شەڕی چەكداری، نە تۆپباران و بۆمباران، نە راگواستن و زیندانی كردن و لەسێدارەدان ناتوانێ كۆتایی بە داوا رەواكانی گەلی كورد بێنێ

بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە بۆردومان كرا

كۆسرەت رەسوڵ: نە شەڕی چەكداری، نە تۆپباران و بۆمباران، نە راگواستن و زیندانی كردن و لەسێدارەدان ناتوانێ كۆتایی بە داوا رەواكانی گەلی كورد بێنێ

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆمار: پێشێلكردنێكی ئاشكرای ئاسایشی وڵاتە

تیمەکانی تەندروستی چارەسەری پێویستیان بۆ بریندارەكان كرد

پێشنیوەڕۆی دوێنێ 8/9/2018، بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە بۆردومانكرا و زیانی گیانی ‌و مادی لێكەوتەوە.

بۆچوونی یەكێتی
وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچوونی یەكێتی لەوبارەیەوە خستەڕوو، رایگەیاند: یەكێتیی لە ساڵانی رابوردودا، سیاسەتی رۆشن بووە كە: هەموو چەشنە چالاكییەكی عەسكەری، كە لە باشووری كوردستانەوەو لەپەنای سەروەری یاسا و ئاسایشی هەرێمەوە، پێشێلكردنی هەموو ئەو پەیامانەیە، كە بە راشكاویی، بە لایەنە كوردستانیەكانمان گەیاندووە. دەشڵێت: ئەم بۆردومانكردنەش، دوورونزیك، سەركردایەتیی یەكێتی نەك ئاگادارنەكراوە، بەڵكو مایەی ناڕەزایی یەكێتیشە.

راگەیەنراوی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش لە راگەیەنراوێكدا، ئاماژەی بەوەداوە «وێڕای ئیدانەكردنی ئەو بۆمبارانە، دووپاتی ناڕەزایەتیی خۆمان لە بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دەكەینەوە كە بەهیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە» داواكاریشە «هەرێم نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكان».
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانیش لە راگەیەنراوێكدا، دەڵێت: ئیدانەی ئەم بۆمبارانە دەكەین و داواكارین هەرچی زووە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان بوەستێنرێت.
دەشڵێت: ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین لە بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و هەر هەوڵێكی هاوشێوە كە ببێتە پاڵنەرێك بۆ تێكدانی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و داواكارین رێز لە سەروەری و یاساكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆماریش لە لێدوانێكی رۆژنامەگەرییدا رایگەیاند: ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر كامپی خێزان و بارەگاكانی حزبی دیموكراتی ئێران لە شاری كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، گڕسەندنێكی ترسناك و پێشێلكردنێكی ئاشكرای ئاسایشی وڵاتە.
هەردوێنێ فەرمانگە و تیمەکانی تەندروستی لە سلێمانی و كۆیە، بەزوویی گەیشتنە شوێنی بۆمبارانەكە و بە هانای بریندارەكانەوە چوون و چارەسەری پێویستیان بۆ كردن.

 100 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*