سەرەکی » راپۆرت » سەرۆك كۆمار پشكی كورد‌و یەكێتی-یە

سەعدی پیرە:

سەرۆك كۆمار پشكی كورد‌و یەكێتی-یە

دوێنێ، دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا كە تایبەتبوو بەدەستنیشانكردنی كاندیدی یەكێتیی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پاش لێکۆڵینەوەیەکی دووروودرێژ جێگەی سەرسوڕمانە بۆ ئێمە کە برایانی پارتی داوای ئەم پۆستە بۆ خۆیان دەکەن.

كاندیدی سەرۆك كۆمار دەبێت ئەندامی یەكێتی بێت
سەعدی پیرە، ئاماژەی بەوەشكرد كە یەكێك لەمەرجەكانمان ئەوەبوو ئەوەی كاندیدی ئێمە دەبێت، دەبێت ئەندامی یەكێتی بێت، بۆیە لەنامەیەكدا كە دكتۆر بەرهەم بۆ سەركردایەتی ناردووە، ئەوەیە كە ئامادەیی خۆی بۆ هاتنەوە بۆ ناو ریزەكانی یەكێتی راگەیاندووە، لەهەمانكاتیشدا تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كاردەكات لەپێناوی برایەتی‌و تەبایی‌و بەهێزكردنی چوارچێوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. وتیشی: لەگەڵ برایانی هاوپەیمانی لەگفتوگۆدادەبین تا لەپڕۆسەیەكدا بتوانین شێوەی فۆرمی پێكەوە ئیشكردنمان دیاری بكەین‌و رێزیش لەبۆچوونی هەموولایەكیان دەگرین.

لایەنگری كوردی پەرتەوازە‌و فرە كاندید نین لە بەغدا
روونیشیكردەوە كە كاندیدەكانی ئێمە د.بەرهەم ساڵح، د.محەمەد سابیر‌و د.لەتیف رەشید بوون، لەپڕۆسەیەكی دوورودرێژو گفتوگۆو لەدەنگدانێكی نهێنیدا د.بەرهەم، زۆرترین دەنگی هێنا‌و توانی ببێتە تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. وتیشی: بەكۆتاییهێنان بەم پرۆسێسە، یەكێتی ئاگاداری هەموولایەك دەكات كە ئێمە لایەنگری كوردی پەرتەوازە‌و فرەكاندید نین لەبەغدا، بەڵكو لەسەر ئەم بابەتە ئامادەین بۆ گفتوگۆ‌و قسەكردن‌و كاندیدەكەی ئێمە لەئەنجامی تێگەیشتنمانە بۆ ئیستحقاقی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بۆیە ئێمە كاندیدی خۆمان رادەگەیەنین‌و هیوادارین لەداهاتوویەكی نزیكدا ئەو گفتوگۆیانە دەستپێبكات، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێك‌و هیچ درزێك لەنێوان فراكسیۆنە كوردییەكاندا روونەدات. ئەوەشی وت: پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە لەدابەشكردنی سێ سەرۆكایەتییەكە لەعیراقدا، لەناو كوردیشدا لەئەنجامی رێكەوتنێك لەگەڵ برایانی پارتی، پشكی یەكێتی بووە، پۆستی سەرۆكی هەرێمیش پشكی برایانی پارتی بووە، ئێستا راستە كاك مەسعود كۆتایی بەسەرۆكایەتیی هەرێمی خۆی هێناوە‌و دەستی لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام دەسەڵاتەكانی كاك مەسعود دراوە بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كە جێگری سەرۆكی پارتییە، بۆیە لەچوارچێوەی دابەشكردنی دەسەڵاتدا هیچ شتێك نەگۆڕاوە، ئەوەی كە لەم هاوكێشەیەدا گۆڕاوە تەنها نەمانی كاك مەسعودە لەسەرۆكایەتیی هەرێمدا.
سەعدی پیرە، ئاماژەی بەوەشكرد لەڕابردوودا لەگەڵ زۆربەی زۆری ئەو كەسانەی یەكێتی-یان جێهێشتووە‌و چوونەتە لایەنێكی سیاسی تر، كە هاتوونەتەوە ناو یەكێتی، لەكوێ پچڕاوە لەوێ گرێیان داوەتەوە.

پۆستی پارێزگاری كەركوك داخڵی ئەم موناقەشەیە نابێت
وتەبێژ، جەختیشیكردەوە كە پۆستی پارێزگاری كەركوك داخڵی ئەم موناقەشەیە نابێت، لەبەرئەوەی مەسەلەی ئیستحقاقی هەڵبژاردنە‌و یەكێتی لەخولی رابردوودا شەش كورسی هەبووە لەكەركوكدا، لەم خولەشدا دیسان شەش كورسی بەدەستهێناوەتەوە، كە بۆ ئەوەش پێویستە سوپاسی چالاكوانان‌و كادران‌و جەماوەری یەكێتی لەكەركوك بكەین، كە توانییان سەری كورد بەرزبكەنەوە‌و لێنەگەڕێن بەدەنگدان كەركوك بدۆڕێت.

print

 3 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*