سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » ئەم هەفتەیە

گەرماو گەرم

ئەم هەفتەیە

هێشتا پەتای خۆهەڵكێشان بەرینەداوین، سێ ساڵ لەمەوبەر كاتێك هەموو رۆژنامە بیانییەكان بەشان ‌و باهۆی پێشمەرگەدا هەڵیان دەگوت، هەرچی راست دەبۆوە دەیوت: «پێشمەرگە ئەفسانەی گەلێكی بێ وڵات»، «پێشمەرگە شكێنەری تەلیسمی دێوەزمەی داعش»، «پێشمەرگە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی دەكات»‌و لەولاشەوە هەر سەرۆك ‌و وەزیرو گزیری وڵاتان بوو كە سەردانی بەغدایان دەكرد، دەهاتنە كوردستان‌و سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان دەكرد، هەر ئەوكات لە ستوونێكدا بە ناونیشانی «پێشمەرگە سەپانی بابی كەس نییە» تەعلیقێكم لەسەر ئەو شیعرو شانامەیە نووسی كە ئەم هەموو فوو تێكردنە لە پێشمەرگە‌و گەشانەوەی ئاگری شەڕەكە لە سەر سنوورەكانی كوردستان، بۆ خۆشەویستیی كورد‌و كوردستان نییە‌و هەر ئەوكات ئاماژەم بەوە كرد كە داعش چەترێكە‌و لەژێر ئەو ناوەدا چەندین گروپی جیاجیا كۆبوونەتەوە كە هەریەكەیان نوێنەرایەتیی ئەجێندایەكی ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی دەكات.
-1-
داعشەكەی هیلاری
ئەگەرچی ئەمریكا خۆی كردە پێشڕەوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام هەر لەو سەروبەندەدا هیلاری كلینتن-ی وەزیری دەرەوەی پێشووی  ئەمریكا‌و دوو جار كاندیدی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە، لەگەرمەی شەڕی داعشدا كتێبی بیرەوەرییەكانی خۆی بڵاوكردەوە بەناوی «بڕیارە قورسەكە»، (جا ئۆباڵ بەئەستۆی خاتوو هیلاری كە ئاخۆ ئەوە تاچەند راستە)، بەڵام لەو كتێبەیدا باس لەوە دەكات كە ئەوان لەپشت دروستكردنی داعشەوە بوون گوایە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی سوننە مەزهەبی  بەهێز لەمیسر‌و قوتكردنەوەی لەبەرامبەر دەوڵەتێكی شیعە مەزهەبی وەك ئێراندا، بەڵام دەڵێت: «سێ رۆژ پێش جێبەجێكردنی پلانەكەمان بە هاوكاریی محەمەد مورسی سەرۆكی ئەوكاتی میسر، هەواڵگریی سوپای میسر دەركی بە مەترسییەكە كرد‌و مورسی دەستگیركرد‌و كودەتای سەربازیی بەسەر دەسەڵاتەكەیدا كرد‌و بەوەش پلانەكەمان شكستی هێنا!».
بەخوێندنەوەی ئەو دۆخە دەگەینە ئەو بڕوایەی كە وڵاتێكی وەكو توركیاش لەسەرەتاوە بێ مەڵامەت پشتیوانیی لە داعش نەكردووەو سێ هۆكاری سەرەكیی هەبووە بۆ ئەو پشتیوانییە، یەكەم: توركیای ئاك پارتی لەڕووی مەبدەئییەوە لە چوارچێوەی دنیابینیی ئیخوان موسلیمیندا بووە.
دووەم: لەڕووی جەمسەربەندییەوە سەربە ناتۆو خۆرئاوا بووە بەسەركردایەتیی ئەمریكا.
سێیەم: بەشێك لە خەونی داعش ‌و مەیدانی جموجۆڵەكانی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە بووە كە ئەگەری ئەوەی هەبوو خەونی دەوڵەتی عوسمانییەكەی ناو خەیاڵدانی ئاك پارتی زیندوو ببێتەوە‌و بێتەدی، بەتایبەتی خواستە مێژووییەكانی توركیا لە ویلایەتی موسڵ‌و ناوچەكانی شام.
چوارەم: خەباتگێڕانی سەنگەری راستەقینەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عیراق ‌و سوریاش هێزە كوردییەكان بوون.
پێنجەم: بەشێكی زۆر لە چەكدارانی داعش، خەڵكی وڵاتانی موسڵمانی جیابۆوە لە سۆڤێتی پێشوو بوون، كە ئەوەش بە پێوەری دوژمنی دوژمنم دۆستمە، لەلایەن توركیاوە پشتیوانی ‌و كارئاسانییان بۆ دەكرا بۆ گەیشتن بە سوریاو لەوێوە بۆ عیراق ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی:
*بەو پێیەی توركیا بەهۆی كێشەی سوریاوە لەگەڵ روسیادا لەناكۆكیدا بوو و سەربازی روس لە سوریادا ئامادەییان هەبوو، دەیویست بەمجۆرە تۆڵە لەو پشتیوانییەی روسەكان لە بەشار ئەسەد بكاتەوە، دواجاریش ئەوە بە خستنەخوارەوەی فڕۆكە روسییەكە كۆتایی هات‌و ئیتر هاوكێشەكە بۆ توركیا پێچەوانە بۆوە.
*بەو پێیەی هێزی سەرەكیی لۆكاڵی دژ بەداعش لە سوریا هێزەكانی یەپەگە بوون، توركیاش ئەوان بەبەشێك لە پەكەكە حساب دەكات، پشتیوانیی داعش ‌و نوسرەو قاعیدەی بە بەشێك لە پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی دەزانی.
*توركیا دەیویست حكومەتی بەشار ئەسەد بڕوخێت تا بەو هۆیەوە ئیتر بەر بە فراوانبوونی هەژموونی ئێران بگرێت.
دوای ئەوەی رووداوەكانی چوار ساڵی رابردوو بۆ هەموولایەنە ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتییەكان پێچەوانەكەی دا بەدەستەوە‌و چ ئێران ‌و چ توركیا‌و چ روسیا‌و چ خودی ئەمریكاش بەجۆرێك لە جۆرەكان گورزی داعشیان بەركەوت، ئەمەش ئەو راستییەی سەلماند كە داعش چەتری كۆكردنەوەی ئەجێندا ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتییە جیاوازەكانە لەژێر ناوێكدا، چونكە كاتێك ئیتر هەمووان گەیشتنە ئەو بڕوایەی ئەجێنداكەی شكستی خوارد، بەرەبەرە ئیتر داعش بەو ناوەوە كۆتایی پێدەهێنن بۆ دووبارە پێداچوونەوە.
-2-
خاوبوونەوەی گرژییەكان‌و شكاندنی گۆزەكە لەسەری كورددا
لەناو ئەو ئەجێندا جیاوازانەدا، تەنیا گۆزەكە لەسەری كورددا شكێنرا، چونكە جگەلەوەی داعش هەرلەسەرەتاوە ئامانجی روونی هەبوو بۆ لەناوبردنی ئەزموونی كورد لە باشووری كوردستان ‌و  رۆژئاوای كوردستان، ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی ‌و زلهێزەكانیش هەمان ئامانج بوو بەڵام هەریەكە‌و بە روئیایەكی جیاوازەوە لەویتر، بەڵام ئەوەی زیاتر بووە مایەی شكانی گۆزەكە لەسەری كورددا، نەبوونی روئیایەكی رۆشن بوو لەلایەن خودی كورد‌و كاراكتەرە سیاسییەكانییەوە‌و نەبوونی یەكڕیزیی‌و خۆشباوەڕیی بوو بە پیاهەڵدان بە پێشمەرگەو شەڕڤاناندا، چونكە ئەوەی لە دەماودەمی كۆتایی فیلمەكەدا دەیبینین، ئەوەیە كە ئەو داعشەی بە مانگێك شەڕی «هاوپەیمانان» لە گوندێك یان لە ناحیەیەك شكستی نەدەهێنا، لە كۆتایی فیلمەكەدا بە چەند سەعاتێك لە شوێنێكی وەك حەویجە كە بە پێگەی پتەوو سەرەكیی داعش دادەنرێت كۆتایی پێ دێت ‌و هیچ شوێنەوارێكیش بەجێ نامێنێت، بۆ پارێزگایەكی گەورەی وەك نەینەوا داوای هاوكاریی لە پێشمەرگە دەكرێت، بەڵام بۆ حەویجە كە لەپەنا سەنگەرەكانی پێشمەرگەدا بوو و چەندین كۆبوونەوەی هاوئاهەنگیی هێرشی هاوبەش كرا، بەبێ ئاگاداریی‌و بەشداریی پێشمەرگە بە چەند سەعاتێك كۆنترۆڵ دەكرێت.
-3-
گەڕانەوە بۆ پێش هاتنی داعش
ئەمە ئەو پەیامەی دا بەگوێماندا كە ئێمەی كورد لەو رۆژگارەی كە گەورەترین سەركەوتنی سەربازیمان تۆماركردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی خۆبەخۆی سەركردە‌و پارت ‌و لایەنە سیاسییەكانەوە گەورەترین شكستی سیاسیمان بەدەستهێناوە، چونكە بەبێ ویستی خۆشیان بێت، هەر رەوت ‌و حزبەی چۆتە خزمەتی ئەجێندا‌و سیاسەتێكەوە، بەڵام خاوەنی راستەقینەی ئەجێنداكان خۆیان بەسەركەوتوو و ژێركەوتووەوە ئێستا خۆیان لەسەر ئەوە ساغكردۆتەوە كە نەخشەی ناوچەكە بگەڕێننەوە بۆ خاڵی پێش هاتنی داعش، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ سەركردایەتیی سیاسیی كورد  لە باشوور و رۆژئاوا بۆ رزگاركردنی ئەوەی ماوە، دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵە؟ بێگومان رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو پێی وتین: ئەگەر بە ویستی سەركردە سیاسییەكانیش نەبێت، ئەوا بە هێزی سەربازیی دەمانگەڕێننەوە بۆ ئەو خاڵە‌و كردیشیان.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كێشه‌ی كوردی باشوور له‌ سایه‌ی ئینقیلابه‌كانی ته‌مموزدا

كێشه‌ی كورد ئه‌گه‌ر مێژووه‌ كۆنه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می چاڵدێران و ...