دوێنێ لە سەر مەزاری مام و سەرجەم مەڵبەندەكانی یەكێتی لە شار و ناوچە جیاوازەكان، یەكەم ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال بەڕێوەچوو. قوبادی مام جەلال لەساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال-دا لەسەر مەزاری مام لە دەباشان، وتارێكی پێشكەشكرد.
دەبێ رێبازەكەی مام دیراسە بكەین
سەرەتا قوبادی مام جەلال یادەوەرییەكی ساڵی 1981ی گێڕایەوە بەوەی كاتێك لە بەریتانیا زەنگی ماڵەكەیان لێدراوەو كاتێك دەرگاكەی كردۆتەوە، پیاوێكی بینیوە، دواتر گەڕاوەتەوەو بەماڵەوەی وتووە پیاوێك هاتووە، قوبادی مام جەلال وتی: دواتر دایاننیشاندمو وتیان ئەوە پیاوێك نییە، ئەوە باوكتە. وتیشی: ئەوە یەكەمجارم بوو چاوم بە باوكم بكەوێت، ساڵێك لەمەوبەر لەم رۆژەو لەم ساتەدا، دواجاربوو چاوم بە باوكم بكەوێت.
پاشان قوبادی مام جەلال بەناوی بنەماڵەو خانەوادەی (مام)ەوە بەخێرهاتنی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیانی كرد بۆ سەر مەزاری مام. وتیشی: راستە پێنج ساڵ بوو بەهۆی نەخۆشییەوە مام دووركەوتبۆوە لەمەیدانی سیاسەت، لەكوردستان، ساڵێكیشە ماڵئاوایی لێكردووین. بەڵام بۆ یەك ساتیش ئێمەی بەجێنەهێشتووە، چونكە رێبازەكەی روونو ئاشكرایەو هەموومان دەیزانین، ئەگەر ئێمەش بمانەوێت درێژەپێدەری رێبازە راستەقینەكەی هەڤاڵ مام جەلال بین، دەبێ رێبازەكەی دیراسە بكەین.
مام
هەمیشە دەستی ئاشتی درێژ دەكرد
قوبادی مام جەلال راشیگەیاند: رێبازەكەی مام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبوو گرژیو ئاڵۆزی دروست بكات، بەپێچەوانەوە مام هەردەم لەپێناوی ئاشتەوایی سیاسیو كۆمەڵایەتی، خەباتی دەكرد. وتیشی: مام لەڕۆژە هەرە تەنگەكانی سیاسەتدا، لەبری ئەوەی پێدابگرێتو خۆی فەرز بكات، هەمیشە دەستی ئاشتی درێژ دەكرد. روونیشیكردەوە: مام لەهەموو كەسێك زیاتر دەیزانی كە كوردستان بە گرژیو ئاڵۆزی پێش ناكەوێتو هەردەم جەختی لە تەبایی لایەنە سیاسییەكان دەكردەوەو لە هەموو كەسێك زیاتر گرنگیی پەیوەندیی لایەنە سیاسییەكانی دەزانی، لەسەرووی هەموویانەوە پەیوەندیی سیاسیی لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستانو بەتایبەت كاك مەسعود.
دووپاتیشیكردەوە: ئێستا كە مام-مان لەگەڵدا نییە، ئەو رێبازەی روونە، ئەركە لەسەرشانی یەكە بەیەكەمان پەرە بەو رێبازە بدەین، چونكە ئەو رێبازە دووركەوتنەوەیە لە گرژیو ئاڵۆزی، بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی كوردستانە لەگەڵ دەروجیران، خزمەتكردنی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە. بۆیە كە مام بەجەستە لێرەیە لە دەباشان، هەموومان دڵنیاین سایەو سێبەرەكەی بەسەر تەواوی كوردستانەوەیە، لەبەرئەوە ئەركە لەسەرشانی هەموومان ئەو رێبازە ون نەكەینو پەرەی پێبدەین. وتیشی: هەنگاوەكانی مام، هەنگاوە سیاسییەكانی بۆ ئاشتەوایی، بۆ پاراستنی یەكپارچەیی كوردستان، بۆ نەهێشتنی دوو ئیدارەیی، بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئێمەو ئێران، ئێمەو توركیا، ئێمەو عیراق، ئێمەو جیهان، هەنگاوە سیاسییەكانی بۆ گەشەپێدانی كوردستان بوو.
مام، مامی هەمووان بوو
ئاماژەی بەوەشكرد: مام، مامی هەمووان بوو، مامی هەموو چینو توێژەكان بوو، مامی هەژاران بوو، مامی جووتیارەكان بوو، مامی سەرمایەدارەكان بوو. مام، مام بوو بۆ پێشمەرگەو بۆ فەرمانبەر، مام بوو بۆ ژنانو بۆ كوڕان. بۆیە كە ئێمە بابەتێكی قورس دێتە بەردەممان و نازانین چی بكەین؟ با لەخۆمان بپرسین ئایا مام چی دەكرد؟ با وەكو مام بكەین، ئەگەر وەكو مام بكەین دڵنیابن سەركەوتوو دەبین، دڵنیابن زەرەر ناكەین، دڵنیابن رۆحی شاد دەكەین، دڵنیابن رێبازەكەی هەر بەرز دەنرخێنین، دڵنیابن رێبازەكەی ون ناكەین، دڵنیابن خەونەكانی بەدیدەهێنین.
61 جار بینراوە