سەرەکی » ئابووری » لە هەڵەبجە وەرزی رنین و چنینەوەی هەنار دەستپێدەكات

«بەرهەمی هەنار وەك پێویست نییە»

لە هەڵەبجە وەرزی رنین و چنینەوەی هەنار دەستپێدەكات

ساڵانە لە مانگی تشرینی یەكەم‌و تشرینی دووەمدا وەرزی پێگەیشتنی هەنارە لە هەرێمی كوردستان‌و جووتیاران دەست بە رنین‌و چنینەوەی بەرهەمی ئەو ساڵەیان دەكەن.
هەڵەبجە دیارترین ناوچەی هەرێمی كوردستانە بۆ هەنار، بەرهەمی هەناری ئەو ناوچەیە لە هەرێمی كوردستان تەنانەت لە عیراق‌و جیهانیشدا ناوبانگی خۆی هەیە، بەجۆرێك لە ساڵی 2013 و لە پێشانگایەكی تایبەت لە بریتانیا هەناری هەڵەبجە لەنێو هەناری نزیكەی 100 وڵاتی جیهاندا باشترین بووە.

پێش مانگێك فرۆشراوە
لە ئێستادا جووتیار و باخەوانەكانی ئەو ناوچەیە سەرقاڵی رنین‌و چنینەوەی بەرهەمی ئەمساڵی باخە هەنارەكانیانن، زۆربەی باخەوانەكان لەو ناوچەیە بەرهەمی هەنارەكانیان پێش مانگێك فرۆشتووە بەو كەسانەی كاری كڕین‌و فرۆشتنی هەنار دەكەن، ئێستا ئەو كەسانە بە خۆیان‌و چەند كرێكارێكەوە لەناو باخەكاندا سەرقاڵی رنینی هەنارەكانن.
بەرپرسانی فەرمانگەی كشتوكاڵ‌و باخەوان‌و تەنانەت ئەو كەسانەیشی كاری كڕین‌و فرۆشتنی هەنار دەكەن، ئەمساڵ نیگەرانن لە كەمی‌و ئەو نەخۆشیانەی روویان لە بەرهەمی هەنار كردووە لە ناوچەكەدا بەهۆی كەشوهەواوە.

مایەكەی خۆی بۆ ئێمە دەرناهێنێتەوە
سەباح سەڵاح یەكێكە لەو كاسبكارانەی هەڵەبجە كە ساڵانە بەرهەمی چەندین باخی هەنار دەكڕێت‌و رەوانەی سلێمانی‌و ناوچەكانی تری دەكات بۆ ساغكردنەوە.
سەباح كە لەگەڵ كرێكارەكانیدا سەرقاڵی لێكردنەوەی هەناری یەكێك لەو باخانە بوو لە هەڵەبجە كە ئەمساڵ بەرهەمەكەی كڕیووە، وتی: «ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەرهەمی هەنار وەك پێویست نییەو دار هەنارەكان بڕێكی كەمتر هەناریان پێوەیە وەك ئەوەی پێشبینیمان بۆ دەكرد، بە نموونە ئەم باخە نزیكەی پێنج ملیۆن دیناری عیراقی كڕدراوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت زەحمەت‌و مایەكەی خۆی بۆ ئێمە دەرناهێنێتەوە».

قەیرانی دارایی‌و كەمی بودجە
لەلای خۆیەوە، ستار مەحمود بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كشتوكاڵی هەڵەبجە، وتی: «بەهۆی ئەو بەدواداچوون‌و هەڵسەنگاندنانەی ئەمساڵ بۆ بەرهەمی هەنار كردوومانە، بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا كە لە كۆتایی وەرزی بەهاری ئەمساڵ بڕێكی زۆر باران‌و تەزرە باریووە، بۆتە هۆی ئەوەی بەرهەمی ئەمساڵی هەناری ناوچەكە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمتر بێت».
ئەو باس لەوەش دەكات، بەهۆی قەیرانی دارایی‌و كەمی بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانەوە، نەیانتوانیوە وەك پێویست پاڵپشتی‌و هاوكاری جووتیارو باخەوانانی ناوچەكە بكەن.

بەهۆی نەخۆشییەوە خراپ دەبن
عەبدولڕەحمان حسێن باخەوانێكی تەمەن 68 ساڵەو خەڵكی هەڵەبجەیە، ئەو ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە كاری باخەوانی دەكات‌و باخێكی هەناری لە ناوچەی باوەكۆچەكی هەڵەبجە هەیە كە تەمەنی باخەكە بۆ زیاتر لە 30 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
ئەو باخەوانە ناڕازییە لە بەرهەمی ئەمساڵ‌و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە، بەرهەمی ئەمساڵی هەناریان بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر كەمترەو بەهۆی كەشوهەواوە، باخەكەی بڕێكی زۆر كەمتر هەناری گرتووەو بەشێكی هەنارەكانیش بەهۆی نەخۆشییەوە خراپ دەبن‌و دەكەونە خوارەوە.

هەناری ساڵەخانی
بەگوێرەی نوێترین ئاماری فەرمانگەی كشتوكاڵی هەڵەبجە، لەو سنوورەدا هەشت هەزار و 500 دۆنم باخی هەنار هەیەو بەرهەمی ساڵانەی ئەم باخانەش دەگاتە نزیكەی سێ‌ هەزار تۆن هەنار.
لە هەڵەبجەدا چەند جۆرێك هەنار هەیە، دیارترین جۆریش كە داخوازی زیاتری لەسەرە هەناری ساڵەخانییەو زیاتر رەوانەی پارێزگاكانی دیكەی هەرێم‌و عیراق دەكرێت.

 897 جار بینراوە