سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » حکومەتی ئوسترالیا داوای لێبووردن لە هاووڵاتیانی دەکات

حکومەتی ئوسترالیا داوای لێبووردن لە هاووڵاتیانی دەکات

لە هەنگاوێکی نوێدا حکومەتی ئوسترالیا لە زاری سەرۆکەکەیەوە، بە فەرمی داوای لێبوردنی لە هاوڵاتیانی کرد، لەبەرئەوەی لە ماوەی چەندین ساڵە حکومەت نەیتوانیوە پارێزگاری لە منداڵان بکات و رێگری لە چەوساندنەوەو ئەتکردنیان بگرێت، بە تایبەتی لە کڵێسا و هەندێک دەزگای حکومیدا. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ، لە ساڵی 1950 وە تاوەکو 2010 لە زۆربەی کڵێسا کاتۆلیکییەکان ، پێشێلکاری گەورە بەرامبەر بە منداڵان کراوە. رێکخراوە مەدەنیی و بنەماڵەی منداڵەکانیش دەڵێن، ئەم کارەی حکومەت زۆر درەنگ کەوتووە.

بەیانی لێبوردن
بۆ یەکەمجار لەمێژوودا و لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، سکۆت مۆریسۆن سەرۆکی حکومەتی ئوسترالیا رایگەیاند: من لە بەردەم ئێوەدا داوای لێبوردن لە هەزاران منداڵ دەکەم، کە رووبەروری پێشێلکاریی و پەلاماردانی سێکسی بوونتەوە، دانیش بەوەدا دەنێم، کە حکومەت شکستی هێناوە بۆ رێگرتن لەو تاوانە دزێو و قێزونانە، کە لە ماوەی سەدان ساڵە لە دەزگاکاندا کراوە.

15 هەزار قووربانی
لە درێژەی وتەکەیدا مۆریسۆن رایگەیاند: من داوای لێبوردن لەو 15 هەزار منداڵە دەکەم، کە رووبەروی ئەو تاوانانە بوونەتەوە. وتیشی: ئەم تاوانانە ئوسترالییەکان بەرامبەر بە ئوسترالییەکان کردوویانە، واتە دوژمنەکان لەناو خۆماندا بوون» .

شەرمەزارییەکی گەورەیە
پاشانیش بەشێوەیەکی حەماسیی نیگەرانی خۆی راگەیاندو وتی: ئەمە شەرمەزارییەکی گەورەیە، چونکە ئێمە پشتمان لەو منداڵانە کردو بەجێمان هێشتن، ئەمەش بۆ هەتا هەتایە وەکو پەڵەیەکی ناشیرین بە نێوچاومانەوە دەمێنێتەوە.

لە زۆربەی دەزگاکان تاوانەکە کراوە
بە پێی لێکۆڵینەوە حکومییەکان بێت، لە بەشێکی زۆری دەزگاکان بە تایبەتی لە « کڵێساکان، یانە وەرزشییەکان، خانەی بێسەرپەرشتان و نەخۆشخانەکان» منداڵان رووبەروی پەلاماری سێكسی و چەوسانەوە بوونەتەوە.

ماوەی شەست ساڵە قوربانییەکان بەردەوامە
بە پێی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حکومەت بێت، لە ساڵی 1950 وە تاوەکو 2010 لە زۆربەی کڵێسا کاتۆلیکییەکان ، پێشێلکاری گەورە بەرامبەر بە منداڵان کراوە. هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە، کە لە 7% ی قەشەکان، بەشدارن لەو تاوانانە.

خۆپیشاندان لە دەرەوەی پەرلەمان
لە کاتێکدا کە سەرۆکی حکومەت لەناو پەرلەماندا، داوای لێبوردنی دەکرد، لە دەرەوەی پەرلەمان بنەماڵەی قووربانیان وێنەی منداڵەکانیان بەرزکردبۆوە، کە بوونەتە قووربانی.
جێگەی ئاماژەیە ماوەیە چەندین ساڵە ئەم کێشەیە لەناو میدیاکانی ئوسترالیادا بۆتە مایەی گرنگی پێدانی گەورەو بۆتە مەسەلەیەکی رای گشتی.

سەرچاوە: فرانس 24

 37 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*