سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی

راستییەکەی

كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی

پێنجەم سەرۆك وەزیرانی عیراق عادل عەبدوالمەهدی لە دوای رووخانی رژێمی سەدام خەریكی دەست بەكار دەبێت،ئەوەی كەمێك سەلیقەی دەنگ و باس و دۆخی عیراقی هەبووبیـت دەزانێ‌ ئەم پیاوە كێیە، بە تایبەت لەلایەن كورد چونكە لە كۆنەوە لەگەڵ كوردبووە و هەموو دەم سەراسووی سەركردەكان و كۆمەڵگای كوردی كردووە .چۆن لەسەردەمی ئۆپۆزیسۆن بوونی رژێمی سەدام هەمیشە كەسێكی دیاری كۆنگرە و جوڵەكانی ئۆپۆزیسۆن بووە، لەوەتەی عیراقی تازەش دامەزراوە بەردەوام لەكایە سیاسیە رسمیەكە بوونی هەیە بە ئەندام پەرلەمان بێت یان بەجێگری سەرۆك كۆمار بێت یان بەوەزیری.
ئەم جارە زیاتر هەڵكشاوە و بارە قوڕسەكەی عیراقی خستۆتە سەر شان و مڵ و پشتی خۆی،جارێ‌ زووە قسە لەسەر سەركەوتن و سەرنەكەوتنی ئەم پیاوە بكرێ‌،بەڵام دەكرێ‌ قسە لەسەر هەندێ‌ لایەنی قوڕسی بەردەم ئەم پیاوە بكرێ‌ ئایا چەند دەتوانێ‌ بەسەریدا زاڵ بێت،چونكە بەڕێوەبردنی عیراق وەكو وڵات گاڵتە نیە، بەڵام ئەگەر وەكو ئەوەی تەنها بۆخۆتی ببەی و خەزینە تایبەتەكەی خۆتی لێپڕ بكەی ئەوەی شتێكی تر و ئاسانە .
عادل عەبدوالمەهدی لەلایەن هەردوو پێكهاتەكەی تری عیراق كورد و سوننە ناشیرن نەبووە ، بەلكو لەلایەن كورد هەتا رادەیەك خۆشەویستیشە . بەربەستی هەرە قوڕسی عیراقیش راگرتنی ئاستی یەكسانی و رەزامەند بوونی پێكهاتەكانە .كابینەكەی ئەم جارەش دوو ئەركی سەرەكی و قوڕسی ئەم دوو پێكهاتەی لەبەردەمە،بەلای عەرەبی سوننەوە ئاسایی كردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیانە كە بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە ژێرخانەكەی بەتەواوی داڕمێنراو ، بەلای كوردیش گەڕانەوەی هاوسەنگی و هێز بەلاداخستنی ناوچە كێشە لەسەرەكانە،ئەمە جگە لە كێشە خزمەتگوزاریەكانی ناوچە شیعە نشینەكان كەوا دەبێ‌ بەزووی خەمێكی لێبخورێ‌.
لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەش راگرتنی پارسەنگی پەیوەندیەكانیەتی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران كە دوو نەیاری سەرسەختی یەكترن،لەئێستاشدا بە توندی بەرەنگاری یەكتر بوونەتەوە،ئەمەریكا خۆی بەخاوەنی عیراق دەزانێ‌، ئێرانیش لە بنەڕەتدا رەگ و ریشەیەكی تەواو داكوتراوی لە عیراقدا هەیە لە رووی سیاسی و مەزهەبی و جوگرافی و كۆمەلایەتی،بەڵام لە هەمووی خراپتر بۆ عادل عەبدوالمەهدی ئەوەیە كە ئەو لیستی پەرلەمانی خۆی نیە،بەلكو ئەو وەكو خالی هاوبەش و كۆكەرەوەی لیستە شیعیەكانە،بۆیە بەردەوام دەكەوێتە بەردەم تەوژمی سیاسەت و داواكاری لیستە گەورەكان،ئەمانە و چەندین ئەگەری تر زەحمەتە رێگای ئەم كابینەیە بهێلن تەخت و دوور و درێژبێت،بەلكو لەوانەیە رێگاكەی زوو كۆتایی بێت و كورت بێت و نەگاتە مەنزلی كۆتایی لابدات و لەگەشتەكەی پەشیمان ببێتەوە.
بەلای ئێمەوە هیوادارین سەركەوتووبێت بۆ قازانجی گشتی، بەڵام نابێ‌ راستیەكانیش پشت گوی بخەین.

print

 99 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*